ئەحمەد فاتح محەمەد
هەر کاتێک قووڵ دەبمەوە لە بارودۆخی ئەم جیهانەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، ئەو هەستە دام دەگرێت، کە ئێمە چیدیکە لە نیشتیمانێکی ڕاستەقینەدا ناژین، بەڵکوو کەوتووینەتە ناو “ماتریکس”ێکی گەورەوە، کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا تەنیا بۆ گۆڕینەوەی خەندە و خەمی خەیاڵی نەخشیان بۆ کێشاوە. لە پانتایی ئەم سەردەمە سووریالییەدا، کە ئەلگۆریتمەکانی لایک و کۆمێنتی خێرا حوکم دەکەن. کارەساتە مرۆییەکان و نەهامەتیی گەلان چیدیکە بە قەبارەی ئازار و قووڵیی تراجیدیای ئەخلاقیی ناپێورێن، بەڵکوو بەو توانایە دەپێورێن، کە تاوەکوو چەند دەتوانن ببنە “ترێند” و بینەر ڕابکێشن و سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا
داگیر بکەن. ئەمە سەرمایەدارییەکی دڕندەیە لە قێزەونترین فۆڕمیدا، بەڵام کاتێک ئازارەکانی مرۆڤ دەکرێن بە کاڵا و کۆمەڵکوژییەکان دەگۆڕدرێن بۆ شمەکی بەکاربەر، کە لە بازاڕی “سەرنجدانی دیجیتاڵی”دا هەڕاج دەکرێن. ئەو “سیستەمی پووچگەرایی وکۆمەڵگە نمایشەی”ـەی کە ئەمڕۆ جیهانی تەنیوە، زۆر سەرکەوتووانە پرسە چارەنووسسازەکانی ئێمەی لە ڕەهەندە سیاسی و مرۆییە قووڵەکەی خۆی داماڵییەوە و گۆڕدراوە بۆ چەند وێنەیەکی شۆکهێنەر و کورتە ڤیدیۆیەک، کە لەگەڵ قاوەی بەیانیاندا تەماشا دەکرێن، پاشانیش هەر کە “ترێند”ـێکی نوێ سەبارەت بە ئابڕووچوونی کەسێکی بەناوبانگ یان کراسێکی نوێی ئەستێرەیەکی سینەمایی سەریهەڵدا، خێرا ئەو تراجیدیایە دەسڕدرێنەوە و لەبیر دەکرێت. لێرەدا قوربانیی چیدیکە پێویستی بە دادپەروەری و لێپرسینەوە نییە، بەڵکوو پێویستی بە تیمێکی “بەبازاڕکردن”ـی کارامە هەیە، کە بتوانێت لاشەکەی بکاتە کەرەستەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کرتەکردن (کلیک) و هاوبەشپێکردن لەسەر شاشە خێراکان.
ئەم کۆمیدیا ڕەشە لە ڕوونترین وێنەیدا بەرجەستە بوو. ئەوەش کاتێک بیر لەو مەرگەساتە دەکەینەوە، کە بەسەر پێکهاتەی ئێزیدیی لە قەزای شەنگال هات و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بە دەستی دڕندەکانی سەردەم لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. لەو ڕۆژە ڕەشانەی مانگی ئابدا، کاتێک بکوژان پەلاماری گوند و شارۆچکەکانیان دا، کەسوکارە ئێزیدییەکانمان ڕووبەڕووی تراجیدیا و کۆمەڵکوژی بوونەوە، کە بە هیچ وشەیەکی مرۆڤایەتی وەسف ناکرێت؛ پیاوەکان کوژران و ژنەکان برانە بازاڕەکانی کۆیلایەتییەوە، کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرا، و خێزانەکان لە چۆڵەوانیی چیایی شەنگال بەبێ ئاو و دەرمان ئاوارە بوون. لە چەقی مەرگەساتەکەدا، لەپڕ “ویژدانی جیهانی” ڕاچڵەکی و شەنگال بووە قیبلەی یەکەمی شاشە جیهانییەکان و سەکۆد یجیتاڵییەکان. هەمووان لە سەرۆک دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە بەناوبانگەکانەوە تاوەکوو خەڵکی ئاسایی، پێشبڕکێیان دەکرد بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی لەپشت شاشەکانەوە. “بۆرسەی لایکەکان” هەڵکشا بۆ ئەوەی هەمووان بگرێتەوە، و میلیۆنان هاووڵاتیی ناو جیهانە خۆشگوزەرانەکە بوونە خاوەنی “پسوولەی لێخۆشبوونی ویژدانی” تەنیا بە داگرتنی دوگمەی “شەیر”، بەو هۆشیارییە ساختەیەی کە وایان دەزانی قوربانییەکانیان لە چنگی مەرگ ڕزگارکردووە.
بەڵام گرێکوێرەی ئەم “کۆمەڵگەی نمایشکردنە”ـەی تێیدا دەژین ئەوەیە، کە کۆمەڵگەیەکی بێ یادەوەرییە، مەحکومە بە بێزاریی بەکاربەری گەردوونی و هەڵبەز و دابەزی ئەلگۆریتمەکانی قازانج. هەر کە خوێنی ئێزیدییەکان لەسەر شاشەکان وشکبووەوە و کارەساتەکە وزە بینراوەکەی خۆی بۆ ڕاکێشانی ڕیکلامەکان لەدەستدا، کاروانی ڕاگەیاندنی جیهانی بەرەو گۆڕەپانێکی دیکەی هەژێنەر بەڕێکەوت و “ترێند”ـی شەنگال بە چاوتروکانێک کوژایەوە. تەکنۆکرات و شارەزا نێودەوڵەتییەکان جانتاکانیان پێچایەوە وچیاکە و کەمپەکانیان جێهێشت، بەڵێنە زل و بریقەدارەکانی “فریادڕەسی سپی” و ڕێکخراوە مرۆییەکان کاڵبوونەوە و قوربانییە ڕاستەقینەکانیان لەناو خێمە دڕاوەکانی ئاوارەییدا بە تەنیا جێهێشت، تاوەکوو ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە، ئەویش لەژێر ڕەحمەتی ململانێگەلێکی سیاسیدا، کە ئەوان تێیدا نە سوودمەندن و نە تاوانبار. ئەمەیە “بەڕێوەبردنی ئازار”، کە جیهانی ئەمڕۆ زۆر لێی شارەزایە. لەبری هەنگاوی سیاسی و جووڵەی یاسایی جدی بۆ ئاوەدانکردنەوە و هێنانەدیی دادپەروەری، کۆنگرەی ڕازاوە و دۆسیەی ئیداریی بێگیان جێگەی دەگرێتەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی پووچ دەربارەی “بەهێزکردن و خۆڕاگری” بخوێنیتەوە، کە بستێک لە واقیعی کارەساتباری شەنگالی نەگۆڕیوە.
لەسەر شێوازی سەرمایەداریی دڕندە لە سپیکردنەوەی ناو و ناوبانگدا، ئازاری شەنگال بە شێوەیەکی زۆر هەرزان کرا بە کاڵا. بە جۆرێک، کە کێشەی گەلێک کورتکرایەوە لە چەند ڕووخسار و نموونەیەکی تاکەکەسیی ڕزگاربوواندا، بۆ ئەوەی لە پایتەختەکانی بڕیاردان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ وەرگرتنی خەڵات و گرتنی وێنەی یادگاری لەگەڵ ئەو سیاسەتمەدار و بەرپرسانەدا بسووڕێنرێنەوە، کە بێدەنگی و تێوەگلانیان هەر لە بنەڕەتەوە هۆکاری ڕوودانی ئەم کۆمەڵکوژییە بوو. لێرەدا ئازاری ئێزیدی دەگۆڕێت بۆ”سەرمایەیەکی ڕەمزی”، کە لە بۆرسەی سیاسەتیی نێودەوڵەتیدا وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ گرێبەستی چەک، یان بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەڵبژاردن. لە کاتێکدا داواکارییە ڕاستەقینە و بنەڕەتییەکانی خەڵکی شەنگال فڕێدەدرێنە تەنەکەی خۆڵەوە. ئەمڕۆ “کۆمەڵگەی لایک” پرسیار لە چارەنووسی هەزاران ژنە ڕفێندراو و بێسەروشوێن ناکات، کە هێشتا لەژێر خاک دان، یان لە نێو تاریکیی نادیاردان، باکیشی نییە.
لەو قەزایەدا، سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و ئاساییش نییە، بەڵکوو تەنیا بە دوای “ژەمە سۆزێکی” خێرادا دەگەڕێت، کە هەستێکی کاتیی بە چاکە و ئاکارمەندی پێ ببەخشێت.
ئەم کارەساتەی شەنگال، ساختەیی و پووچیی ئەم هاوسۆزییە گەردوونییە ساختەیەمان بۆ ئاشکرا دەکات. کەسوکارمان لە شەنگال تێربوون لە وتاری بریقەدار و فرمێسکی دیجیتاڵی، کە سیستەمی نێودەوڵەتی و سیاسەتمەدارە ناوخۆییەکان دەیڕێژن. ئەوەی ئەمڕۆ ئەوان پێویستیانە، دادپەروەرییەکی قۆناغی گواستنەوەی ڕاستەقینەیە لەسەر ئەرزی واقیع، کە دادگاییکردنی تاوانباران و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانکراوەکەیان بگرێتەوە، زۆر دوورن لە نووسینگەی ڕاوێژکاری و ئەو ڕێکخراوانەی کە لەسەر زەلکاوی کارەساتەکان دەژین و ئیدیعای ڕزگارکردن دەکەن. لە ڕاستیدا خۆیان قوربانییەکە دەکوژن و دواتر بەگریانەوە بەدوای تەرمەکەیدا دەڕۆن، تەنیا بۆ ئەوەی لە پارە و کۆمەکی مەرجدار سوودمەند ببن.



