مەجید ساڵح
کاتێک “مەهاتما گاندی” سەرکردایەتی شۆڕشەکەی دژ بە داگیرکاریی بەریتانیا دەکرد، تەنها گرەوی لەسەر هێزی “ناتوندوتیژی” نەدەکرد، بەڵکو پشتی بەوە دەبەست کە کۆمەڵگەی بەریتانی خاوەن ویژادانێکی زیندووە؛ ڕۆژنامەگەریی لەو وڵاتەدا ئازادە، نوخبەیەکی ڕووناکبیر و سیاسی خاوەن ئەخلاقی تێدایە، بەسەرجەمیانەوە دەتوانن ڕایەکی گشتی وا دروست بکەن کە توانای گوشار خستنە سەر حکومەتەکەی خۆیانی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە کارە نائەخلاقی و نامرۆڤایەتیەکانیان لە هیندستان. “مارتن لۆسەر کینگ”یش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر هەمان بنەما خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازیی خۆی بردە پێشەوە. خەبات لای ئەویش کارێکی ئەخلاقیی دابڕاو نەبوو لە ڕای گشتی ئەمریکییەکان و پشتیوانی نوخبەی وڵاتەکە، بۆیە هەردووکیان لە کۆتاییدا توانیان لە ڕێگەی پشتیوانی خەڵکی بەریتانیا و ئەمریکا بگەن بە ئامانجەکانیان.
بەڵام ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارەی ئەمڕۆ خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: بۆچی دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە خەباتی ئاشتیخوازانەی کورد، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە هەمان کاریگەریی لەسەر نەتەوەکانی تورک و عەرەب و فارس هەبێت؟
لە ماوەی سەدەیەکدا، کورد شێوازی جۆراوجۆری خەباتی لەگەڵ نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان تاقی کردۆتەوە؛ سیاسی، کولتووری، مەدەنی و ئاشتیخوازانە. قوربانییەکی بێژماری داوە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن لە ملیۆنێک شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە تێپەڕی کردووە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، “ویژدانی جەمعی” کۆمەڵگاکانی تورک و فارس و عەرەب بەو ئەندازەیەی کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ قەبارەی تاوانەکە، نەجولاوە. تەنانەت زۆر جار پێچەوانەکەی ڕوویداوە: نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەکان، جگە لە قبوڵکردنی ستەمی حکومەتەکانیان، گوشارێکی شەعبی زۆریشیان خستوەتە سەریان بۆ شەرعیەتدان بە سیاسەتی سەرکوت و پەراوێزخستن و قڕکردنی کورد.
جیاوازییە بنەڕەتییەکە لێرەدا لە “ئەخلاقیاتی خەباتەکە”دا نییە، بەڵکو لە “پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگەیە” دایە کە بوونەتە پشتیوان بۆ دەوڵەتەکانیان بۆ وردوخاش کردنی کورد. خەباتی ئاشتیخوازی لە بۆشاییدا دروست نابێت، بەڵکو پێویستی بە کەمترین ئاستی “دانپێدانان بە ئەوی تر” هەیە، بە مانایەکی تر خەباتی ئاشتیخوازانەی کورد کاتێک بەرهەمی دەبێ کە تورک و عەرەب و فارس لانی کەمی جورئەت و ئەخلاقی ئەوەیان تێدا بێت کە دان بە مافەکانی کورددا بنێن. پێویستی بە فەزایەکی گشتی هەیە کە ڕێگە بدات پرسیارە ئەخلاقییەکان بوروژێنرێن:
– ئایا ئەوەی بەرامبەر کورد دەکرێت کارێکی دادپەروەرانەیە؟
– ئایا ئەوەی دەوڵەت بە ناوی ئێمەوە دەیکات، کارێکی ئەخلاقییە؟
کاتێک ئەم پرسیارانە و ئەم فەزایە لە ناو نەتەوە سەردەستەکاندا ون بێت، بە دڵنیاییەوە ڕای گشتی ئەوان ناسنامەی خۆیان تەنها لە “سڕینەوەی کورد”دا کورت دەکەنەوە، بە پێچەوانەوە ویژدانیان لە هێزێکی گوشاری ئەخلاقییەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم بەرامبەر بە کورد، دەبێتە ئامرازێک بۆ برەودان بە توندوتیژی بەرامبەر بە کورد. ئەمە بە ڕوونی لە تاوانەکانی دێرسیم و ئەنفال دا دەرکەوت. تەنانەت لە ڕەفتاری توندوتیژانەی ئەو ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنانەی ئەوروپا و ئەمریکاـشدا دەردەکەوێ بەرامبەر بەو کوردانەی ڕۆژهەڵات کە ئاڵای کوردستان هەڵ دەدەن.
لەم چوارچێوەیەدا هەمیشە شۆڕشەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا خەبات نەبووە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس، بەڵکو ئەوەیە کۆمەڵگەکانی نەتەوە داگیرکەرەکانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقی سەخت، زۆرجار تەنانەت نوخبەی ڕووناکبیر و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانەش لەو تاقیکردنەوانەدا دەرنەچوون و لە پرسی کورد دا لەگەڵ دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانیان هاوڕا و هاوهەڵوێست بوون.
ئەم هەڵوێست وەرگرتنەی ڕای گشتی نەتەوە سەردەستەکان لە چەند سەرچاوەیەکەوە پەرەی پێدەدرێت:
یەکەم: زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای “یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا” دامەزراون. ئەمە وای کردووە کە هەر جۆرە فرەییەک یان داواکارییەکی نەتەوەیی لەلایەن کوردەوە، وەک “هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاک” و “خیانەت” وێنا بکرێت. تاکەکانی کۆمەڵگەکە لە منداڵییەوە لە قوتابخانەکاندا بەو شێوەیە پەروەردە دەکرێن کە پاراستنی سنوورە دەستکردەکان پیرۆزترە لە مافە مرۆییەکان.
دووەم: حکومەتەکان بەردەوام وێنەیەکی تۆقێنەریان لە کورد دروست کردووە. ئەوان وایان لە گەلانی خۆیان گەیاندووە کە ئەگەر کورد بگات بە مافەکانی، ئەوا دەوڵەتەکەی ئەوان هەڵدەوەشێتەوە و دووچاری شەڕی ناوخۆ و هەژاری دەبن. ئەم “ترسە دەستکردە” دەبێتە هۆی ئەوەی تاکی نەتەوەی سەردەست، غەریزەی مانەوەی بخاتە پێش پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی دادپەروەری.
سێیەم: لە زۆر قۆناغدا، دەسەڵاتداران دروشمی “برایەتی ئیسلامی”یان بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی کورد. کاتێک کورد داوای مافی نەتەوەیی دەکات، بە “تێکدەری یەکڕیزی موسڵمانان” تۆمەتبار دەکرێت. ئەمە وای کردووە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ئایینییەکانی ئەو وڵاتانە، جیاوازی نەتەوەیی بە “فیتنە” بزانن و لە دژی بوەستنەوە.
چوارەم: لەو وڵاتانەدا، میدیا هەمیشە وێنەیەکی شێوێندراوی لە شۆڕشەکانی کورد نیشان داوە. تاکی ئەو کۆمەڵگەیانە زۆرجار ڕاستی چەوسانەوەکە نابینن، بەڵکو تەنیا ئەو گێڕانەوەیە دەبیستن کە دەڵێت “ئەمانە تێرۆریستن یان دەستی ئیسرائیل و ئەمریکایان لە پشتە”. کاتێک زانیاری دروست نەبوو، بڕیاری ئەخلاقیش قورس دەبێت.
پێنجەم: سەدان ساڵ حوکمڕانی و بەکارهێنانی زمان و کولتووری نەتەوەی سەردەست و وێناکردنی “شارستانی” و کولتووری کوردی وەک “دواکەوتوو” یان “لاوەکی”، جۆرە هەستێکی باڵادەستیی لای گەلانی داگیرکەر دروست کردووە. ئەمە وا دەکات تاکی ئەو نەتەوانە پێی وا بێت کە ئەو “خاوەن ماڵە” و کورد “میوانە”، بۆیە میوان بۆی نییە داوای مافی خاوەن ماڵ بکات.
ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت دان بە ڕاستییەکی تاڵ دابنێین کە خەباتی ئاشتیخوازانەی کورد پێویستیی بە “شەریکێکی خاوەن ئەخلاق” هەیە، کە تا ئێستا نەبووە. کاتێک ئەم شەریکە ون بێت، ئاشتیخوازی نابێتە شکستێکی ئەخلاق بۆ خاوەنەکەی، بەڵکو دەبێتە بەڵگەیەک بۆ تاوانبارکردنی ویژدانێک کە بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
هەموو شکستەکان شکستی خاوەنەکانیان نین، هەندێکیان تەنها قووڵایی قەیرانی ویژدانی ئەو کەسانە دەردەخەن کە تەماشا دەکەن و ناجوڵێن.


