پێشەکی
منداڵ داهاتووی وڵات و پاشەڕۆژی نیشتمانە، ئەگەر ئەوڕۆ بە وێنەی ململانێ خوێناوییەکان و وێنەی کوشتن و بەرەکانی جەنگ و وێرانکاری، دڵ و دەروونی بشێوێت و تێک بچێت، هەرگیز ناتوانێ سبەینێیەکی ئارام و کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنێت. ئەرکی خێزانە کە منداڵ لە ململانێی گەورەکان بپارێزێت و وا بکات لە دونیای منداڵانەی خۆیدا بژیێت، ئەرکی میدیاشە کە بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە ڕووماڵی ڕووداوەکان بکات و ڕەچاوی سروشت و سایکۆلۆژیای منداڵ بکات.
گرنگیی پاراستنی ژینگەی خێزان
ڕاستە میدیا بێ مۆڵەت وەرگرتن لە ڕێگەی شاشەکانی تەلەڤزیۆن و مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئایپادەوە، خۆی دەکات بە هەموو ماڵێکدا و بۆ ناو هەموو خێزانێکدا، بەڵام دواجار هەر ماڵ و خێزانیشە دەتوانێت ئەم بێ مۆڵەت هاتنەژوورەی میدیا، بە کۆمەڵێک ڕێسا و بنەما و مەرج و چوارچێوە، کە خۆی باوەڕی پێیەتی سنووردار و کۆنتڕۆڵ بکات. ئەوە دایباب و سەرپەرشتیاری منداڵن، کە پێش ئەوەی گلەیی لە ڕووقایمیی میدیای سەردەم بکەن ــ ئەگەر گوزارشتەکە گونجاو بێت ــ گەرەکە فلتەری سەر ئامێرەکانیان، وا لێ بکەن، هەموو وشە و وێنە و مانشێت و ڤیدیۆیەک، دەربازی سنووری ماڵ و حەرەمی ژوورەکانیان نەبێت، خەرقی ئاساییشی خێزان نەکات و ئارامیی نەوەکان نەخاتە مەترسییەوە.
ئەمە بەو مانایە نا، کە هەموو شتێک لە منداڵ بشاردرێتەوە و هیچی لەبارەی جەنگ و ململانێکانەوە پێ نەگوترێت، چونکە هەندێک ڕاستی هەیە وەها باشترە منداڵ لە سەرپەرشتیار و دایبابەوە بە شێوازێکی دروست بیبیستێت، نەک لە سەرچاوەی دیکە بەشێوەیەکی ناتەندروست پێی بگات، بەڵام منداڵ پێویستی بەوە نییە هاوکێشە سیاسییەکان و هەموو وردەکاریی گۆڕەپانی جەنگ و هێزی سەربازی و قەبارەی چەک و تەقەمەنی و ڕێژەی قورباییەکان بزانێت، بەڵکوو لەپاڵ پێگوتنی هەندێک زانیاریی سەرەتایی و وەڵامی کورت و ڕاست، پێویستە بە زمانێکی سادە پێی بگوترێت، کە ململانێ یان کێشەیەک لە نێوان هێزە جیاوازەکان و دونیای گەورەکاندا هەیە و ئومێدی چارەسەر و کۆیاییهاتنیشی هەیە.
لەو کاتەدا منداڵ پێویستی بە ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و بە هێورکردنەوە و دڵنیایی هەیە، بەجۆرێک دایباب یان سەرپەرشتیارانی ئەوەی بۆ دووپات بکەنەوە، کە لەگەڵین و دەیپارێزن. هەروەها بۆ ڕەواندنەوەی هەر ترس و دڵەڕاوکێیەک، دەروونناس و پسپۆڕانی بواری منداڵناسی زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لەو کاتانەدا ڕێگە بۆ منداڵ خۆش بکرێت، بە هەر جۆرێک کە خۆی حەزی لێیە، ترسی خۆی بە قسە، مۆسیقا، وەرزش، یاری و وێنەکێشان و هتد… دەرببڕێت، نەک لە ناخی خۆیدا بیهێڵێتەوە.
دایباب یان سەرپەرشیاری منداڵ ئەوەشی لە یاد بێت، کە تەلەڤزیۆنی هەواڵی و میدیای جەنگ بۆ گەورەکان دروست کراوە، نەک بۆ مێشک و دەروونی منداڵ. بۆیە دوورخستنەوەی لە دیمەنی توندوتیژی و وێنەی ترسناکی وەک خوێن و تەرم و تەقینەوە و دوکەڵ و ئاگر و زرمە و کەوتن و ڕمان و هتد… دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە شێوان و شۆکی دەروونی، کە زۆر جار لە مەودای نێزیک یا دووردا، کاریگەریی نەرێنی دەبێت و نیشانەی نەخوازراوی تێدا دەردەکەوێ.
بۆیە لەم حاڵەتەدا کۆنتڕۆڵکردنی ژینگەی ماڵ و خێزان زۆر پێویستە، بەوەی نەک هەرگیز ڕێگە نەدرێت تەلەڤزیۆنی ناو ماڵ بە درێژایی شەو و ڕۆژ لەسەر کەناڵە هەواڵییەکان و میدیاکانی جەنگ بێت. بەڵکوو تا بگونجێت لە کاتی ئامادە نەبوونی منداڵ سەیری بکرێت، واتە ئەو کاتانەی منداڵ خەوتووە، یان لە دەرەوەیە و لە دەوامی قوتابخانەیە. ئەو کاتانەشی ئامادەیە، وەها پێویستە زێتر بۆ کارتۆنی و بەرنامەی تەرفیهی و کاتبەسەربردن تەرخان بکرێت، هەروەها جگە لە تەلەڤزیۆن بۆ ئەوەی فشاری دەروونی لەسەر منداڵ کەم بێتەوە، گرنگە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەکارهێنانی بەرنامەی تایبەت فلتەر بکرێن، تا لە ئایپاد و تابلێت و کۆمپیوتەر و مۆبایلەکاندا، چاوی بە دەرکەوتنی ڤیدیۆی کتوپڕی بەرەکانی جەنگ نەکەوێت و هەواڵی بەپەلە نەبینێت.
هەروەها لە پێناو پاراستنی هزر و هۆش و دەروونی منداڵ لە توندوتیژی، بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو هاوکێشە سیاسییەکان و نەبێتە بەشێک لە ململانێکان و کینە لە دڵ و دەروونیدا دروست نەبێت و گەشە نەکات، دەکرێ دایباب یان سەرپەرشتیار یا خێزان بەگشتی لای خۆیانەوە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لەبەر چاو بگرن:
١ــ وێناکردن و لێکدانەوەی ڕووداوەکان لە گۆشەیەکی دیکەوە: بۆ نموونە لەباتی باسی جۆری شەڕ و ژمارەی قوربانی و قەبارەی زیانەکان، بێیت باسی ئەو دەزگا و کەسانە بکەیت کە یارمەتیی لێقەوماوان دەدەن، وەک دامەزراوە ئاشتیپارێز و دەزگا خێرخوازییەکان و کەمپینەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک و پزیشک و تیمە فریاگوزارییەکان.
٢ــ دوورکەوتنەوە لە ڕاڤەکردنی ئایدۆلۆژی بۆ ڕووداو و ململانێکان: هەرگیز وا پیشانی منداڵ نەدەیت، کە ئەوە ڕقێکی ئەزەلی یان ململانێیەکی مێژوویی نێوان ئەو دوو گرووپ یا دوو دەوڵەت یان دوو نەتەوە یان دوو شارستانێتییە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەسنی شێوازێک لە تەوژمی پەڕگیڕی ئایینی یان نەتەوەپەرستیی توندڕەو بدەیت، بەڵکوو پێکدادان و ململانێکان وەک کێشەیەکی کاتیی نێوان تەوژمە سیاسییەکان بخەیتە ڕوو.
٣ــ دوورکەوتنەوە لە هوتافی جەنگ و دروشمی سەربازی: زۆر گوتنەوەی دروشمەکانی جەنگ و هاندانی منداڵ بۆ پۆشینی جل و بەرگی سەربازی و وێنەگرتنی بە چەکەوە، وا نەزانیت کاریگەریی نەرێنی نابێت، بەڵکوو ڕەفتاری توندوتیژانە و بیری شەڕخوازی لای منداڵ گەشە پێ دەدات.
٤ــ فەرامۆش نەکردنی یاری و قسەی خۆش: ناکرێت هەرگیز ڕۆڵی یاری و کۆمیدیا و دیمەنی پێکەنیناوی فەرامۆش بکرێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی دەروونیی منداڵدا. دەروونناسان گەمە و نوکتە و قسەی خۆش وەک چارەسەری دەروونی دەبینن بۆ منداڵ، بەتایبەتی لە کاتی قەیران و ململانێکاندا.
٥ــ پابەندبوون بە کات و ڕێسا جێگیرەکانی ناو ماڵ: گرنگە بتواندرێت لە کاتی جەنگ و ململانێ چەکدراییەکانیشدا، کار بە خشتەی ڕۆتینی ڕۆژانە بکرێت، بەو مانایەی کاتەکانی نانخواردن، یاری، فیلمی کارتۆنی و نووستن، وەک خۆی بهێڵدرێتەوە، کە ئەمە جۆرێک لە هەستی تەناهی و سەقامگیری بە منداڵ دەبەخشێت.
٦ــ بایەخدانی زۆر بە بەهرە و مەشقی زیرەکی: ئەنجامدانی پێشبڕکێ و کۆڕی پرسیار و وەڵام و یارییەکانی مەشقی زیرەکی و زاخاوی مێشک، لەپاڵ هەوڵی وێنەکێشان و هەویرکاری و وەرزش و مۆسیقادا، دەکرێ یارمەتیدەرێکی باش بن بۆ ئەوەی منداڵ لە دڵتەنگی دوور بکەوێتەوە و وزە نەرێنییەکانی بگۆڕێت بۆ وزەی ئەرێنی و شتی جوان.
٧ــ بیرهێنانەوە و هێنانە ناو باسی ئەو هەوڵ و دەسپێشخەرییانەی بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەدرێن: لەباتی قسەکردن لە توندبوونی پێکدادانەکان و باسکردنی زمانی لایەنە بەشەڕهاتووەکان، بێیت باسی ئەو هەوڵ و دەستپێشخەرییانە بکەیت، کە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و ڕێککەوتن و ئیمزاکردنی یاداشتنامەی ئاشتی دەدرێت.
ئەدی میدیا چی بکات؟
لە کاتی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکاندا، ئەوەی پێویستە زۆر لێی ئاگادار بین و لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا نەکەوینە هەڵەوە، کەسێتی و میزاج و دەروونی منداڵە. جێگەی داخە ئەو ڕوماڵە ناهاوسەنگ و شەڕە سایکۆلۆژییەی بەشێک لە میدیاکان بە مەبەست یان بێ مەبەست بڵاوی دەکەنەوە، کە زۆر جار ئەوەی تێیدا لەبەرچاو ناگیرێت و حسێبی بۆ ناکرێت، منداڵە. پاراستنی ئاوەزی منداڵ و سەلامەتیی دەروونی، لە کات و قۆناخێکی ئەوهادا، هەرگیز کەمتر نییە لە پاراستنی گیان و جەستەی، لە سۆنگەی ئەوەی ساڕێژکردنی برینەکانی هەست و هۆش و دەروونی، لە ساڕێژکردنی برینەکانی جەستەی زۆر زەحمەتترن.
میدیا کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی و نیشتمانی و ئایینی لە ئەستۆیە، کە پێویستە بۆ ڕاگرتنی جۆرێک لە باڵانس و نەشێوانی باری دەروونیی بینەر و بیسەر و فۆڵۆوەرەکانی هەر تاکێک لەبەر چاوی بگرێت، نەخاسمە بۆ منداڵ کە ئەو ئەرک و بەرپرسیارەتییە، چەند قات گەورەتر و هەستیارتر دەبێت.
ئەوەی پێویستە بگوترێ، ڕاستە ئێمە داتای وردمان لا نییە و ناتوانین بە زمانی ژمارە قسە بکەین و ڕێژەی پێشلکارییەکانی هەر دەزگایەک، بۆ نموونە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و جەنگی دوازدە ڕۆژەی ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران بخەینە ڕوو، بەڵام دەکرێ بەشی ئەوەندەی سەرنجمان داوە و بەدواداچوونمان کردووە، ئەوە بەدی بکەین، کە زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی ناو و لۆگۆ و مۆڵەتی کارکردنیان هەیە -واتە باسی میدیای بێ خاوەن و پەیجی فەیک و بێ دایباب ناکەین- خەمی منداڵ و ڕەچاوکردنی سروشتی پاکی منداڵ و حسێبکردن بۆ دونیای بێگەردی منداڵ لە بەرنامەی کار و چالاکییەکانیاندا نەبووە و نییە، کە ئەمە بۆخۆی کارەساتێکی گەورەیە.
لێرەدا قسە لەسەر ئەو کەناڵانەش نییە، کە خۆیان لە بنجدا کەناڵی هەواڵیین و بە ئیشی خۆیانی دەزانن زۆرترین هەواڵی خێرا و دیمەن و گرافیک و ڕاپۆرت و ڕاڤە و لێدوان و ڤیدیۆی نێو ململانێکان و بەرەکانی شەڕ بگوازنەوە -کە سەرنج لەسەر ئەوانیش هەیە کاتێ باسی دونیای گەورەکان یا کۆمەڵ بەگشتی دەکرێت-، بەڵکوو قسە لەو دەزگا و کەناڵانەیە، کە لە کاتی ئاساییدا، لەپاڵ ژووری هەواڵ و ماوەی سیاسیدا، ماوەی منداڵان و بەرنامەی دیکەی کۆمەڵایەتی و تەرفیهی و هەمەڕەنگیان هەیە، کەچی کە سروشتی ململانێکان توند دەبن و دەگەنە پێکدادانی سەربازی، بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەو دەزگا یان کەناڵانە، هەموو خشتە و بەرنامەکانی خۆیان ڕادەگرن و دەبنە کەناڵێکی هەواڵی و بەشێک لە میدیای شەڕ.
بێنە بەرچاوت، منداڵەکەت ڕۆژانە لە سەعات پێنج یا شەشی ئێوارێ، تەماشای زنجیرەیەکی کارتۆنی دەکات، بەڵام ئێوارەیەک وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی، دەچێتە بەردەم تەلەڤزیۆن، کەچی لەباتی شادبوون و پێکەنین بەدیار ئەڵقەیەکی تازەی زنجیرە کارتۆنییەکەوە، چاو و هەست و ڕوانینی بە دیمەن و هەواڵەکانی شەڕ و ئاگر و کوشتن تەڵخ و بریندار دەکرێت، کە جگە لەوەی لە زنجیرەی خەیاڵە جوانەکانی دەپچڕێنیت، تووشی شۆکێکی دەروونییشی دەکەیت، کە ئاسان نایەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
یان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، بەو حسێبەی وا لە منداڵ دەکەیت هەستی بەرپرسیارەتی و کۆمەککردنی لێقەوماوانی هاونەتەوەکەت گەشە بکات، لە بەرنامەکە کۆمەڵێک کەسی ئایدیای جیاوازت هێناوە و هەر بە زمان و ئەدەبیاتی گەوران، قسە لە هاودەنگی و یەکڕێزی نیشتمانی و ستەمدیدەیی گەلەکەت دەکەیت، پاشان لەبەر چاوی ئەو منداڵە جوانانە، دەبێتە شەڕەقسە و چەلەحانێ و یەکدی تۆمەتبارکردن!
یاخود لە گردبوونەوە یان خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا، باب یان دایکێک -کە زۆر جار وەک پەرۆشییەک بۆ گەلە خێرلەخۆنەدیوەکەی دەیکات- جلکی سەربازی کردووەتە بەری منداڵە پێنج ساڵانەکەی، ڕەخت و خەریتەت بۆ بەستاوە و دەمانچەیەکیشی داوەتە دەستی… میدیاش لەنێو ئاپۆڕەی ئەو هەزاران کەسەدا، دێت وێنەی ئەو منداڵە دێنێتە پێش و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش هانی دەدات، هاوشێوەی بەشێک لە گەورەکان هەندێک جوێن و قسەی دەرەوەی فەرهەنگی منداڵ بەسەر زاریدا بێت، پاشان هەوڵ بدەیت بیکەیتە ترێندی ماسمیدیا و سۆشیالمیدیا، دواتر بە پەروەردەی نیشتمانی و وانەی کوردبوون و چاندنی گیانی بەرەنگاری ناوی ببەیت.
یاخود لە دەزگایەکی منداڵانەدا، چ گۆڤار بێ یا تەلەڤزیۆن یا وێبسایت، دەرگا بۆ شاعیر یا نووسەر دەکەیتەوە، هەر بەناوی هۆشیاریی نەتەوەیی و پەروەردەی نیشتمانی، بێیت جارێکی دیکە، منداڵ ببەیتە بەرەکانی شەڕ و بە کۆمەڵێک زاراوەی جەنگ و سەربازی، لە نموونەی دوژمن و بەرهەڵستی و لەناوبردن و خوێنڕشتن، دەقی [بابە برام چەک هەڵگرن/ هەموو بۆ خەبات ڕاپەڕن] بە دەربڕێنێکی دیکە دابڕێژیتەوە و بە ناوی ئەدەبی منداڵان بە منداڵانی بفرۆشیتەوە.
ئەمەو چەندین نموونەی دی، دەرخەری ئەوەن کە میدیای ئێمە بەشێوەیەکی گشتی چەند دەزگایەکی کەمی لێ دەرچێت، هێشتا وەکوو پێویست نازانێت، یا بە گرنگی نابینێ کە بزانێت لەو دۆخانەدا چۆن مامەڵە بکات، یان لایک و کۆمێنت و ڤیوو و فۆڵۆی لەکن لە هەست و دەروون و ئاوەز و ئایندەی منداڵ گرنگترە.
لە کۆتاییدا
بە ئومێدی ئەوەی ئەو چەند سەرنجەی خرانە ڕوو، بچێتە پاڵ ئەو دەنگ و کۆششە جودایانەی لێرە و لەوێ بەرز دەبنەوە و دەردەکەون و دەیانەوێت ئاسمانی بێگەردی منداڵ، بەبێ دەنگی تەقە و دوکەڵی شەڕ بێت. هەروەها خێزانی کوردی، کە وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ناوی دێت، میدیای ئێمەش کە زۆر کەڕەت بانگەشەی بابەتیبوون و پڕۆفیشناڵی دەکات، بزانن کە هێزە شەڕکەرەکان دێن و دەڕۆن، شەڕ و ململانێکان زیاد و کەم دەکەن، ڕەنگە هاوکێشە سیاییەکان و نەخشەی وڵاتان کەم و زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، بەڵام ئەوەی پڕەنسیپێکی نەگۆڕە، بریتییە لە بەخەرجدانی هەموو توانایەکی ماددی و مەعنەوی و ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دروستبوونی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرسیار، بریتییە لە گرەنتیکردن بۆ دابینکردنی جیهانێکی جوان و ڕووناک بۆ منداڵ، بریتییە لەوەی لە هەموو هەنگاوێک ڕەچاوی کەسێتی و دەروون و ئاوەزی منداڵ بکرێت و ڕێز لە تایبەتمەندیی ئەو قۆناخەی تەمەنی بگیرێت، تا پڕیشک و ئاگری شەڕ و لێکەوتەکانی، کەمترین کاریگەرییان لەسەر جیهانی منداڵ هەبێت.



