سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سوپای ئێران لە نێوان بەرداشی سایکۆلۆجی ئێرانی و خولیای ئیمپڕاتۆری

ئاسۆ عەبباسزادە

ئێران لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، یەکەم بە پێی قەوارەی سەربازی خۆی و دووهەم بە ڕەچاوکردنی ناهۆشیارانەی تایبەتمەندیی سایکۆلۆجیی گشتیی جەماوەری ئێرانی، کە خۆی پێ زلە و لە خولیای ئیمپڕاتۆرییەتی مێژووییدا دەژی، شێوازێکی تایبەتی بۆ ئەو شەڕە هەڵبژاردووە کە لە ڕاستیدا تاکە بژاردەیە کە لە بەر دەستی دایە.

 واتا شەڕی نابەرامبەر، کاتێک هێزی دوو لایەنی شەڕ هێندە نایەکسانە (asymmetric warfare)

 لایەنی لاواز بە جێگای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، پەنا دەبا بۆ تاکتیکی نائاسایی شەڕ، وەک بەکار‌هێنانی پڕۆکسی، تیرۆریزم و ئاژاوەگێڕی، لەوانە بەستنی گەرووی هۆرمز کە شادەماری ئابووری وڵاتانی کەنداو و تەنانەت جیهانە.

ئێران لەو چوارچێوەدا، واتا بە بەکارهێنانی تاکتیکی شەڕی نابەرامبەر، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە سێ شێوە هەوڵ دەدات وڵام بداتەوە:

یەکەم، لە ڕێگەی ئاژاوەنانەوە بە دەستی گرووپی تیرۆریستی وەک حەشدی شەعبی، حیزبوڵا و حوسییەکانی یەمەن.

دووەم، بە لێدانی ژێرخانی وڵاتانی دراوسێ لەوانە هەرێمی کوردستان و بە تاکتیکی “شەلم کوێرم، کەس نابوێرم” دژی خەڵکی سیڤیل، کۆمپانیا، هۆتێل و ژێرخانی ئابووری و وزە.

سێیەم، بە بەستنی گەرووی هۆرمز و بە بارمتەگرتنی شادەماری ئابووری جیهان.

واتە، ئێران بە هەر شێوەیەک خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەپارێزێت، چونکی ئەو ئیمپڕاتۆرییە مەزهەبییەی کە ئێرانییەکان زیاتر لە چل ساڵە ناسنامەی خۆیانی پێ وێنا دەکەن، توانایی یەک ئیمپڕاتۆری ڕاستەقینەی نییە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زلهێزێکی وەکو ئەمریکا. بە زانینی ئەو ڕاستییە تاڵە، ئێرانییەکان لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەموو سامان و توانای خۆیان سەرفی دروستکردنی شاری مووشەکی ژێرزەوی، درۆنی خۆکوژ و گرووپی پڕۆکسی لە شەش وڵاتی ناوچەکە کردووە، هەتا ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆ کە لە جیاتی ئەوان شەڕ بکەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە جگە لە ناهاوسەنگی هێزی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو تاکتیکە جەنگییە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟

وەڵامەکە پەیوەندی بە بواری سایکۆلۆجی تاکی ئێرانییەوە هەیە. سەرەتا ئێرانی چ وەکو تاک و چ وەکو نەتەوە، هەمیشە دژ بە ئەوانەی لەخۆی لاوازترن دڕندەتر بووە، بەڵام بە ئەوانەی لە خۆی بەهێزترن، یان پێیان هەڵدەڵێ، یا ئەگەر هێرشی کرایە سەر، لە ڕێگای نائاسایی، دەزگای پڕوپاگەندە و کاری سووک و ئاژاوەگێڕی و بە گشتی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدات هێرشبەر ناچار بکات بکشێتەوە.

تاکی ئێرانی هاوکات کە لە سەر عەرزی واقیع دەرەقەتی زلهێزێکی وەک ئەمریکا نایەت، بەڵام بەپێی تایبەتمەندی دەروونی و مێژوویی، هێشتا خۆی لە شوێنی ئیمپڕاتۆریدا دەبینێت.  بەڵام ئەو ”ئیمپڕاتۆرییە کارتۆنییەی ئێرانی” کە لە ڕاستی دا بوونی نییە، تووشی قەیرانێکی ئاڵۆزی کردووە بە چەشنێک کە هەموو ئابووری و پلاندانانی درێژخایەنی وڵاتەکەی لە خزمەت ئەو خەونە مێژووییە گرتوە. خەونێک کە بە بۆردوومانی سەدان فڕۆکەی ئەمریکایی و ئیسرائیلی بەرگەی یەک مانگی نەگرت و هەموو سەرکردەکانی تێداچوون.

هەر لە ژێر کاریگەریی وێناکردنی خۆیان وەکو زلهێزێک کە لە ڕاستی دا هەر بوونی نییە، ئێران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، شەڕێکی ئایدیۆلۆجی لە دژی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، وەڕێ خستوە. بنەمای ئەو شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە مرۆڤ و تاکی ئێرانی بە هۆکارگەلی مێژوویی (کە بەشێکی زۆری مێژووی ساختەیە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تاکی ئێرانی دوای شکستەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست لە ڕووسەکان و بەریتانییەکان) خۆی پێ لە هەموو گەلان و ئیمپڕاتۆرییەکانی جیهان گەورەترە. تاکی ئێرانی ناتوانێ قەبوڵی بکات کە چیدی زلهێز نییە و نابێ خۆی لە قەرەی  زلهێزێکی وەکو ئەمریکا بدات.

ئێرانییەکان پێیانوایە دەبێ وڵاتەکەیان لە ڕێزی چەند وڵاتی زلهێزی جیهان حیسابی بۆ بکرێت. چونکی ئێرانی دەڵێن ئێمە یەک لە گەورەترین ئیمپڕاتۆرییەکانی جیهانمان هەبووە کە دەسەڵاتەکەی کاتی خۆی لە فەلەستینەوە هەتا ئەفغانستان و تاجیکستان و هتد باڵی کێشابوو. ئێرانی، هەروەها، بە دروستکردنی مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامی خۆی لە یەک میلیار موسڵمانی جیهان جیا کردۆتەوە و بەخۆی دەڵێ ئێمە ڕێبەرایەتی هەموو موسڵمانان دەکەین. واتا ئەو خولیا ئیمپڕاتۆرییە مێژووییە خەیاڵییە لە ڕێگای مەزهەبی شیعەوە بونیاد دەنێتەوە و ڕێکی دەخاتەوە.

پێش کۆماری ئیسلامیش، دیکتاتۆریی پەهلەوی باوک و کوڕ، بۆ نزیک لە نیو سەدە بەردەوام بە بەڕێوەبردنی ئاهەنگی بەشکۆ و گەورە و بە بانگهێشت کردنی سەدان سەرۆکی وڵاتان ساڵانە یادی سەڵتەنەتی مێژوویی پێرشیا (فارس) یان دەکردە. مێژووییەکی ساختە لە خزمەت سەپاندنی سەروەری نەتەوەی فارس کە هاوکات دەرخواردی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەدرا. ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرجی ئەو ئاهەنگانە دەکرا لە کاتێک دا زۆرینەی خەڵکی ئێران لە دەرەوەی تاران لە برسان پشتیان چەمابوو و تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نەبوون کە گۆیا دەسەڵاتی ناوەندی ناسنامەیەکی ساختەی نوێ بە ناوی “نەتەوەی ئێرانی” بۆ خوڵقاندبوون. بەڵگەفیلم هەیە کە ٦٠ ساڵ پێش لە خەڵک دەپرسن “ئایا شانازی دەکەی کە ئێرانیت؟ لە وەڵامدا زۆریان دەڵێن ‘ئێران چییە؟!، واتە، تەنانەت دەستەواژەی ”ئیران”یشیان نەبیستبوو. ئەوە نیشان دەدات کە بابەتی ناسنامەی ئێرانی و مێژووەکەی کە دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی ئێستای لێ سازکرا، هەمووی پڕۆژەیەک بوو بۆ بونیادنانەوەی خولیای ئیمپڕتاتۆرییەت. تەنانەت بۆ ئەوە کە فێڵ لە نەتەوە نافارسەکان بکەن، ناوی وڵاتەکەیان لە ”پێرشیا” بۆ ”ئێران” گۆڕی.

لەو سەردەمەدا دەوڵەتی ئێرانی بە شانازییەوە بە جیهانیان دەگوت یەکەم ”جاڕنامەی مافی مرۆڤ” زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ پیش لە ئێران نووسراوە، بەڵام تاکی لەخۆبایی و نەخوێندەواری ئێرانی کە ئەو بابەتەی کاوێژ دەکردەوە، نەیدەزانی چەمکی مافی مرۆڤ چەمکێکی مۆدێرنە و فڕی بە سەردەمی پێش مۆدێرنیتە نییە. لە ڕاستیدا “جاڕنامەی کۆرۆش” کە بە هەڵە بە جاڕنامەی مافی مرۆڤەوە باسی لێ دەکرێت، شتێک نییە جگە لە پێدانی مافی ژیان و ئازادی بیروڕای ئایینی بۆ گەلانێک کە ئەو دەم بە دەستی کۆرۆش، پاشای ئەو دەم دەخرانە ژێر کۆیلەتی دەسەڵاتی پێرشیا. لە ڕاستیدا مافی مانەوە بوو لە بەرامبەر ئەوە کە دژی فارسەکان شۆڕش نەکەن، نەوەک ڕێزگرتن لە مافی تاکەکەسی ئەو گەلانە بە مانا مۆدێرنەکەی. بە کوردی و بە کورتی کۆرۆش بە لەشکرێکی دڕەندەوە گەلانی دەخستە ژێر دەست و پێیانی دەگوت ئەگەر باج بدەن، شۆڕش نەکەن و کۆیلەی باش بن، ئەوا ئێمە مافی ژیان و ئازادی ئایین دەبەخشین بە ئێوە. لە سەت ساڵی ڕابردوو دا دەسەڵات و نوخبە و تاکی ئێرانی هەوڵ دەدات ئەو جاڕنامەیە کە بەڵگەی کۆیلەتی گەلانی ژێردەست بوو، بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ بە جیهان بفرۆشێتەوە.

دیارە لە ناخی دەروونەوە، تاک و نوخبەی ئێرانی خۆی باش دەزانێ کە ئەو خولیا ئیمپڕاتۆرییەی کە کاتی خۆی پەهلەوییەکان و لە ٤٠ ساڵی ڕابردووش قاسم سلێمانی دەیویست لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعی بونیادی بنێتەوە، یەکجار دوورە لە واقیعی ئێستای ئێران. بەڵام پەروەردەی سەقەتی یەک سەدەی ڕابردوو ئەو خولیا ژەهراوییە وەها بردۆتە ناو مێشک و زەینی تاکی ئێرانی، کە وا بە ئاسانی ناتوانێ لێی دەرباز بێت. بۆیە هەر بەو نەفەسەوە لەگەڵ خەڵکانی جیهان دەدوێن، هەر بە نەفەسی ئەو هێزە خولیاییەوەیە کە لەگەڵ دراوسێکانیان و لەگەڵ ڕۆژئاواش هەڵسوکەوت دەکەن. واتا ئێرانی هێشتا دوای سەت ساڵ لە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن، نەیتوانی وڵاتی خۆی لە ئاست پێگە و هێز و توانای واقیعی خۆی وەکوو وڵاتێکی ئاسایی ببینێت. هەردەم لە خەونی خولیایی ئەو ئیپڕاتۆرییەیە کە نە بوونی هەیە و نە توانایی سازکردنەوەشی هەیە. ئەو خەونە وایکردووە ئێرانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خۆی لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیدا نەبینێت.

جا لێرەدەا بەرکەوتنی تووندوتیژ کاتێک ڕوودەدات کە لایەنی بەرامبەر واتا گەلانی ناوچە و ئەوروپا و ئەمریکا ئەو جۆرە خوێندنەوە ناواقیعییەی تاکی ئێرانی لە خۆی و جیهانی دەوروبەری قەبووڵ ناکات.

بۆیە دەوڵەتانی ئێرانی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بۆ چەسپاندنی ئەو سەروەرییە خەیاڵییە، دژی هەموو جیهان و دیسکۆرسی پێوەندیی نێودەوڵەتی ڕاوەستاون. هۆکارێکی لادانی شای پێشووی ئێران لە ١٩٧٩ لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژائاوا هەر ئەو گوتارە بوو کە دەیگوت جیهان دەبێ ملکەچی ئیرادەی ”ئیمپڕاتۆری خەیاڵی ئێرانی” بێت. شای ئێران لە چەند چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکانی جیهان ڕاشکاوانە گوتبووی کە جیهان دەبێ گوێ ڕایەڵی دەسەڵاتی ئێرانی بێت.  

لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی‌ـشدا، ئەو خولیایە لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆرییەتی ئێرانی لە قالبی ”چەمکی سەروەریی شیعە”، هەوڵی داوە لە تەواوی ناوچەکەوە و تەنانەت لە ئەفریقاش هەژموونی خۆی بسەپێنێت. ئەوانە هەوڵیاندا خۆیان وەکو ئیمپڕاتۆری ئیسلامی نوێ و پێشکەوتوو بە چەکی قورس و دژی فراوانخوازی ئەمریکا و ئیسرائیل وێنا بکەن. زۆرێک لە خەڵک و تاکی دنیای عەرەب فریوی ئەو گوتارەیان خوارد و بانگەشە بۆ هەژموونی ساختەی ئێرانی دەکەن بۆ شاردنەوەی شکستی مێژوویی جیهانی عەرەب لە دۆسیەی فەلەستین دژ بە ئیسرائیل. هەر ئەو کاردانەوەیە، دەسەڵاتی ئێستای ئێرانی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە ئەوە ئەوانن سەرکردایەتی جیهان و ئوممەی ئیسلامی دەکەن.

هاوکات لە ناوخۆی ئێران، بەداخەوە داهاتی لەڕادەبەدەری نەوت یارمەتی پەرەسەندنی ئەو پڕۆژە فراوانخوازانەیەی داوە. ئێرانییەکان ئێستاش بە شانازییەوە دەڵێن جەنەڕاڵ قاسم سلێمانی (کە بە گەورەترین سەرکردەی تێرۆریستی جیهان ناسراوە و هەر بەو هۆکارەش کوژرا) توانی شەش ”سوپای بە وەکالەت” واتا پڕۆکسی لە ناوچەکە دروست بکات و دەسەڵاتی ئێرانی بگەیەنێتەوە سنوورەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی کۆن.

بەڵام لە سەر عەرزی واقیع، ئەو ”شێرە کارتۆنییە” نە تەنیا هێزی ئەوەی نییە لەگەڵ زلهێزێکی وەکو ئەمریکا ڕووبەڕوو بێتەوە، بەڵکو بە لە دەستدانی سەروەری توانای سیخوڕی و نیزامی لە دژ وڵاتێکی بچووکی وەکو ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا زۆربەی سەرکردە باڵاکانی خۆی لەدەستدا.

بەداوی ئەو ڕووخان و شکستە سەرسووڕهێنەرە، کە وەهمی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆر-ئاسای ئێرانی تێک شکاند، حکومەتی ئێران دەستیدا بە هاویشتنی هاژەک و درۆنی خۆکوژ بۆ دەوروبەری خۆی و بۆ هەر شوێنێک کە دەستی پێ دەگات. بەڵام سەیر ئەوەیە کە لە تەواوی ئەو مانگەی ڕابردوو بە سەرفکردنی هەزاران هاژەک و درۆن تەنیا توانیویەتی ٢ سەربازی ئیسرائیل و ١٣ سەربازی ئەمریکایی بکوژێت. هاوکات ئاسمانی ئەو ئیمپڕاتۆرییە وەهمییە، کە بۆ خەڵکی خۆی شێرە و بۆ دەرەوە ڕێوی، بۆتە ئۆتۆبانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

لە سەر زەویش، لەشکەری ئێرانی لە ترسان لە ماڵان و مزگەوت و قوتابخانەکان یان لە ژێر پرد و تۆنێل دەخەون! ڕێبەرەکانیشیان سەدان مەتر لە ژێر زەوی هەر ناوێرن بێنە دەر. بەڵام سوپای ئێران بەردەوام بە دەستی لق و پۆکانی لە عێراق، یەمەن و لوبنان خەریکی کاری سووک و تۆقێنەر و هاویشتنی هاوەن و درۆنن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خەڵک و ژێرخانی ئابووری وڵاتانی ناوچەکەن لەوانەش هەرێمی کوردستان. دیارە سیاسەتی تۆقاندن و تیرۆر لە ئێران دیاردەیەکی مێژووییە و تەنانەت بە پێی سەرچاوەکان ”دیاردەی تیرۆریزم” لە ئێران‌ـەوە سەری هەڵدا.

نزیکەی ٩٠٠ ساڵ پێش لە ناوچەی قەزوێن لە ئێران گرووپێک بە ناوی ”حەشاشین” بە سەرکردایەتی ”حەسەن سەباح” بۆ مەبەستی لەناوبردنی نەیاران دروست بوو. حەشاشین (assassin) لە ماوەی ١٥٠ ساڵدا سەدان کەسایەتی سیاسی و ئایینی هەر لە ئێران‌ـەوە هەتا شام (سووریا)، تێرۆر کرد. بۆیە مێژوونووسان لە سەدەی ٢٠ دەڵێن تیرۆریزم لە ”پێرشیا”، واتە، ئێرانی ئەوڕۆ لەدایک بوو.

بە تێرۆریستەکان گوتراوە “حەشاشین”، چونکە لە کاتی تیرۆرکردن، مادەی هۆشبەر وەکو حەشیش (تریاک) یان دەخوارد تا بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. نزیک هەزار ساڵ دواتر لەو سەردەمەدا، دەوڵەتی ئێرانی بە دروستکردنی دەیان هەزار درۆنی خۆکوژ و بەکارهێنانی کوێرکوێرانە بوو بە یەکەم وڵاتی جیهان کە پارادایمی تیرۆریزم تەنانەت لە ئامراز و تاکتیکی شەڕەکانی دا ڕەنگی داوەتەوە. لەو شەڕی ئێستاش ئێرانییەکان دەیانەوێ بە هاویشتنی هەزاران موشەک و درۆنی خۆکوژ بۆ نزیک هەشت وڵاتی ناوچە لەوانە کوردستانیش، بە ئومێدی ئاژاوەنانەوە، ئەمریکا ناچار بکەن هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرێت.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا دوای سەد ساڵ لە دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانی، ئەو شەڕە چارەنووسسازە، ئێرانییەکان لە خەوی سازکردنەوەی ئیمپڕاتۆری مەزن هەڵدەستێنێ، یان ئەو خەوە خولیاییە هەر بەردەوام دەبێت هەتا ئەو قەوارە ساختەیەی کە هەشیانە بە یەکجاری هەڵدەتەکێنێت؟ وڵامەکە پێوەندی بە دەرهاویشتەی کۆتایی ئەو شەڕە دەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO