سەرهەد شێخە
کێشەی نێوان کورد و عەرەب ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە و لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ململانێ و نەگونجان بەردەوام بووە. هەر کەسێک دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، پێکهاتەکانی تری پشتگوێ خستووە یان چەوساندوونەتەوە. ئەم ڕاستییە تاڵە پێمان دەڵێت کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەرکەزیدا، بەبێ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، ئیتنیکی و مەزهەبییەکان، عێراق هاوشێوەی سەد ساڵی ڕابردوو بە سەقامگیری ناگات.
ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەردەچن، زنجیرەیەک ڕێوشوێنن و تەواوکەری بڕیارەکانی پێشوون بۆ بڕینی بودجە و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بە مەبەستی سنووردارکردن و لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان؛ بڕیارگەلێک کە ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتییان لە پشتەوەیە و پێویستە سەرکردایەتیی کورد زۆر بە وردی کۆدەکانیان بخوێنێتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات.
لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی دەرەوە دەکرا لەبری ململانێی ناوخۆیی، کاری جددی و لۆبیی بەهێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکرێت و خۆئامادەکردنێکی تۆکمە بۆ ڕۆژانی سەخت هەبووایە؛ شتێک کە بەداخەوە وەک پێویست نەکراوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، دوای ٣٥ ساڵ هێشتا نەتوانراوە حکومەتێکی یەکگرتوو، دەستوورێکی نەتەوە پەسەند، دامەزراوەی نیشتمانیی کارا و هێزێکی یەکگرتووی بەرگری دروست بکرێت. هەروەها نەتوانراوە جیاوازیی چینایەتی کەم بکرێتەوە، داهاتی وڵات بە دادپەروەری دابەش بکرێت و نموونەیەکی سەرکەوتووی حوکمڕانی پێشکەش بکرێت کە نان، ئازادی، ئاسایش و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک نەوتی سپی بۆ خەڵک دابین بکات. لەمەشدا، پێش هەر کەسێک، بەرپرسیارێتیی سەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە.
هەر ئەم بۆشایی و کەموکوڕییانەش وایکردووە قەوارەی هەرێم لاواز بێت و بەغدا بە بیانووی گەندەڵی و قاچاخچێتییەوە فشار و هێز زیاتر بکات. ئەم دۆخە بێمتمانەییەکی گەورەی لای هاووڵاتییان دروست کردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە خەڵکی دڵسۆز و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانیش داوای چاکسازی و چارەسەریان دەکرد، بەڵام گوێی لێ نەگیرا.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا هیوا ماوە؛ ئەگەر کەمیش بێت، دەکرێت کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن و ئاوڕێکی جددی لە گوزەرانی خەڵک بدرێتەوە، هەر هیچ نەبێت لە پێناو پاراستنی داهاتوو و خۆشگوزەرانیی خۆتان و خێزانەکانتان و مانەوەی قەوارەی هەرێم کێشەکان چارەسەر بکەن.


