سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بێدەوڵەتی کورد و فڕێدانی بۆ دەرەوەی بازنەی ڕەوایەتیی ئیسلامی؟

سەرنجڕاکێشە کە لەسەر ئاستی کۆڕ و کۆنفڕانسە ئیسلامییەکاندا‌، نەک کەسەکاندا، زۆر بە دەگمەن دەبینرێت ئاماژە بە پرسی کوردستان و کێشە و نەهامەتییەکانی گەورەترین نەتەوەی زۆرینە موسڵمانی بێدەوڵەت لە جیهاندا بکرێت، کە ئەویش نەتەوەی کوردە!

ئەوانیش هاوشێوەی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەم پرسە گەورە و عادیلە پشتگوێ دەخەن، ناوی ناهێنن، ڕەوایەتی پێ نادەن، چ جای پشتیوانی لێ کردن، واتە دژ بەو زوڵم و زۆردارییە ناوەستنەوە کە دەوڵەت و سیستەمەکان لێی دەکەن!

بۆیە، جگە لە باسی فەڵەستین و یەمەن و سوودان و ئەفغانستانی جاران و چیچان و کەشمیر و ڕۆهینگا و تورکمانی ڕۆژهەڵات و چەندین شوێنی تر، باسێک لە پرسی کوردستان لەلایەن ئەم ناوەند و کەسایەتی و ڕێبەرە ئیسلامییانەوە ناکرێت، وا مامامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، وەك ئەوەی پرس و کێشەیەکی سەد ساڵەی خوێناوی بەو ناوەوە هەرلە بنەڕەتەوە بوونی نەبێت! ئەوەش زۆر بە کورتی، لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئەوانەوە، پرسی کوردستان، ئەگەر پڕۆژەی ئیسرائیلی دووەمیش نەبێت، کە لای هەندێکیان وایە، ئەوا پرسێکی نەتەوەیی ناو کۆمەڵێك وڵاتی موسوڵمانە و بەرانبەرەکانی کورد ناموسوڵمان نین!

کاتێک لە دیدی عەقڵێکی نەریتیی ئیسلامیشەوە پرسێک نەتەوەیی بوو، زۆر بە قورسی پێناسی ڕەوایەتیی ئیسلامی وەردەگرێت! لەبەر ئەوەی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیی نوێ و ناوەندە ئیسلامییەکان بە گشتی، بە تایبەتی لەبارەی نەتەوەی بێدەوڵەتەوە و بەرانبەرەکانی ناموسوڵمان نەبن، پێوەر و بەهاکانی ناسیۆنالیزم ڕەت دەکەنەوە و بە دەمارگیری و نەهیلێکراوێکی ئیسلامی و ڕواڵەتێکی نەفامی دەزانن. لە ڕوویەکی ترەوە، پێیان وایە ناسیۆنالیزم هێمای دووبەرەکی و لێکدابڕانی نێوان موسڵمانانە و ئامرازی ڕۆژئاوا بووە بۆ ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە ئێستاشدا بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندن و لاوازکردنی هەندێک دەوڵەتی موسوڵمان.

لەکاتێکدا ئەم بۆچوونانە بەتایبەتیش سەبارەت بە کورد زۆربەیان بێبنەمان و جگە لە پاساودانی  سەرکوتکردنی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییە بەرهەڵستکارەکەی هیچی تر نین، بەحوکمی ئەوەی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، ڕووسیا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان لە سەرکوتکردنی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەیدا کردووە و پشتیوانییان لەو دەسەڵات و دەوڵەتانەش کردووە کە کوردیان چەوساندووەتەوە و ژێردەستیان کردووە. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی، کۆندۆلیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لێبوردن لە تورکیا بکات، تەنها لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانی بە زماندا هاتووە؛ ئەوەش تورکیای تووڕە کردبوو. چونکە لای ئەوان شتێک بە ناوی کوردستانەوە بوونی نییە و ناوهێنانێکی لەو جۆرە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان!!

بێگومان، هەموو ئەم شتانە بەڵگەی سادەیی بیرکردنەوە،  قەیرانی فیکری ئیسلامی هاوچەرخ و  لاوازیی گیانی عەدالەتخوازیی ئیسلامی بەشێکی بەرچاوی ناوەندە ئیسلامی دینییەکەی ناوچەکە و دنیای ئیسلامە بە شێوەیەکی گشتی؛ چونکە جگە لەوەی مۆری مەزهەبی و تایفەگەری بەسەر گوتاریاندا زاڵە و فراوانی ئیسلام بۆ تەنگەبەری مەزهەب دادەبەزێنن، لە هەمان کاتدا بەشێک لە پێوەرەکانی ئیسلامیبوون لای سەرپەرشتیاری ئەو کۆنفڕانس و کۆڕانە،  سەرنج و سیاسەت و پێوەر و بەرژەوەندی ئەو دەوڵەت و سیستمانەیە کە پشتیوانیی ماددییان دەکەن یاخود لەسەر خاکی ئەوان کۆنفڕانسەکان بەڕێوە دەچن. بۆیە هەرچەندە پرسێک  لەوانەش پرسی کوردستان، لە جەوهەردا ڕەوا و دادپەروەرانە و ئیسلامیش بێت، ئەوان نایانەوێت تیشکی بخەنە سەر و بوروژێنرێت، ئەمانیش خۆیانی لێ دەبوێرن!

لەکاتێکدا  دەوڵەتە موسڵمانە هاوچەرخەکانی ئێستا، لەوانەش ئەو دەوڵەتانەی کوردستان و کوردیان بەسەردا دابەش کراوە نەتەوەیین، واتە دەوڵەت-نەتەوەن، هەر بەوەندەی ئیسلامییەکان حوکمی ئەو دەوڵەتانە بکەن، لەم سرووشتە ناشۆرێنەوە و لە دەوڵەت-نەتەوەوە ناکەون و نابن بە شتێکی تر؛ چونکە هەر یەکەیان سەرسەختانە بەرگری لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و لەم پێناوەشدا ئامادەن بچنە شەڕ لەگەڵ هەر گرووپ و دەوڵەتێکی ئیسلامیەوە، ئەگەر بیبینن مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان پێکدەهێن.

واتە ئەگەر پرسی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی بێت، بەوەش لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە بازنەی پرسە ئیسلامییەکاندا جێگای نەبێتەوە و بخرێتە دەرەوەی ئەو بازنەیەوە، ئەوا  ئەو دەوڵەتانەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا ئەم پرسەیان چارەسەر نەکردووە و وەک برینێکی خوێن لەبەر ڕۆیشتووی بەردەوام هێشتوویانەتەوە، دیسانەوە نەتەوەیی و(دەوڵەت- نەتەوە)ن، واتە کێشەکە لەنێوان کۆمەڵێ دەوڵەتی زۆرداری هاوچەرخ و نەتەوەیی  چەند نەتەوەیەکی باڵادەدەست و بزووتنەوەی مافخوازی نەتەوەیەکی بن دەستی موسوڵمانە، کە داوای وەك یەکی و دادپەروەریی نەتەوەیی دەکات، نەك لەنێوان خەلافەتی ڕاشدین وگرووپێکی هەڵگەڕاوەی سەرکێش.

لە لایەکی ترەوە، ئەگەر لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە گەورەترین ستەم لە کورد نەکرایە و لە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی بێبەش نەکرایە، واتە ئەگەر دەوڵەتمان هەبوایە، ئێمەش لە ئێستادا هاوشانی دەوڵەتەکانی تر ڕەوایەتیی ئیسلامیمان دەبوو، چونکە دەوڵەتمان هەبوو. خۆ ئەگەر یەکێک لە ناوەوە بە ناوی نەتەوایەتییەوە دژی دەوڵەتەکەمان بوەستایەتەوە با دەوڵەتەکەی ئێمەش نەتەوەیی بێت، بە قسەی ئەوان ئەو کەسە دژی یەکێتیی ئوممەت و دابەشکردنەوەی  دەبوو. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەشێك لەو دید و دروشمەی زۆرجار بە ناوی یەکێتیی ئوممەتەوە دەوروژێندرێن، لە جەوهەردا دیدێکی مۆدێرنی سیاسیی لایەنگری دەوڵەتگەرایی بە دین ڕووپۆش کراوە نەك ئیسلامیی ڕەسەنی عەدالەتخواز؛ دیدێک کە پێوەرێکی گرنگی بۆ ئەوەی ناوت بهێنێت و پرسەکانت بە ئیسلامی و ڕەوا ببینێت، ئەوەیە دەوڵەتت هەبێت، نەک  داوا و کەیس و پرسەکەت لە خودی خۆیدا ڕەوا و ئیسلامی و ئەخلاقی بێت!

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بێدەوڵەتی، تەنها کوردی نەکردۆتە دەرەوەی  مێژووی فەرمیی جیهان و یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دنیای مۆدێرن؛ بەڵکوو بە هەمان شێوە لە ناوەندە ئیسلامییەکانیشدا، مادام پرسەکە نەتەوەیی بێت و فکری ئیسلامیی هاوچەرخیش چارەسەرێکی بۆ ئەو کێشەیە پێ نەبێت، جگە لە هەندێک مافی ڕۆشنبیری و هاوڵاتیبوون و برایەتیی ئیسلامی بێ ناوەرۆك، بەڵکوو خستوویەتیە دەرەوەی بازنەی ڕەوایەتیی ئیسلامی سەردەمیشەوە واتە کاری لەسەر ماف وکەسێتی موسوڵمانانەی زۆرینەشی کردووە.

ئێستا تێگەیشتن زام و خەمی  بێ دەوڵەتی وکاریگەرییە قەرەبوو نەکراوەکانی لە دنیای نوێدا  چەند قوووڵ و بە سووێیە؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO