سەردار محەمەد
لەمێژووی هەر نەتەوەیەکدا، “بڕیارێکی چارەنووسساز” ڕێڕەوی ژیانیان دەگۆڕێت.
نموونەی یەکەم
“بنگۆریۆن” و “وایزمان” لەسەرەوەختی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلـدا، لە بڕیاڕێکی چارەنووسسازدا ڕایانگەیاند هیچ حیزبێک، بە حیزب و ڕێکخراوەکەی خۆشیانەوە، مافی ئەوەی نییە هێزی چەکدار و فەوج و لیوای تایبەت بەخۆی هەبێت.
ئەوان هاتن چەک و هێزی چەکداریان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتیمانیی و پیشەیدا یەکخست و یەک ئەرکی ستراتیجیشیان پێ سپارد، کە بەرگریکردن لە خاک و لە سەروەریی و لە سنووری ئیسرائیل بوو. بەم بڕیارە، هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان خرانە ژێر ڕکێفی یاساوە و بەتەواویی لە زۆرانبازی سیاسی و کێشمەکێشی حیزبەکان دوورخرانەوە.
بنگۆریۆن و وایزمان، نەهاتن دەسەڵاتی خۆیان و خێزان و حیزبەکانیان “بەهێز” و کۆمەڵگەی ئیسرائیلـیش “لاواز و پەرتەوازە” بکەن. بەپێچەوانەوە هاتن هەموو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیان بەهێز و ئامادە کرد تا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانەی هەبێت کە دەوری دابوون.
ئەوان پایەکانی ئیسرائیلیان لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، شەفافییەت، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، فرەیی و پێکەوەژیان، سەروەریی یاسا و دامەزراوەی ڕاستەقینە دامەزراند و پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە دەسەڵات تەنها دەبێت بۆ چاکەی گشتی بەکاربهێنرێت، نەک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی.
ئەمەیە لە ١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، ئیسرائیل و سوپاکەی کردووە بەئەفسانەیەکی لەشکان نەهاتوو. خاڵی هەرە بەهێزی ئیسرائیل، سوپا و هەواڵگرییەکی تۆکمەی نیشتیمانیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دامەزراوەکانی لێپرسینەوەیە. هەربۆیە، ئێستا کە هەموو ناوچەکە بەدەست نەتانیاهۆوە زەلالیەتی و دوژمنە دەرەکیەکانی هێناوەتە سەر چۆک، کەچی خۆی لەناوخۆی ئیسرائیلـدا بەدەست لێپێچینەوەی دادگاوە گیری خواردووە!
بەکورتییەکەی، نەتانیاهۆ شێری دەرەوە و ڕێوی ماڵەوەیە!
نموونەی دووەم
بڕیارە چارەنووسسازەکەی “بارزانی” و “تاڵەبانی”یە، پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١.
بارزانی و تاڵەبانی هاتن بەپێچەوانەی ڕەوتی پێشکەوتنی هەموو گەلانی دنیا و هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاریی مرۆڤەوە، کە لە قۆناغی خێزان و بنەماڵەوە گەشەیان کرد بۆ خێڵ و پاشان بۆ شار و شارستانی، ئینجا بوون بە دەوڵەت، ئەمان ئەم هاوکێشەیەیان تەواو تەواو پێچەوانە کردەوە و کوردستانیان گەڕاندەوە بۆ قۆناغی حوکمڕانیی “بنەماڵە”کان!
لەو وەرچەرخانە مێژووییەدا بڕیاریاندا: هەر حیزبە و هێزی چەکداری تایبەت بەخۆی هەبێت!
بارزانی و تاڵەبانی هاتن هەموو ژیانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستانیان بەجۆرێک تەرتیب کرد کە خزمەت بەدەسەڵاتی خۆیان و حیزبەکانیان و لەکۆتاییشدا هەر تەنها خزمەت بە “بنەماڵە”کانیان بکات.
پێکهاتەی عەقڵی سەرکردایەتی کورد (ئەوسا و ئێستاش)، بەو ئەندازەیە شارستانی نەبوو بچنە کێڕکێیەکی یاسایی و پەرلەمانییەوە و کار بۆ پێکەوەژیانی جیاوازییەکانیان بکەن، کە یەکێکە لە ئامرازەکانی سیستەمی دیموکراسی و گەشەی سیاسی و شارستانی هەر کۆمەڵگەیەکیش دەردەخات.
ئەم بڕیارەی ئەمانە لە ١٩٩١ەوە تا ئێستا تارمایی وا بەسەر کوردستانەوە. هێزەکانی پارتی و یەکێتیی، جگە لەوەی بوون بە ئامرازی سەپاندنی دەسەڵاتی حیزب و ئامرازی شەڕی ناوخۆ و سەرکوتکردنی ناڕەزایی خەڵک، بوون بە ئامرازی خزمەتکردن بە پڕۆژەی وڵاتە دەر و دراوسێکانیشیان!
هێزەکانی یەکێتیی و پارتی چەند لە ناوخۆدا “گەورەتر” و “بەهێزتر” خۆیان نمایش کردبێت، ئەوەندەش لە دەرەوە “بچووکتر و لاوازتر” سەیرکراون و مەحاڵە بەم هێزانە شەڕی نیشتیمانی گەورە و شەڕی ئەم سەردەمەی “زیرەکی دەستکرد” بکرێت.
لە سایەی تەوریسی سیاسیشدا، کە “پارتی و یەکێتیی” کران بە “حیزبی ئەمنی”، ژمارەیەک هێزی تۆقێنەر داهێنران، بەزەبری چەک بڕیاری سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییان زەوت کرد، ئێستا بڕیاردەر و فەرمانڕەوای ڕاستەقینە هەر خۆیانن و ئامادەشن بەسەر کەللـەی خەڵکدا بڕۆن تا دەسەڵاتەکەیان بپارێزن.
کەواتە ئەگەر ئەوەت بەلاوە سەیر بووبێت لە “لالەزار” ڕوویدا، ئەوا دڵنیابە لەم وڵاتە تێناگەیت کە تیا دەژیت!
لەوەش تێناگەیت کە بۆچی خەونی ئیسرائیل ئەوەندە گەورەیە لە ١٩ ساڵیدا سوپای چوار وڵاتی عەرەبی تێک دەشکێنێت و سینا و جۆلان و قودس دەگرێت. خەونی دەسەڵاتی کوردیش ئەوەندە بچووکە کە لە ٣٥ ساڵیدا “لالەزار”ت بۆ دەگرێت!



