بەوردبوونەوە لە بەرهەمەکانی میشێل فوکۆ، بە ڕاستییەک ئاشنا دەبین کە لە چەندین شوێندا و بە چەندین شێوازی جیاواز جەختی لەسەر کردووەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە «گوتار موڵکی دەسەڵاتە». ئەوەی هێزی هەبێت، پێناسەکان دادەڕێژێت؛ واتە بەهێز ئەوە دیاری دەکات کە کێ پاڵەوانە و کێ تیرۆریستە. بەڵام، کاتێک دەسەڵاتێکی ستەمکار وشەکان دەشێوێنێت، جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە ئەمە سروشتی داگیرکەر ئاوایە. ئەوەی مرۆڤ تووشی هێڵنجی فەلسەفی و ڕشانەوەی ئاکاری دەکات ئەوەیە: کاتێک قوربانییەکە خۆی باوەڕ بە وشەکانی جەلادەکەی دەکات و بە دەستی خۆی ملوانکەی «تیرۆر» دەکاتە ملی مێژووی سەد ساڵەی خۆی!
با لەم ڕوانگەیەوە لەو گاڵتەجاڕییە ڕابمینین کە ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەیبینین، ئەویش ئەوەیە کە سەد ساڵە لە دوای “پەیماننامەی لۆزان”ـەوە، نەتەوەیەک لەناو گەورەترین ئاشی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهاڕدرێت. سەد ساڵە گوندەکانمان دەکرێنە خەڵووز، زمانەکانمان لە قورگماندا دەخنکێندرێن، ژنەکانمان ئەنفال دەکرێن و منداڵەکانمان بە گازی کیمیایی دەبنە پەیکەری مردوو و پیاوەکانمان لەسێدارە دەدرێن. سەد ساڵە دایکە بەهێیەکانمان چەندین جار جەرگیان دەسوتێنرێت و تەیمورەکان لەخوێنی دایک و خوشک و براکانیاندا تەپ و تل دەدەن و عەلی ڕەزا ئەسەلانەکانیش لە کارتۆنێکی پۆستەدا ئێسک و پروسکی هاکانی کوڕە بێسەروشوێنەکانیان پێ دەدرێتەوە! سەد ساڵە چیاکانمان بوونەتە گۆڕستانی خەونەکانمان. ئەم نەتەوەیە، تەنها بۆ پاراستنی مانەوەی بایۆلۆجی و شوناسی خۆی، ناچار بووە تفەنگ هەڵبگرێت و بەرگری لە کەرامەت و بوونی خۆی بکات. کەچی ئەمڕۆ، لەبەردەم دادگای دەوڵەتانی داگیرکەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە هەر خۆیان ئەندازیاری ئەم دابەشبوونە بوون، نووسراوێک بەرز دەکرێتەوە و دەڵێت: ئەم خەباتەی ئێوە ناوی “تیرۆر”ە!
ئاهـ لەم حیکمەتە قێزەونە! ئەگەر دایە بەهییە کە کوڕەکانی شەهیدکران و لە وەسیەتەکەیدا گوتبووی: «دوای مردن بەهەر شێوەیەک بێ بمنێرنەوە ئەڵمانە و پاشان پشتێنە خوێناوییەکەی حوسێنـم تێوە پێچن و چاوبەستەکەی ماجدم بکەنە کەمەربەند و ژێرکراسەکەی فوادـم لەبەر بکەن و بەکراسە خوێناوییەکەی ئەمجەد سەرم ببەستن و بە جامانەکەی ئەمین دامپۆشن، جا ئەو کاتە لە تاڵەسوار لای جوانەمەرگەکان بمنێژن!» تیرۆریست بێت! هاوکات ئەگەر شەهید مەلا عەلی کە چەکی کردبووە شان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات زمانەکەی بسڕنەوە کە دەیگوت: مەرگی ئاوا نا گۆرمەوە بەسەد ژین… ژینێ سەرم بۆ دوژمن بێ بەپەرژین… سەربەزییە كە پێڵاوم ئەبینم بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزیم» تیرۆریست بێت، کەواتە جەلادەکە کێیە؟ ئایا فڕۆکەوانەکەی دەرسیم و هەڵەبجە کۆتری ئاشتی بوون؟ ئایا ئەو دەوڵەتەی نەتەوەیەک لەناو کارتۆنێکدا دەداتەوە دەست باوکەکەی، ڕێکخراوی خێرخوازییە؟!
با لێرەدا واز لە جەلادەکان بهێنین، با بێینە سەر تراجیدیا گەورەکە… بێینە سەر ئەو دەستەبژێر و حیزبە سیاسییانەی کە بڕیاریان داوە ببنە “قوتابییەکی ئاقڵ” لەبەردەم مامۆستا فاشیستەکەیاندا! واتە ئێستا پشتیان کردووەتە سەد ساڵ مێژووی خوێن و فرمێسکی نەتەوەکەیان. ئەوان بۆ بەدەستهێنانی چەند ئافەرینێک بوونە خاوەن چەند ڤێلایەک لە وڵاتانی تردا یان بۆ ئەوەی چەند مەترێک فەرشی سووریان لە پایتەختەکاندا بۆ ڕابخرێت، ئامادەن بچەمێنەوە و بڵێن: “بەڵێ گەورەم! ئێمە لەگەڵ ئێوەین! هەر کوردێکیش دان بە تیرۆریستی خۆیدا نەنێت ئەوا بێ سێ و دوو تیرۆریستە!”
ئەم پارتانە، “ئەم نەیارشەیدا”یانە، وەک ئەوەی تووشی “سیندرۆمی ستۆکهۆڵم” بووبێتن، دەیانەوێت تەواوی خەباتی سەدەیەک بشۆنەوە. ئەوان بە کردەوە وەک ئەوە ڕەفتار دەکەن کە گوایە خەباتی کورد “هەڵەیەکی مێژوویی” بووە و دەبێت ئێستا ئەو هەڵەیە ڕاست بکەنەوە! ئەوان پێیان وایە بە وەرگرتنی پێناسەی “تیرۆریست” پاکانەی خۆیان دەکەن و دەبنە فریشتەی دیموکراسی لای داگیرکەر.
ئاه! کەی تێدەگەن؟ ئایا ئەوانەی لەناو کۆشکەکانی دەسەڵاتدان نازانن کە لە فەرهەنگی داگیرکەردا، کوردێکی باش تەنها ئەو کوردەیە کە لەژێر خاکدایە؟ یان ئەو کوردەیە کە خۆی بووەتە ئامرازی سڕینەوەی براکەی؟ هەر بەڕاست فرۆشتنی مێژووی بەرخۆدانی نەتەوەکەمان وا لە داگیرکەرەکان دەکات باوەشمان بۆ بکەنەوە؟ کەی جەلادەکان ڕێزیان لەو قوربانییانە گرتووە کە شەرەفی بەرگریکردنیان لە خۆیان داماڵیوە و بوونەتە پاشکۆی ئەجێندای بکوژەکەیان. کاتێک تۆ بە وشەی “تیرۆریست” بۆ شەهیدان و خەباتکارانی سەدەیەکی نەتەوەکەت ڕەزامەند دەبیت، ئەوا تۆ مەشروعیەتی بوونی خۆت و شەهیدەکانت و مێژووی خۆشت هەڵدەوەشێنیتەوە.
لە مێژووی شۆڕشەکاندا، هەرگیز نەبینراوە قوربانییەک بچێتە بەردەم بکوژەکەی و بڵێت: “ببورە کە خوێنەکەم جلەکانتی پیس کرد، ببورە کە براکەم هەوڵیدا دەستت بگرێت کاتێک سەرت دەبڕیم، چونکە ئەو تیرۆریستە!” ئەمە لۆجیکی ئەو کۆیلانەیە کە هۆشیارییان و عەقڵیشیان داگیرکراوە.
لێرەوە، دەبێت لۆجیکی مێژوو ڕاست بکەینەوە و هێڵێکی سوور بکێشین: سەد ساڵ خەبات بۆ مانەوە، سەد ساڵ بەرگریکردن لە خاک و کەرامەت و شوناس، نەک هەر “تیرۆر” نییە، بەڵکو گەورەترین و پیرۆزترین شانازیی مرۆڤایەتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزمدا!
تیرۆری ڕاستەقینە، خەباتی نەتەوەیەک نییە بۆ ئازادی؛ تیرۆر ئەو سیستەمە دەوڵەتییەیە کە بە کیمیایی و فڕۆکە شارەکانمان دەسووتێنێت. لە دنیایەکدا کە بکوژەکان باڵوێزخانەیان هەیە و جەلادەکان یاسا دادەڕێژن، دەیانەوێت تاوانەکانی خۆیان بشارنەوە و وشەی “تیرۆر” بکەنە ملی قوربانییەکانیان. بۆیە نابێت لەژێر هیچ فشار و پاساوێکدا، هیچ تاکێک، یان هیچ پارت و کۆمەڵێک، ئەوە قبوڵ بکات کە ئەم وشە نەفرەتییە بە خەباتی نەتەوەکەیەوە بلکێندرێت. چونکە قبوڵکردنی وشەی تیرۆر بۆ بەرگریکارێک، واتە واژۆکردنی بەڵگەنامەی شەرعییەتدان بە جەلادەکان بۆ ئەوەی زیاتر بمانکوژن!
بەڵام با ئەو کۆمەڵ و پارتە کوردییانەی کە بوونەتە زمانحاڵی داگیرکەر، ئەوانەی لەپێناو مانەوەی خۆیاندا لە وشەی “تیرۆر”یش سڵ ناکەنەوە، دڵنیا بن لە یەک شت: مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە! ڕەنگە ڕۆژێک بێت جەلادەکان لەبیر بکات، بەڵام هەرگیز لەو کۆیلانە خۆش نابێت کە لەسەر مێزی خوێن، شەرابیان لەگەڵ بکوژەکانیاندا خواردووەتەوە!


