سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە یادی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری

شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری یەکەم کەس بوو، کە تێگەیشت خەباتی کورد پێویستە لە چوارچێوەی بەرتەسکی ناوچەیی و خێڵەکی دەربچێت و بێتە ئاستی بزاڤێکی نەتەوەیی گشتگیر. نامە بەناوبانگەکەی بۆ ڕەفیب بەیگ و نامەکانی بۆ بەرپرسانی عوسمانی و قەیسەری ڕووسیا، باشترین بەڵگەن لەسەر ئەو دیدگا فراوانەی کە بڕوای بە مافی چارەی خۆنووسین و پێکهێنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد هەبوو. ئەو پێش سەردەمی خۆی دەژیا و تێگەیشتبوو، کە ئازادی و سەربەخۆیی کلیلی پاراستنی شکۆی تاکی کوردە.

مێژووی نەتەوەکان پڕە لە ناوی ئەو سەرکردە و پێشەوایانەی کە تەمەنیان کردە قوربانی بۆ ڕێگەی ئازادی و دادپەروەری و لەناو کاروانی پڕشنگداری خەباتی نەتەوەی کورددا، پێگەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری وەکوو یەکەمین نەخشەسازی هزریی سیاسیی هاوچەرخ و بزاڤێکی سەربەخۆییخوازانە، خاوەن پێگەیەکی بێوێنە و مێژووییە، تاهەتایە لە بیرگەی نەتەوەیەکدا دەمێنێتەوە، کە هەمیشە تینووی ژیانێکی ئازاد و کەرامەتمەندانە بووە. لەو ساتە تاریک و دژوارەدا خەڵک لەژێر باری قورسی نەبوونی و ناهەمواریی ژیان و ستەمی دەسەڵاتداراندا دەناڵاند، بۆیە وەکوو تاکە پەناگەیەک پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵا برد، چونكە بە قووڵی وەکوو ڕابەرێكی دینی و ڕزگاریدەری حەقیقی تەماشایان كردووە، ئەویش لەسەر داوای بچڕپچڕ و هاوارەکانی خەڵک نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەستەمبوڵ، تاوەکوو سنوورێك بۆ ئەو هەموو ناڕەوایی و چەوساندنەوەیە دابنێنن، بەڵام مخابن ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانانە لەبەردەم عەقڵیەتی ڕەق و ستەمکاری دەسەڵاتداراندا بێ ئاكام مانەوە و هیچ دەرئەنجامێکی نەبوو.

جگە لەوەش شێخ خاوەنی هۆشیارییەکی سیاسیی زۆر پێشکەوتوو بوو و گومان و ترسی قووڵی هەبوو لە دەرئەنجامەکانی پەیمانی بەرلین، کە بەرەنجامی شكستی عوسمانییەكان بوو لە شەڕی ١٨٧٧-١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسەکاندا، چونکە دەیزانی نەخشەی نوێی ناوچەکە لەسەر حسابی مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد دەکێشرێت. بەپێی ماددەی شەشی ئەو پەیمانە هەموو دەوڵەتانی ئەورووپی بەیەكەوە داوای پاراستنی مافی کۆمەڵی ئەرمەنییان كردبوو، بەبێ ئەوەی باسی مافی رەوای کورد بکرێت، بۆیە شێخ بەسەرسوڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە لە كاربەدەستێكی توركی پرسیبوو: چیم گوێ لێ دەبێت؟ ئەرمەنییەكان وڵاتێكی سەربەخۆ لە وان دروست دەكەن و نەست ورییەكان ئاڵای بەریتانیا لەسەر ماڵەكانیان هەڵدەكەن، لە کاتێکدا نەتەوەی کورد لە خاکی خۆیدا پشتگوێخراوە.

کاتێک شێخ عوبەیدوڵا بۆی دەرکەوت، کە ڕێگەی سکاڵا و دیپلۆماسی بێبایەخە، بە بوێرییەوە كەوتە یەكخستنی خێڵ و هۆزە کوردییەکان بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئامانجە مەزنە نەتەوەییەکانی، دەستبەجێ نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەككە و خدیۆی میسر، هەروەها بۆ لای كونسوڵەكانی ڕووس لە وان و ئەرزڕووم تاوەکوو بە وردی بزانێت دەوڵەتی ڕووس هەستی سیاسی و هەڵوێستی بەرانبەر بە دۆزی كورد چییە. لە هەمووانیش گرنگتر، هەوڵیشیدا خۆی لە هێز و بەرژەوەندییەکانی ئینگلیزەكان نزیك بكاتەوە و نامەیەكی هەستیار و ستراتیجی نارد بۆ دكتۆر كوهران، لە هەمان کاتدا نامە بەناوبانگەکانی بۆ سەرکردە و دەسەڵاتداران و کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە نارد، تاوەکوو بە هەموو جیهان بڵێت، کە نەتەوەی کورد خاوەنی مافی چارەی خۆنووسینە و دەبێت قەوارەی سەربەخۆی خۆی هەبێت.

ئەوەی کەسایەتی شێخ عوبەیدوڵڵا لە مێژوودا زۆر جیا دەكاتەوە لە زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکەی سەردەمی خۆی، ئەوە بوو کە تەنیا بانگەشە نەبوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی، یان گەڕان بە دوای کورسی و پێگەی تەسکدا، بەڵکوو جەختکردنەوەی بەهێز و بێوێنەی لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی هەبوو. ئەو باوەڕی تەواوی وابوو، کە کۆمەڵگەی کوردی تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی نەهێشتنی تەواوەتی ستەم و چەوساندنەوەی چینایەتی و هێننەدی یەکسانییەکی ڕاستەقینە لەبەردەم یاسادا دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و بەرەو پێش بچێت، چونکە سەربەخۆیی سیاسی بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی ناتوانێت پایەدار و ڕیشەدار بێت. سەرەڕای ئەوەی کە شێخ لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ڕووبەڕووی پیلانگێڕی گەورەی دەوڵەتانی داگیرکەر بووەوە و لە ١٨٨٣ لە شاری مەدینە لە دوورە وڵات کۆچی دوایی کرد، بەڵام گیان، هزر و ڕێبازی ئەو هەرگیز لەناو نەچوو و مۆمەکەی ڕێگەکەی بۆ نەوەکانی پاش خۆی هەتاوەکوو هەتایە ڕووناک کردەوە، و ئەمڕۆش یادکردنەوەی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئەم سەرکردە مەزنە، لە ڕاستیدا نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ڕێبازە نیشتمانی و خەباتگێڕییەکەی ئەودا کە هەمیشە چراخانێکە بۆ داهاتوویەکی ئازادتر.

سڵاو لە گیانی پاکی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO