بەرەو بەربینایەکی دروست بۆ سەروەریی
چەمکی سەروەریی نەتەوەیی لە دۆخی ئێستای کوردستاندا، بۆتە گۆڕەپانی ململانێیەکی هزری و سیاسی قووڵ، لە نێوان دوو تێگەی تەواو جیاواز: تێگەیشتنی سەربەخۆییخوازیی کە سەروەریی وەک چەمکێکی تەواو و دابەشنەکراو دەبینێت. تێگەیشتنی خودموختاریخوازیی کە هەوڵ دەدات سەروەریی وەک چەمکێکی پلەبەندیکراو و دابەشکراو پێشکەش بکات.
ئەم وتارە، لە ڕێگای شیکردنەوەیەکی قووڵی تیۆرییەکانی سەروەریی لە فەلسەفەی سیاسی کلاسیک و هاوچەرخدا، و لە ڕێگای بەراوردکاری لەگەڵ ئەزموونە سەرکەوتووەکانی دەوڵەتسازی لە جیهانی سەردەمدا دەیسەلمێنێت، کە سەروەریی نەتەوەیی تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەتوانێت دەستەبەر بێت. ئەم شیکارییە تەنیا باسێکی تیۆری نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ ئەو گوتارە خودموختاریخوازییەی، کە لە ڕێگای چەواشەکردنی چەمکەکانەوە، هەوڵی ڕەواییدان بە دۆخی بندەستی و مانەوە دەدات.
پرسی سەروەریی نەتەوەیی، وەک یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی مۆدێرن، لە دۆخی کوردستاندا ڕەهەندێکی تایبەت و قووڵتر وەردەگرێت. تێگەیشتنی باو لە سەروەریی، کە زۆرجار لە بیری سیاسی و یاسایی هاوچەرخدا دەبینرێت، هەوڵ دەدات سەروەریی وەک شتێکی دابەشکراو و پلەبەندیکراو پێشکەش بکات. ئەم تێگەیشتنە، کە بناغەی تیۆری خودموختاری، فێدراڵی و کۆنفێدراڵییە، لە ڕاستیدا تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە چییەتی سەروەریی. ژان بۆدین، وەک یەکەم تیۆریسیەنی گەورەی سەروەریی لە سەردەمی مۆدێرندا، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە سەروەریی نە دابەش دەکرێت و نە دەتوانرێت بە شێوەی پلەبەندی لێی تێبگەین. بە واتایەکی دیکە، سەروەریی یان هەیە یان نییە – هیچ دۆخێکی ناوەندی بوونی نییە. ئەم تێگەیشتنە بنەڕەتییە، کە دواتر لەلایەن بیرمەندانی وەک هۆبز و ڕۆسۆوە پەرەی پێدرا، ئێستا لە دۆخی کوردستاندا گرنگییەکی تایبەت و مێژوویی وەردەگرێت. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین کە هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت سەروەریی لە چوارچێوەی خودموختاری یان فێدراڵیدا پێناسە بکەنەوە، لە ڕاستیدا خەریکی چەواشەکردنی چەمکێکی فەلسەفی-سیاسی بنەڕەتین.
کاتێک لە ڕوانگەی هێگڵەوە سەیری پرسی سەروەریی دەکەین، دەبینین کە سەروەریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە خودئاگایی و لەخۆڕوانینی نەتەوەییەوە هەیە. بەلای هێگڵەوە، سەروەریی دەربڕینی ئیرادەی ڕەهای نەتەوەیە لە فۆرمی دەوڵەتدا. ئەم تێگەیشتنە بناغەییە دژی هەر جۆرە لێکدانەوەیەکە کە هەوڵ دەدات سەروەریی وەک شتێکی دابەشکراو یان نیوەچڵ پێشکەش بکات. لێرەوە دەبینین چۆن تیۆرە نوێیەکانی وەک “پۆست-سۆڤرێنتی” یان “سەروەریی دابەشکراو” لە ڕاستیدا هەوڵن بۆ چەواشەکردنی پرسێکی بنەڕەتی فەلسەفی-سیاسی. کاتێک ئەم تێگەیشتنە قووڵە لە سەروەریی بەسەر دۆخی کوردستاندا جێبەجێ دەکەین، دەبینین کە تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێت ببێتە دەربڕی ئەو سەروەرییە ڕەهایەی کە هێگڵ باسی لێوە دەکات. هەموو فۆرمەکانی دیکەی “سەروەریی” لە ڕاستیدا هەوڵن بۆ دواخستن و ڕێگرتن لە گەیشتنی نەتەوەیەک بە سەروەریی ڕاستەقینە.
ئەم تێگەیشتنە بنەڕەتییە لە سەروەریی، کە لە فەلسەفەی هێگڵ و بۆدین و هۆبزەوە سەرچاوە دەگرێت، لەلایەن کارڵ شمیت و ئیریک ڤۆگلینەوە پەرەی زیاتری پێدرا. شمیت، لە شیکردنەوە قووڵەکەیدا بۆ چەمکی سەروەریی، ئاماژە بەوە دەکات کە سەروەریی پەیوەندی بە توانای دیاریکردنی دۆخی نائاساییەوە هەیە – واتا ئەو دۆخەی کە تێیدا نەتەوە بڕیاری چارەنووسسازی خۆی دەدات. ڤۆگلین، لە لایەکی دیکەوە، باس لە پەیوەندی نێوان سەروەریی و نەزمی کۆزمۆلۆژی دەکات. بەلای ئەوەوە، سەروەریی تەنیا چەمکێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەربڕینی نەزمێکی قووڵترە کە پەیوەندی بە بوونی مێژوویی و کولتووری نەتەوەوە هەیە. کاتێک ئەم دوو تێگە قووڵە تێکەڵ دەکەین، تێگینی شمیت لە سەروەریی وەک توانای بڕیاردان و تێگینی ڤۆگلین لە سەروەریی وەک نەزمێکی کۆزمۆلۆژی – دەگەینە دیدگایەکی تەیار: سەروەریی نەک تەنیا پرسێکی سیاسی-یاساییە، بەڵکو گوزارشتێکی ڕەوایە بۆ مافیێکی بنەڕەتی نەتەوەیەک، بۆ خۆدیاریکردن لە چوارچێوەی نەزمێکی مێژوویی و کولتووریدا. هەر لێرەوە دەردەکەوێت کە بۆچی هیچ کڵێشەیەک لە خودموختاری یان فێدراڵی ناتوانێت جێگرەوەی سەروەریی تەواو بێت، چونکە لە هیچکام لەم فۆرمانەدا نەتەوە ناتوانێت بە تەواوی ئەم مافە بنەڕەتییەی خۆی بەدی بهێنێت. ئەم مافە تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەتواندرێت دابین بکرێت، چونکە تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆیە کە دەتوانێت هەم توانای بڕیاردانی چارەنووسساز و هەم دەرفەتی دروستکردنی نەزمی تایبەتی کولتووری و مێژوویی بۆ نەتەوە دابین بکات.
مایکڵ واڵزەر، لە شیکردنەوە قووڵەکەیدا بۆ مانای خۆبڕیاردەریی لە کۆنتێکستی دەوڵەتی نەتەوەییدا، باس لەوە دەکات کە خۆبڕیاردەریی تەنیا چەمکێکی سیاسی-یاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پرۆسەی خۆبنیاتنانی کۆیی نەتەوەوە هەیە. ئەم تێگەیشتنە، کاتێک لەگەڵ تیۆری یاسایی کارڵ شمیت و تێگەیشتنی ڤۆگلین لە نەزمی سیاسی تێکەڵ دەکرێت، ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت: خۆبڕیاردەریی دەبێتە چەمکێک کە گوزارشت لە خودئاگایی و ویستی نەتەوەیەک دەکات بۆ هەڵبژاردنی خۆی وەک هێز و دەسەڵات لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا. ئەم تێگە فرااوانە، کە ڕیشەی لە فەلسەفەی سیاسی کلاسیکدا هەیە، بە تەواوی دژی ئەو تێگەیشتنە باوەیە کە هەوڵ دەدات خۆبڕیاردەریی لە چوارچێوەی پەرگالە ناسەربەخۆکاندا پێناسە بکاتەوە. هەر وەک ئەرەستۆ، لە شیکردنەوەکەیدا بۆ دەوڵەتشار، باسی لەوە کردووە کە یەکەی سیاسی دەبێت خۆبەس (autarkic) بێت، خۆبڕیاردەریش پێویستی بە سەروەریی تەواو و خۆبینی و خۆژینی هەیە. ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا دێتە دی، چونکە تەنیا لەم دۆخەدایە کە نەتەوە دەتوانێت بەبێ دەستێوەردانی هێزی دەرەکی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری خۆی هەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسایا بێرلین، لە شیکردنەوەکەیدا بۆ چەمکی ئازادی نەرێنی و ئەرێنی، چوارچێوەیەکی گرنگمان بۆدیاری دەکات، بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان سەروەریی و خۆبڕیاردەریی. بێرلین جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادی نەرێنی (ئازادی لە دەستێوەردان و کۆنترۆڵی دەرەکی) پێش مەرجی سەرەکی ئازادی ئەرێنییە (توانای بەدیهێنانی ئامانجەکان و خۆژینی). ئەم تێڕوانینە کاتێک بۆ سەر ئاستی نەتەوەیی دەگوازرێتەوە، پێمان دەڵێت کە سەروەریی نەتەوەیی – واتا ڕزگاربوون لە دەستێوەردانی دەرەکی – پێش مەرجی سەرەکی خۆبڕیاردەرییە. بە واتایەکی دیکە، هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بە ڕاستی خۆبڕیاردەر بێت، ئەگەر سەروەریی تەواوی نەبێت. هەروەها، وەک ئیمانوێل کانت لە “ئاشتی هەتاهەتایی”دا باسی دەکات، تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆ دەتوانێت ببێتە بەشێکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەشداری لە دیاریکردنی نەزمی جیهانیدا بکات. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سەروەریی نەک تەنیا پێش مەرجی خۆبڕیاردەری نێوخۆییە، بەڵکو پێش مەرجی بەشداری کارایە لە سیستەمی نێودەوڵەتیشدا.
خۆبڕیاردەری و سەروەریی نەتەوەیی لە دۆخی سیاسی هاوچەرخدا، مانایەکی قووڵتر لە تێگەهی باو وەردەگرن. لە شۆڕشی فەرەنسییەوە، کە بناغەی دەوڵەتی مۆدێرنی داڕشت، هەتا دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەوڵی دا چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دابمەزرێنێت، دەبینین چۆن سەروەریی نەتەوەیی وەک بناغەی هەموو مافە سیاسییەکانی دیکە دەردەکەوێت. ئەزموونی پاش جەنگی دووهەمی جیهانیی، بە تایبەت سەربەخۆیی هیندوستان و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، نیشانی دا کە چۆن نەتەوەیەک تەنیا لە ڕێگای دەوڵەتی سەربەخۆوە دەتوانێت سەروەریی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێت. بە نموونە هیندوستان، پێش سەربەخۆیی خاوەنی جۆرێک لە خودموختاری بوو لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، بەڵام ئەم خودموختارییە نەیتوانی وەڵامدەرەوەی خواستی سەروەریی نەتەوەیی هیندییەکان بێت. هەروەها، ئەزموونی ئیرلەندا نیشانی دا کە چۆن فۆرمە ناسەربەخۆکان، وەک “هۆم ڕوڵ”، نەیانتوانی جێگرەوەی سەروەریی تەواو بن. تەنانەت ئەزموونی دوای جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و یوگسلاڤیا ،ئەم ڕاستییەی سەلماند کە هەر نەتەوەیەک پێویستی بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت خاوەنی سەروەریی ڕاستەقینە بێت.
کاتێک ئەم تێگەیشتنە تەواوە لە سەروەریی لەگەڵ تیۆرە کلاسیکەکانی دەوڵەتسازی تێکەڵ دەکەین، دەگەینە تێڕوانینێکی بێ خەوش و کەمایەسی لە پەیوەندی نێوان خۆبڕیاردەری و دەوڵەتی نەتەوەیی. هۆبز، لە “لیڤایاتان”دا، باس لەوە دەکات کە دەوڵەت تەنیا دامەزراوەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو یەکگرتنەوەی ئیرادەی گشتی نەتەوەیە لە کلێشەیەکی سیاسیدا. ئەم تێگەیشتنە لە ئەزموونی سەردەمی هاوچەرخدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە، کاتێک سەیری ئەزموونی سلۆڤاکیا دەکەین، دەبینین چۆن سیستەمی فێدراڵی لەگەڵ چێک نەیتوانی وەڵامدەرەوەی خواستی خۆبڕیاردەری سلۆڤاکەکان بێت و لە کۆتاییدا جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ تەنیا ڕێگەچارە بوو. هەروەها، ئەزموونی جیابوونەوەی نەرویژ لە سوید لە ١٩٠٥، کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئەنجام درا، نموونەیەکی دیکەی زیندووە کە چۆن سەروەریی تەواو و خۆبڕیاردەریی تەنیا لە ڕێگای دەوڵەتی سەربەخۆوە دێتە دی و هیچ فۆرمێکی یەکێتی یان فێدراڵی ناتوانێت جێگرەوەی بێت.
لە ئەزموونی دوای جەنگی دووهەمی جیهانی، بە تایبەت لە پرۆسەی دیکۆلۆنیزاسیۆن (decolonization)دا، دەبینین چۆن هەوڵەکان بۆ دروستکردنی فۆرمی جیاوازی “یەکێتی” و “فێدراسیۆن” شکستیان هێنا. یەکێتی نێوان میسر و سووریا (کۆماری یەکگرتووی عەرەبی ١٩٥٨-١٩٦١)، سەرەڕای هاوبەشی زمانی و کولتووری، نەیتوانی بەردەوام بێت، چونکە لەگەڵ پرەنسیپی سەروەریی نەتەوەییدا ناکۆک بوو. هەروەها فێدراسیۆنی ڕۆدیزیا و نیاسالاند (١٩٥٣-١٩٦٣) کە بەریتانیا دایمەزراند، بەرەو هەڵوەشانەوە چوو و سێ دەوڵەتی سەربەخۆی زامبیا، زیمبابوێ و مەلاوی لێ دروست بوو. ئەم ئەزموونانە، وەک هێگڵ لە شیکردنەوەکەیدا بۆ دەوڵەت ئاماژەی پێکردووە، نیشانی دەدەن کە سەروەریی نەتەوەیی پرۆسەیەکی سروشتی و مێژووییە کە ناکرێت لە ڕێگای دروستکردنی یەکێتی دەستکرد یان فێدراسیۆنی زۆرەملێوە ڕێگری لێ بکرێت. ئەزموونی تر، وەک هەڵوەشانەوەی چێکۆسلۆڤاکیا و یوگسلاڤیا، نیشانی دەدەن کە تەنانەت لە ناو یەک دەوڵەتی فێدراڵیشدا، کاتێک نەتەوەیەک هەست بە نەبوونی سەروەریی تەواو دەکات، بەرەو جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەڕوات. ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی ئەو تێزە سەرەکییەیە کە تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆ دەتوانێت سەروەریی ڕاستەقینە دابین بکات.
ئەگەر بە قووڵی سەیری پەیوەندی نێوان سەروەریی و دەوڵەتسازی بکەین، وەک مەکس ڤێبەر لە شیکردنەوەکەیدا بۆ دەوڵەتی مۆدێرن ئاماژەی پێکردووە، دەبینین کە دەوڵەت تەنیا دامەزراوەیەکی بیرۆکراتی نییە، بەڵکو ئەو یەکە سیاسییەیە کە مۆنۆپۆڵی توندوتیژی ڕەوای هەیە لە سنوورێکی دیاریکراودا. ئەم تێگەیشتنە، کاتێک لەگەڵ ئەزموونی پراکتیکی بەراورد دەکەین، زۆر ڕاست دەردەچێت. بۆ نموونە، تیمۆری ڕۆژهەڵات، کە لە ١٩٧٥ لەلایەن ئیندۆنیزیاوە داگیر کرا، سەرەڕای پێدانی خودموختاری، نەیتوانی ئەم خودموختارییە قبووڵ بکات چونکە مانای نەبوونی سەروەریی تەواو بوو. لە کۆتاییدا، لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە لە ١٩٩٩ بڕیاری سەربەخۆیی درا و لە ٢٠٠٢ بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەروەها ئەزموونی ئەریتریا، کە لە ١٩٥٢ لە ڕێگای فێدراسیۆنەوە بە ئیتیۆپیاوە لکێنرا، نیشانی دا کە فێدراسیۆن ناتوانێت جێگرەوەی سەروەریی تەواو بێت و لە کۆتاییدا لە ١٩٩٣ سەربەخۆیی بەدەست هێنا.
پرسی پاوان و دەسەڵاتی تێریتۆریاڵ لە تیۆری دەوڵەتسازی و سەروەریدا ڕەهەندێکی بنەڕەتی پێکدێنێت. کارڵ شمیت لە تیۆری ناوداری “نۆمۆس”دا، باس لەوە دەکات کە هەر نەزمێکی سیاسی لەسەر بنەمای دابەشکردنی پاوان (territorial partition) دادەمەزرێت. لە مێژووی نوێدا، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی لە پەیمانی وێستفالیا (١٦٤٨) دەردەکەوێت کە بناغەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنی داڕشت. جین گۆتمان، جوگرافیناسی سیاسی، لە شیکردنەوە قووڵەکەیدا بۆ پەیوەندی نێوان پاوان و سەروەری، ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتی تێریتۆریاڵ تەنیا باسی کۆنترۆڵی خاک نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی ژیان و بەردەوامی نەتەوەییەوە هەیە. ئەم ڕاستییە لە ئەزموونی دەوڵەتە نوێیەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت: بۆ نموونە، کاتێک مۆنتینیگرۆ لە ٢٠٠٦ لە سێربیا جیا بووەوە، دەستبەجێ دەستی بەسەر هەموو دامەزراوە تێریتۆریاڵەکانی خۆیدا گرت و سنوورەکانی دیاری کرد. هەروەها کاتێک سوودانی باشوور لە ٢٠١١ سەربەخۆ بوو، یەکێک لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆسەپاندنی دەسەڵاتی تێریتۆریاڵی بوو بەسەر هەموو خاکەکەیدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە بووە هۆی شەڕ لەگەڵ سوودانی باکوور.
تێگەیشتنی هایدێگەر لە چەمکی “پاوانمەندی” (territoriality) قووڵترین شیکردنەوەی فەلسەفی پێشکەش دەکات بۆ پەیوەندی نێوان نەتەوە و خاک. بەلای هایدێگەرەوە، نیشتەجێبوون (dwelling) تەنیا باسی ژیان لەسەر خاکێک نییە، بەڵکو شێوازێکی تایبەتە لە بوون و پەیوەندی لەگەڵ گێتیدا. ئەم تێگەیشتنە فەلسەفییە، کاتێک لەگەڵ تیۆری ڕۆبێرت ساک سەبارەت بە پاوانمەندی سیاسی تێکەڵ دەکرێت، دەرخەری ئەوەیە کە بۆچی هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بەبێ کۆنترۆڵی تەواوی تێریتۆریاڵی خۆی سەروەر بێت. نموونەی کۆسۆڤۆ لە ٢٠٠٨ باشترین نموونەیە: سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر خودموختاری هەبوو لە چوارچێوەی یوگسلاڤیا و دواتر سێربیادا، بەڵام تەنیا دوای سەربەخۆیی و دەستبەسەرداگرتن و ئاڕاستەکردنی تەواوی خاکەکەی توانی سەروەریی ڕاستەقینەی خۆی مسۆگەر بکات. هەروەها ئەزموونی مۆنتینیگرۆ نیشانی دا کە چۆن تەنیا دوای سەربەخۆیی و کۆنترۆڵی تەواوی تێریتۆریاڵ، دەوڵەت دەتوانێت سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت.
ستیوارت ئێلدەن، لە لێکۆڵینەوە بنەڕەتییەکەیدا سەبارەت بە “پاوانی دەوڵەتی مۆدێرن”، شیکردنەوەیەکی قووڵ پێشکەش دەکات بۆ چۆنیەتی پەیوەندی نێوان سەروەری و پاوانمەندی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، کە لەسەر بنەمای تیۆری جۆن ئەگنیو و فێردریک ڕاتزێل دامەزراوە، پاوان تەنیا سنوورێکی جوگرافی نییە، بەڵکو فەزایەکی سیاسی-کۆمەڵایەتییە کە تێیدا نەتەوە دەتوانێت پرۆژەی دەوڵەتسازی خۆی جێبەجێ بکات. ئەم هزرە قووڵە لە پاوانمەندی لە ئەزموونی سەربەخۆیی سلۆڤینیا و کرۆواتیادا بە ڕوونی دەردەکەوێت: هەردوو دەوڵەت، دوای جیابوونەوە لە یوگسلاڤیا لە ١٩٩١، دەستیان بە پرۆسەیەکی چڕوپڕی دەوڵەتسازی کرد کە پێویستی بە کۆنترۆڵی تێریتۆریاڵی تەواو هەبوو. بۆ نموونە، سلۆڤینیا لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا توانی سیستەمی دراوی خۆی دابمەزرێنێت، ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ، و یەکێک لە سەرکەوتووترین ئابوورییەکانی ئەوروپای ناوەڕاست دروست بکات – ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر پاوانەکەیدا هەبوو و دەیتوانی بە سەربەخۆیی بڕیار لەسەر سەرچاوە سروشتی و ئابوورییەکانی بدات.
هەروەها، ئەو شیکردنەوە قووڵەی کە ئالێکساندەر مەرفی لە پەیوەندی نێوان پاوان و هێزی نەتەوەییدا پێشکەشی کردووە، دیمەنێکی گرنگی دیکەمان پێ دەبەخشێت. مەرفی باس لەوە دەکات کە دەوڵەت، وەک دەربڕینی ئیرادەی نەتەوەیی، پێویستی بە کۆنترۆڵی تێریتۆریاڵی تەواو هەیە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی ئاسایش، بەڵکو بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و دروستکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ. ئەم ڕاستییە لە ئەزموونی ئەستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیادا بە ئاشکرا دیارە: ئەم سێ دەوڵەتە، دوای سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ١٩٩١، بە خێرایی هەوڵیان دا کۆنترۆڵی تێریتۆریاڵی تەواوی خۆیان بسەپێنن و هەموو هێزە بیانییەکان دەربکەن کە بووە بنێشەی سەرکەوتنی ئابووری و سیاسییان لە دەیەکانی دواتردا. بۆ نموونە، ئەستۆنیا، کە ئێستا بە “بەبرە دیجیتاڵەکەی باڵتیک” ناسراوە، نەیدەتوانی بەم شێوەیە گەشە بکات ئەگەر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر پاوانەکەیدا نەبووایە.
تیۆری دەوڵەتسازی، کاتێک لە ڕوانگەی خودی نەتەوەییەوە سەیر دەکرێت، پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ فۆرمگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاوانمەندیدا دروست دەکات. ئەرنێست ڕینان، لە وتارە ناودارەکەیدا “نەتەوە چییە؟”، باس لەوە دەکات کە نەتەوە تەنیا میراتێکی هاوبەش نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی هاوبەشە کە تێیدا جڤاکە نەتەوەییەکە لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ پاوانێکی دیاریکراودا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم تێگەیشتنە، کاتێک لەگەڵ تیۆری ئەنتۆنی سمیت سەبارەت بە “ئێتنۆ-سیمبۆلیزم” و شیکردنەوەکەی مۆنتسێرات گیبێرناو سەبارەت بە “ناسیۆنالیزمی مەدەنی” تێکەڵ دەکرێت، دیمەنێکی قووڵ و فرەڕەهەندمان پێ نیشاندەدا کە لە ئەزموونی سەربەخۆیی ئیستۆنیادا بە ڕوونی دەردەکەوێت: ئیستۆنیا دوای سەربەخۆیی لە ١٩٩١، نەک تەنیا کۆنترۆڵی پاوانەکەی وەدەست هێنایەوە، بەڵکو پرۆژەیەکی نەتەوەیی نوێی دەست پێکرد کە تێیدا ناسنامەی نەتەوەیی لەگەڵ مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیادا تێکەڵ کرد. ئەمەش لە “پرۆژەی تایگەر” (Tiger Leap Project) دا بەرجەستە بوو کە تێیدا هەموو قوتابخانەکان کرانە دیجیتاڵی و ئینتەرنێت بوو بە بەشێک لە ژێرخانی نەتەوەیی. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە لە ماوەی کەمتر لە بیست ساڵدا، ئیستۆنیا بوو بە یەکەم دەوڵەتی دیجیتاڵی جیهان، کە تێیدا ٩٩٪ی خزمەتگوزارییە حکومییەکان ئۆنلاینن و هەڵبژاردنەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچن. لە هەمان کاتدا، ئیستۆنیا توانی زمان و کولتووری نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و پەرەی پێ بدات، کە ئەمەش نیشانی دەدات چۆن سەروەریی تەواو دەتوانێت نوێبوونەوە و پاراستنی نەریت پێکەوە کۆ بکاتەوە.
نەزمی نێودەوڵەتی و سیستەمی وێستفالیایی، کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوەی خاوەن سەروەریی دامەزراوە، لە سەردەمی هاوچەرخدا گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا هاتووە بەڵام هێشتا بنەماکانی نەگۆڕاون. هێنری کیسینجەر، لە شیکردنەوە بەناوبانگەکەیدا بۆ دیپلۆماسی و نەزمی جیهانی، ئاماژە بەوە دەکات کە سەقامگیریی نێودەوڵەتی پێویستی بە هاوسەنگی نێوان سەروەریی نەتەوەیی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە. ئەم تێگەیشتنە لە ئەزموونی ئیسرائیلدا بە باشترین شێوە بەرجەستە بووە: ئیسرائیل، دوای دامەزراندنی لە ١٩٤٨، توانی لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی و هێزی سەربازی و ئابووری، لە هەمان کاتدا پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان دروست کرد. جۆرج کێنان، دیپلۆماتکار و تیۆریسیەنی ئەمریکی، باس لەوە دەکات کە دەوڵەتە نوێیەکان پێویستیان بە ستراتیژی ‘کۆنتەینمێنت’ی پێچەوانە هەیە – واتا لە جیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی سنووردارکردن ببنەوە، دەبێت هەوڵ بدەن سنوور بۆ هەژموونی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دابنێن. ئەم تیۆرییە لە ئەزموونی سەربەخۆیی مالیزیا، سەنگاپور و تایوان بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە چۆن توانیان لە ڕێگای دروستکردنی هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەگەڵ زلهێزەکان، سەروەریی خۆیان بپارێزن و گەشەی پێ بدەن.
ساموێل هانتینگتۆن لە “نەزمی سیاسی لە کۆمەڵگا گۆڕاوەکان”دا باسی دەکات، کە دامەزراوە نەتەوەییەکان بەردی بناغەی دەوڵەتسازی سەرکەوتوون. بەڵام ئەم دامەزراوانە تەنیا کاتێک کاریگەر دەبن کە لەسەر بنەمای سەروەریی تەواو دامەزرابن. سەنگاپور، دوای جیابوونەوە لە مالیزیا لە ١٩٦٥، نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم تیۆرییەیە: لە ژێر سەرکردایەتی لی کوان یەو، سەنگاپور سیستەمێکی دامەزراوەیی بەهێزی دامەزراند کە تێیدا مێریتۆکراسی (شایستەسالاری) و کارایی تێکەڵ کرا. جەی. پی. نێتڵ، لە توێژینەوەکەیدا سەبارەت بە دەوڵەتسازی، باس لەوە دەکات کە سەرکەوتنی دامەزراوە نەتەوەییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەروەریی تەواوەوە هەیە. نموونەی کۆریای باشوور لەم ڕووەوە زۆر گرنگە: لە ١٩٤٨ەوە، دوای سەربەخۆیی، کۆریای باشوور توانی لە ماوەی چەند دەیەیەکدا سیستەمێکی دامەزراوەیی بەهێز دروست بکات کە تێیدا بانکی ناوەندی سەربەخۆ، سیستەمی پەروەردەی نیشتمانی، و دامەزراوە ئابوورییەکان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا لە گەشەسەندنی وڵاتدا. ئەمڕۆ، کۆریای باشوور خاوەنی گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانە وەک سامسۆنگ و هیوندای، کە نیشانەی سەرکەوتنی دەوڵەتسازی لەسەر بنەمای سەروەریی تەواوە.
پەیوەندی نێوان سەروەریی ئابووری و سیاسی، وەک ڕۆبێرت گیلپین لە تیۆرییە ئابوورییە سیاسییەکەیدا باسی دەکات، پەیوەندییەکی دانەبڕاوە. سنگاپور، ئیسرائیل و کۆریای باشوور توانیویانە لە ڕێگای دروستکردنی ئابووری پێشکەوتوو و تەکنەلۆژی باڵاوە، سەروەریی سیاسی واتا سەربەخۆیی لە بەرهەمهێنانی بڕیاری سیاسی نیشتمانی و خۆماڵی خۆیان بەهێز بکەن. ئیسرائیل، کە وەک “دەوڵەتی ستارت-ئەپ” ناسراوە، ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار هەناردەی تەکنەلۆژی باڵا دەکات و لە بواری تەکنەلۆژی سەربازی و سایبەریدا یەکێکە لە پێشەنگەکانی جیهان. کۆریای باشوور، کە لە ١٩٥٣ یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان بوو، ئێستا چوارەمین ئابووری گەورەی ئاسیایە و یەکێکە لە پێشەنگەکانی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم. ئەم سەرکەوتنە ئابوورییانە تەنیا لەبەر بوونی سەروەریی تەواو بەدەست هاتوون، کە ڕێگەی بە ئەم وڵاتانە داوە ستراتیژی درێژخایەنی گەشەی ئابووری دابڕێژن و جێبەجێی بکەن. پیتەر ئیڤانس، لە توێژینەوە گرنگەکەیدا سەبارەت بە “دەوڵەتی گەشەسەندوو”، باس لە گرنگی ئۆتۆنۆمی دەوڵەت دەکات لە پرۆسەی گەشەی ئابووریدا – واتا دەوڵەت دەبێت سەروەریی تەواوی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ستراتیژی گەشەی دروست جێبەجێ بکات.
ئەندامێتی لە ناتۆ، وەک جۆن میرشایمەر لە تیۆری ڕیالیزمی ستروکچوراڵدا باسی دەکات، نەک تەنیا گەرەنتی ئاسایشی نەتەوەیی دابین دەکات، بەڵکو سەروەریی وڵاتە ئەندامەکان بەهێز دەکات و پانتایی ستراتیژییان فراوان دەکات. پۆڵەندا، دوای ئەندامبوونی لە ناتۆ لە ١٩٩٩، توانی سیستەمی بەرگری خۆی بە تەواوی نوێ بکاتەوە و ببێتە یەکێک لە بەهێزترین هێزە سەربازییەکانی ئەوروپای ناوەڕاست. ئەندامێتی لە ناتۆ بووە هۆی ئەوەی کە پۆڵەندا بتوانێت زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار لە پیشەسازی بەرگری وەبەرهێنان بکات و ببێتە بەرهەمهێنەری چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو. هەروەها ڕۆمانیا، دوای ئەندامبوونی لە ناتۆ لە ٢٠٠٤، توانی سیستەمی مووشەکی بەرگری ئەمریکی لە خاکەکەی دامەزرێنێت و ببێتە بەشێک لە سیستەمی بەرگری مووشەکی ناتۆ لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات. ئەمەش نیشان دەدات کە چۆن ئەندامێتی لە ناتۆ توانای بەرگری و سەروەریی وڵاتە ئەندامەکان بەهێز دەکات و پانتایی ستراتیژییان فراوان دەکات.
تیۆری پەیمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک بەهێزکەری سەروەریی نەتەوەیی، دژی ئەو تێگەیشتنە باوەیە کە پێی وایە ئەم ڕێکخراوانە سەروەریی دەوڵەتان سنووردار دەکەن. کێنێت واڵتز، لە تیۆری نیۆڕیالیزمی ستروکچوراڵدا، باس لەوە دەکات کە سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز دامەزراوە و دەوڵەتەکان لە ڕێگای پەیمان و هاوپەیمانێتییەوە هاوسەنگی خۆیان دەپارێزن و بەهێزی دەکەن. ناتۆ باشترین نموونەیە: نەروێژ، کە خاوەنی تەنیا ٥.٤ ملیۆن دانیشتووانە، لە ڕێگای ئەندامێتی لە ناتۆوە توانیویەتی نەک تەنیا سەروەریی خۆی بپارێزێت، بەڵکو پانتایی ستراتیژی خۆی بۆ سەرانسەری ئەتڵەسی باکوور فراوان بکات. دەنمارک، وەک نموونەیەکی دیکە، لە ڕێگای ناتۆوە توانیویەتی سیستەمی بەرگری خۆی بە تەواوی مۆدێرنیزە بکات و ببێتە بەشێک لە سیستەمی بەرگری یەکگرتووی ئەوروپا-ئەمریکا. لە ٢٠٢٣دا، دەنمارک توانی ٤٤ فڕۆکەی شەڕکەری F-35 بکڕێت کە پێشکەوتووترین فڕۆکەی شەڕکەری جیهانە – ئەمەش بۆ وڵاتێکی بچووک تەنیا لە ڕێگای ئەندامێتی لە ناتۆوە دەکرێت. هەروەها، نەروێژ و دەنمارک لە ڕێگای ناتۆوە توانیویانە بەشداری لە دیزاین و پەرەپێدانی سیستەمە سەربازییە نوێیەکاندا بکەن، کە ئەمەش توانای تەکنۆلۆژی و پیشەسازی ئەم وڵاتانەی بەهێز کردووە. جۆزێف نای، لە تیۆرییەکەیدا سەبارەت بە “هێزی نەرم و هێزی زیرەک”، باس لەوە دەکات کە چۆن ئەندامێتی لە ناتۆ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی نەک تەنیا هێزی سەربازی، بەڵکو هێزی سیاسی و ئابووریش.
یەکێتی ئەوروپا، وەک سەرکەوتووترین پرۆژەی یەکگرتنی نێودەوڵەتی، نموونەیەکی سەرەکییە لە چۆنیەتی بەهێزکردنی سەروەریی کۆیی دەوڵەتان. ئەندرو مۆراڤچیک، لە تیۆری لیبراڵی نێودەوڵەتیگەراییدا، باس لەوە دەکات کە دەوڵەتانی ئەوروپا لە ڕێگای یەکێتی ئەوروپاوە توانیویانە سەروەرییان بەهێزتر بکەن، نەک لاواز. بۆ نموونە، ئیرلەندا، کە تا ١٩٧٣ یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی ئەوروپا بوو، لە ڕێگای ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاوە توانی ببێتە یەکێک لە پێشکەوتووترین ئابوورییەکانی جیهان و ناوەندی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو. لە ٢٠٢٣دا، داهاتی تاکەکەسی لە ئیرلەندا گەیشتە ١١٨،٠٠٠ دۆلار لە ساڵێکدا، کە بەرزترین ئاستە لە یەکێتی ئەوروپادا. فینلەند، وەک نموونەیەکی دیکە، دوای ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا لە ١٩٩٥، توانی پیشەسازی تەکنەلۆژی پێشکەوتووی خۆی بەهێز بکات و ببێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی تەکنەلۆژیای G5 و ژێرخانی دیجیتاڵی. هەروەها، کۆمپانیای نۆکیای فینلەندی، لە ڕێگای بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپاوە، توانی ببێتە یەکێک لە گەورەترین دابینکەرانی ژێرخانی پەیوەندی لە جیهاندا. یەکێتی ئەوروپا، لە ڕێگای سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە و ئاسایشەوە، توانیویەتی هێزی چەنەلێدانی وڵاتە ئەندامەکانی لە ئاستی جیهانیدا بەهێز بکات. بۆ نموونە، کاتێک چین هەوڵی دا فشار بخاتە سەر لیتوانیا لەسەر پرسی تایوان، یەکێتی ئەوروپا وەک یەک دەنگ پشتگیری لە لیتوانیا کرد و توانی بەرەنگاری فشارە ئابووری و سیاسییەکانی چین ببێتەوە. ئەمەش نیشانی دەدات کە چۆن یەکێتی ئەوروپا نەک تەنیا سەروەریی وڵاتە ئەندامەکان لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزیان دەکات لە بەرامبەر هێزە جیهانییەکاندا.
دەوڵەتان لە سەردەمی هاوچەرخدا، بە پێچەوانەی بۆچوونی ئۆتۆنۆمیستە ئینتەرسێکشناڵیستەکان، لە ڕێگای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سەروەریی خۆیان بەهێز دەکەن. ڕۆبێرت کۆهەین، لە تیۆری نیۆلیبراڵی نێودەوڵەتیدا، باس لەوە دەکات کە دەوڵەتان بە ئاگاییەوە ئەم ڕێکخراوانە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان. ئیسرائیل نموونەیەکی بەرچاوە: لە ڕێگای ئەندامێتی لە ڕێکخراوی جیهانی بازرگانی (WTO)ـەوە، توانیویەتی بازاڕی هەناردەی تەکنەلۆژی باڵای خۆی فراوان بکات و لە ٢٠٢٣دا، بەهای هەناردەی تەکنەلۆژی باڵای ئیسرائیل گەیشتە ٦٨ ملیار دۆلار. هەروەها، ئیسرائیل لە ڕێگای بەشداری لە پرۆگرامی توێژینەوەی ئەوروپی “هۆرایزن ٢٠٢٠”، توانی زیاتر لە ١.٥ ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان ڕاکێشێت. کۆریای باشوور لە ڕێگای بەشداری چالاک لە ڕێکخراوەی هاریکاری ئابووری و گەشەپێدان (OECD)، توانیویەتی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت و پێگەی خۆی وەک یەکێک لە ئابوورییە پێشکەوتووەکانی جیهان بەهێز بکات. هەروەها، دەوڵەتە بچووکەکانیش لەم میکانیزمە سوود وەردەگرن: سەنگاپور، وەک دەوڵەتێکی بچووک، لە ڕێگای ئەندامێتی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی دادپەروەریی، توانیویەتی کێشە سنوورییەکانی لەگەڵ مالیزیا چارەسەر بکات و سەروەریی خۆی بەسەر ئاوە هەرێمییەکانیدا بسەپێنێت. جان میرشایمەر خۆی، سەرەڕای ڕەخنەکانی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دان بەوەدا دەنێت کە ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی سەروەریی نەتەوەیی بەکار بهێنرێن، بە تایبەت کاتێک دەوڵەتان بە شێوەیەکی ستراتیژی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
تیۆری دەوڵەتسازی و سەروەریی نەتەوەیی لە کوردستاندا ئەمڕۆ لە نێوان دوو ڕوانگەی دژبەیەکدا دابەش بووە: لەلایەکەوە، تێگەیشتنی سەربەخۆییخوازی کە لەسەر بنەمای تیۆرییە کلاسیکەکانی سەروەریی، لە بۆدینەوە تا هێگڵ و لە شمیتەوە تا ڤۆگلین، جەخت لەسەر دابەشنەکراوی و یەکپارچەیی سەروەریی دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە، تێگەیشتنی خودموختاریخوازی کە هەوڵ دەدات سەروەریی وەک چەمکێکی دابەشکراو و پلەبەندیکراو پێشکەش بکات و لە چوارچێوەی خودموختاری و فێدراڵیدا پێناسەی بکاتەوە. ئەم دووەمیان، کە لە “کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم”ـی عەبدولڕەحمان قاسملوو وەرگیراوە، هەوڵ دەدات تیۆرییەکی نوێ لە سەروەریی دابتاشێت کە لە ڕێگای ناودێرکردنی بە “سەروەریی سیاسی” و یەکسانکردنی لەگەڵ “مافی دیاریکردنی چارەنووس”، بناغەیەکی تیۆری بۆ خودموختاری و فێدراڵی دابمەزرێنێت.
مێژووی هاوچەرخ، لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تا سەربەخۆیی تیمۆری ڕۆژهەڵات، و لە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆوە تا جیابوونەوەی مۆنتینیگرۆ، بە شێوەیەکی بەردەوام سەلماندوویەتی کە تێگەیشتنی یەکەم – واتا سەربەخۆییخوازی – تەنیا تێگەیشتنی دروست و کاریگەرە بۆ بەدیهێنانی سەروەریی ڕاستەقینە. هەروەک چۆن ئەزموونی سەرکەوتووی سەنگاپور، کۆریای باشوور و ئیسرائیل نیشانی دەدات، دەوڵەتی سەربەخۆ نەک تەنیا سەروەریی دابین دەکات، بەڵکو لە ڕێگای بەشداری چالاک لە پەیمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەم سەروەرییە بەهێزتر و کاریگەرتر دەکات. ئەم وڵاتانە لە ڕێگای ئەندامێتی لە ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانەوە، توانیویانە پانتایی ستراتیژی و ئابووری خۆیان بەرفراوان بکەن و ببنە هێزی کاریگەر لە سیاسەتی جیهانیدا.
لە بەرامبەردا، هیچ نموونەیەکی سەرکەوتوو لە مێژووی هاوچەرخدا نییە کە تیۆری خودموختاریخوازی پشتڕاست بکاتەوە. هەموو هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی سەروەریی، لە یوگسلاڤیای پێشووەوە تا چێکۆسلۆڤاکیای کۆن، بەرەو شکست و هەڵوەشانەوە چوون. فێدراسیۆنی ڕۆدیزیا و نیاساڵاند، یەکێتی میسر و سووریا، و هەوڵەکانی دیکە بۆ دروستکردنی فۆرمی جیاوازی “یەکێتی” و “فێدراسیۆن” یەک لەدوای یەک سەریان نەگرت. لەم ڕوانگەیەوە، خودموختاریخوازەکان بە شێواندنی چەمکی سەروەریی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ سیخناخکردنی هزری خودموختاریخوازی، خزمەت بە پرۆژەی بندەستی و داگیرکاری دەکەن.
ئەزموونی جیهانی هاوچەرخ نیشانی داوە کە سەروەریی تەنیا یەک فۆرمی هەیە: سەربەخۆیی تەواو. کوردستان تەنیا لە ڕێگای دەوڵەتی سەربەخۆوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی سەروەریی ڕاستەقینە و لە ڕێگای بەشداری لە پەیمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەم سەروەرییە بەهێزتر بکات. ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگای چەواشەکردنی چەمکەکان و داهێنانی تێگەیشتنی نوێ بۆ سەروەریی، فۆرمە نیوەچڵەکانی خودموختاری و فێدراڵی وەک جێگرەوەی سەربەخۆیی پێشکەش بکەن، لە ڕاستیدا درێژەپێدانی دۆخی بندەستی و داگیرکارین. پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە لەسەر بنەمای تیۆری و مێژوویی دروست دامەزراوە، تەنیا ڕێگایە بۆ بەدیهێنان و پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی، و هەر هەوڵێک بۆ لادان لەم پرۆژەیە، بە بیانووی فۆرمی دیکەی سەروەریی، تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندی داگیرکەران دەکات.
سەرچاوەکان:
Bodin, Jean. Six Books of the Commonwealth. Translated by M.J. Tooley. Oxford: Basil Blackwell, 1955.
Berlin, Isaiah. Two Concepts of Liberty. Oxford: Clarendon Press, 1958.
Evans, Peter. Embedded Autonomy: States and Industrial Transformation. Princeton: Princeton University Press, 1995.
Gilpin, Robert. Global Political Economy: Understanding the International Economic Order. Princeton: Princeton University Press, 2001.
Guibernau, Montserrat. Nationalisms: The Nation-State and Nationalism in the Twentieth Century. Cambridge: Polity Press, 1996.
Hegel, Georg Wilhelm Friedrich. Philosophy of Right. Translated by S.W. Dyde. Kitchener: Batoche Books, 2001.
Hobbes, Thomas. Leviathan. Edited by Richard Tuck. Cambridge: Cambridge University Press, 1991.
Huntington, Samuel P. Political Order in Changing Societies. New Haven: Yale University Press, 1968.
Kant, Immanuel. Perpetual Peace: A Philosophical Sketch. Edited by Hans Reiss. Cambridge: Cambridge University Press, 1991.
Kennan, George F. American Diplomacy. Chicago: University of Chicago Press, 1951.
Kissinger, Henry. Diplomacy. New York: Simon & Schuster, 1994.
Mearsheimer, John J. The Tragedy of Great Power Politics. New York: W.W. Norton & Company, 2001.
Moravcsik, Andrew. The Choice for Europe: Social Purpose and State Power from Messina to Maastricht. Ithaca: Cornell University Press, 1998.
Murphy, Alexander B. Geography, Identity, and Academic Practice. Oxford: Blackwell, 2002.
Nettl, J.P. “The State as a Conceptual Variable.” World Politics 20, no. 4 (1968): 559-592.
Nye, Joseph S. Soft Power: The Means to Success in World Politics. New York: PublicAffairs, 2004.
Ratzel, Friedrich. Political Geography. Translated by Edmund R. John. New York: Century, 1897.
Renan, Ernest. What Is a Nation? Translated by Martin Thom. In Nation and Narration, edited by Homi K. Bhabha, 8-22. London: Routledge, 1990.
Rousseau, Jean-Jacques. The Social Contract. Translated by G.D.H. Cole. London: J.M. Dent, 1913.
Sack, Robert David. Human Territoriality: Its Theory and History. Cambridge: Cambridge University Press, 1986.
Schmitt, Carl. Political Theology: Four Chapters on the Concept of Sovereignty. Translated by George Schwab. Chicago: University of Chicago Press, 2005.
Smith, Anthony D. The Ethnic Origins of Nations. Oxford: Blackwell, 1986.
Voegelin, Eric. Order and History. Baton Rouge: Louisiana State University Press, 1956.
Walzer, Michael. Spheres of Justice: A Defense of Pluralism and Equality. New York: Basic Books, 1983.
Waltz, Kenneth N. Theory of International Politics. Reading, MA: Addison-Wesley, 1979.
Weber, Max. Economy and Society: An Outline of Interpretive Sociology. Edited by Guenther Roth and Claus Wittich. Berkeley: University of California Press, 1978.
Agnew, John. Geopolitics: Re-Visioning World Politics. London: Routledge, 2003.