ڕەوا هەژار
بەر لە هەر شتێک، جێی خۆیەتی دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز بکرێت کە ئەرکیان کێشاوە و ئەم بەرهەمەیان، “وشەنامەکی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی“، بە چاپ گەیاندووە؛ پەرتووکێک کە ساڵانێکی زۆرە وەک کۆپییەکی ئەلیکترۆنی لە فەزای ئۆنلایندا دەسوڕێتەوە، تا ئەوەی هەر دوێنێ خۆم لە کۆڕی ناساندنەکەیدا ئامادە بووم و دانەیەکیشم لێی بە دیاری وەرگرت. مامۆستا جەمال نەبەز، وەک منەوەرێک و خەمخۆرێکی هۆشیاری نەتەوەکەی، جێ پەنجەی بەسەر مێژووی بیری نەتەوەییدا دیارە و دڵسۆزییەکەی بۆ کولتوورەکەی لای کەس جێگەی مشتومڕ نییە. لێ لێرەدا، وەک چۆن لە حەرەمی زانستدا دۆستایەتی بۆ حەقیقەت لە دۆستایەتی بۆ ئەفلاتوون گەورەترە، حەق وایە بێ پێچوپەنا و بە پێوەری وردی مەعریفی لەمەڕ ئەم پەرتووکە بدوێین.
ئەگەر بە چاوی حوججە و لێکۆڵینەوەی ڕەسەنی زمانەوانییەوە بڕوانینە ئەم نووسراوەیە، زۆر زەحمەتە بتوانین بیخەینە خانەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە. لە ڕاستیدا، من بە ڕەوای نابینم تەنانەت ناوی “وشەنامە”شی لێ بنرێت، چ جای ئەوەی پاشگری قورس و گرانبەهای وەکو “ئیتیمۆلۆژیا” بە باڵادا ببڕدرێت. زانستی ڕیشەسازی یان ڕیشەناسی (ئیتیمۆلۆژی)، زانستێکی تا بڵێی ماتماتیکییانەی فیلۆلۆژییە؛ پشت بە یاساکانی دەنگسازی، گۆڕانی مێژوویی ڕێزمان، و بەراوردکاریی ناو خێزانی زمانەکان دەبەستێت، نەک خەیاڵدانی کەسی و لێکچوونی ڕواڵەتی.
ئەم کتێبە، سەرەڕای نییەتە پاکەکەی نووسەرەکەی، تەلەزگەیەکی پڕ مەترسییە بۆ بەکارهێنەر و خوێنەری ناوریا. پڕیەتی لە هەڵەی کوشندە و زانیاریی چەوت، کە لە زانستدا پێی دەوترێت ئیتیمۆلۆژیای میللی یان عەوامانە. نووسەر لە تاو پەرۆشیی بۆ سەلماندنی دێرینیی زمانەکەی، پەنای بۆ لێکدانەوەیەک بردووە کە زۆرجار مرۆڤ لە ئاستیدا سەری سوڕ دەمێنێت.
با سەیری ئەم دوو نموونەیە بکەین:
مامۆستا هاتووە وشەی ” جەهەننەم” (Cehenem)ی دابەش کردووە بۆ دوو بڕگە: “جێ” و “نزم”، پێی وایە ئەمە وشەیەکی پەتیی کوردییە بە واتای (جێگەی نزم)! ئەم لێکدانەوەیە نەک هەر لە ڕاستییەوە دوورە، بگرە زۆرلەخۆکردنێکی بێمانای پێوە دیارە. سادەترین شارەزای زمانە سامییەکان و فیلۆلۆجیای ڕۆژهەڵاتی دەزانێت کە “جەهەننەم” ناوی شوێنێکە. ڕاستەوخۆ لە وشەی (Gehinnom، גֵיהִנּוֹם) ی عیبرییەوە هاتووە، کە کورتکراوەی (Gei Ben-Hinnom)ـە، واتە “دۆڵی کوڕی هیننۆم”. ئەمە دۆڵێک بووە لە باشووری ڕۆژئاوای قودس (ئۆرشەلیم) کە لە کۆندا پاشماوە و خاشاکی تێدا سووتێنراوە و گڕی تێدا بەردراوە. بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی دەقە ئایینییەکانەوە، ناوی ئەم دۆڵە لە عیبرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ سریانی (Gēhannā) و لەوێشەوە بۆ عەرەبی (جَهَنَّم) و بووەتە هێمای میتافیزیکی بۆ سزای ئاخیرەت. ئیتر چۆن دەکرێت ناوی دۆڵێکی دیاریکراوی ناو جوگرافیای قودس، بهێنرێتە سەر قاڵبی “جێ” و “نزم”ی کوردی؟ ئەمە لەتکردنێکی زۆرەملێیە کە زانست و بەڵگەی حاشاهەڵنەگری مێژوویی بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە.
لە بیرمە لەو ڕۆژگارەی باوکم کێڵگەیەکی پەلەوەری (دەواجن)ی هەبوو، جێگەیەک هەبوو تایبەت کرابوو بە فڕێدان و سووتاندنی کەلاکی ئەو مریشکانەی ڕۆژانە مرداردەبوونەوە. ئێمە لەناو خۆماندا بەو جێگەیەی کە بەردەوام گڕ و دووکەڵی لێ هەڵدەستا دەمانوت «جەهەننەمەکە». ئەم ناونانە خۆڕسکییە، ڕێک کۆپییەکی زیندووی هەمان ئەو وێنە دێرینەی دۆڵی هیننۆمە لە قودس. سەیرتر لەمە ئەوەیە کە مامۆستا بۆ پاساودانی ئەم بۆچوونەی و چەسپاندنی چەمکی «نزم»ی، پەنا دەباتە بەر دەقی قورئان و دەستەواژەی «ئەسفەلە سافیلین» (أسفل سافلين) دەهێنێتەوە وەک بەڵگە بۆ ئەوەی جەهەننەم جێگەیەکی نزمە! ئەمە تێکەڵکردنێکی زۆر نامۆ و دژە-میتۆدە؛ چونکە نووسەر لەبری ئەوەی بە دوای ڕەچەڵەکی مێژوویی وشەکەدا بچێت لە زمانە دێرینەکاندا، هاتووە ‘سیفەت’ و وەسفێکی میتافیزیکیی ناو دەقێکی ئایینی کە سەدان ساڵ دواتر هاتووە، کردووەتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر ‘ڕیشە’ و پێکهاتەی وشەکە. ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە سیفەتی شتێک بکەیتە دایکی ناوی شتەکە.
لە جێگەیەکی تردا، وشەی “بیانی” (Biyanî) دەباتەوە سەر “بێ-خانی”، واتا کەسێک کە ماڵ و خانووی نییە! ئەمەشیان هەڵەیەکی کوشندەی وشەسازییە و سەرپێچییەکی ڕوونی یاساکانی گۆڕانی دەنگە. لە زانستی ڕیشەسازیی زمانە هیندۆئێرانییەکاندا، بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان هەیە کە ئەم وشەیە لە ڕەگی (bē)ی ئێرانیی کۆنەوە هاتووە بە واتای “دەرەوە” یان “ئەوی دی”. لە فارسیی ناوەڕاستدا (پەهلەوی) وشەکە بە ئاشکرا بە فۆرمی (bēgānag) تۆمار کراوە، کە دواتر لە زمانە ئێرانییە نوێیەکاندا وەک فارسی بووەتە “بیگانە” و لە کوردیشدا بووەتە “بێگانە” و فۆرمە سووککراوەکەی “بیانی”. وشەکە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە “خانوو” و “خان”ـەوە نییە، چونکە ئەگەر وابوایە، دەبوو بپرسین پیتی “خ” چۆن و بە چ بنەمایەک توایەوە و بوو بە “ی”؟ لە یاساکانی فۆنۆلۆژیای کوردیدا هیچ پاساوێک نییە بۆ سڕینەوەی (خ)ی سەرەتای ناو لە پێکهاتەی ئاوەڵناودا بەو شێوەیە. ئیدی دەیان نمونەی دیکەش.
ئەم جۆرە لێکدانەوەیە لە شیعر و پەخشاندا ڕەنگە تامی هەبێت و بۆ پەرۆشیی نەتەوەیی کار بکات، بەڵام لە تەرازووی زانستی زمانەوانیدا هیچ سەنگێکی نییە و دەچێتە قاڵبی یاریپێکردنی وشەوە بەبێ گوێدانە مێژوو و قاعیدە زانستییەکان.
بۆیە، دەبێت هەر کەسێک کە بۆ مەبەستی توێژینەوە لای لەم پەڕتووکە کردەوە، لەوپەڕی وریاییدا بێت. ئەگەر ئەم بەرهەمە بەهایەکی هەبێت، تەنها و تەنها لە ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆجییەوەیە؛ وەک بەڵگەنامەیەکی سەردەمێک کە تێیدا منەوەرێکی کورد لە ژێر فشاری تواندنەوە و چەوساندنەوەی نەتەوەکەیدا، هەوڵی داوە بە هەر نرخێک بووە قەڵغانێک بۆ زمانەکەی دروست بکات و شکۆی بۆ بگەڕێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی کەرەستەی دژە-زانستیش بووبێت. ئەمە نموونەیەکە بۆ بینینی سایکۆلۆجیای بەرگریی نەتەوەیی، نەک سەرچاوەیەک بۆ هەڵکۆڵینی ڕیشەی زمان. دەبێت ئەوەش مەعلووم بێت کە بیناکردنی شانازیی نەتەوەیی لەسەر بناغەی زانیاریی چەوت و هەڵچوونی سۆزداری، وەک هەڵنانی قەڵایەکە لەسەر لمی سەراب؛ بە یەکەم ڕەشەبای پێوەری زانستی و بەراوردکاریی فیلۆلۆجی، نەک هەر قەڵاکە دادەڕمێت، بگرە پاساو دەداتە دەست نەیاران و تەنانەت ناوەندە ئەکادیمییە بێلایەنەکانیش، کە بە چاوی گاڵتەجاڕییەوە بڕواننە تەواوی ڕەسەنایەتیی زمانەکەمان و ئەوەشی کە ڕاستە و خۆماڵییە، بە گومانەوە تەماشای بکەن.
خزمەتی ڕاستەقینەی زمان، ڕووبەڕووبوونەوەیەتی لەگەڵ تیشکی تاقیگەی زانستدا، نەک داپۆشینی بە پەردەی ئیتیمۆلۆجیای عەوامانە. چونکە حەقیقەتی ڕووت، با بچووکیش بێت، لە وەهمێکی زەبەلاحی بێ بنەما زۆر سەنگینتر و بڕشتدارترە.


