“کورد ١١ مانگ وەک سەردەمی پێشەوا ئازاد بێت باشترە لە عومری نوحێک ژێردەستەیی”.
کورد بەشدار بێت و نەبێت ڕەوتی نیوەگیانکردنی ئێران و پاشان خستنی هەر بەردەوام دەبێت، هەنووکە کە هێشتا تورکیا و ئازەربایجان و پاکستان و قەتەر (کە ئەمانە هەموو دژی کوردن لە مەریخیش بێت) نەهاتوونەتە نێو شەڕەکە، خۆ گەر بێن و کورد لەوێ نەبێت، زۆر دوور نییە بە مەرجی خۆیانەوە داخڵ بن، ئەوکات ئەمریکا و ترەمپ پێویستیان بە کورد کەمتر دەبێت یان هەر نابێت، ئێستا ئەو فەرموو و بانگهێشتە ئاشکرا و خەستەی کە بۆ کورد دەکرێت لە کەس و بەتایبەت لە تورکیا و عەرەب نەکراوە. بۆیە لە کورد کراوە هەم پێکهاتەی ئێرانە و بەشێکە لە نەتەوەکانی نێو ئێران و هەم بۆ ئەوەی منەتی کەمتری تورکیا و هاوشێوەکانی هەڵبگرێت.
منیش لەگەڵ ئەوەدا نیم هەروا و بێ پلان بچینە گۆڕەپانەکەوە، چونکە کورد بەر لە کۆماری ئیسلامی و بەر لە هاتنی ئەمریکا هەر بەشاخەکانەوە بووە بۆ مافی خۆی، هاوکات، لەگەڵ ئەوەشدا نیم بێ ڕێککەوتن بچینە مەیدانی گەرمی جەنگەوە بەڵام بە پلان و دەرخستنی خواستەوە بۆچی نا؟ گەر لەمڕۆوە بە دیاریکردنی داواکاریی شوناسخوازیی و مافتەوەریی ڕۆژهەڵات و ئامانجی کورد لەبەشداریی جەنگەکە و بەڵێکردنی بۆ هاوبەشی کورد لەگەڵ ترەمپ و هاوپەیمانان لە سبەینێ باشترە، چونکە ڕەنگە ئیتر سبەینێیەکی دیکە بۆ کورد و ڕۆژهەڵات هەر نەیەت و دووبارە نەبێتەوە.
کورد گەر ئەمە ناکات، گوایە لەبەرئەوەی نەبێتە ئامراز، ئەی بۆ ئێستا لە باکوور و ڕۆژهەڵات، ئێران و تورکیا نەک وەک ئامراز خۆ وەک نەبوو و هیچ سەیری دەکەن و سفر مافی هەیە. یان دەگوترێت با وەک ڕۆژاڤا و بەشداریی داعش پەراوێز نەخرێت، بۆ کوردی ڕۆژاڤا ئێستای هەزارجار لەسەردەمی ئەسەدی بەعسی و داعشی تیرۆریست باشتر نییە لە ڕووی مافەوە؟ تەنانەت مافی کورد لە سووریا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باشترە. دەی ئەوە هی بەشدارییە لە سەنگەری دژە تیرۆردا. ئەسڵەن پەراوێزخستنی هەسەدە لە ڕۆژاڤا هی ئەوەبوو وەڵامی فەرمووی بەشداریی لە بچووککردنەوەی ئێران و حەشدی شەعبی دا بە نەخێر دایەوە، بۆیە وای لێهات، دەی ئەم فەرموو و پرسیارە ئێستاش هەر لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات دەکرێت، ئایا مێژووی نزیک بۆ پەندوەرگرتن نییە؟ یان دەگوترێت با کورد نەبێتە ئامراز تا وەک شۆڕشی ئەیلول و مەلا مستەفا بارزانی و کۆماری کوردستان و قازی محەمەدی پێشەوا فێڵی لێ نەکرێت؟ دەی باشە خۆ ئەمەی ئێستا هەیە بەشێکی بەرهەمی خشتی بەرخودان و گیانفیدایی ئەوانە لە باشوور، مرۆڤ بۆ ١١ مانگیش ئازاد بێت هەر ئەو یانزدەیەی باشترە لە عومری نوحێک ژێردەستەیی.
لەبارەکەی دیکەشدا ناکرێت تەنها لەبەر باشوور و هاوپەیمانێتی مووچەیی باشوور و پڕۆ-ئێرانییەکانی بەغدا ئیتر ڕۆژهەڵات وا لێ بکەیت و مافی ئەوەی نەدەیتێ خەبات بۆ مافی خۆی بکات و هەلەکە نەقۆزێتەوە.
ئەوەی ئێستا هەیە و ٣٤ ساڵە لە باشووردا هەرێمێکت هەیە و ئازادیت بەرهەمی هاوبەشیتە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکادا، نەک بەرهەمی پارێزگاریی برا موسڵمانەکانی ئێران و تورکیا، کە تاقانە ئەزموونی دەستووری یاساییە و ماوەتەوە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان و گەرنا سەرجەم ئەزموونەکانی دیکە ئێران و تورکیا و عێراق لە نێوی بردوون.
جێگەی هەموو ئەمانەی کە ئێستا بوونەتە پەپوولەی ئاشتی و کوردپەروەری عەیار ٢٤ و خەمی ئەوەیانە کورد نەبێتە ئامراز بەدەست ئەمریکاوە کە ترەمپ خۆی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ داوای هاوبەشیی کوردی کرد لە جەنگەکەدا و شەش مانگ زیاتریشە لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ کوردی سێ پارچەکەدا بۆ هەمان مەبەست. هەمان ئەو کەسانەشن گلەیی ئەوەیان دەکرد لە کاتی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا تەنها بە یەک ڕەشنووسی مۆرنەکراویی ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەیی ئەمریکا و بە بێ گرانتی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی دەکرد و بۆچی کورد بە گوێی ئەمریکای نەکرد و دوای نەخست!
“لقد كان في قصصهم عبرة لأولي الألباب”



