سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە یاسای نەنووسراوەوە بۆ دەستوور: ململانێی ڕەوایی لە هەرێمی کوردستان

ئەحمەد فاتح محەمەد

لە هەرێمی کوردستاندا، پرسی یاسا هەرگیز تەنیا پرسێکی تەکنیکیی دەقە یاساییەکان نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لەگەڵ پرسی ڕەوایی دەسەڵات و شێوازی دروستبوونی دەوڵەت تێکەڵ بووە. دوای ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی بۆشایی بەڕێوەبردنی یاسایی، هەرێم دیفاکتۆیانە بوو بە خاوەن دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە. بەڵام ئەم دەسەڵاتە بنەمایەکی دەستووریی نووسراو و جێگیری نەبوو. لێرەدا، لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە دەپرسین: چۆن دەسەڵاتێکی هەڵهێنجراو لە واقیعی سیاسییەوە، هەوڵ دەدات ببێتە دەسەڵاتێکی دەستووری و ئەم گواستنەوەیە چ ململانێیەکی ڕەواییی لێ کەوتووەتەوە.

ماکس ڤێبەر ڕەوایی دەسەڵات بە باوەڕی ژێردەستەکان بە ماف و شایستەیی فەرمانڕەوا دەبەستێتەوە و سێ شێوە دیاری دەکات: ڕەوایی نەریتی و کاریزمایی و یاسایی-ئەقڵانی. بەپێی ئەم ڕوانگەیە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر ڕەوایی یاسایی-ئەقڵانی بونیاد دەنرێت. واتە گوێڕایەڵی بۆ یاسایەکی ئاشکرا نەک بۆ کەسێک. بەڵام لە واقیعدا ئەم سێ شێوەیە بە پاکی نامێننەوە و زۆرجار تێکەڵ دەبن. لە هەرێمدا، ئەم تێکەڵبوونە ڕوونە، چونکە ڕەوایییەکی شۆڕشگێڕانە و کاریزماییی ڕابردوو لەگەڵ پێویستیی دامەزراوەیی نوێدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

مەبەست لە یاسای نەنووسراو، ئەو کۆمەڵە ڕێسا و ڕێوشوێنەیە، کە دوای ١٩٩١ بەبێ بنەمایەکی دەستووریی نووسراو کاریان پێکراوە: هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١٩٩٢، پێکهێنانی حکومەت و دامەزراندنی دەزگا ئیدارییەکان. ئەم ڕێسایانە لەسەر ڕێککەوتنی سیاسی و پێویستی ڕۆژانە و ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی ڕاوەستابوون. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی یاساوە، ئەمە نموونەیەکە لەو یاسایەی لە خوارەوە دروست دەبێت و دواتر داوای ناسینی فەرمی دەکات. بەڵام لاوازیی ئەم جۆرە یاسایە ئەوەیە، کە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز دەتوانێت ناوەڕۆکەکەی بگۆڕێت.

ئەم دۆخە باشترە لەڕێگەی چەمکی پلورالیزمی یاساییەوە تێبگەین، واتە هاوشانی و بەیەکەوەبوونی چەندین سیستمی ڕێکخەر لە یەک کۆمەڵگادا، وەکوو: یاسای دەوڵەت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ڕێساکانی ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. لە هەرێمی کوردستاندا، دادگا فەرمییەکان و ڕێککەوتنە عەشیرەییەکان و هەژموونی حیزبی بە هاوتەریب کار دەکەن هاوڵاتییانیش بەپێی جۆری کێشەکەیان و کاتەکە، یەکێک لەو ڕێگایانە هەڵدەبژێرن. بەم پێیە ڕەوابوون “مەشرووعییەت” بەتەنیا لای یەک سەرچاوە کۆنەبووەتەوە، بەڵکوو بەسەر چەندین ناوەندی دەسەڵاتدا دابەش بووە.

دەستووری فیدراڵیی عێراقی ٢٠٠٥ هەنگاوێکی گرنگی ناسینی فەرمی بوو. مادەی ١١٧ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ئێستای ناسی و مادەی ١٤١ ڕایگەیاند، ئەو یاسایانەی لە هەرێمدا لە ١٩٩٢ەوە دەرچوون کاریگەرن، مەگەر هەموار بکرێن (دەستووری عێراق، ٢٠٠٥). لەم ڕووەوە بەشێک لە یاسای نەنووسراوبوو بە یاسای نووسراو. بەڵام ئەمە ململانێکەی کۆتایی پێنەهێنا، چونکە ناسینی هەرێم لە دەستووری فیدراڵیدا ئەوە ناگەیەنێت، کە هەرێم دەستوورێکی تایبەتی هەیە، کە ڕەواییەکی خۆجێیی تەواو دابین بکات.

پڕۆژەی ڕەشنوسی دەستووری هەرێم، کە لە ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی کوردستاندا، گفتوگۆی لەسەر کرا، تاوەکوو ئێستا نەگەیشتووەتە ڕیفراندۆم و جێبەجێکردن. ئەم وەستانە تەنیا کێشەیەکی ئیجرائی نییە، بەڵکوو نیشانەی ململانێیەکی قووڵترە لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان و پەیوەندیی حیزبەکان بە دامەزراوەکان و سنووری ڕۆڵی دەوڵەت. هەتاوەکوو ئەم پرسانە بە ڕێککەوتنێکی فراوان چارەسەر نەکرێن، دەستوور وەکوو دەقێک دەمێنێتەوە و نابێتە ڕێسایەکی هاوبەشی کۆمەڵگا.

ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ی سەربەخۆیی نیشانی دا چۆن ڕەوایی سیاسی و ڕەوایی یاسایی دەتوانن لێک دابڕێن: ڕەوایی سیاسی لە دەنگدانی بەرفراواندا بەدی کرا، لەکاتێکدا دادگای فیدراڵیی باڵای عێراق ئەنجامەکەی بە دژە دەستووری ڕاگەیاند. هەرێم لەم دۆخەدا، لەنێوان ئیرادەی سیاسیی خەڵک و ڕێساکانی دەوڵەتی فیدراڵدا توشی دژبەرییەک بوو.لە ناوخۆشدا، ڕەوایی نەریتی بەتەواوی نەڕۆیشتووە. پەیوەندیی خزمایەتی و عەشیرەتی لە زۆر بواردا هێشتا ڕۆڵی هەیە، لە ڕێککەوتنی کێشەکانەوە بۆ دابینکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی. هاوکات، حیزبە سەرەکییەکان بەهۆی مێژووی خەباتەوە ڕەوایییەکی کاریزمایی-مێژوویی بەدەستهێناوە و ئەمە ڕێگەی داوە دەزگاکانی دەوڵەت بە ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ڕێکخستنی حیزبیدا تێکەڵ ببن. لێرەدا، ڕەوایی ڕابردوو دەبێتە جێگرەوەی کارایی و لێپرسینەوەی ئێستا.

دەستوور و یاساکان لە هەرێمدا بوونی هەیە  بەڵام جێبەجێکردنیان بە هاوسەنگیی هێزی سیاسی و ئاستی سەربەخۆیی دەزگای دادوەری و شێوازی دابەشکردنی سەرچاوەکان دەبەستراوەتەوە. کاتێک هاووڵاتی ببینێت خزمەتگوزاری، یان دامەزراندن بە پەیوەندیی کەسی بەستراوەتەوە، متمانەی بە یاسا کەم دەبێتەوە و بەرەو ڕێگە نافەرمییەکان دەچێت، ئەمەش دەسەڵاتی نافەرمی بەهێزتر دەکات.

دروستکردنی ڕەوایی جێگیر چەند مەرجێکی هەیە. یەکەم؛ دەستوورێک بە ڕێککەوتنی سیاسیی فراوان دابڕێژرێت و ڕیفراندۆمی لەسەر بکرێت. دووەم؛ دەزگایەکی دادوەریی سەربەخۆ هەبێت، کە دەسەڵات و حیزب و عەشیرەت هەموویان لەبەردەمیدا یەکسان ببن. سێیەم؛ ڕێساکانی ئیدارە یەکبخرێن و ئەو بۆشاییانە کەم بکرێنەوە، کە پەیوەندیی کەسی تێیاندا جێگەی یاسا دەگرێتەوە. چوارەم؛ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووریی ڕوون ڕێک بخرێت، بۆ ئەوەی ململانێکان لە ڕێگەی دادگاوە چارەسەر بکرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، پلورالیزمی یاسایی تەنیا کەموکوڕی نییە. هەندێکجار ڕێکخستنە عەشیرەتی و کۆمەڵایەتییەکان ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە، کە دادگای فەرمی بەهۆی خاوی و تێچوونەوە پڕی ناکاتەوە. کێشەکە لە بوونیان نییە، بەڵکوو لەوەدایە پەیوەندییان بە یاسای دەستووری و مافی تاکەوە ڕوون نەبێت. ئەگەر لە چوارچێوەی دەستووردا، ئاراستە بکرێن و مافی ژنان و تاکی لاواز وکێشەکانی خوێن بپارێزرێت، دەتوانن ببنە پشتیوانی یاسا نەک ڕکابەری.

ململانێی ڕەوایی لە هەرێمی کوردستان، ململانێی نێوان یاسا و بێیاسایی نییە، بەڵکوو ململانێیە لەنێوان چەند سەرچاوەیەکی ڕەواییدا: ڕەوایی مێژووی خەبات و ڕەوایی نەریتی کۆمەڵایەتی و ڕەوایی دەستووریی یاسایی. یاسای نەنووسراوی دوای ١٩٩١ دەسەڵاتێکی کارای دروستکرد، بەڵام بەتەنیا ناتوانێت بنەمایەکی درێژخایەن بێت. ناسینی فەرمی لە دەستووری عێراقدا، بەشێکی ئەم بۆشاییەی پڕ کردەوە، بەڵام پڕۆژەی دەستووری هەرێم هێشتا چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. بۆیە گواستنەوە لە یاسای نەنووسراوەوە بۆ دەستوور پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و تەنیا بە نووسینی دەق تەواو نابێت، بەڵکوو بە دامەزراندنی دەزگای سەربەخۆ، هاوسەنگکردنی دەسەڵات و دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەوڵەتدا بەدی دێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO