کازم عەباس زەندی
ڕاستییەکەی ئەو زمانانەی کە تەنیا ئاخاوتنیان پێ دەکرێت هەرگیز هاوبڕکێی ئەو زمانانەیان پێ ناکرێت، کە لە خوێندندا بەکار دەهێنرێن، بۆیە دەبێت زمانی دایک لەپڕۆسەی خوێندندا لەبەکارهێنان و خزمەتکردندا پێشبەندی هەبێت، چونکە لەم ڕێیەوە هەر نەتەوەیەک دەتوانێت تایبەتمەندییەکانی خۆی بپارێزێت و لەڕێی زمانەوە بناغەی هەبوونی خۆی دابمەزرێنێت، هەر بەخوێندن زمان بەرگەی توانەوە دەگرێت و ناتوانرێت زمانی دیکەی بەسەردا زاڵ بکرێت، ئەو پێوەرەی کە بۆ لەیەکتر جیاکردنەوەی زمانەکانیش پشتی پێ دەبەسترێت، بەو ڕێڕەوە دادەنرێت، کە زمانەک پێیدا تێپەڕیوە، ئەو ڕێڕەوەش بە بەکارهێنانی زمان لە پڕۆسەی خوێندن دەستنیشان دەکرێت، چونکە خوێندن وا دەکات زمان لە قۆناغی هەڕەمەکی داببڕێت و مێژووی ئەو نەتەوەیە دیارو ڕۆشنتربێت هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت بەئاسانی دەست بەسەر دەستەواژەکانیدا دابگیرێت، لەهەمان کاتدا بەو هۆکارەش دادەنرێت کە ڕێڕەوی زمان دەگۆڕێت و لەگەڵیدا بیرکردنەوەو تێگەیشتنی کەسەکانیشی پێ دەگۆڕدرێت، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵسو کەوت و بیرکردنەوەی تاکەکانی هەر نەتەوەیەکدا دەبێت، کەواتە ئەم پڕۆسەیە بەگرنگترین سەرچاوە بۆ خزمەتکردنی زمانی نەتەوە دادەنرێت، بۆیە پێویستە بەر لەهەر پێناسەیەکی دیکەی نەتەوەیی بایەخی زیاتر بەزمانی دایک بدرێت .
هەروەك دەزانين كوردستانى باشوور پارچەیەکی بچووكە لەكوردستانى گەورە، بەڵام هەر لەسەرەتاى سەدەى بيستەمەوە زۆرترين ئەرك و بەرپرسياريەتى خزمەتى زمانى كوردى كەوتۆتە سەرشان، چونكە بەڕاددەيەكى زیاتر لەپارچەكانى دیکە لەبەكارهێنانى زمانی کوردیدا كاراترو ئازادتربووە هەروەها بەسيستەمى نوێش لەخوێندندا بەشێوەيەكى بەردەوام زمانى كوردى بەكارهاتووە، بەمەش چەند نەوەيەكيان لێ بەرهەمهاتووە، كە بەكوردى دەنووسن و دەخوێننەوە، لەكاتەكدا لەپارچەكانى دیکەدا زمانى كوردى قەدەغەبووە یان نووسينى پێ نەكراوە، بۆيە هەق وايە ئەگەر خزمەت و چاكەى زياترى كرد بێت بەستايش باس بكرێت، ئەگەر لەئاستى پێويستيشدا نەبووبێت ڕەخنەى زياترى لێ بگيرێت .
بەباوەڕی ئێمە حەفتاكانى سەدەى بيستەم قۆناغەكى جياكەرەوەيە لەنێوان دوو سەردەمى جياواز بۆ زمانى كوردى لەباشوورو لەپارچەكانى دیکەی كوردستاندا، چونكە لەسەرەتاى حەفتاكان كۆڕى زانيارى كورد لەبەغدا وەک دەزگايەكى فەرمی دامەزرا، ئەمەش وايكرد خزمەتكردنى زمانى كوردى لەخەمخۆرى تاكەكەسييەوە بۆ دەزگايەكى پەيوەست وتایبەت بەزمانى كوردييەوە بگۆڕێت، لەدوای ڕاپەڕینی (1991) یش، کە دەسەڵاتى داگيركەر لەپێگەى بڕیار دووركەوتەوە، ئەکادیمیای کوردی لەجێی دامەزرێنرایەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم دەزگایە نەیتوانی ئەم کەلێن و بۆشایییە پڕبکاتەوەو بەو ئەرکە هەڵ بستێت کە زمانی کوردی پێویستی پێی هەبوو، چونکە لەپەنا سێبەری ئەم دەزگایە ئەوەی داگیرکەران ڕێیان پێ نەدەبرد پەیڕەوکرا، ئەوەی لەخەیالی داگیرکەراندابوو جێبەجێ دەکرا، بەدەستی خۆمان! زمانی خۆمان! دەکردە زمانی دووەم، بەمەش زمانی کوردی ئەوەندە بێ بایەخکرا کە وەک ئەوەی میللەتەکی بێ زمان بین، تا وای لێهات لەبواری ئابووری و فێرکردندا گرنگی نەمێنێت و بژێوی ژیانی خوێندەوارو نەخوێندەوارانی بەزمانی ترەوە گرێ بدرێت، هەموو ئەمانەش لەڕێی ئەو سیستەمەوە جێبەجێ دەکرا کە لەخوێندندا پەیڕەو دەکرا، چونکە ئەو سیستەمە زیاتر بۆ نەتەوەیەک دەشیا کە پارێزراوبێت و خاکەکەی داگیرکراو نەبێت، بۆ زمانەک دەشیا کە پلان و هەڕەشەی تواندنەوەی لەسەر نەبێت، بەڵام ئێمەی کورد کە زمان و خاکەکەمان هەموو پلانەکی ڕەشی لەگەڵدا بەکار دەهێنرێت، بۆیە دەبوایە خزمەتی زمانەکەمان لەپڕۆسەی خوێندندا گرنگی زیتری پێ بدرابوایە، بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕین نەمانتوانی لەو دەرفەتە ئازادییە سوود وەربگرین و بتوانین پلانی داگیرکەران کەبۆ زمانەکەمان هەیانبوو پووچەڵ بکەینەوە، بەڵکوو ئاسانکاریان بۆ دەکرا، ئەمەش بەبیری چەند کەسەک ڕێک دەخرا، کە خەمی زمانی کوردیان بەئەرکی خۆیان نەدەزانی، بۆیە بە قەدەرو بەڕازیکردنی داگیرکەرانیان دەسپارد، ئەم جۆرە کەسانەش هەندەکیان هیچ نەزانی گەورەکراوبوون، هەندەکیشیان هەر بەڕاست ئەوەندەیان لەگرنگی خوێندن بۆ زمان دەزانی، بەداخەوە لەمەشدا مامۆستای زانکۆ هەیە کە ئەم ڕێڕەوە بەڕاست دەزانی، زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت زمانی کوردی هەزار ساڵە هەروابووەو لەناو نەچووە، بۆیە ئاسایییە زمانی تریشی لەگەڵدا بەکار بهێنرێت و بەسەریشیدا زاڵ بکرێت، یان ئەندامی ئەکادیمیا هەیە، لەبیرکردنەوەدا بەراوردی زمانی کوردی و زمانەکی وەک ئەڵمانی دەکات و دەڵێت لە ئەڵمانیا ئاسایییە ئەگەر زمانی تریش بەکار بهێنێت و تابلۆی سەر دووکان و بازاڕەکانی پێ بنوسرێت، ئەمەش دەکاتە پاساو بۆ ئەوەی هەموو زمانەک لەکوردستان مافی بەکار هێنانی هەبێت و بتوانن هاوبڕکێی زمانی کوردی بکەن لەکاتەکدا بێ ئاگایە لەوەی ئەڵمان و هەموو وڵاتەکانی ئەوڕووپا، نەتەوەیەکن کەس ناتوانێ دان بەبوونیاندا نەنێت، کەچی ئێمەی کورد تا ئێستا ئینکاری لەبوون و هەبوونمان دەکرێت، زمانی ئەڵمانی زمانەکە لەپڕۆسەی خوێندن سەدان ساڵە خزمەت دەکرێت کەچی زمانی کوردی تا ئێستا پلانی تواندنەوەی بۆ دادەنرێت، لەئەڵمانیاو لەهەر وڵاتەکی ئەوڕووپیدا، تا فیرە زمانەکەیان نەبێت بە بەردەستی خۆیانیش مافی نیشتەجێبوونت نادەنێ کەچی ئەوەی دێتە کوردستان لەجیاتی ئەوەی ئەوان فێرە کوردی بکرێن، کەشو هەوایەکیان بۆ سازکراوە کە ئاخێوەری کورد ناچار بێت خۆی فێرە زمانی ئەوان بکات تاوەکوو کارو کاسبی دەست بکەوێت، ئەم لێکەوتانەش وایانکردووە تاکی کورد زمانی خۆی بەهاوتای زمانی داگیرکەران نەزانێت، بەدوای زمانەکی زاڵدا بگەڕێت و ئەو زمانە لەزمانی خۆی بەگرنگتر بزانێت، زمانی دووەمی لەزمانى دایکی کە کوردییە بەلاوە بایەخدارتر بێت، فێرخوازانی هەوڵی فێربوونی زمانی دیکە بدەن و لافی ئەوە لێ بدەن کە زمانی دیکە دەزانن .
بەداخەوە بایەخدان بەزمانی بێگانە لەکوردستانی باشوور، شێوە بيركردنەوەيەکە بەردەوامى هەيەو كراوە بە بەرنامەى فێركردن، ئەمەش کاریگەری لەسەرسووڕی پێگەیشتنی زمان و ڕەنگدانەوەى لەسەر فێربوونى خوێندەواران و توێژينەوەكان و ڕۆشنبيرى زمانەوانى و بابەت و پرۆگرامەكاندا پەيداكردووە، بۆيە هیوادارم ئەگەر ڕۆژەک لەڕۆژان پارچەکانی تری کوردستان دەرفەتێکی وەکوو ئێمەیان بۆ ڕەخسا، هەرگیز لەسیاسەت و پلانی زمان لاسایی ئێمە نەکەنەوە ، چونکە بەلاڕێیەکی هەڵەدا دەڕون، کە لەدواتردا ڕاستکردنەوەی زۆر زەحمەت و ئاڵۆز دەبێت .



