سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئینتیگراسیۆنیزم و مەترسییەکانی بۆ سەر سیاسەتی کوردی

پێشەکی

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، چەمکی «ئینتیگراسیۆن» بووەتە یەکێک لە دیارترین چەمکەکانی ناو گوتاری سیاسیی کوردی، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر شکڵ بە مشتومڕە سیاسییەکان و تەخەییولی گشتیی کورد دەدات. ئەم وتارەشرۆڤەییە دوو ئامانجی پێکەوەگرێدراوی هەیە: یەکەم، ڕەچەڵەکناسیی ئینتیگراسیۆنیزمی عەبدوڵا ئۆجەلان دەخاتە ڕوو کە بە بڕوای من، درێژکراوەی ستراتیجیی مێژوویی و لەمێژینەی دەوڵەتی تورکیایە بەرانبەر بە نەتەوەبوونی کورد. لەم سۆنگەیەشەوە، ڕیشە ئایدیۆلۆجییەکانی گەشەسەندنی مێژوویی و لێکەوتە سیاسییەکانی دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوەوە، بەتایبەتی پەیوەندیی ئەم چەمکە بە گۆڕانی فکری سیاسیی ئۆجەلان لە دوای دەستگیرکرانییەوە لە ١٩٩٩دا. دووەم، وتارەکە لەوە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن ئینتیگراسیۆنیزم بە شێوەیەکی بەربڵاوتر شکڵی بە سیاسەتی کوردی داوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، کە لەوێدا سەرهەڵدانی «ئیسڵاحتەڵەبی»ی ئێرانی چوارچێوەیەکی گرنگی ڕەخساند بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ بکەری دەوڵەتی ئێران بە مەبەستی بەلاڕێدابردن و ئاراستەکردنەوەی خواست و داخوازییە سیاسییەکانی کورد، ئەمەش بەرەو خۆگونجاندن و داڕشتنەوەی گوتاری سیاسەتی کوردی بەپێی ئامانج و ستراتیجییەکانی ئەو دەوڵەتە، بەڵام بە نێوی «گوتاری سیاسیی کورد»ەوە.

ئارگومێنتی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، کە ئینتیگراسیۆنیزم تەنیا ستراتیجییەکی پراگماتیکیی بەشداریی سیاسی یان خۆگونجاندن نییە. بەڵکوو دەتوانێت وەکوو میکانیزمێکی بنکۆڵکردن و تێکدانی کۆلۆنیالی “داگیرکاری” کار بکات، کە لە ڕێگەیەوە ئەولەوییەتە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکان و گریمانە ئایدیۆلۆجییەکانی ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی مێژووییەوە حاشایان لە نەتەوەبوونی کورد کردووە، هەنگاو بەهەنگاو لە لایەن بەشێک لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردەوە دەروونی دەکرێنەوە (لە ناخەوە وەردەگیرێن) و بەڕواڵەت وەکوو دەربڕینی ڕەسەنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد بەرهەم دەهێنرێنەوە. مەرج نییە ئەم پڕۆسەیە زەروورەتەن پێویستی بە هاوکاریی ئاگاییانە هەبێت، بەڵکوو مانا و مەترسییە قووڵترەکەی لە گۆڕینی خودی هۆشیاریی سیاسیی کورددا دەردەکەوێت، بە جۆرێک کە پاراستنی سەروەریی دەوڵەتی باڵادەست وەکوو پێشمەرجێک بۆ ڕزگاریی کورد دەخرێتە ڕوو. بەم پێیە، ئینتیگراسیۆنیزم ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەسەڵاتی کۆلۆنیالی دەتوانێت نەوەکوو هەر لە ڕێگەی سەرکوتکردنی سیاسەتی کوردی لە دەرەوەڕا کار بکات، بەڵکوو لە ڕێگەی داڕشتنەوەی نێوخۆیی قامووسی سیاسی و ئامانجەکان و تێگەیشتنی کورد بۆ ئەوەی کە چ شتێک داهاتوویەکی سیاسیی مەشرووع بۆ کورد پێک دەهێنێت، هەژموونی خۆی بسەپێنێت.

ڕەچەڵەکناسی ئینتیگراسیۆنیزم ئۆجەلانی
بەبێ چاوخشاندنێک بە ڕەچەڵەکناسیی مێژوویی بیرۆکەی ئینتیگراسیۆنخوازیی ئۆجەلان لە ١٩٩٩بەملاوە و لەژێر چاودێریی دەوڵەتی تورکدا، ناتوانین لە قووڵایی مەترسیی چەمکی «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک» بۆ سەر سیاسەتی کوردی و نەتەوەبوونی کورد تێبگەین. خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە، کە ڕاگەیاندنەکەی ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا وەکوو ناوەڕۆکی تیۆرێک، دەستپێکی پڕۆسە و پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێ نەبوو، بەڵکوو داڕشتنێکی ئاشکراتر و لەڕادەبەدەر ڕاشکاوانەی پڕۆژەیەک بوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لە کاتی دەستگیرکرانییەوە لە شوباتی ١٩٩٩دا، لەژێر چاوەدێریی دەوڵەتی تورکدا، خەریکی داڕشتنی بناغەکانی بووە.

ئۆجەلان لە ڕاگەیاندنی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا چەند شتێک دەڵێت، کە هەموویان هەڵگری گوتاری سیاسی و مێژوویی دەوڵەتانی دژە-کوردن: یەکەم، کورد مافی هیچ ستاتۆسێکی وەکوو فیدراڵیزم، یان ئۆتۆنۆمیی ئیداری و تەنانەت مافێکی کولتوور-تەوەریشی نییە. دووەم، هەر ستاتۆسێکی کوردی ڕووی لە ناسیۆنالیزمی زیادەڕۆیە، واتە فاشیزم و شۆڤێنیزمە. ئەم بەشە شتێکە، کە تەنانەت سەڵتەنەتخوازەکانی ئێرانیش هەر ئاوا باسی سیاسەتی کوردی دەکەن و پێی دەڵێن «قەومپەرستی». سێیەم، ئەو جۆرە ماف و ستاتۆسانە، و تەنانەت داخوازیی مافی کولتووریش، لەگەڵ کۆمەڵناسیی مێژوویی کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵگەی کوردی نەگونجاوە، بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی نییە و لە بواری مێژوویی و کۆمەڵناسییەوە کورد ناتوانێت وەکوو نەتەوەیەکی شایەنی ماف چاوی لێ بکرێت. ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە، کە دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورک و فارس ماوەی یەک سەدەیە پرسی کوردی پێ پێناسە دەکەن و وەکوو شەقاوەت و شەرارەت و چەتەگەریی عەشایر و خێڵە ئێرانی، یان تورکییەکان دەیخەنە بەرباس. ئۆجەلانیش زیاتر لە دە ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک»دا دەڵێت، ئەوەی کە کورد نەتەوە بێت جێگەی پرسیارە، بەڵکوو کورد دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە “وەکوو بڵێین ژن بە ژنە، یان نەریت و خزمایەتی”، دیاردەیەکی کۆمەڵناسانەیە “وەکوو چینایەتی و پەراوێزخستن، یان دامەزراوەی هاوسەرگیری،  دیاردەیەکی مێژوویییە، وەکوو بڵێین خێڵ و دەرەبەگایەتی”. (بڕوانە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، ٢٠١٥: ٣٩).

لە درێژەی ئەم نووسینەدا دەبینین، کە ئەم تێگەیشتن و ئیدیعایانەی لە ڕاگەیاندراوی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا دەربڕاون، شتێکی نوێ نین. ئەو شتەی کە پێشتر ئۆجەلان و پەکەکە لە ڕێی سەڵاتەی کۆمەڵە چەمکێکی سیاسیی چنراو و ئاڵۆز و بەردەوام دژبەیەکی وەکوو کۆماری دیموکراتیک، خۆسەریی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک و دژە-دەوڵەتگەرایییەوە پڕۆپاگەندەیان بۆ دەکرد، لەم ڕاگەیاندراوەدا، بە ڕاستەوخۆییەکی سەرنجڕاکێش خرایە ڕوو: ڕەتکردنەوەی فیدراڵیزم و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کولتوورگەراکان بۆ پرسی کورد، هاوکات لەگەڵ پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئینتێگرەکردنی “تێکهەڵکێشکردنی” لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکیادا. دیارە، هەر لە ٢٠٠٩دا و لە کاتی پێواژۆی ئۆسلۆدا، ئۆجەلان لە کتێبێکیدا بە ناوی «کێشەکانی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا» (چاپی ٢٠١١، لاپەڕەی ٧٨) بە ڕاشکاوی هەموو ئەو ستاتۆسانە و تەنانەت کۆنفیدرالیزمیش ڕەت دەکاتەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، هەر لەو سەروبەندەدا، کە پەکەکە بە پڕوپاگەندەی بەڕواڵەت دژایەتیکردنی دەوڵەت گوێی جیهانی کەڕ کردبوو، ئۆجەلان لە کتێبی «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک»دا، کە گوایە هەم چارەسەری نەمانی پرسی دەوڵەت-نەتەوە و هەم پێشنیازی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بوو وەکوو چارەسەرێکی ئەبەدی بۆ پرسی کورد، هەر لە لاپەڕەی سێیەمی چاپە تورکییەکەیدا (٢٠١٥: ٣) دەنووسێت: «بە هەڵە لەوە تێمەگەن، من ناڵێم تورکیا ببێتە وڵاتێکی کۆنفیدراڵ. دەڵێم با تورکیا پێکهاتەی یونیتەر “یەکپارچە و ناوەندگەرا”ی خۆی بپارێزێ، بەڵام ببێتە کۆمارێکی دیموکراتیک» (Yanlış anlaşılmasın, Türkiye konfederalizm olsun demiyorum. Üniter yapısını koruyarak, ama demokratik bir cumhuriyet olsun diyorum).

لەژێر ڕۆشنایی ئەم دانپێدانانەدا، دەبینین، کە چۆن پەکەکە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی وەکوو ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ بۆ دەوڵەت-نەتەوە دەرخواردی خەڵک دەدات، کە گوایە لە ڕێگەی دیموکراسیی کۆمیوناڵ و خۆڕێکخستن و دامەزراوە کۆنفیدراڵییەکانەوە توانای تێپەڕاندنی سەروەریی ناوەندگەرا و دیاردەی دەوڵەتی هەیە. ئەم گوتارە لایەنگرێکی زۆری بەدوای خۆیدا ڕاکێشا، لەوانە بەتایبەتی چالاکوانانی کورد و خوێندکاران و ڕووناکبیران و ئەکادیمیسیان و هەوادارانی پەکەکە، کە وەکوو جێگرەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ نیزامی سیاسیی باو لێی تێگەیشتبوون و داکۆکییان لێ دەکرد. کەچی ئەو ناتەباییە زەقەی لەنێوان بانگەشە بەڕواڵەت دژە-دەوڵەتییەکانی ئەم تیۆرییە و خۆگونجاندنی لەگەڵ سەروەریی تورکیادا هەیە، پرسیاری جددی دەخاتە سەر بەرپرسیارێتیی فکری و ئەخلاقیی نوخبەی سیاسی و ئەکادیمیی کورد. ئەوانەی کە بەبێ هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیەکی پێویست لە دژبەیەکییە نێوخۆییەکانی، ئەم گوتارەیان بەرهەمهێنایەوە و شەرعییەتیان پێ بەخشی (بۆ خوێندنەوەی ورد بڕوانە: Kurdish Paradox of Statelessness: Öcalan’s Confederalism and Turkeyification Strategies, Kamal Soleimani and Behrooz Shojai).

بەم پێیە، بناغە تیۆرییەکانی پڕۆژەی ئینتیگراسیۆنی ئەمڕۆی ئۆجەلان و پەکەکە و پژاک، لە نووسین و وتارەکانی پێشووتری ئۆجەلاندا هەرگیز غایب نەبوون، بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە ئەساسی پڕۆژەی ئەوان بێنەتەوەکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بووە. لەژێر پەردەی ڕواڵەتی زمانی دژە-دەوڵەتگەراییدا، کە لە لێکەوتە کردەییەکانیدا، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەردەکەوت ڕووی لە دژایەتیکردنی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیی، یان هەر ستاتۆسێک بۆ کورد بووە، نەوەکوو دەوڵەتی هەبووی تورکیا چوارچێوەیەکی سیاسی خۆی مەڵاس دابوو، کە سەروەریی یەکپارچەیی (یونیتەری) تورکیای دەپاراست و شەرعییەتی پێ دەدا. لە کاتێکدا هەنگاو بەهەنگاو نەتەوەبوونی کوردی وەکوو بناغەیەک بۆ مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکان بنکۆڵ دەکرد. دیسان هەر ئەو ڕاستییە لە کتێبی کۆنفیدرالیزمی ئۆجەلاندا دەردەکەوێت، کە دەڵێت: پڕۆژەی ئەو داوای بەفەرمیکردنی زمانی کوردی ناکات، چونکە مەترسیی فیدراڵیزم بەدوای خۆیدا دەهێنێت (کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، لاپەڕە ٣٩).

بۆیە شۆکی ڕاگەیەندراوەکەی شوباتی ٢٠٢٥ بەشێکی لەوەدا بوو، کە زۆربەی ئەو تەمومژە چەمکییەی ڕەواندەوە، کە دەوری چوارچێوەی ئەو بەناو فۆرمولەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی دابوو. ئەم ڕاگەیەندراوە بەئاشکرا پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵماڵی، کە من وەکوو لووتکەی لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسیی درێژخایەن لەنێوان پڕۆژەکەی ئۆجەلان و ڕەتکردنەوەی ئەبەدی و بنەڕەتیی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەر جۆرە بنەمایەکی داننان بە نەتەوەبوونی کورد، خوێندنەوەی بۆ دەکەم. ئەو ستراتیجییەی کە پێشتر لەژێر ڕێتۆریکی دیموکراسیی ڕادیکاڵ و دیموکراسیی گەل و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا شاردرابووەوە، ئێستا بە زمانێکی تاوەکوو ڕادەیەک ڕوون و بێپێچوپەنای «ئینتیگراسیۆن لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە»دا بەیان کرا.

ڕیشەکانی ئەم ئینتیگراسیۆنەش دەتوانین لە یەکەمین لێدوانەکانی ئۆجەلاندا هەر دوای دەستگیرکرانی لە شوباتی ١٩٩٩دا بدۆزینەوە. هەر دەستبەجێ دوای گیرانی، ئەو ڕایگەیاند کە ئامادەیە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکات. ئەم قسەیە گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کرد، چونکە لە زاری ڕێبەری ڕێکخراوێکەوە دەهاتە دەرێ کە پێشتر خۆی وەکوو هێما و تەنیا نوێنەری مەشرووعی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان دەناساند. بۆ سەرکردەیەکی سیاسیی کورد لە بەرانبەر دەوڵەتێکدا، کە لە ڕووی مێژووییەوە پابەندبووە بە حاشاکردن لە بوونی نەتەوەیی کورد، پێشنیازی خزمەتکردن بەو دەوڵەتە دەبێت بۆ “سوڵتانی کەڕ”یش ڕوون بێت، کە لە ڕووی سیاسییەوە بە چ مانایەکە، چونکە ئەوە خزمەتپێکراوە، کە دیاریی دەکات مانای ئەو خزمەتە چییە، نەوەکوو خزمەتکارەکە.

بەپێی بەڵگەکانی زیندان لە یەکەم ڕۆژەکانی زیندانیکرانیدا، گوتەکانی ئۆجەلان لە کاتی لێپێچینەوەدا (بازجویی: فارسی، تحقیق: عەرەبی) ئەم هەڵوێستە زیاتر ڕوون دەکەنەوە. لە بەشێکدا ئۆجەلان دەڵێت، کە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی پێناسەی دەستووریی تورکیا بۆ هاووڵاتیبوون بەسە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد لەخۆ بگرێت. ئۆجەلان دەڵێت، کە ئەو پێشتر بەهەڵە لەو دەرفەت و ئیمکاناتانە تێگەیشتبوو کە لەناو ئەو هاووڵاتییبوونە و لە یاساکانیدا هەن. ئەم تێگەیشتنە لەنەکاوەی ئۆجەلان دەرەنجامی زۆر قورسی هەبوو، چونکە ئەو چوارچێوە دەستوورییەی قسەی لەسەر دەکرا، ڕێککەوتنێکی دیموکراتیک، یان فرەنەتەوە نەبوو، بەڵکوو نیزامێکی دەستووریی ڕەگەزپەرستانە و ئاسیمیلاسیۆنخواز (تواندنەوەخواز) بوو، کە لەژێر سایەی ڕژێمی سەربازیی کەنعان ئیڤرین‌دا چەسپێندرا بوو. بە ڕاشکاویش دەڵێت: “خزمەتکارم، لە خزمەتدام و هەوڵ دەدەم گەلەکەم و حیزبەکەم بۆ خزمەت بە دەوڵەتی دیموکراتیک و وڵاتەکەمان [تورکیا] ئامادە و ڕام بکەم” (بڕوانە بەڵگەی هاوپێچ).

کاتێک خۆپێناسەکردنی ئۆجەلان بە تورکبوونەوە بەتەواوی دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە، مانای ئەم ڕاگەیاندنانە سەرنجڕاکێشتر دەبێت. ئەو تەنیا بانگەشەی ئەوە ناکات، کە بە کردەوە تورکە، بەڵکوو لەو گوتانەی کاتی لێپێچینەوەدا، کە لێرەدا هێنراونەتەوە، ڕایگەیاند: «Ben halis muhlis bir Kürd değilim… Herhangi bir milliyetçi Türk benden daha Türk olduğunu sanmasın… Ben pratikte Türk’üm» (من کوردێکی خاڵس و بێگەرد نیم… هیچ نەتەوەپەرستێکی تورک، خۆی لە من بە تورکتر نەزانێت… من بە کردەوە تورکم). ئەمە تەنیا قەبووڵکردنی هاووڵاتیبوونی تورکیا نەبوو، بەڵکوو بانگەشەیەک بوو بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ خودی ناسیۆنالیستە تورکەکان لەسەر تورکبوونیان.

بەم شێوەیە، ئۆجەلان لە یەکەم ساتەکانی گیرانیدا، تەنیا خەریکی خۆگونجاندن لەگەڵ ناسنامەی سەپێندراوی دەستووریی دەوڵەتی تورکیادا نەبوو، بەڵکوو بانگەشەی پلەیەک لە خۆپێناسەکردنی لەگەڵ تورکبووندا دەکرد، کە تەنیا داکۆکیکارە ئایدیۆلۆجییە ڕاسیستەکانی سەروەریی نەتەوەیی تورک، ئەوانەی بڕوایان بە سڕینەوەی بوونی کورد هەبوو ئەو جۆرە بەرگرییەیان دەکرد. لە بەستێنی سیاسیی کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠دا، ئەم جەختکردنەوەیە بەتایبەتی پڕمانا بوو. ئەو نەتەوەپەرستە ڕاسیست و توندڕەوانەی تورک (ئەلترا-ناسیۆنالیستەکان) کە ئۆجەلان دەڵێت، «نابێت وابزانن، کە لە من تورکترن» لە ڕووی مێژووییەوە بە ئاڵپئەرسلان تورکەشەوە گرێ درابوون و لە گۆڕەپانی سیاسیشدا لە لایەن کەسایەتیی وەکوو دەوڵەت باخچەلییەوە نوێنەرایەتی دەکران. ئەوان داکۆکییان لە دابەشنەبوونی دەوڵەت-نەتەوەی تورک هاومانا لەگەڵ نەبوونی نەتەوەیی و زمانی و کولتووری و سیاسیی کورد وەکوو سەرچاوەیەکی جیاوازی هەر جۆرە شەرعییەتێکی سیاسی دەکرد. تێگەیشتنی تواندنەوەخوازانەی ئەوان بەتایبەتی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی تورکیا، شتێکی لاوەکی نەبوو لە سیاسەتیاندا، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاو بوو لە تێگەیشتنیان بۆ کۆماری تورکیا، لە کردەوەشدا لەگەڵ سولەیمان دەمیرال و تانسۆ چیللەردا دەستیان لە کوشتنی هەزاران کورد دا هەبوو و قوربانییەکانیان لە چوارچێوەی تاوانە بکەر نادیارەکاندا (Faili meçhul cinayetler) ئەنجام دا.
دامەزراوەی سیاسی و حکوومیی بەربڵاوتری تورکیا لەو کاتەدا، کەسایەتیی وەکوو تانسۆ چیللەر و مەراڵ ئاکشەنەریشی لەخۆ گرتبوو، ئەوانەی کە کارنامەی سیاسییان بە ناسیۆنالیزمی ئەمنییەت-تەوەری دەیەی نەوەدەکانەوە گرێ درابوو و گەورەترین پشتیوانی ژیتەم (JİTEM)، عەبدوڵڵا چاتلی و مافیای جۆراوجۆری دەر و ژووری دەوڵەتی تورک بوون. ئەمانە هەموو شەرعییەتی بوونیان لە دوژمنایەتی و کوشتاری بێسنوور و کەمپینەکانی کوردسڕینەوە و وێرانکردنی کوردستان و دەرکردنی بە میلیۆنان کورد وەردەگرت. هەرچەندە هەموویان نوێنەرایەتیی یەک نەریتی ئایدیۆلۆجیی هاوشێوەیان نەدەکرد، بەڵام ژینگەی سیاسییان بەپێی ڕووبەڕووبوونەوەی میلیتاریزەکراوی دەوڵەت دژی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد شکڵی گرتبوو، کەچی ئۆجەلان دەیگوت ئەوانە هیچیان نابێت خۆیان لەو بە تورکتر بزانن.

دەبێت لەبەر تیشکی ئەم پاشخانە مێژووییەدا، لە قسەکەی ئۆجەلان تێبگەین. بەو بانگەشەیەی کە هیچ ناسیۆنالیستێکی تورک ناتوانێت خۆی لە ئەو بە تورکتر بزانێت، ئۆجەلان لەگەڵ چوارچێوە و ژێرخانە دەستوورییە کوردتوێنەرەوەکەی دەوڵەتی تورکیادا تەواو گونجاو بوو، هەروەکوو چۆن ڕاگەیاندنەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی، بێ ئەملا و ئەولا، پڕ بە پێستی دەق و ڕوحی یاسای بنەڕەتیی تورکیایە. بۆیە ئەو دەرکەوتنەی ٢٧ی شوباتی ئۆجەلان لەگەڵ چوارچێوەی هەمان ئەو ناسنامە نەتەوەییە و کێبڕکێیەیدا بۆ بەتورکناسران، هاوشێوەی لایەنگرانی ئاڵپئەرسلان تورکەش یەک دەگرێتەوە.

لە ڕووی مێژوویی و ڕەچەڵەکناسیشەوە، ئەم پڕۆژەی «ئینتیگراسیۆن»ـەی ئێستای، درێژکراوەی هەمان ئەو هەوڵی پێشوویەتی بۆ خۆناساندن وەکوو ڕەقیبی تورکێکی ئەلترا-ناسیۆنالیست لە تورکبووندا، کە هەردووکیان هەر یەک شتن و وەکوو بناغەیەکی ئایدیۆلۆجی و دامەزراوەیی بۆ حاشاکردن لە بوونی سیاسیی کورد بەکار دەهێنرێن.

ئارگومێنتی من ئەوەیە، کە نووسینەکانی دوای ١٩٩٩ی ئۆجەلان، زەمینەیەکی پتەو دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی لە مانای چەمکی «ئینتیگراسیۆن»ـەکەی ئەم دواییەی تێبگەین؛ هەروەها تێبگەین کە ڕاگەیاندنەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ و باسی ئیندیماج و ئینتیگراسیۆن و دواتر لکاندنی پاشگری «دیموکراتیک» بەو پڕۆژە ئینتیگراسیۆنەوە، هیچی لەنەکاو نەبووە. خوێنەر دەبێت لەبیری بێت، کە پێش باسکردن و لکاندنی چەمکی دیموکراتیک بە کلکی ئینتیگراسیۆنەکەیەوە، ئۆجەلان بۆ هاندانی کوردی ڕۆژاڤا، یان باشووری بچووک، باسی «ئیسلامی دیموکراتیک»ی دەکرد. بۆیە بایەخی گوتەکانی کاتی لێپێچینەوەی زیندانی ئۆجەلان و هەروەها نووسینەکانی دواتری دەری دەخەن، کە هەموویان دەرکەوتەی یەک ستراتیجیی تایبەت بوون، نەوەک بەرهەمی ڕووداوێکی دواتری وەکوو «پڕۆسەی تورکیای بێتیرۆر» لەم دوو ساڵەی دواییدا. وردبوونەوە لە ڕەچەڵەکی ئەو بیرۆکەیە، دەرکەوتە چەمکی و زمانییەکانی و بەڵگە پەیوەندیدارەکان بە ڕوونی دەیسەلمێنێت، کە ئەمانە لە بەردەوامیدان لەگەڵ بەرنامەیەکی سیاسیدا، کە ساڵانێکە، زیاتر و زیاتر و بەبێ هیچ پێشمەرجێک، تەواوی دامەزراوەکانی سەروەریی تورکیا، بەتایبەتی دامەزراوەی یاسای بنەڕەتی و دەستوورەکەی وەکوو شتێکی مەشرووع و کێشەهەڵنەگر لەلایەن ئۆجەلانەوە قەبووڵ دەکرێن (٢٠١١: ٧٨). هاوکات، ئەو ستراتیجییە هاوبەشەی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان لە هەر مەجال و هەلێکدا لەسەر ئەو بنەمایە بووە، کە کوردبوون لە باری سیاسییەوە بخەسێنێت و لە سیاسیبوونی بخات و دایبەزێنێت بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسانە و کولتووری، یان مێژوویی و پێناسەی بکاتەوە، نەک وەکوو نەتەوەیەک کە شایستەی ناسینی سیاسیی بەکۆمەڵ بێت (٢٠١٥: ٣٩).

ئەم خوێندنەوەیە پێویستی بەوە نییە بیسەلمێنین، کە ئاخۆ ئۆجەلان شەخسەن هیچ باوەڕێکی بەو دۆکترینانە هەبووە، کە لە لایەن ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و دەوڵەتی فاشیست و ڕاسیستی ئەو وڵاتەوە خراونەتە ڕوو یان نا. بەڵکوو باسەکە پەیوەندیی بەو لێکەوتە ستراتیجی و سیاسی و دامەزراوەییانەوە هەیە، کە ئۆجەلان قەبووڵی کردوون، بۆ قەبوڵکردن و ئاساییکردنەوەی ئەو قەبووڵکردنەش، ڕواڵەتێکی «سیاسەتی کوردی و چارەسەری بۆ پرسی کورد»ی پێ داون. سیستەمێکی دەستووریی ڕەگەزپەرستانە بەوە لە سروشتی تواندنەوەخوازیی خۆی ناکەوێت، چونکە سەرکردەیەکی پێشووی سیاسیی کورد ئێستا بۆ ڕزگاری و بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی پشتگیریی لێ دەکات، یان دوای مەشرووعناساندنی هەموو ژێرخانە توێنەرەوەکەی، پێشنیازی بەدیموکراتیککردنی بەڕێوەبەرییەکەی دەکات، بەبێ هیچ ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە ناوەڕۆک و شێوەی کارکردنی ئێستای ئەو ژێرخانە. هەروەکوو چۆن بەباشنەزانینی قاچاغکردنی “قەدەغەکردنی” بێبنەمای یاسایی «کوردبوون» لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژیی ئاشکرای پۆلیسیشەوە لە لایەن ئۆجەلانەوە، هەرگیز بە مانای ڕەتکردنەوەی ئەو زنجیرەپلەبەندییە “هایراکییە” نەتەوەییە نییە، کە ئەو توندوتیژییە لە ڕووی مێژووییەوە چەسپاندوویەتی. تازە لەمەشدا کە باس لە باشنەبوونی تواندنەوەی بەزۆر دەکات، وەکوو نەسیحەتێک بۆ دەوڵەتی تورک دەیڵێت، بەو پێیەی کە تواندنەوەی بەزۆر دەبێتە هۆی درێژەکێشانی سیاسەتی کوردی، ناسنامەی سیاسی و مقاوەماتی کورد (٢٠١٥: ٣٩).

بۆیە، تێگەیشتن لە بەستێنی دەستووریی تورکیا، کە ئۆجەلان لە ٢٠١١ دەڵێت، هیچ کێشەیەکی لەگەڵیدا نییە و مەشرووعە. لێرەدا، حەیاتی و پێویستە. ئۆجەلان باس لە دەستوورێکی دیموکراتیکی فرەنەتەوە، یان تەنانەت فرەزمان و فرەکولتووریش ناکات، کە دان بە هیچ مافێکی بوونی فیزیکیی کوردیشدا لە تورکیادا بنێت. ئەو ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٨٢ دەکات، کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەربازیی گرێدراو بە کەنعان ئێڤرینەوە دامەزرا بوو، واتە زۆر پێش ئەو بەناو چاکسازییە دەستوورییانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی “ئەکەپە”دا کران. ماددەی ٦٦ی ئەو یاسایە ئێستاش هەر کەسێک، کە لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە بە دەوڵەتی تورکیاوە گرێ درابێ، بە «تورک» پێناسە دەکات. هەروەها ئێستاش ماددەی ٤٢ دەڵێت، هیچ زمانێکی غەیرەتورکی وەکوو زمانی دایک بۆ هاووڵاتییانی تورکیا ئیزنی پێ نادرێت “فێربوونی قەدەغەیە”. بەکورتی و بەکوردی دەڵێت، تەنیا زمانی تورکی لە تورکیادا زمانی دایکە، واتە هیچ خەڵکێکی ڕەسەنی غەیرەتورک، مەگەر موهاجیر، دەنا لەو وڵاتەدا بوونی نییە. ماددەی ٣ زمانی تورکیی وەکوو زمانی فەرمی جێگیرکردووە و جەخت لەسەر سەروەریی ڕەها و تاقانە بۆ نەتەوەی تورک دەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر یەکبوونی دەوڵەت و بەها و خاک و نەتەوەکەی دەکاتەوە، کە هەمووی تورکییە. ئەم ماددانە پێکەوە، نیزامێکی نەژادی و ڕاسیستییان بەدامەزراوەیی کردووە، کە تێیدا تەنیا «تورکبوون» خاوەنی پێگەی دەستوورییە، جگە لەوە هەر بانگەشەیەکی دیکە بە هەڕەشەی سیاسی بۆ سەر یەکێتیی و “یەکپارچەیی” تورکیا دادەنرێت.

نووسینەکانی دوای ١٩٩٩ی ئۆجەلان نیشانی دەدەن، کە قەبووڵکردنی ئەم چوارچێوەیە لە لایەن ئەوەوە، تەنیا لە ژووری لێپێچینەوەکاندا قەتیس نەمابووەوە. لە کتێبی “کێشەکانی بەدیموکراتیکبوون لە تورکیادا”، ئەو بەڕاشکاوی دامەزراوەکان و سنوورەکانی ئێستای کۆماری تورکیای وەکوو شەرعی قەبووڵ کرد و تەنانەت باسکردن لە دووبارە داڕشتنەوەی فیدراڵی، یان کۆنفیدراڵیشی لەو چارەسەرە دیموکراتیکەی خۆی پێشنیازی کردبوو، وەلا نا:

«Demokratik çözümü ad düzeyinde de somutlaştırmak mümkündür. Türkiye Cumhuriyeti’nin kurumları ve mevcut sınırları meşru kabul edilmektedir. Üniterliği, federal veya konfederal olması gibi biçimlenme sorunları tartışılmamakta, gündeme getirilmesi bile önerilmemektedir.»

وەرگێڕانی دەقە تورکییەکە: “دەکرێت چارەسەری دیموکراتیک لە ئاستی ناوهێنانیشدا بەرجەستە بکرێت. دامەزراوەکان و سنوورەکانی هەبووی کۆماری تورکیا بە شەرعی قەبووڵ دەکرێن. مژارەکانی پەیوەست بە شێوازی داڕشتنەوە، وەکوو یەکپارچەیی (یونیتەربوون)، فیدراڵ یان کۆنفیدراڵبوونی، ناخرێنە بەر باس و تەنانەت پێشنیازی هێنانەبەرباسیشیان ناکرێت”. (ل. ٧٨)

ئەم هەڵوێستە لە قۆناغی گرێدراو بە دانوستانەکانی ئۆسلۆوە (ئەیلوولی ٢٠٠٨–حوزەیرانی ٢٠١١) خرایە ڕوو، کاتێک کە پرسی کورد لە ڕواڵەتدا لە ڕێگەی دیالۆگ و سازانی سیاسییەوە قسەی لەسەر دەکرا. بەڵام هەروەکوو دەبینین، ئەمە پێشوەختە هەر دانوستانێکی بە قازانجی کورد بێمانا دەکات، چونکە ژێرخانی یاسایی کوردتوێنەرەوە و ناوەندگەرا بەبێ هیچ مەرجێک بە مەشرووع و بێکێشە دەناسێنێت و تەنانەت وەکوو لە سەرەوە بینیمان پێشنیازی هێنانە بەرباسی پرسی فیدراڵیزم، یان کۆنفیدراڵیزم و دەستکاریکردنی یەکپارچەیی تورکیا هەر ڕەت دەکاتەوە.

ئینجا لێرەدا، پرسیاری ئەوە دێتە گۆڕێ: جگە لە مەرجەکانی تەسلیمبوون چیتان هەیە، کە دانوستانی لەسەر بکەن؟ لە حاڵێکدا لە فەزای گشتیی کوردستاندا لە ٢٠٠٤-٢٠٠٥ـەوە لەگەڵ دامەزراندنی پژاک و کەجەکەدا باس لە «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک» کراوە. ئەو بەناو سیستەمەش وەکوو چارەسەری دیموکراتیک بە کورد ناسێندراوە، کەچی هەر لە سەرەتاوە بەوە دەستی پێ کرد، کە خودی ئەو ئەڵتەرناتیڤە دامەزراوەییانەی لە بازنەی بیرلێکردنەوە دەرهاویشت، کە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد دەیانتوانی لە ڕێگەیانەوە ناسینێکی سیاسیی فەرمی بەدەست بێنن. بەڵام هەر لە لاپەڕە ٦ی پەیماننامەی ئەو سیستەمە “کەجەکە”دا لە ٢٠٠٥ـەوە دەڵێت: لەمڕۆ بەدواوە یاسای یەکێتیی ئەورووپا و یاسای دەوڵەتە یونیتەرەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێن. خودی ئۆجەلان لە کتێبی Demokratik Kurtuluş (ڕزگاریی دیموکراتیک)دا دەڵێت؛ ئەو سیستەمەی بە مەرجی بەدیموکراتیکبوونی تورکیا لە زەمانی ئەمرە تانەردا “سەرۆکی ئەوکاتی میت” دامەزراندووە (٢٠١٥: ٣٢١). لە لاپەڕە ٤٣٢ی هەمان کتێبیشدا دەڵێت، کە ئەو هێزەی وەکوو حیزبێکی ئازاد دامەزراندووە. هەروەها لە لاپەڕەکانی ٨٠-١١٢ی کتێبی «کێشەکانی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا» دەڵێت، کە ئەو ڕێکخراوە بە پژاک و یەپەگەوە، ئامرازی زیندووکردنەوەی میساقی میللیی تورکیا و گەڕاندنەوەی ڕۆژاڤا و باشوورە بۆ ژێر دەسەڵاتی تورکیا.

ئێستا شارەداری ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە تورکی جەهەپەیە، بە تۆمەتی ناڕەوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نایاسایی لە زینداندایە، کەچی ئۆجەلان کە بە تۆمەتی «تیرۆریستبوون» گیراوە و بۆ ماوەیەک حوکمی ئیعدامیشی هەبووە، لەگەڵ موستەشاری ئەوکاتی میت دا، ڕێکخراوێک دادەمەزرێنێت، کە چوار لقی (شاخەی) چەکداری بۆ چوار وڵات لێ دەبێتەوە. دەوڵەتی تورک ئیزن دەدات، کە ئەساسنامەی ئەو ڕێکخراوە، کە گوایە بۆ لەناوبردنی چوار دەوڵەت-نەتەوە و سەقامگیرکردنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دامەزراوە، بنووسێت و بیداتە دەرەوە. ئەو ڕێکخراوە لە هەمان کاتدا، کە گوایە دەوڵەت-نەتەوە ناهێڵێت، میساقی میللیی تورکیش زیندوو دەکاتەوە. لە هەمان کاتیشدا، ئۆجەلان پێشنیاز دەکات، کە ئامادەیە لەبارەی ئەو هەوڵانەی خۆی لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و کەجەکەدا، گوێڕایەڵی پێشنیازی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بێت و پێشوازی لە پێشنیازەکانیان بۆ گۆڕینی بەرنامە بەپێی بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورک بکات (کێشەکانی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا، ل. ٨٠-١١٢). حاڵیبوون لەمە بەڕاستی ئاسان نییە.

مەغزای ئەم وەرچەرخانەی یەکەم ساتەکانی گیرانی لەوەدا نەبوو، کە ئۆجەلان لە دیلی و لە ناچاریدا هاووڵاتییبوونی هاوبەشی تورکیای قەبووڵ کردبێت. کارەساتەکە لەوەدا بوو، کە ئەو پشتگیریی لە هاووڵاتییبوونێک دەکرد لەژێر سایەی پێکهاتەیەکی دەستووریدا، کە لە ڕێگەی تواندنەوەی هەر ناسنامەیەکی غەیرەتورکەوە، تەنیا یەک ناسنامەی نەتەوەیی وەکوو بناغە و تاقانە بژاردەی سەروەری دەناساند و وەکوو سیستەمێکی خاوەن مەشرووعییەتی کێشەهەڵنەگر پەسەندی دەکرد. لەوەش مەترسیدارتر، ئۆجەلان لە هەمان کات و لە هەمان چوارچێوەدا، فۆڕمولەی لەناوبردنی سیاسەتی کوردیی بەناوی دژایەتیکردنی دیاردەی دەوڵەت وەکوو چارەسەرێکی جیهانی و تەنیا ڕێگەی سەقامگیریی دیموکراسی و ئیمکانی ئازادیی مرۆڤ، بۆ لایەنگرانی خۆی و بۆ کورد بەگشتیی بانگەشە دەکرد.

بەراوردکردنی ئەم دۆخە لەگەڵ مێژووی جیاکاریی ڕەگەزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی قووڵایی ئەم پارادۆکسە سیاسییە. لە سەردەمی یاساکانی «جیم کرۆو» (Jim Crow)دا، ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی خاوەنی هاووڵاتییبوونی ئەمریکی بوون، کەچی ئەم هاووڵاتییبوونە هاوتەریب بوو لەگەڵ سیستەمێک لە پەراوێزخستنی ڕەگەزی و جیاکاری و پێگەی سیاسیی نایەکسان. ئێستا با وێنای ئەوە بکەین، کە بەناو ڕێبەرێکی ڕەشپێست، لەژێر دروشمی دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی و یەکسانیی نەژادیدا بێت و هەمان یاسای «جیم کرۆو» تەنیا بە گۆڕینی ناوەکەی بۆ «جیم کرۆوی دیموکراتیک» وەکوو چارەسەرێکی جیهانی و پێشکەوتنخواز دووبارە بە ڕەشپێستان بفرۆشێتەوە. بێگومان ئەگەر سەرکردەیەکی سیاسیی ڕەشپێست پشتگیریی لەو نیزامە نایەکسانە بکردایە و وەکوو چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ ڕزگاری بیفرۆشتبایەتەوە، ئەو پشتگیرییە نیزامەکەی نەدەگۆڕی بۆ سیستەمێکی یەکسانیخواز، بەڵکوو خودی گوتاری «ڕزگاری»ی دەکردە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بەو ژێردەستەییە دامەزراوەییەی کە لەئارادا بوو.

هەڵبەتە، کێشەی بنەڕەتی لە هەردوو نموونەکەدا، سەرەڕای جیاوازیی میکانیزمە مێژووییەکانی نێوان جیاکاریی ڕەگەزی لە ئەمریکا و سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی لە تورکیادا، لەسەر وەزیفەی سیاسیی «هاووڵاتیبوون» و «ڕۆڵی سەرکردە» لەناو نیزامێکی داگیرکەر و نایەکساندا چڕ دەبێتەوە. ئەندامێتیی فەرمی لە دەوڵەتێکدا هەرگیز یەکسانیی جەوهەری و ڕاستەقینە دابین ناکات، کاتێک دامەزراوەکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویدیکە دامەزرابن. بەڵام کارەساتە سیاسییەکە ئەو کاتە دەگاتە لووتکە کە، نوێنەری گرووپە ژێردەستەکە، لەجیاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە ستەمکارە دێت و بێمافی نەتەوەکەی خۆی لە بەرگێکی تیۆری و فەلسەفیی باقوبریقداردا دادەڕێژێتەوە و داوا لە قوربانییەکان دەکات جەللادەکەیان وەکوو شەریکی دموکراسی قەبووڵ بکەن.

لە دۆزی کورددا، ئەم چەواشەکارییە سەرباری هەموو ئەمانە، ڕەهەندێکی وجودی و نەتەوەییشی هەیە، کە لە نموونەی جیم کرۆوش تێدەپەڕێت. پرسەکە لێرەدا، تەنیا ئەوە نییە، کە ئاخۆ تاکەکانی کورد وەکوو هاووڵاتی مافی یەکسانیان هەیە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە، کە ئایا «نەتەوەبوونی کورد» لەسەر خاکی خۆی وەکوو سەرچاوەیەکی شەرعیی مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکان و سەروەری دەناسرێت یان نا. نیشاندانی هاووڵاتییبوونی دەستووریی ئێستای کۆماری تورکیا وەکوو شتێکی بەس و تەواو بۆ کورد، هاوکات لەگەڵ قەبووڵکردنی بێبەشکردنی دامەزراوەیی کورد لە ناسینی نەتەوەیی و بانگەشەکردن بۆ نەفرەتکردن لە دەوڵەت، بە مانای گۆڕینی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییە بۆ پڕۆژەی تەسلیمبوون بە هەمان ئەو چوارچێوە دەستوورییەی کە لە ڕێگەیەوە بوونی کورد لە ڕووی مێژووییەوە زەوت و حاشا لێکراوە.

ئەمە ئەو بناغە سیاسییەیە، کە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو، داڕشتەکانی دواتری ئۆجەلان سەبارەت بە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک بخرێنە ژێر وردبینی و لێکۆڵینەوەوە. ڕاگەیاندراوەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ئەم بناغەیەی دانەمەزراند، بەڵکوو تەنیا لێکەوتە و دەرەنجامەکانی بەئاشکرا بۆ ڕای گشتیی خستە ڕوو. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەم ئینتیگراسیۆنیزمە چەندە کاریگەریی لەسەر حیزبەکانی دیکە هەیە؟ بەداخەوە، بە هۆکاری جۆراوجۆر و لەبەر بەربڵاویی سایکۆلۆجیی تەسلیمبوون و ئیفلاسی سیاسی، هاوکات لەگەڵ زاڵبوون و دەرکەوتنی ستراتیجیی دەوڵەتی داگیرکەر و خۆجێگیرکردنەوەی لەناو سیاسەتی کوردیدا لە ئاستی حیزبیدا، دوو هێڵی ئینتیگراسیۆنیزم بەسەر سیاسەتی حیزبیدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەزەقی دەردەکەون.

مەیلی ئینتیگراسیۆنخوازی بەگشتیی و لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتدا

لە سی ساڵی ڕابردوودا هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا، یەکەمیان لە ڕێگەی «ئیسڵاحتەڵەبی» و دووەمیشیان لە ڕێگەی «ئاپۆییزم»ەوە توانیویانە لە درێژەی ستراتیجیی خۆیاندا بەشێک لە فەزای کوردی و سیاسەتی کوردی و سیاسەتی حیزبیی کوردی دیزاین بکەن و دایبڕێژنەوە. ئەم پێشهاتە جێگەی ئامرازە جێگیرەکانی پێشووی سەرکوتکردن و هەژموونی کۆلۆنیالیزمی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەموو ئەوانەدا، درێژکراوەیەکی ئاڵۆزتر و پێشکەوتووتری هەمان پڕۆژەی مێژوویییە. لە کاتێکدا دەوڵەتانی دژەکورد (ئێرانی و تورکی و عەرەبی) لە ڕابردوودا بە شێوەیەکی نەریتی، هێزی ڕەق، هەوڵیان دەدا بوونی کورد لە ڕێگەی کوشتاری ڕۆژانە و زەبروزەنگی سەربازی و ناچارکردنی ئیداری و پڕۆسەی سیستەماتیکی تەفریس “بەفارسکردن” و تەتریک “بەتورککردن” و تەعریب “بەعەرەبکردن”ی کۆمەڵگەی کوردییەوە سەرکوت بکەن، ئەوا ئێستا ئەم پڕۆسەیە پێی ناوەتە قۆناغی سیاسەتکردن و وەکوو شتێکی ئاسایی بەناوی «سیاسەتی کوردی»یەوە دەردەکەوێت. ئەوان زیاتر توانای ئەوەیان بەدەستهێناوە، کە کاریگەری لەسەر خودی ئەو ستراتیجی و گوتار و تەنانەت چەمک و دەستەواژانە دابنێن، کە سیاسەتی کوردیی پێ بەیان دەکرێت. ئامانجەکە چیدیکە سنووردار نییە بە سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان لە دەرەوەڕا، بەڵکوو سڕینەوەی جەوهەری کوردییانەی سیاسەت و داڕشتنەوەی تەخەییولی سیاسیی کورد لە ناوەوەڕا بووە بە ئامانجیان، تاوەکوو ئەو جێگەیەی سنوورەکانی خواستی سیاسیی ڕەوای کورد لەو سنوورانە بەئاسانی جیا ناکرێنەوە، کە لە لایەن دەوڵەتی باڵادەستەوە دیاری دەکرێن.

ئەم وەرچەرخانە قۆناغێکی هەستیار لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی دژە کورد نیشان دەدات. دەوڵەتانی داگیرکەر چیدیکە پێویستیان بەوە نییە، تەنیا وەکوو دوژمنێکی دەرەکی بۆ سەر بوونی سیاسیی کورد دەربکەون. ئەولەوییەتە ستراتیجییەکانی ئەو دەوڵەتانە دەکرێت وەربگێڕدرێنە سەر زمان و بێنە ناو گوتاری کوردایەتیی حیزبی و گوتاری دیموکراسیخوازی و پراگماتیزم و واقیعگەراییی سیاسی (ئەمری واقیع) و زەروورەت و هەلومەرجی جیۆپۆلەتیکی. هەڵبەتە هیچ کام لەم چەمک و باسانە لە زاتی خۆیاندا توێنەرەوە نین و زەروورەتەن بە مانای گونجان لەگەڵ ستراتیجیی دەوڵەتی داگیرکەر نایەن. بەڵام ڕۆڵ و کاریگەرییە کۆلۆنیالییەکەیان کاتێک دەردەکەوێت، کە لە چوارچێوەی گوتارێکدا دەخرێنە گەڕ وەکوو بەهانە بۆ دابەزاندنی دۆزی کورد لە ئاستی پرسی نەتەوەیی، بۆ پێناسەکردنەوەی سنووری سیاسەتی کورد و نیشاندانی داواکارییە نەتەوەییەکانی وەکوو داواکاریی زیادەڕۆ و ناواقیعی و لە ڕووی مێژوویییەوە بەسەرچوو، یان لە ڕووی سیاسییەوە مەترسیدار. لە هەمان کاتیشدا، خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی سەروەریی باودا وەکوو تاکە شێوازی بەرپرسیارانەی سیاسەتی کوردی دەخرێتە ڕوو، کە ئەمەش ڕێک لەگەڵ ستراتیجیی «ئینتیگراسیۆن»ی ئاگایانە وەکوو “نموونە ئۆجەلانییەکەی” و نائاگایانەدا دەگونجێت.

دەرەنجامەکە تەنیا بە ڕێکخستنەوە و گۆڕینی زمان و سروشتی داواکاری و سیاسەتەکان سنووردار نییە، بەڵکوو داڕشتنەوەی هەنگاوبەهەنگاوی خودی بکەری (سووژەی) سیاسییە، بەجۆرێک هیچ جیاوازییەکی جددی لەنێوان ئاسۆی سیاسی و ستراتیجیی بکەری کوردی و بکەری نەتەوەی داگیرکەردا سەبارەت بە داڕشتنەوەی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەی زاڵن بەسەر کوردستاندا، نابینرێت. بەمەش سیاسەتی کوردی چیدیکە لە دەوری پرسی نەتەوەبوونی کورد و ئەو مافە دەستەجەمعییانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن ناخولێتەوە، بەڵکوو زیاتر سەرقاڵی دانوستاندن و تێکەڵبوون دەبێت لەگەڵ بکەرەکانی نەتەوەی باڵادەستدا، ئەویش لەسەر شێوازە ڕێگەپێدراوەکانی بەشداریی کورد لە چوارچێوەی سەروەرییەکدا، کە پێشتر شەرعییەتەکەی پەسەندکراوە. لێرەدا، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، کە ئایا دەوڵەت و بکەرەکانی نەتەوەی باڵادەست مافێکی ڕەهایان هەیە لە دیاریکردنی پێگەی سیاسیی نەتەوەی کورددا؟ پاشەکشە دەکات بۆ پرسیارێکی لاوەکی: کورد چۆن دەتوانێت دانپێدانانێکی سنووردار و بەشدارییەکی ئیداری بەدەست بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو مافە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟

ڕێک لێرەدایە، کە هەژموونی کۆلۆنیالیزمی فارس و تورک و عەرەب کاریگەرترین شێوەی ئایدیۆلۆجیی خۆی وەردەگرێت. سەرکەوتنی دەوڵەتی کۆلۆنیالیست تەنیا لە کاتێکدا نییە، کە سنوورە سیاسییەکانی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی ژێردەستەدا دەسەپێنێت، بەڵکوو کاتێک سەردەکەوێت، کە نوێنەرانی ئەو نەتەوەیە دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانەوەی ئەو سنوورانە وەکوو قەناعەتی ڕەسەنی سیاسیی خۆیان. ئەوەی لە بنەڕەتدا وەکوو بەرژەوەندیی ستراتیجیی دەوڵەتی باڵادەست داڕێژرابوو، دواتر لە ڕێگەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردەوە و بە زمانی بەرژەوەندیی کوردی، وەکوو مەرجی پێویست بۆ مانەوەی کورد و بەدیموکراتیزەکردن، یان پێگەیشتووییی سیاسی دەخرێتە ڕوو.

ئەم پڕۆسەیە مەرج نییە هەمیشە پشت بە هاوکاریی بەئاگایانە، خیانەت، یان بەکرێگیراوی، ببەستێت. کاریگەرییەکەی بەشێکی لەوەدایە، کە ڕەنگە بکەرە سیاسییەکانی کورد پێیان وابێت، کە بە دڵسۆزییەوە بەرگری لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن، لە کاتێکدا لەناو چوارچێوەیەکی فیکری و دامەزراوەییدا کار دەکەن، کە پێشتر بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی باڵادەست داڕێژراوە. دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم بەم مانایە، تەنیا کردەی سیاسی کۆت و بەند ناکات، بەڵکوو ئەو پۆلێنبەندییانەش ڕێک دەخاتەوە، کە لە ڕێگەیانەوە ئەگەرە سیاسییەکان وێنا دەکرێن، هەڵدەسەنگێنرێن و پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە.

گوتاری تێکەڵخوازیی ئەمڕۆی بکەری کورد (واتە ئینتیگراسیۆنیزم و ڕیفۆرمخوازی لە دەرەوەی ڤێرژنە ئۆجەلانییەکەی، کە بەئاگایانە درێژەی ستراتیجیی دەوڵەتی تورکیایە)، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕوونییەکی تایبەتەوە ئەم وەرچەرخانە دەردەخات. گریمانە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە، کە کورد دەتوانێت لە ڕێگەی تێکەڵبوون و ئینتێگرەبوون لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕووی مێژوویییەوە نکۆڵییان لە نەتەوەبوونی کورد وەکوو سەرچاوەی شەرعییەتی مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی کورد کردووە، مانەوەی سیاسیی خۆی گەرەنتی بکات. بەڵام ئەم گریمانەیە چاوپۆشی لە ژێرخانی سیاسی و ئابووری و ئیداری و کولتووری و فێرکردنی توێنەرەوە و ناهاوسەنگیی بنەڕەتیی ڕژێمەکانی هاووڵاتیبوون لە ئێراندا دەکات، کورد وەکوو تاکێک کە ملکەچی دەسەڵاتی سەروەریی فارسە خراوەتە ناو ئەو دەوڵەتەوە، نەوەک وەکوو ئەندامی نەتەوەیەک، کە مافی یەکسانی بەکۆمەڵی هەبێت لە پێکهێنانی ئەو دەسەڵاتەدا.

بۆیە جیاکردنەوەی نێوان هاووڵاتیبوون و یەکسانیی نەتەوەیی شتێکی حەتمییە و دەستبەرداربوونی بە مانای خۆکوژیی “ئینتحاری” سیاسیی کوردە. هاووڵاتیبوون تەنیا لە هەبوونی ناسنامە و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، یان ئەندامێتیی فەرمی لە دەوڵەتێکدا کورت نابێتەوە. لە سیستەمێکی سیاسیی فرەنەتەوەدا، یەکسانیی ڕاستەقینە پێویستی بە تاوتوێکردنی ئەوە هەیە، کە کێ دەسەڵاتی پێناسەکردنی دەوڵەت و نەتەوە، دیاریکردنی تاک-نەتەوەیی، یان فرەنەتەوەییبوونی وڵات و داڕشتنی ناسێنەی  دەستووری و چەسپاندنی زمانی فەرمی و ڕێکخستنی دامەزراوەکانی و و بڕیاردان لەسەر ڕەواییی داواکارییە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی هەیە.

تاکێکی کورد ڕەنگە هەمان هاووڵاتیبوونی فەرمیی وەکوو تاکێکی تورکی،  سووری،  یان ئێرانی هەبێت، لە کاتێکدا سەر بە نەتەوەیەکە، کە بوونە سیاسییەکەی لە ڕووی دەستوورییەوە نکۆڵیی لێ کراوە، کە ئەوە ڕێک ئیستعمار و کۆڵۆنیالیزمە. لە دۆخێکی وەهادا، یەکسانیی فەرمی لەنێوان تاکەکاندا شانبەشانی نایەکسانییەکی قووڵی بونیادی لە ژێرخانی سیاسی و ئابووری و مێژوویی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەییەکاندا دەردەکەوێت، کە لە ڕادەی حزووریان لە ماهییەت و ناسنامە و ناسێنەی دەسەڵاتدا ڕەنگ دەداتەوە. نەتەوەیەک خاوەنی ئامرازە دامەزراوەییەکانە بۆ بەرهەمهێنانەوەی زمان و ناسنامەی مێژوویی و سەروەریی خۆی لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، لە نەتەوەکەی دیکەش چاوەڕێ دەکرێت بەشداری لەو دامەزراوانەدا قبووڵ بکات بەبێ ئەوەی مافێکی هاوتای هەبێت لە دیاریکردنی مۆرکی نەتەوەییی ئەواندا، واتە ئامادە ئینتگرە و توانەوە و ئیستعمارکردن بێت.

کەواتە کێشەکە تەنیا ئەوە نییە، کە کورد لە کۆمەڵێک مافی دیاریکراو بێبەش دەکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە نەتەوەی باڵادەست هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتی دیاریکردنی چوارچێوە و شەرعییەت و مەرجەکانی بوونی کورد و ئەگەری دەنگهەڵبڕین و خاوەن-دەنگبوونی کوردی بۆ خۆی قۆرخ کردووە. لێرەدا، هاووڵاتیبوون دەبێتە ئامرازێک بۆ توانەوە و تێکەڵکردن لەناو قووچەکێکی “هایراکییەکی” نەتەوەیی پێشوەختە دامەزراو و پاساودانەوەی بە ناوی گوتاری دیموکراسییەوە نەوەکوو چوارچێوەیەک، کە لە ڕێگەیەوە ئەو قووچەکە سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی دیموکراتییانە دانوستانی لەسەر بکرێتەوە.

ئەم جیاکارییە بۆ تێگەیشتن لە ئەرکی ئایدیۆلۆجی و کولتووریی لایەنگرانی تێکەڵبوونخوازی جەوهەرییە. کاتێک تێکەڵبوون وەکوو چارەسەری پرسی کورد دەخرێتە ڕوو بەبێ ئەوەی سەرەتا یەکسانیی نەتەوەیی کورد بچەسپێنرێت، ژێردەستەیی سیاسیی کوردبوون دەگۆڕدرێت بۆ پرسێکی ڕواڵەتیی خەسێنراوی وەکوو هاووڵاتیبوون و بەشداریی سیاسی. چیدیکە نەتەوەی کورد وەکوو بکەرێکی سیاسیی بەکۆمەڵ مانای نامێنێت، کە مافی دانوستاندنی لەسەر بنەماکانی سیستەمێکی دەستووریی هاوبەش هەبێت. لەبری ئەوە، لە ناچاریدا و بە شێوەیەکی کاتیی، تاوەکوو ئەو کاتەی بەتەواوی دەتوێتەوە تەنیا وەکوو تاکێکی گونجاو لەگەڵ ژێرخانی توێنەرەوەی «ئەوی دیکە»دا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکرێت. تاکێک کە دەبێت جێگەیەکی پەسەندکراو بۆ خۆی لەناو سیستەمێکدا بدۆزێتەوە کە شەرعییەتی سەروەرییەکەی وەکوو شتێکی مسۆگەر و بێچەندوچوون وەرگیراوە، نەوەکوو جێگەی مشتومڕ. بەم پێیەش تێگەیشتنێکی وەها بۆ هاووڵاتییبوون پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان تێناپەڕێنێت، بەڵکوو لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانی کورد بەپێی پێوەرەکانی دەوڵەتی باو، ئەو پەیوەندییانە ئاسایی دەکاتەوە.

پێکهاتنی مێژوویی دەوڵەتی ئێران نموونەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا بۆ ئەم ڕاستییە پێشکەش دەکات. هەوڵی فارس بۆ گواستنەوە لە سیستەمی ئیمپراتۆریی قاجارەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوەندگەرای فارس/ئێرانی، نابێت تەنیا وەکوو پتەوکردنێکی ئیداری، یان ڕێکخستنەوەیەکی جوگرافی ببینرێت. ئەم پڕۆسەیە بریتی بوو لە بەخشینی پێگەی بکەری خاوەن ئیمتیازی کۆلۆنیالی و دامەزراوەیی بە فارس و زمانی فارسی، دروستکردنی مێژوویەکی نەتەوەیی ڕاسیستیی فەرمی و بەرزکردنەوەی ناسێنەی فارسی وەکوو ناسێنەی وڵات لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی خۆپێوانەگرەوە، چوارچێوەیەک کە تەنیا لە ڕێگەی داننان بە ئێرانییەت/فارسبوونی هەمووانەوە ڕێگە بە تەفسیرکردنی فرەچەشنیی سیاسی و کولتووریی دەوڵەتەکە دەدات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە باشترین حاڵەتدا، کورد تەنیا وەکوو شێوەزارێک لە کولتووری ناوچەیی، زمانێکی لۆکاڵی و فۆلکلۆرێک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیی سوودمەند (زینەفع) دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتیی بوونی هەبێت. ڕەزامەندیی بکەری کوردیش بەم جۆرە پێناسەکردنەی کورد، هێمای ئینتیگراسیۆنخوازیی سیاسییە.

لە ڕێگەی پەروەردەی ناوەندی، پلەبەندیی زمانەوانی و یەکخستنی ستانداردی ئیداری و پەراوێزخستنی مێژووی نەتەوە نافارسەکانەوە، دەوڵەتی ئێرانی/فارسی پڕۆژەیەکی بۆ یەکڕەنگکردنی «نەتەوەیی» گرتەبەر کە ناسێنەی کوردی و نافارسەکانی دیکەی خستە ژێر ڕکێفی دروستکردنی یەک نەتەوەی تاقانەی فارس-ئێرانییەوە. ئەو سیستەمەی لەمەوە بەرهەم هات، هەوڵی داوە کۆمەڵگە بەپێی گریمانە کولتووری و سیاسییەکانی ناسێنەی نەتەوەی باڵادەست بگۆڕێت، ئەویش بە نرخی زمانکوژی و نەتەوەکوژی و کولتوورکوژیی نەتەوە نافارسەکان. ئێمە دەبینین حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە واژۆکردنی بەیاننامەی پاریس، لە کۆبوونەوەی جۆرج تاون، لە شوورای گوزار و لە کۆنگرەی ئازادیی ئێراندا، ئەو گێڕانەوە مێژووییەی فاشیزمی فارسییان بە سروشتی وەرگرتووە، چونکە بەهۆی ڕوح و کولتووری ئینتیگراسیۆنخوازیی خۆیانەوە، ناتوانن خۆیان لە دەرەوەی ئەو گێڕانەوە کۆلۆنیالییە ئێرانییەدا ببینن و پێناسە بکەن.

لەم چوارچێوە مێژووییەدا، ئەو ئەکتەرە کوردەی باوەڕی بە نەتەوەبوونی کورد هەیە، نابێت پرسی دیموکراتیزەکردن تەنیا لە ڕێگەی فراوانکردنی بەشداری لە هەڵبژاردن و ئازادییە مەدەنییەکان، یان لێپرسینەوەی ڕێکارییەوە هەڵبسەنگێنێت. ڕەنگە ئەمانە دەستکەوتی دیموکراتیکی گرنگ بۆ تاک دابین بکەن، بەڵام بنەما نەتەوەییە نایەکسانەکانی دەوڵەت ناگۆڕن. سیستەمێکی سیاسی دەشێت لە ڕووی هەڵبژاردنەوە زیاتر کێبڕکێی تێدا بێت، لە کاتێکدا بەردەوام بێت لە نکۆڵیکردن لە بوونی سیاسیی بەکۆمەڵی ئەو نەتەوانەی خراونەتە ژێر قەڵەمڕەوییەکەیەوە، هەروەکوو نموونەکەی تورکیا.

لەبەر ئەوە، پڕۆژەی دیموکراتیزەکردنی ئێران، کە سەروەریی نەتەوەیی فارس-تەوەر بخاتە دەرەوەی بازنەی پرسیارەوە، تەنیا ئیدارەی سیستەمی قووچەکیی نەتەوەیی باو دیموکراتیزەدەکات، نەوەکوو ئەوەی خودی سروشتی قووچەکەکە بگۆڕێت. پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە ڕەنگە هەندێک لە دەرفەتەکانی بەشداری لە ئاستی تاکدا دابەش بکاتەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی پێناسەکردنی دەوڵەت هەبێت، ڕەنگە مافە تاکەکەسییەکان فراوان بکات، حیجاب نەهێڵێت و خەڵک بتوانێت گۆرانی بڵێت، لە کاتێکدا پەراوێزخستنی دەستووری و دامەزراوەیی نەتەوە نافارسەکان بەتەواوی دەپارێزێت و دەشبێتە خاوەنی شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ سەرکوتکردن لەپێناو پاراستنی ئەو سیستەمەدا.

لە ڕاستیدا، کاریگەرترین شێوەی توانەوەی ئایدیۆلۆجی بۆ کورد کاتێک ڕوودەدات، کە خۆگونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی نەتەوەی باڵادەستدا، چیدیکە وەکوو سازش هەستی پێ نەکرێت، بەڵکوو لە ناخەوە ببێتە عەقڵی سەلیم و تێگەیشتنی باوی سیاسی و پراگماتیزم، ڕێک وەکوو ئەوەی کە ئێستا لە عێراقدا حەشدی شەعبی دەڵێت، پێش پێشمەرگە چەک دانانێم و نێچیرڤان بارزانیش دەڵێت، چەک بە شێوەیەکی شەرعی تەنیا دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت. لێرەدا، چیدیکە دەوڵەت وەکوو سەرچاوەی ئەو سنوورانە دەرناکەوێت، کە بەسەر سیاسەتی کوردیدا سەپێنراون. لەبری ئەوە، ئەو سنوورانە وەکوو دەرەنجامی حەتمیی مێژوو و جوگرافیا و واقیعگەرایی، یان سەرکردایەتیی بەرپرسیارانە وێنا دەکرێن.

ئەم وەرچەرخانە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی دژبەرییەکی زەق لەناو سیاسەتی حیزبیی هاوچەرخی کوردیدا. ئەو ڕێکخراوانەی کە زیاتر دەستبەرداری ڕەگەزە سەرەکییەکانی داواکارییە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی کورد دەبن، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام جەخت لەسەر مافی پاوانخوازیی خۆیان بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی کوردی دەکەنەوە. ئەوان دەسەڵاتی دەوڵەتی باڵادەست بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی ڕێگەپێدراوی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد قبووڵ دەکەن، هاوکات بانگەشەی ئەو دەسەڵاتەش دەکەن، کە هەر خۆیان دیاریی بکەن کێ دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەوا بە ناوی کوردەوە قسە بکات، بەم شێوەیەش، هەتاوەکوو زیاتر ناوەڕۆکی مافە سیاسییەکانی کورد بەرتەسک بکەنەوە، پێداگرانەتر بەرگری لە قۆرخکاریی ڕێکخراوەیی خۆیان بەسەر نوێنەرایەتیی کورددا دەکەن.

پاساوهێنانەوە بۆ ئەم قۆرخکارییە زۆرجار پشت بە زمانی زەروورەت و مەترسیی کارەساتی چاوەڕوانکراو دەبەستێت. هۆشداری دەدرێتە کۆمەڵگەی کوردی، کە بەبێ ڕێنمایی حیزبێک، یان سەرکردایەتییەکی دیاریکراو، ڕووبەڕووی کارەساتی سیاسی دەبێتەوە. ئەگەری سەرکوتکردن، یان ناسەقامگیری دەگۆڕدرێت بۆ پاساوێک دژی جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤە) سیاسییەکان، لە کاتێکدا پاشەکشەی ستراتیجیی خودی سەرکردایەتییەکە وەکوو تاکە ئامرازی بەرپرسیارانەی مانەوەی بەکۆمەڵ دەخرێتە ڕوو.

لە ئەنجامدا، ترس دەبێتە ئامرازێک بۆ دیسپلینکردنی سیاسی، واقیعگەرایی دەبێتە پاساو بۆ دەستبەرداربوون لە مافەکان و خۆلادان لە کارەساتیش دەبێتە بنەمایەک بۆ داواکردنی گوێڕایەڵی. ئەو ڕێکخراوە سیاسییانەی کە سنووردارکردنەکانی دەوڵەتی باڵادەستیان لەسەر سەروەریی کورد قبووڵ کردووە، هەوڵ دەدەن هەمان ئەو سنوورانە بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنن،  زۆر جاریش داواکارییە نەتەوەییە جیاوازەکانی دیکەی کورد وەکوو مەترسیدار و نابەرپرسیارانە، یان لە ڕووی مێژووییەوە بەسەرچوو وێنا دەکەن.

بەم شێوەیە، پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکە لەناو خودی سیاسەتی کوردیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە، دەسەڵاتی دەوڵەتی باڵادەست لە ڕێگەی ئەکتەرە سیاسییەکانی کوردەوە دەبێتە دیاردەیەکی ناوەکی لە سیاسەتی کوردیدا و دواتریش، بە شێوازێکی دەستکاریکراو، بەسەر خودی جەماوەری کورددا دەسەپێنرێتەوە.

سەرچاوە سەرەتاییەکان و بەڵگە سیاسییەکان

1. Öcalan, Abdullah. 2011. Türkiye’de Demokratikleşme Sorunları, Kürdistan’da Çözüm Modelleri: Yol Haritası. Neuss: Mezopotamya Yayınları. ISBN 978-3-941012-30-1. لاپەڕە گرنگەکان: 78، 80–112. ئەم چاپە لە تۆمارە کتێبخانەییەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە؛ بەڵام دەقی هەموو ئەو لاپەڕانە بەراورد نەکراوە.

2. Öcalan, Abdullah. 2015. Democratic Confederalism. Cologne: International Initiative Edition. زانیاری چاپی ٢٠١٥ی ئینگلیزی و ISBN 978-3-942961-18-9. لە وتارەکەتدا ئاماژە بە چاپێکی تورکی لە لاپەڕەکانی ٣ و ٣٩ کراوە؛ ئەو چاپە دەبێت بە جیا پشتڕاست بکرێتەوە.

3. Öcalan, Abdullah. Demokratik Kurtuluş. [ساڵ، شوێنی چاپ و ناوی بڵاوکەرەوەی چاپە بەکارهاتووەکە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوە هەیە.] لاپەڕەکانی ئاماژەپێکراو لە وتارەکەتدا: 321 و 432. لە بەشەکانی پێشووی لێکۆڵینەوەکەتدا ژمارەی لاپەڕەی جیاوازیش بۆ هەمان بابەت هاتووە؛ پێویستە لەگەڵ چاپەکەدا بپشکنرێن.

4. Öcalan, Abdullah. 1999. İfade Tutanakları. 3 April 1999, p. 59. بەڵگەی لێپێچینەوەی ئۆجەلان، لەگەڵ واژۆی دادستانەکان و ئۆجەلان، کە وێنەی لاپەڕەکەی لە وتارەکەتدا بەکارهاتووە. بۆ ئاماژەی ئەکادیمیی تەواو، پێویستە ناونیشانی بەرگی بڵاوکراوە و زانیاری چاپەکە زیاد بکرێت.

5. Öcalan, Abdullah. 2025. “Barış ve Demokratik Toplum Çağrısı” [Call for Peace and Democratic Society]. 27 February 2025. دەقی ڕاگەیاندنەکە دەبێت لە چاپ یان تۆماری فەرمیی هەمان ڕۆژەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی وشەکانی پەیوەست بە فیدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافە کولتوورییەکان و ئینتیگراسیۆن.

6. Kurdistan Communities Union (KCK). 2005. Koma Komalên Kurdistan / KCK Sözleşmesi. [چاپ و وەشانی بەکارهاتوو پێویستی بە دیاریکردن هەیە.] بۆ ئەو ئیدیعایەی وتارەکەت سەبارەت بە یاسای دەوڵەتە یونیتەرەکان و دامەزراندنی KCK دەیکات.

7. Republic of Türkiye. 1982. Constitution of the Republic of Türkiye, as amended. Articles 3, 42, and 66. دەقی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی دادگای دەستووریی تورکیا. پێویستە جیاوازیی نێوان دەقی سەرەتایی ساڵی ١٩٨٢ و دەقە دەستکاریکراوەکانی دواتر لەبەرچاو بگیرێت.

8. Soleimani, Kamal, and Behrooz Shojai. 2025. The Kurdish Paradox of Statelessness: Öcalan’s Confederalism and Turkeyification Strategies. Cham: Palgrave Macmillan. https://doi.org/10.1007/978-3-031-83746-3. ئەمە یەکێکە لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی وتارەکەت بۆ ڕەخنەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، ئینتیگراسیۆن و پەیوەندیی نێوان سیاسەتی ئۆجەلان و سەروەریی دەوڵەتی تورکیا.

9. Kadıoğlu, İ. Aytaç. 2019. “The Oslo Talks: Revealing the Turkish Government’s Secret Negotiations with the PKK.” Studies in Conflict & Terrorism 42 (10): 915–933. https://doi.org/10.1080/1057610X.2018.1430658. بۆ مێژووی دانوستانە نهێنییەکانی ئۆسلۆ. توێژینەوەکە پەیوەندییەکانی ساڵانی ٢٠٠٦–٢٠١١ لەخۆ دەگرێت، نەک تەنیا کۆبوونەوەکانی ئۆسلۆ.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO