((قسەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان لەسەر دیداری مێری))
ئەمن ئەو قسانەی دونێکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێری کە بووە هۆی دڵرەنجانی زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتییەکان، لێرە دووبارە ناکەمەوە، تەنها دەڵێم، ڕۆژهەڵاتییەکان دەبێت ئەوە بزانن، نێچیرڤان بارزانی بەشێکە لە پڕۆژەی «کوردی بێ چەک»، دیداری مێری کە ڕووداوی سەرۆکی هەرێم سپۆنسەریەتی، دیداری پرۆژەی «کوردی بێ چەک»ە.
پرۆژەی «کوردی بێ چەک» لەو بەشەی کە پەیوەندی بە چەککردنی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، لە دەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بافڵ تاڵەبانی)دایە، ئەو دوانە بەیەکەوە ئامادەکاری دەکەن هێزە چەکدارەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئێرانییەکان ببەنە ناو پرۆسەی دانوستاندن و ئینتگراسیۆن.
هەڵبەت، مەبەست لە دیداری «کوردی بێ چەک» تەنها کۆد و شیفرە ناردن بۆ هێزە کەمپنشینەکانی ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکو تەرویجکردنە بۆ کۆی پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» لە هەموو بەشەکانی کوردستان، یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی دیداری مێری ئەوجارە، دەرفەت دانبوو بە یەکێک لە ئایکۆنە گرنگەکانی «کوردی بێ چەک»، پەیامەکەی بگەینێت (بافل تاڵەبانی).
ئێرانییەکان لە دوایین شەڕیان لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل تێگەیشتن، حیزبە کەمپنشینە کوردییەکان ڕەنگە لە ئەگەری شەڕێکی دیکە ببنە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی پرۆسەیەک کە خۆیان فۆرمۆڵەی بکەن، کرانەوەیەک بە ڕووی کۆی حیزبی چەکداری ڕۆژهەڵات بکەنەوە، بە بڕوای من ئێرانییەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ڕێگەی تەبەنیکردنی پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» تەنها پەژاک بە موخاتەب وەرگرن، بە فشارکردنە سەر هەرێمی کوردستانیش هێزە کەمپنشینەکان چەک بکەن، بەڵام یەکێک لە کێشەکانی ئێرانییەکان لەگەڵ پرۆژەی «کوردی بێ چەک»، ئەوەیە؛ دەستی تورکیای سوننی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناو ئێران بەهێز دەکات، بۆیە دەیانەوێت بگەنە فۆڕمێک لە چارەسەری کە «کوردی چەکدار» وەک بەربەستێک لە بەرامبەر پەلهاویشتنی پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» بمێنێتەوە.
ئێرانییە شیعەکان باش لەوە تێدەگەن لەناو حەشاماتی سوننە ئەوان کەمینەن، بێ هێزبوونی کەمینەکان بە بێ هێزبوونی خۆیان دەزانن، بۆیە هەتا ئەو شوێنەی «کوردی چەکدار» نەبنە داردەستی ئیسرائیل و ئەمەریکا، لێناگەڕێن بەدەستی «کوردی بێ چەک» و تورکیا بپوکێنەوە. وایدەبینم ئێرانییەکان لەگەڵ لەناوچوونی بەرەی «کوردی چەکدار» ناکۆکن، بەلایەنی کەمەوە دژی لەناوچوونی بەرەی «کوردی چەکدار»ی هەرێمی کوردستانن.
ئەوەی ڕوون نییە و نازانرێت، ئەوەیە؛ کێ دەچێتە ناو دانوستاندن، تەنها پەژاک، یان هەموو هێزەکانی ناو هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە؟!
ئایا هێزە کەمپنشینەکان لەو ڕۆژە ڕەشەی سەردەمی ترامپ، دەتوانن عوقـدەی مێژوویی لەدەستدانی سەرکردەکانی کاتی دانوستاندنەکان تێپەڕێنن و واز لە وەهمی فریادرەسی ئیسرائیلی بێنن، بچنە ناو دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان؟!
پەژاک بەهۆی پرۆژەی «کوردی بێ چەک» مەحکومە بچێتە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر هەموو هێزەکان بەیەکەوە بچنە ناو دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان دەستکەوتی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات زیاتر دەبێت.
ئەوڕۆکە پرسیارە هەرە جەوهەرییەکەی ڕیاڵپۆلەتیکانە، ئەوەیە؛ ئایا بەرەی «کوردی چەکدار»ی ڕۆژهەڵات جگە لە چوونە ناو پرۆسەیەکی دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان هەیە؟!
ئەگەر هەیانە، بە قەولی کوردی باکور گوتەنی«کەڕەمکەن، لێ بلەزبن».
دوێنێکە لە دیداری مێری، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وەک ئەردۆغان و ئەحمەد شەڕع بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشی گوت «سەرۆک ئۆجەلان»، گەلۆ، سەرۆکی هەرێم ئەمجارە لەگەڵ بەکارهێنانی سەرۆک کۆمار بۆ مەسعود پزیشکیان لەقەبی سەرۆک تەنها بە ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پەژاک دەدات، یان بەڕێزەوە ناوی هەموو سەرۆکەکانی حیزبەکانی ناو هاوپەیمانی دێنێت.
وادێتە پێش چاوم، ئەگەر کاوێس ئاغا ئێستا لە ژیاندا بووایە، بە لاوکێک بە بەرەی «کوردی چەکدار»ی دەگوت«هاوارێ ئیسڕائیلیان دوورە…»، ئەرێ دوورە، زۆریش دوورە.



