عوسمان ساوجی
نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەو نەفرەتەیە کە وەک تەوقی ئاسن لە سەردەمی نوێ و هاوچەرخدا لە گەردنی چەند نەتەوەیەک ئاڵاوە. ئەم بەڵایە هەر ئەوەندە نییە کە تاکەکانی نەتەوەیەک تووشی ئازاری خۆبەکەمزانی و ئاستەنگی گوزارشتکردن لە شوناسی تایبەت بە خۆیان بکات، بەڵکو ناچاریان دەکات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە ناچاری تاڵاوی ناسنامەی هاووڵاتی دەوڵەتی سەردەست هەڵبگرن. بۆ نموونە، کوردێکی باشوور کە لە پرۆسەکانی ئەنفال یان کیمابارانی هەڵەبجە قوتاری بووە، کاتێک دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتی سێیەم، ناچارە بڵێت هاووڵاتیی عێراقیم! هەڵبەت ئەمە بۆ کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش ڕاستە.
لەوەش خراپتر، هەندێک جار سەرباری ئەوەی نەتەوەی سەردەست خاک و ئاوی کوردی داگیر کردووە، نەک دان بە شوناسە کوردییەکەیدا نانێت، بەڵکو ئامادە نییە وەڵاتینامەی خۆشی پێ بدات و لەجیاتی ئەوە بە کۆچبەر و قەرەج تۆماریان دەکات، وەک ئەوەی لە سووریا دژی کورد کراوە.
هەرچەندە ئێستا لە سەرتاسەری کوردستان هێزی سیاسی سەربەخۆخواز زۆر دەگمەنە، کە ئەوەش بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتییە کە پێشتر زۆریان لەسەر نووسراوە و گوتراوە، لەبەرئەوە لێرەدا نامەوێت لەسەر ئەو پرسە بڕۆم، بەڵام بژاردەی کورد بۆ ئەم قۆناغە ئەوەیە داوای تایبەتمەندی بۆ ناوچە کوردستانییەکان لە هەر بەشێکی کوردستان بکات، کە ئەوەش بەگوێرەی تێگەیشتنی هێزەکانی ئەو بەشە جیاوازە، ناوەندێتی، ئۆتۆنۆمی، فیدڕالی بەڵام نەگەشتووەتە خواستی کۆنفیدرالی.
ئەگەرچی بەگوێرەی تیۆری مەدرەسەی واقعی کاراکتەری تاقانەی نێودەوڵەتی دەوڵەتانن، کەواتە هەرێمەکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت لە داڕشتن و ئاراستەکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ڕووداوە گرنگەکاندا، بەڵام گریمانەکانی ئەم تیۆریە و هیچ تیۆریایەکی تر بەشێوەی ڕەها لە هەموو کات و شوێنێکدا ئامانجەکان ناپێکن. هەر بۆیە دەکرێت هەرێمێک، هێزێکی چەکداری، ڕێکخراوێک یان کۆمپانیایەکی فرەڕەگەز بتوانن لە قۆناغێکدا ڕۆڵێکی گرنگ و باڵا ببینن.
ئێستا کورد خاوەنی سێ قەوارەیە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یاسایی و دەستورییە و ڕۆژئاواش لە کامڵبووندایە و سێیەمیش کورد خۆی وەک قەوارەیەکی سیاسی ڕاینەگەیاندووە، هەرچەندە زۆرێک لە پایەکانی وەک خاک و هێز و ئابووری و پەیوەندی هەیە. گرنگی ئەم قەوارە کوردیانە لەوەدایە کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی ڕووداوێک، بوونی بەرژەوەندیەک یان مەترسیەک پێویستیان بەم قەوارە و هێزانە دەبێت، ناچار دەبن ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە. لەم کاتەدا زۆر گرنگە خودی ئەم قەوارە و هێزانەش خۆیان بناسن و کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگرن کە بۆیان هاتووەتە پێشەوە.
دەوڵەتان هەمیشە کۆمیسیۆنێک، ناوەندێک یان ڕێکخراوێکیان هەبووە تا وەک دیوەخانێک بۆ ئەوەی لێی کۆببنەوە و تیایدا گەنگەشەی بابەت و پرسە گرنگەکانیان لێبکەن و بەدوای چارەسەری ئەو کێشانەدا بگەڕێن کە دێتە ڕێیان. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە کە بریتییە لەوەی ئایا هەرێمەکان، ڕێکخراو و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ پرسە هاوبەشەکان لەگەڵ دەوڵەتان چی دەکەن و لە کوێ پێک دەگەن؟
لە وەڵامدا دەڵێین کۆڕبەندە جیهانییەکان ئەمڕۆ بوونەتە ئەو جێگە و سەکۆیانەی کە دەوڵەتان و ڕێکخراوەکان و هەرێمەکان تیایدا کۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هاوبەشەکانی نێوانیان دەکەن، جا ئەو پرسە سیاسی، ئاسایشی، ئابووری یان وەرزشی بێت.
هەرچەندە تا ئەم ساتەش کورد لە زەلکاوی نەفرەتی بێدەوڵەتی ڕزگاری نەبووە، بەڵام هەنگاوی بەرەو ئەو ئامانجە دەستی پێ کردووە، بە بەڵگەی ئەوەی لە ڕێگەی دوو هەرێمی باشوور و ڕۆژئاواوە توانیوەتی چەند نوێنەرێک بگەیەنێتە یەکێک لە گرنگترین کۆڕبەندەکانی جیهان کە بریتییە لە کۆنفرانسی میونخ بۆ ئاسایش. ئەم کۆنفرانسە لە ١٩٦٣ لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی ئەڵمانیاوە بە ناوی فۆن کلایست دامەزراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە لە سەرەتادا بریتی بووە لە گفتوگۆ دەربارەی مەترسییە ئاسایشیەکانی سەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، هەربۆیە ئەو کات ناوی دیداری زانستی بەرگرییە نێودەوڵەتییەکانی لێ نراوە. دیارە کۆنفرانسەکە تایبەت بووە بە ئەندامانی ناتۆ، بەڵام دواتر کرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و دەوڵەتانی سەرتاسەری جیهان بەشداریان تێدا کردووە وەک چین و ڕووسیا و دەوڵەتانی جیهانی سێیەم. کۆنفرانسەکە بەردەوام بووە لە کرانەوە بەڕووی بەشداری کاراکتەرە نێودەوڵەتییەکان و خۆشبەختانە لە ئێستادا کوردیش گەیشتووە بەو کۆڕبەندیە و هەندێک کۆڕبەندی تریش، لەوانە داڤۆس بۆ ئابووری.
بایەخی هەنگاونانی کورد بۆ ئەم کۆڕبەندانە لەوەدایە کە ئەمە هۆکارێکە بۆ ڕزگاربوونی کورد لەو خەفەکردنە هەرێمییەی لانی کەم سەد ساڵ بەوپەڕی دژواری بەسەریدا سەپێنراوە. کورد دەتوانێت لەوێ چاوی بە نوێنەری وڵاتانی زلهێز بکەوێت و دیداریان لەگەڵ بکات. لەو ڕێگەوە دەتوانرێت کورد ڕۆڵێکی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بەدەستبهێنێت و داواکارییە ڕەواکانی هاوپێچ لەگەڵ ستەم و تاوانە دژەمرۆییەکانی دەوڵەتانی سەردەست بە جیهانی دەرەوە بگەیەنێت.
بەشداری لە شەست و دووهەمین کۆنفرانسی میونخ بۆ ئاسایش و دیدار و لێدوانی نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەربارەی کورد موژدەیەک بوو بۆ کورد کە لە کایەی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراو و هاوبەشی ئەوانە، بەتایبەت لە پرسی شەڕی دژی تیرۆردا. لە هەمان کاتدا شۆکێک و گورزێکی کوشندە بوو بۆ نەیارانی کورد کە لە ماوەی هێرشە فراوان و دڕندانەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر تورکیا و دیمەشق سەوداسەری جۆرێک لە کەیفەکەرانە ببوون بە ئومێدی ئەوەی ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ سڕینەوەی ناوی کورد لە سووریا و لە گۆڕینی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش.
لە کۆتاییدا گرنگە و پێویستە و دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد لە سەرتاسەری کوردستان بە قیمەت یان بەهیمەت هەنگاوی زیاتر بهاوێت بۆ بەشداری زیاتر و کاریگەرتر لە کۆڕبەندە جیهانییەکان بەگشتی و بەتایبەتی کۆڕبەندە سیاسی و ئابووری و ئاسایشیەکان، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی ئەمانە ببنە بناغە و ژێرخانێکی گرنگ بۆ داهاتوو تاوەکو نەوەکانی داهاتووی گەلەکەمان لە داواکردنی سەربەخۆیی نەسڵەمنەوە و بە تاوانی نەزانن.



