کارزان عزیز
لە جیهانی هاوچەرخی ئێستاماندا، میدیا چیدیکە تەنیا کەرەستەیەکی گواستنەوەی دەنگوباس، یان ئامرازێکی سادەی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ئەندازیاری ڕاستەقینەی هۆشیاریی گشتیی و ڕێکخەری ڕای گشتیی و بزوێنەری ژێربەژێری هاوکێشە ستراتیجی و سیاسییەکانە. ئەگەر لە سەردەمە کلاسیکییەکاندا، جەنگ و ململانێکان بە چەک و تەقەمەنی لە بەرەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا یەکلایی ببانایەوە، ئەوا لە جیهانی دوای مۆدێرنەدا، جەنگی ڕاستەقینە لە پشت شاشە ڕووناکەکان و لەناو هۆڵەکانی مۆنتاج و لە ژوورە تاریکەکانی داڕشتنی هەواڵدا بەڕێوە دەچێت.
میدیای سیاسی و هەواڵی، وەکوو گرنگترین و کاریگەرترین پایەی دەسەڵات لەم سەردەمەدا، لەنێوان ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆی لە لایەک، لەنێوان داوی پڕۆپاگەندە و ململانێی هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی دیکەوە، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدایە، کە ڕاستەوخۆ دەستکاری چارەنووسی گەلان دەکات.
یەکەم: لە “سەگی پاسەوانەوە” بۆ مۆنۆپۆلکردنی هۆشیاری
لە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و لەناو تیۆرییەکانی دیمۆکراسیدا، هەمیشە بە میدیا گوتراوە” سەگی پاسەوان” (Watchdog). ئەم چەمکە مانا ئەخلاقییەکەی ئەوەبوو، کە ڕاگەیاندن هێزێکی بێلایەن و چاوکراوەیە، کە وەکوو چاودێرێکی بێبەزەیی بەسەر ڕەفتاری دەسەڵاتداران و دامەزراوە فەرمییەکانەوە دەمێنێتەوە، گەندەڵییەکان قاو دەدات، پەردە لەسەر ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان لادەدات و ڕێگری لە غەدر و سەرەڕۆیی حکوومەتەکان دەکات لە دژی هاووڵاتیان. بەڵام کاتێک واقیعی میدیای هاوچەرخ دەپشکنیین، دەبینین ئەم ئەرکە پیرۆزە پاشەکشەی کردووە بۆ بەرژەوەندی تیۆرییەکی مەترسیدارتر، کە لە زانستی ڕاگەیاندندا بە “داڕشتنی کارنامە” (Agenda Setting) دەناسرێت.
میدیاکانی ئەمڕۆ چیدیکە کار لەسەر ئەوە ناکەن پێمان بڵێن “چۆن و بە چ ئاراستەیەک بیر بکەنەوە”، بەڵکوو بە شێوازێکی زۆر ورد و داڕێژراو، سنور بۆ مێشکمان دادەنێن و پێمان دەڵێن، “دەبێت تەنیا بیر لە چی بکەنەوە”. کاتێک دەزگایەکی میدیایی زەبەلاح یان پەیجێکی خاوەن میلیۆنان فۆڵۆوەر، بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ یان هەفتە تیشک دەخاتە سەر ڕووداوێکی لاوەکی و سۆزداری، لە بەرانبەردا دەیان بابەتی چارەنووسساز و قەیرانی ئابووری و مەترسیی نیشتیمانی لە بیر خەڵک دەباتەوە. لە ڕاستیدا، خەریکی پڕۆسەی مۆنۆپۆلکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە. ئەمە ڕێک ئەو شوێنەیە، کە تێیدا حەقیقەت دەکرێتە قوربانی لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی کارەکتەرە شاراوەکانی پشت پەردە.
دووەم: کۆچکردنی گەورە؛ لە لاپەڕەی سپییەوە بۆ شاشەی لێڵ
کۆچکردنی میدیای سیاسی لە پێگەی کلاسیکی خۆی (واتە ڕۆژنامە کاغەزییەکان، ڕادیۆ و کەناڵە فەرمییەکان)ەوە بۆ ناو جیهانی دیجیتاڵی و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، بازدانێکی گەورە و شۆڕشێکی بێوێنە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ئەم وەرچەرخانە لە سەرەتادا، وەکوو مژدەیەک سەیر دەکرا بۆ “دیمۆکراتیزەکردنی زانیاری”، بەو مانایەی کە چیدیکە دەسەڵاتە فەرمییەکان ناتوانن کۆنتڕۆڵی لێشاوی زانیاری بکەن و ئێستا هەر هاووڵاتییەک بۆ خۆی سەکۆیەکی هەیە و دەتوانێت ببێتە گواستەرەوەی ڕووداوەکان. بەڵام لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە خێڕایە نیشانیاندا، کە ئەم ئازادییە ڕەهایە، باجێکی ئێجگار قورسی هەیە، کە ڕاستەوخۆ دەستکاری ئاساییشی دەروونی کۆمەڵگە دەکات.
لە ئێستادا، لەناو جەرگەی سەردەمی “ژوورەکانی دەنگدانەوە” (Echo Chambers)دا دەژین. ئەلگۆریتمە ئاڵۆزەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازێک دیزاین کراون، کە بە بەردەوامی تەنیا ئەو زانیاری و ڤیدیۆ و هەواڵە سیاسییانە بخەنە بەردەم بەکارهێنەر، کە هاوتەریب و گونجاون لەگەڵ بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیای پێشوەختەی خۆیدا. ئەمەش وایکردووە تاکەکان لەناو قاوغی فیکری خۆیاندا داببڕێن و وەکوو پەرژینێکی دۆگماتیک سەیری جیهانی دەرەوە بکەن. لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخە لە کۆمەڵگەدا، بریتییە لە سەرهەڵدانی جەمسەربەندیی توندی سیاسی و پاشەکشەکردنی گوتاری عەقڵانی و دیالۆگی نیشتیمانی و گەشەکردنی زمانێکی پڕ لە ڕق و قین و ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەویدیکە، کە جیاواز بیر دەکاتەوە.
سێیەم: فەیک نیوز؛ تیرۆریستە نوێیەکانی جیهانی حەقیقەت
یەکێک لە گەورەترین و ترسناکترین ئەو تەحەدییانەی کە لەم قۆناغەدا هەڕەشە لە جەوهەری میدیای فەرمی و حەقێقی دەکات، دیاردەی ڕوو لە زیادبوونی چەواشەکاری و هەواڵی درۆیە، کە بە “فەیک نیوز” (Fake News) دەناسرێت. لە کاتی ڕوودانی قەیرانە گەورەکاندا، چ وەکوو شەڕی سەربازی و تەنگژەی دارایی و یان لە کاتی پڕۆسە هەستیارەکانی وەکوو هەڵبژاردن و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، زانیاری چەواشەکار و درۆ وەکوو چەکێکی دەروونی کۆمەڵکوژ بەکاردێت. ئامانجی ئەم چەکە ڕووخاندنی ورەی جەماوەر و دروستکردنی نائومێدی گشتی و شێواندنی واقیعی ڕووداوەکانە بە شێوازێک، کە وەرگر نەتوانێت ڕاستی لە درۆ جیا بکاتەوە.
پرسیارە جەوهەری و فەلسەفییەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا چەمکێک بە ناوی “بێلایەنیی ڕەها” لە میدیای سیاسیدا بوونی هەیە، یان تەنیا دروشمێکی بریقەدارە؟ خوێندنەوەی قووڵی مێژووی ڕاگەیاندن و پشکنینی پاشخانی دارایی و ئایدۆلۆجیی گەورەترین دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە جیهاندا پێمان دەڵێت، کە بێلایەنی تەنیا ئەفسانەیەکی جوانی پیشەیی ناو کتێبه ئەکادیمییەکانە. لە کۆتاییدا، هەر میدیایەک لەژێر کاریگەریی کاندیدێک، پارتێکی دیاریکراو، یان سەرمایەدارێکی دەستڕۆیشتوو، یاخود ئەو حکوومەتەدایە، کە بودجە و شادەماری داراییەکەی دابین دەکات. لێرەدا، گرێبەستی ئەخلاقی نێوان میدیا و هاووڵاتی تەنیا لەسەر بێلایەنی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای “ڕاستگۆیی و پیشەییبوون لە گواستنەوەی واقیعدا” بەندە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەزگایە خاوەن دیدگا و پڕۆژەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆیشی بێت.
چوارەم: جەنگی دەستکردی و قۆناغی دوای حەقیقەت
کاتێک لە جیهانی دوای مۆدێرنە دەڕوانین، دەبینین میدیای سیاسی گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و لێڵتر، کە تێیدا حەقیقەت نەوەکوو تەنیا دەشێوێنرێت، بەڵکوو لە بنەڕەتەوە بە شێوەیەکی دەستکرد بەرهەم دەهێنرێت. پەرەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆجیای دیپ فەیک (Deepfake) ، میدیای سیاسیی گواستووەتەوە بۆ سەردەمی دوای حەقیقەت. لەم قۆناغەدا، سۆز و بیروباوەڕی شەخسی، زیاتر لە ڕاستییە لۆجیکییەکان کاریگەری لەسەر داڕشتنی ڕای گشتیی دادەنێن.
ئێستا گرتە ڤیدیۆ و دەنگ و بەڵگەنامە فەرمییەکان دەتوانرێن بە جۆرێک دابڕێژرێنەوە و ساختە بکرێن، کە جیاکردنەوەیان لە واقیع مەحاڵ بێت. ئەمەش جەنگی سێبەرەکانی قووڵتر کردووەتەوە، چونکە کارەکتەرە سیاسییەکان چیدیکە پێویستیان بە شاردنەوەی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو تەنیا دروستکردنی لێشاوێک لە “ڕاستی کاتیی هاوشێوە” بەسە بۆ پەکخستنی توانای بڕیاردانی دەستە جەمعی کۆمەڵگە و تێکدانی متمانەی گشتیی بە هەر جۆرە سەرچاوەیەکی فەرمی.
پێنجەم: ئابووریی سەرنج و بازرگانیکردن بە قەیرانەکانەوە
میدیای سیاسیی هاوچەرخ تەنیا لەژێر کاریگەریی دۆگمای ئایدۆلۆجیاکاندا نییە، بەڵکوو لەژێر ڕەحمەتی پێکهاتەیەکی دارایی نوێدایە، کە بە “ئابووریی سەرنج” دەناسرێت. مۆدێلی بازرگانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا دیجیتاڵییەکان لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زۆرترین “کلیک”، “سەیرکردن” و “مانەوەی بەکارهێنەر” کار دەکات. ئەم سیستمە وا دەکات، کە هەواڵە توندڕەوەکان و گوتارە هاندەرەکان و زانیارییە شۆککەرەکان خێراتر بڵاوببنەوە، چونکە هاندەری یەکەمی غەریزە و سۆزی مرۆڤن.
لەم هاوکێشەیەدا، میدیا سیاسییەکان بۆ مانەوەی دارایی و ستراتیجی خۆیان، ناچارن بەردەوام قەیرانەکان گەورەتر بکەنەوە و جەمسەربەندییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر بکەن. لێرەدا، بابەتەکان گرنگییان نامێنێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە کێ دەتوانێت زۆرترین کات مێشکی وەرگر بە دیار شاشەکەوە بهێڵێتەوە، بەمەش بەرژەوەندیی گشتیی و سەقامگیریی دەروونی کۆمەڵگە دەبنە قوربانیی قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ئەجێندا سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
شەشەم: ئەرکی وەرگر و چەکی هۆشیاریی میدیایی
بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو ئێمە، کە لەناو زەریایەک لە ململانێی تووندی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەژی و هەمیشە وەکوو مەیدانێک بووە بۆ تاقیکردنەوەی ستراتیجییەکانی جەنگی نەرم، پێویستیی دەرچوون لە داوی چەواشەکاریی میدیایی لە هەموو کاتێک زیاتر و فەرزترە. ئێمە لەم قۆناغەدا چیدیکە پێویستمان بە زیادکردنی ژمارەی دەزگا میدیاییەکان و زیادکردنی ژاوەژاوی سیاسی نییە، بەڵکوو وەکوو ئاووهەوا پێویستمان بە چەمکێکی زانستی و هاوچەرخە، کە پێی دەگوترێت هۆشیاریی میدیایی” (Media Literacy).
هاووڵاتیی هۆشیار لەم سەردەمەدا، ئەو کەسە نییە، کە تەنیا زانیاری کۆبکاتەوە، بەڵکوو ئەو تاکەیە، کە کاتێک هەواڵێکی سیاسی دەخوێنێتەوە یان سەیری ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی دەکات، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لێی دەڕوانێت. ئەو تەنیا ناپرسێت “چی نووسراوە؟”، بەڵکوو چەندین پرسیاری قووڵتر دەورووژێنێت:
• کێ ئەم قسەیە دەکات و کێ لە پشت ئەم دەزگایەوە وەستاوە؟
• بۆچی ڕێک لەم کات و ساتەوەختە هەستیارەدا، ئەم بابەتە زەق دەکرێتەوە؟
• کێ سوودمەندی یەکەم و کۆتاییە لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵە؟
حەوتەم: نەخشەڕێگەی ڕزگاربوون؛ لە بەرپەرچدانەوەوە بۆ پارێزبەندیی ستراتیژی
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پڕ لە ململانێیە، پێویستە کۆمەڵگە لە قۆناغی کاردانەوەی سادەوە بگۆڕێت بۆ قۆناغی بنیاتنانی پارێزبەندیی ستراتیجی. ئەمەش کارێکی فرەڕەهەندە و سێ ئاستی سەرەکی دەگرێتەوە:
یەکەم: یاسادانانی هاوچەرخ: داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی ڕوون بۆ لێپرسینەوە لەو پەیج و دەزگا سێبەرانەی کە بە ئەنقەست زانیاریی چەواشەکار لە کاتی قەیرانە نیشتیمانییەکاندا بڵاودەکەنەوە، بە مەرجێک ئەم یاسایانە نەبنە ئامرازێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕینی ڕەخنەیی.
دووەم: دامەزراوەییکردنی فلتەری زانیاری: پێویستبوونی سەرهەڵدانی ڕێکخراو و سەکۆی سەربەخۆ بۆ “پیاچوونەوەی ڕاستییەکان” (Fact-Checking) ، کە ئەرکیان ڕاستکردنەوەی دەستبەجێی ئەو زانیارییە درۆیانە بێت، کە دەخرێنە ناو ڕای گشتییەوە.
سێیەم: میدیای بەدیل (Alternative Media): پشتگیرییکردنی دارایی و مەعنەوی ئەو دەزگا و ڕۆژنامەگەرییە بنکۆڵکارییە سەربەخۆیانەی کە مۆدێلی داراییان نەبەستراوەتەوە بە پارەی ڕەشی حیزبی، یان کلیکی پۆپۆلیستییەوە.
هەشتەم: دەرەنجام و ڕوانین بەرەو ئاینده
پاراستنی ئاساییشی دەروونی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی کۆمەڵگە، ڕێک لە ڕێگەی فلتەرکردنی ئەو لێشاوە گەورە و لێڵەی زانیارییەوە دەبێت، کە ڕۆژانە بەبێ بەزەیی بەسەر مێشکی تاکەکاندا دەبارێت. میدیای سیاسی کاتێک دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی و ببێتە پارێزەری حەقیقەت و دادپەروەری، کە هاووڵاتی خۆی لە وەرگرێکی بێدەنگ و ساردەوە بگۆڕێت بۆ فلتەرێکی هۆشیار و ڕەخنەگرێکی لێهاتووی ناوەڕۆکەکان.
تاوەکوو ئەو کاتەی کۆمەڵگە خاوەنی ئەم بەرگرییە دەروونییە نەبێت، وەکوو گەڵایەکی وەریوی پایز لە بەردەم باهۆزی پڕۆپاگەندەی میدیا سیاسییە کڕدراوەکاندا بەملا و بەولادا دەتۆقێت. ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە و نیشتیمانی، لە پاڵ گواستنەوەی ڕووداوەکان، دەبێت ببێتە قوتابخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی تاکی هۆشیار، چونکە تاک تەنیا کاتێک ئازادە، کە زانیارییەکانی پاک و بێگەرد و ڕاستەقینە بن.


