سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆرباکەی ئۆجەلان، سوێرە یان بێ خوێ: شارستانیەتی دیموکراسی چیە

ئیبراهیم شێخ وەسانی

بەشی چوارەم

عەبدوڵا ئۆجەلان ٧٦ ساڵ لەمەوبەر لە باوکێکی کەسایەتی تێکشکاوی بێهێز و ژنێک بەناوی “عوەیش”، کە ئەوەندە بەهێز بووە توانیویەتی هەژموونی خۆی بەسەر “عومەر”ی مێردی و دراوسێکانی لە گوندی ئامەرای سەر بە قەزای خەلفەتی، ولایەتی ڕۆحای باکووری کوردستان، بسەپێنێ، لەدایک بوو. بەڵام ئۆجەلان دروستکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و وازهێنان لە دروستکردنی دەوڵەت بە لەدایک بوونی دووەم و سێییەمی خۆی ناو دەبات و دەڵێت «دابڕانم لە دەوڵەتی مۆدێرن و سەرمایەداری لەدایکبوونی سێیەمی منە». ئۆجەلان پێیوایە لۆجیکی هێزی دەستەڵاتداری لەو ناهاوسەنگییەی هێزی نێوان دایکی و باوکی فێربووە. بە واتایەکی دیکە، هەوڵە سەرەتاییەکانی ئۆجەلان بۆ بەدەستهێنانی هێز لە ڕێگەی دەوڵەتەوە لەو ناهاوسەنگییە سەرچاوەی گرتووە.

لە بەشەکانی پێشتر باسمان کرد کە بەدیلی دەوڵەت لەلای ئۆجەلان “کۆمەڵگەی دیموکراتیکە”، بەڵام لای زۆرینەی کورد ئەو بەدیلە وەک مەتەڵێک وایە. هیچ کەس نازانێ میکانیزمی پاراستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرامبەر جەبەروتی دەوڵەت چییە، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە زۆرینەی کورد بە هەوادارەکانی “ئۆجەلان”یشەوە تاکو ئێستا نازانن ئەو کۆمەڵگەی دیموکراتیکە چۆن خۆی دەپارێزی و بنیات دەنێت.

کۆمەڵگەی دیموکراتیک دانانی بناغەی سیستەمێکە کە بەر لە هەمووان لەسەر کورد تاقی دەکرێتەوە، کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە بچینە ناو وردەکاریی باسەکە، لەو سیستەمە تێبگەین کە بۆمان پێشنیار کراوە، ئەگەر ئەوە نەکەین گەوەرترین غەدر لە کورد دەکەین و گوناهبارین. بەبڕوای من ئەرکی هەموو ئەوانەی پێیان وایە لە فیکری ئۆجەلان تێدەگەن، ئەوەیە کە زۆر بە سادەیی ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ئۆجەلان چی دەوێت.

دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە لەناو ئەو سیستەمەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئۆجەلان چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ دیپلۆماسی، هێزی بەرگریی، ئابووریی، ڕووناکبیریی و ژیانی کۆمەڵایەتیی دەکرێت. پێویستە کورد ئەوە بزانێت کە پێکهاتەی یاسایی ئەو کۆمەڵگەی دیموکراتییە چییە و میکانیزمی جێبەجێ کردنی چۆنە. بەڵام بۆ ئەوەی لە شادەماری فیکری ئۆجەلان کە کۆمەڵگەی دیموکراتیکە ( نەتەوەی دیموکراتیکە) تێ بگەین، دەبێت بە وردی لە چەمکەکانی “شارستانییەتی دیموکراتی”، “شارستانییەتی سەرمایەداری”، “مۆدێرنەی دیموکراتی”، “مۆدێرنەی سەرمایەداری”، “کۆمەڵگەی ئیکۆلۆجی”، “ژنۆلۆجی” و “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی” تێ بگەین. پێویستە لە پەیوەندی دینامیکی و ئۆرگانی نێوان «شارستانییەتی دیموکراتیک» و «مۆدێرنەی دیموکراتیک» و «کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی» و «کۆمەڵگەی دیموکراتیک» تێ بگەین. سەرەتا بابزانیین “شارستانییەتی دیموکراتی” لەلای ئۆجەلان واتە چی؟ پێویستە جیاوازییەکانی نێوان شارستانییەتی دیموکراتی و شارستانییەتی سەرمایەداری دەربخەین.

لە دیدی ئۆجەلان، شارستانییەت، کولتوورێکە کە بۆ یەکەمجار لەدوای دروستبوونی شار لە ئەنجامی ئینحرافێک (لادانێک) لە کۆمەڵگەی یەکەم (کۆمەڵگەی پێش دروستبوونی شار)، کە ئۆجەلان بە کۆمەڵگەی ئەخلاقی-سیاسی ناوی دەبات دروستبووە. بەباوەڕی ئۆجەلان ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێش دروستبوونی شار هەبووە، کۆمەڵگەیەکی زۆر تەندروستر بووە.

ئۆجەلان پێی وایە ئەو کولتوورەی کە بە لادانێکی ناتەدروست لە ئەنجامی دروستبوونی شار دروست دەبێت تەنها نوێنەرایەتی دەوڵەتداری و سەروەریی و چینی سەرەوەی کۆمەڵگە دەکات. ئۆجەلان، ئەو کولتوورە بە شارستانییەتی چینایەتی-دەوڵەت پێناسە دەکات، بەڵام ئەو کەناڵەی کە ئەو توێژە دانیشتوانە لەخۆدەگرێت کە لە دەرەوەی دەوڵەتن و دەسەڵاتیان بەدەست نەهێناوە و نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگە دەکەن بە «شارستانییەتی دیموکراتیک» پێناسەی دەکات.

لەلای ئۆجەلان شارستانییەتی چینایەتی دەوڵەتی و شارستانییەتی دیموکراسی دوو سیمای مێژووی شارستانیەتن. ئەو شارستانییەتی چینایەتی کە ئێستا لە قۆناغی سەرمایەداری دایە لەگەڵ شارستانیەتی دیموکراسی وەک تێز و ئەنتی تێز پێناسە دەکات کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەیەکەوە بوونیان هەبووە.

ئەو کولتوورەی بەهۆی دروستبوونی شار سەرهەڵدەدات کۆمەڵێک تایبەتمەدی و پیشەی وەک «شارنشینی، بازرگانی، دامەزراوەی ئایینی و زانستی، سیاسی و سەربازی» لەگەڵ خۆی دێنێ کە هەموویان بەیەکەوە شارستانییەتێک دروست دەکەن کە پەیوەندی بە کولتووری چینایەتی و دەوڵەتەوە هەیە، تێیدا یاسا دەبێتە شوێنگرەوەی ئەخلاق، بە باوەڕی ئۆجەلان تەنانەت سێکسیزمی کۆمەڵایەتیی پیاوان بەو مانایەی کە ژنان لە پیاو کەمترن بەرهەمی ئەو شارستانییەتەیە کە لە ئەنجامی لادانێک دروست بووە.

بە باوەڕی ئۆجەلان شارستانییەت کولتوورێکە کە لە دژی ئەخلاقی سیاسی کۆمەڵگەی یەکەمی مرۆڤەکان گەشە دەکات، پرۆسەیەک نییە کە لەخۆوە یان هەمووی بە یەکجاری ڕووبدات، دەرئەنجامی تێکۆشان و هێرشێکە کە بەشێوەیەکی زۆر سیستەماتیک لە دژی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) ئەنجام دەدرێت. چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی کە  ئۆجەلان بەکاری دەهێنێ، یەکەم فۆڕمی کۆمەڵگەیە کە لە سەردەمی بەردینی نوێ (نیولیتیکی) دروست بووە.

ئەو شارستانییەتەی شار کە لە ئەنجامی لادانێک لە کۆمەڵگەی یەکەمی مرۆڤ دروست دەبێت، بە گوێرەی تێگەیشتنی ئۆجەلان، وەزیفەی سەرەکی ئەوەیە بە بەردەوامی مانای ئازادی جینۆساید بکات. ئەو پێی وایە شارستانییەت لەسەر حیسابی لەدەستدانی ئازادی گەشەی کردووە، بەرهەمی عەقڵیەتێکە کە کۆمەڵگە دابەشی دوو بەشی نایەکسان دەکات، کەمێکیان دەکاتە سۆژە و زۆرینەش دەکاتە ئۆبژە.

ماویەتی…

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO