دەشتی بەرزەواری
لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، زۆرجار چەمکی «سەرکەوتن» تەنها بە واتای تێکشکاندنی لایەنی دژەبەرەکە نایەت، بەڵکو بە واتای مانەوە و پاراستنی کارتەکانی فشارو ڕێگریکردن لە هەژموونی لایەنە بەهێزترەکە دێت.
لە ئێستادا ناوچەکە لەناو ئاگرێکی سوتێنەردایە، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە ڕاوەستانی شەڕ هەرچۆن و بەهەر شێوەیەک بێت لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە.
لەگەڵ ئەو هەموو زیانە ماددی و گیانییەی کە لە ئێران کەوتەوە، وەك کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە سەربازیی و ئەمنییە پلە باڵایانە لەسەرەوەی هەمووشیان کوشتنی خامەنەیی، بۆ تێگەیشین لەو سەرکەوتنەی ئێران، چەند خاڵێکی سەرەکی دەخەینە ڕوو:
یەکەم، پاراستنی گرووپە هاوپەیمانەکان: ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەرمایەگوزارییەکی یەکجار گەورەی کردووە بۆ دروستکردن و چالاكکردنی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵا، حەماس، حوسییەکان و گرووپە شیعییەکانی عێراق. بەو ماناییەی ڕاوەستانی شەڕ لە هەر خاڵێکدا، دەرفەت دەدات بەم گرووپانە بۆ خۆڕێکخستنەوە و مانەوە وەک هێزێکی کارا و پاڵپشتیکاری ئێران، ئەمەش بە واتای مانەوەی هەژموونی ئێران دێت لە ناوچەکەدا. بە پێچەوانەوە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت تا ئاستی تێکشکانی تەواوەتی، ئەوە ئەم گرووپانەی باسمان کردن بە تایبەتی (حیزبوڵای لوبنانی)، کە بە بەهێزترین قەڵغانی ئێران دادەنرێت، بە تەواوی سڕ دەبن تا ئاستی نەمان، ئەمەش وا دەکات ئێران دەستەبژێرێکی گەورەی ستراتیجی لەدەست بدات، کە نەتوانیت جارێکی تر لە ژینگەیەکی تری سیاسی هەناسەیەکی ترهەڵمژێت.
دووەم، دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ناوخۆی ئێران: گەورەترین ترسی تاران ئەوەیە، کە شەڕەکە پەرەبسەنێت و ڕاستەوخۆ بگاتە ناو خاکی ئێران و بنکە ئەتۆمی و ئابوورییەکان بکەنە ئامانج و تەختی زەوی بکرێن. هاوکاریی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەتی «هێزی هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی کوردردستان»، بکرێت، بەلایەنی کەمەوە ناوچە کوردستانییەکانی لەدەست بچێت، لە شارە گەورەکانی وەک: تاران و ئەسفەهان و مەشهد و شیراز و قوم و تەورێز، خۆپیشاندانی سەرتاسەری سەرهەڵبداتەوە، بەتەواوی دەستیان لەبنی هەمبانەکە بێتە دەرەوە. ڕاوەستانی شەڕ، ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیانە لەسەر تاران لادەبات و ڕێگری دەکات لەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا بیانوویەکی گەورەتریان دەستبکەوێت بۆ لێدانی سەری مارەکە وەک لە ئەدەبیاتی سیاسی ئیسرائیل دا دەگوترێت.
سێیەم، سەرکەوتنی خۆڕاگری لە ڕووی پڕوپاگەندەوە: لە دیدگای ئێرانییەکان، تەنیا مانەوەی ناوی “کۆماری ئیسلامی ئێران” بەواتای سەرکەوتن دێت بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل، کە پێیان وابوو لە ماوەیەکی دیارکراوی زۆر کورت کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەڕووخێنن! ئەگەر ئیسرائیل بە هەموو توانای سەربازی و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانەوە نەتوانێت حیزبوڵا یان حەماس بە تەواوی لەناو ببات و شەڕەکە بوەستێت، ئێران ئەمە وەک شکستی پڕۆژەی زایۆنیستی و سەرکەوتنی بەرەی مقاوەمە دەفرۆشێتەوە بە شەقامی ئیسلامی و ناوەوەی ئێران. ئەمەش ڕەوایەتی زیاتر دەدات بە سیاسەتە دەرەکییەکانی تاران، کە دواتر ئێران بەهێزتر لەگەڵ دۆست و دوژمنەکانی مامەڵە دەکات.
چوارەم، ڕەخسانی دەرفەتی ئاساییبوونەوەی باری ئابووری: ئێران لە هەردوو شەڕی یەکەم و دووەم زیانێکی یەکجار گەورەی کرد بە هۆی تێچوونی شەڕەوە. وەک دەزانین ئێران لە ژێر سزایەکی قورسدایە و بەردەوامی شەڕ، فشاری دارایی لەسەر تاران زۆر زیاتر دەکات. ڕاوەستانی شەڕ ڕێگە خۆش دەکات بۆ جۆرێک لە سەقامگیریی کاتیی، کە ئێران پێویستییەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە ناوخۆییەکانی و باشترکردنی دۆخی ئابووری لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.
پێنجەم، گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لە پێگەیەکی بەهێزەوە: ئەگەر شەڕ بوەستێت، ئێران دەتوانێت جارێکی تر کارتە سیاسییەکانی بەکاربهێنێتەوە. تاران دەزانێت کە هیچ چارەسەرێکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا بەبێ ڕەزامەندی یان بەشداریکردنی ئەو سەرناگرێت. ڕاوەستانی شەڕ واتە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، کە تێیدا ئێران دەتوانێت سازش لەسەر هەندێک خاڵ بکات لە بەرامبەر هەندێک دەستکەوتی سیاسی و هەڵگرتنی هەندێک سزا، کە پێشتر نەی دەتوانی تەنها قسەش لەسەر لابردنی ئەو سزایانە بکات.
لە کۆتایی، دەتوانین بڵێین شەڕ بۆ ئێران ئامرازە نەک ئامانج. ئامانجەکە پاراستنی ڕژێم و فراوانکردنی هەژموونی کۆماری ئیسلامییە مانەوەی وەک مەرجعی شیعە لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا کە ئێران دەزانێت بەردەوامی شەڕ هەڕەشە لەم دوو ئامانجە دەکات. بۆیە ئێران لە ئێستادا وەستانی شەڕ بە هەر نرخ و شێوەیەک بێت، وەک سەرکەوتنێکی تاکتیکی و ستراتیجی دەبینێت. چونکە لە کۆتاییدا ئێران، مانەوەی هێزەکانی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا بەسەرکەوتن پێناسە دەکات.



