شاهۆ مەلەکی
هێندێک جار تێکگیرانی ستراتیجیی زلهێزانی جیهانیی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، دەرفەتی نەتەوەیی بۆ کورد دێنێتە ئارا. بۆ نموونە لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و پاش هەرەسهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیی و لەگەڵ تێکگیرانی تورکیا (کەمالییەکان) لەگەڵ بەریتانیا لە ویلایەتی موسڵ و فەڕەنسا لە ڕۆژئاوای فوڕات (بەتایبەت باکووری سووریای ئێستا) و بوون بە هەڕەشەی بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ئەو دوو دەوڵەتە، بڕیاریان دا بە پشتگیریکردنی کوردان و گرینگیدان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەم نەتەوەیە. بە تایبەت بەریتانیا بۆ دروستبوونی ناوچەیەکی بێلایەن لە نێوان ڕووبەری کۆنترۆڵی خۆی و تورکەکان و بۆ زیادبوون و پارێزراوبوونی بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆی لە ویلایەتی موسڵدا، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی لەپاڵ دەوڵەتی ئەرمینیا بە پێویست زانرا. ئەمەش بوو بە دەرفەتێک بۆ کوردان. هەتا ئاستێکی باش ١٤ خاڵەکەی ودرۆ ویڵسن، سەرۆکی ئەمریکا، کەم تا زۆر ڕا و زەمینە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوکاتی زلهێزان و براوەکانی شەڕ ڕێگر نەدەبوون لە چەسپاندنی ئەو خواستەی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردنی کوردان، بەڵام لەبەر هێندێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی ئەو دەرفەتە بۆ کورد لەکیس چوو، لێرەدا بەپێی پێویست ئاماژە بە چەند هۆکارێکی لەکیسچوونی ئەو دەرفەتە دەکەم. بەشێک لە هۆکارەکانی لەکیسچوونی دەرفەتە سیاسی و نەتەوەییەکەی کورد لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی:
کەمبوون یان نەبوونی وشیاریی نەتەوەیی لە کۆمەڵی کوردەواریدا و نەبوونی گوتار و ئەکتێکی ڕوونی ناسیۆنالیستیی لە ناو سەرکردایەتییاندا. ناسیۆنالیزم بە مانای ئامانجێک کە لە سەرەتا و ئاستی کەمی خۆیدا هەڵگری پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەییە و ئەم دەوڵەتە بە مافێکی سروشتیی و ژیانیی خۆی دەزانێت، هەروەها بە بنەڕەتی کار و گەیشتن بە ئامانجەکانی دواتری لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا دەزانێت، لە گوتاری کوردیی و ویستی سەرکردایەتییەکەیدا غایب بوو. ئەو گوتارەی لە ئاستە نەتەوەییەکەیدا هەبوو گوتارێکی پەرت و شەرمێون بوو کە بارگاوی نەبوو بە کۆی ڕەگەزەکانی گوتاری نەتەوەیی-ناسیۆنالیستیی. بۆیە لەگەڵ پرسی مافی دەوڵەت بۆ نەتەوەی کورد وەک مافێکی نەگۆڕ مامەڵەی نەکرد. هەر ئەم ئاستە لە ناسیۆنالیزم لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی عەرەبەکان و چێبوونی چەند دەوڵەتی عەرەبی لە دوای جەنگەکە و تەنانەت چێبوونی چەند دەوڵەتی باڵکانیی پێش جەنگەکە بوو. هەرچەند تورکەکان هەر زوو پەلیان کێشا بۆ ڕەگەزپەرستی (ڕەیسیزم) و فاشیزم، بۆیە لە ڕووی تییۆریک و سیاسی و ئەخلاقییەوە، هەڵسەنگاندنیان لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا هەڵەیە و پێویستی بە تێبینیی و شیکاریی زیاترە کە بابەتی ئەم نووسراوە نییە، بەڵام وشیاریی و ویستی نەتەوەیی ئەوان لە ڕووبەرە کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیرییەکەیدا هاوڕێ لەگەڵ خواستی دەوڵەتداریی و زەمینە مادییەکەیاندا یەک لە هۆیەکانی سەرکەوتن و مانەوەی تورکەکانیش بوو وەک حوکمڕانێکی داگیرکەر لە ئەنادۆڵیا و بەشێکی گەورەی خاکی کوردستان.
نەبوونی هاوگوتاریی و یەکڕیزیی و یەکگرتوویی ناوخۆیی تەنانەت لە پێوەندیی لەگەڵ داخوازی ئۆتۆنۆمیی و چییەتیی و سنوور و سەرۆکایەتییەکەشیدا.
نەبوونی سەرکردەیەکی دیار و کاریزماتیک کە لە ئاستی کوردستانـدا، ڕەوا و دانپێدانراو، نوێنەرایەتیی پێ سپێردرابێت. ئەو سەرکردە مەیدانیی و نوێنەرانەشی کە هەبوون، جیا لەوەی لێک پەرت بوون، خواست و مەیلێکیان بۆ ناوەند (ئەستەنبوڵ)ی تورکەکان تێدا هەبوو، یان لە جیابوونەوە دەترسان.
تاکڕەویی سەرکردە و لایەنێک دەبووە هۆی بەتەنیامانەوەی خۆی و چێنەبوونی یەکڕیزیی، هاوکات بوار بۆ دوژمن کە سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە جێبەجێ بکات. واتە لە ئەنجامی ئەمەدا هێزی گشتیی و ڕاستەقینە لە کوردستانـدا کۆ نەدەبووەوە و بە ململانێی ناوخۆیی وزەیەکی زۆر بە فیڕۆ دەدرا و زەمینەشی بۆ خزەی دوژمن لە ناو لایەنێکی دیکەی کوردیی (شار، ناوچە یان خێڵ) دەڕەخساند.
پێداگرییەکانی تورکەکان و شەڕکردنیان لە پێناوی خاکی زیاتر و ئامانجەکانیاندا. سەرکەوتنیان لە شەڕی یۆنانییەکانـدا. ئەوان بە سەرکەوتنیان لە بەرەی یۆنان و بە هاتنیان بۆ ویلایەتی موسڵ و دامەزراندنی بنکە و بارەگا لە ڕواندز و بە خزەکردنە ناو بەشێکی کوردان، واقیعێکی نوێیان سەپاند و لە پێگەی هێزێکی جیاواز و سەرکەوتووەوە بە کارتی گوشار هێندێک شتی بەسەر بەریتانیا و فەڕەنساـشدا سەپاند.
لە ئەنجامدا بەریتانیا دانوستان و ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا پێ باشتر بوو تا لەگەڵ کوردان کە سەرکردایەتییەکی ئاشکرا و گشتگیریان نەبوو. فەڕەنساش بە هۆی پێداگرییەکانی تورکیاـوە بۆ ناوچەکانی هێڵی شەمەندەفەری بەغدا، ڕازی بوو کە شارەکانی وەکوو ماردین و ئورفا و عەینتاب و جەزیرەی ئیبن عومەر بکەونە ژێر دەسەڵاتی تورکیاـوە. کورد دوای سیڤەر هیچ ڕۆڵێکی فەرمی نەبوو (یان پێینەدرا) لە دانوستانەکاندا تا ئیتر لە پەیماننامەی لۆزاندا گورزێکی قورس و کەم تا زۆر کوشندەی وەبەر کەوت.
دواتر ئەوەی لە تورکیا دا هاتە سەر کار، باکگراوندێکی ڕەیسیستیی و پاوانخوازانەی هەبوو کە بە ئاشکرا سیاسەتی فراوانخوازیی پێڕەو دەکرد. سەرەڕای ئەوەی هێندێک لە کوردان پێیان وابوو لەو چوارچێوەیەدا دەتوانن وەک کورد نوێنەرایەتیی خەڵکەکەی خۆیان بکەن و بە مافی خۆیان بگەن و بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک بەڵێنیشیان، هەم لە لایەن تورکەکان و هەم دەوڵەتان و ناوەندە جیهانییەکانی ئەو کات، پێ درابوو، بەڵام لە دەوڵەتی نوێی کۆماری تورکیاـدا پشتگوێخران و لە دواییدا و تا هەنووکەش هەر ئەو دەوڵەتە بە گوتاری فاشیستیی، ڕەیسیستیی و دژەمرۆیی خۆیەوە نەک هەر شۆڕشی کوردیی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان سەرکوت دەکات بەڵکوو نکۆڵیش لە بوونی نەتەوەی کورد دەکات.
لە ڕەوتی دروستبوونی دەوڵەتانی نوێی پاش عوسمانیـدا دەوڵەتی دیکەی وەک عێراق و سووریاش هاتنە ئارا. لەمانەشدا هەر هەوڵێک بۆ جێبوونەوە لە دەسەڵاتی ناوەندیی و چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد، شکستی هێنا و ئەو شکستە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە ئێستای ناوچەکە و بە تایبەت لە دۆخی سووریاـدا پەیوەست بە کوردەوە هێندێک خاڵی وێکچوو لەگەڵ سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیی بەدی دەکەین. دیارە بارودۆخەکە و ئاستی ئامادەیی کورد لە هاوکێشەکەی ئێستادا تایبەتمەندیی و جیاوازیی خۆی هەیە بەڵام دیسانەوەش دەکرێ ئاماژە بە هێندێک وێکچوون بکەین.
بەشێک لە وێکچوونەکانی ئێستا و پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی لە دەرفەت و مەترسی و لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵی سیاسی کوردیدا:
لە هاوکێشە و تەنگەژەی ئێستای ناوچەکەدا تێکگیرانێکی ستراتیجیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لەئارادایە. هەتا ئاستێک لە ئێستادا نەک هەر ڕۆژئاوا، بەڵکوو ڕووسیاـش لەگەڵ تورکیاـدا هاوبەرژەوەند نییە. ئێران لەگەڵ تورکیا و تورکیا لەگەڵ عێراق و سووریا کۆک نین. ئەمانەش هێندەی دیکە کوردی کردووەتە هێز و سەنگێک لە هاوکێشەکاندا و وای کردووە ئاوڕێکی جدی لە پرسی کورد بدرێتەوە و وەک بوونێکی ڕەوا و خاوەنماف و کاریگەر پێوەندیی پێوە بکرێت و دەرفەتی چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بێتە ئارا. کەم تا زۆر ڕای گشتیی جیهان و ئەمریکا و بە تایبەت لێدوانەکانی ئیسرائیل و لە ئێستاشدا فەڕەنسا پاڵپشتیی ئەم دەرفەت و مافەی کوردن.
تورکەکان هەر بەو خواست و بەرنامە لەمێژینەی خۆیان لە مەیدانەکەدا ئامادەن. دەیانەوێ بە هێنانە بەرباسی کردنەوەی ئۆفیسی حەماس لە تورکیا، هاوکات بە پێشڕەویی خۆی و چەتە بەکرێگیراوەکانی لە سووریاـدا و چەسپاندنی دەسەڵاتیان لە دیمەشقدا، کارتی گوشاری لەسەر ئیسرائیل بەدەستەوە بێت، هاوکات لە پێگەیەکی سەرکەوتووترەوە و بە هێز و ڕەواییەوە لە ڕێی تیرۆریستە حوکمڕانەکانی دواڕۆژی سووریا (لە ئەگەرێکی وەهادا) لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دانوستان بکات و خواستی خۆی، کە بە پلەی یەکەم و یەکاڵا لەباربردنی دەرفەتە بۆ کوردانی ڕۆژاڤا، بەسەر لایەنە پێوەندیدارەکاندا بسەپێنێت.
تورک بێجگە لە کارتی جیۆسیاسی تورکیا، هاوکات ئازەربایجانی وەک کارتێک بەدەستەوەیە هەم لە پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل و هەم ئێراندا. ئەوان بە پەرەدان بە گوتاری پانتورکیزم و بە هاندان و ڕێکخستنی ئازەرییەکانی ناو ئێران، دەتوانن گوشار بخەنە سەر ئێران تا دوای کشانەوەی لە سووریا، لە هاوکارییەکانی خۆی بۆ کوردانی باکوور و لە چاوپۆشییەکانی بۆ دەسکەوتەکانی کوردانی ڕۆژاڤا دەست هەڵبگرێت. تورکەکان وەک ئەندامێکی ناتۆ بە ئەمبەر و ئەوبەر کردن لە نێوان بەرەی ناتۆ و ڕووسیاـدا دەیانەوێ وەک پێویستییەک بۆ هەر دوولا بنوێنێن و لەم بەینەدا دەسکەوتی زیاتر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانییدا تورکەکان بە دانوستان لەگەڵ بەلشەفیکەکان، ترسێکیان خستە دڵی بەریتانییەکان و ئەمەش یەک لە هۆکارەکانی پێداچوونەوەی ئەمان بوو بە پەیمانی سیڤەرـدا. کە وابوو تورکەکان وەک ساڵانی زوو لە مەیدانەکەدا ئامادەن و دەیانەوێ هەر دوو بەرەی ڕۆژئاوا (ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل) و ڕۆژهەڵات (ڕووسیا، ئێران و دەوڵەتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان) لە دژی کوردان قازانج بکەن.
هەرچەند لە ئێستادا وشیاریی نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردیی بە بەراورد لەگەڵ سەدەیەک پێش ئێستا بەرزترە، بەڵام دیسان گوتاری نەتەوەیی-ناسیۆنالیستیی و پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستان غایبە. بە تایبەت لەو بەشەی کوردستان کە جەرگەی ڕووداوەکانە، گوتارێکی دژەدەوڵەت ئامادەیە کە نەک هەر دەوڵەت بۆ کورد بە مافێکی نەگۆڕ نابینێت بەڵکوو بە دامەزراوەیەکی ناپێویست و کوشندەی دەزانێت. لە پاشخانی فکریی و خوێندنەوەی سیاسی سەرکردایەتی ئێستای ڕۆژاڤاـدا زەمینەی بنیاتنانەوەی سووریا و دیسانەوە خۆبەستنەوە بە دەوڵەتێکی داگیرکەری لەپەلوپۆکەوتوو دەبینرێت.
لە ئاستی کوردستاندا یەکڕیزیی و یەکگوتاریی نابیندرێت. بە تایبەت لە ڕۆژاڤادا داخرانێکی فکریی و پراکتیکیی لە ئاستی گوتار و کاری ڕێکخراوەییدا بەدی دەکرێت کە لە ئێستادا کەمترین بوار بە یەکبوون و یەکڕیزیی لەگەڵ پارچەکان و لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرنامەی ئەو لایەنە ئامادەییەکی زیاتری بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەت و ناوەندە داگیرکەرەکاندا هەیە.
ئێستاش لە ناو سەرکردایەتیی کورددا مەیلێک بۆ خۆبەستنەوە و تێکەڵبوون یان ترسێک لە جیابوونەوە لە دەوڵەتانی داگیرکەر هەیە. لە ڕۆژاڤای نیشتیمان ئەوەندەی کە پێوەندیی بە داڕێژەر یان داڕێژەرانی ستراتیجیی و جیهانبینیی و گوتاری فکریی و سیاسییانەوە هەیە، هێشتاش لە چوارچێوەی ئەستەنبوڵ (لە ئێستادا ئەنکەرە) و دواتر تاران و بەغدا و دیمەشقدا بەرژەوەندیی کورد دەبیننەوە و لەمە نەترازاون.
ئێستاش تاکڕەویی و ململانێی ملشکێنی ناوخۆیی لە خەسڵەتەکانی سەرکردایەتیی کورد و ڕێکخراوەی کوردییە. ئەم خەسڵەتە لەپاڵ داخوازی سنووربەرتەسکی حوکمڕانیکردنی ناوچە یان بەشێکی کوردستان، لە هۆکارەکانی نیازمەندیی و خۆبەستنەوە و پەنابردنە بەر دوژمن و هاوکاریکردنی دەوڵەتێکی دیکەی داگیرکەرە کە لە زۆر حاڵەتدا لە دژی پارچە یان لایەنێکی دیکەی کوردیی دەبێت. بەم هۆیەوە ڕۆژاڤا نەیتوانیوە لەودیو سنوورە دەستکردەکانەوە وزە و هاوکاریی کوردان بەپێی پێویست وەربگرێت، بۆ نموونە باسی سنووری سێمێلکا لە ئێستادا.
لە ڕۆژاڤای نیشتیماندا هێشتاش بە ڕاشکاویی سنوورەکانی کوردستان دیاریی و پێناسە نەکراون و بەوپێیە کار ناکرێت. ئەمەش دەتوانێ ڕێگە بۆ لەکیسچوون و تەعریبی ناوچەگەلێکی گرینگ و ستراتیجیی کوردستان خۆش بکات.
پاش ئەسەد و دەوڵەتی بەعسی سووریا، لە ئێستادا ئەوانەی دیمەشقـیان گرتووەتەوە باکگراوەندێکی ڕەیسیستیی و توندئاژۆی عەرەبیی و ئایینییان هەیە. ئەو باکگراوەندە لە بەکرێگرتەبوونیان بۆ تورکیا (دژی کوردان) و پاشان لە مامەڵەیان لەگەڵ کوردان و پێگەی هێزە کوردییەکان لە حەلەب و ڕۆژئاوای فوڕات و لە ئێستاشدا دەرپەڕاندنی هەسەدە لە مەنبەج، بەرجەستە بووەتەوە. بێجگە لەمە، پاشخان و مەیلی ئەمانە و مەترسییەکانیان بۆ سەر کورد، لە کەسێتیی “جۆلانی”دا کە دەمڕاستی هێزەکانی ئێستای ناو حمس و حەما و دیمەشق و بە گشتیی سەرکەوتووانی شەڕی ناوخۆی سووریا، دەردەکەوێت. ئەو سەرەتا ئەندامێکی ئەلقاعیدە و پاشان داعش بووە و دواتر جەبهەی نوسرەی دامەزراندووە و ئێستاش سەرۆکی ڕێکخراوی تەحریر ئەلشامە. ئەو لە یەکەم دەرکەوتنی خۆیدا لە حەلەب گوتی: دێین بۆ دێرەزوورـیش، لە یەکەم ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەیدا ئاماژەی بە یەکپارچەیی خاکی سووریا کرد (کە ئەم ئاماژەیە هەڵگری کۆمەڵێک مانا و هەڕەشەیە بۆ سەر دەسکەوتی کوردان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و دواتر لە دیمەشقـەوە ڕایانگەیاند کە هێزە کوردییەکان نابێ هاوکاریی هیچ لایەنێکی دەرەکی بکەن و بەشێکن لە ئێمە. بە کورتی، ئەوەی ئێستا لە دیمەشق دەیەوێ لە سووریا حوکم بگرێتە دەست، وەکوو ئەسەد و ڕێژیمی بەعسی پێشوو بۆ پرسی کورد و مافە نەتەوەییەکانی دەڕوانێت. ئەوان وەک بەعس و بە پلەی خراپتریش، لە پرسی ئازادییەکان و حوکمی مەدەنی دەڕوانن، هەروەک چۆن تورکە لاوەکان و کەمالییەکان پاش عوسمانییەکان لە پرسی کورد و مافە نەتەوەییەکانیان دەڕوانی.
دیارە پرسی کورد پرسێکی ڕەوایە و بە پلەی یەکەم بە هۆی هەبوونی کورد و ڕەوایی پرسی کوردەوەیە کە دەرفەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی مانا پەیدا دەکات. بەڵام هەر بە تەنیا ڕەوایی پرسەکە و هۆکارە دەرەکییەکان ناتوانن یان لانیکەم تا ئێستا لە کوردستاندا نەیانتوانیوە دەرفەت و هەلی هاتوو بکەن بە دەسکەوت و مافی چەسپیوو و دامەزراوەی بەرجەستە. بۆ ئەمە پێویستە کورد خۆی لە هۆکارە خودیی و زاتییەکانەوە بۆ جۆری پێوەندییە دەرەکییەکان، بەخۆیدا بچێتەوە و هاوکاری قۆستنەوە و بەدەسکەوتکردنی دەرفەت بێت.
لەم پێوەندییەدا بەشێک لەو کارانەی کە دەتوانێ لە وێکچوونەکانی ئێستا و ڕابردوو بە پاشهاتەکانیەوە، دەربازمان بکات، لە ئێستادا ئەمانەن:
باشتر وایە ئەزموون لە مێژوو وەربگرین. لە مێژووی ئێمەدا پاش ئامادەبوون و خەباتی خۆمان، ئەوەی کە دەرفەتی گرینگ و چارەنووسسازی بۆ ئێمە ڕەخساندبێت، تێکگیرانی زلهێزانی جیهانیی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و یەکانگیربوونی بەرژەوەندیی و ستراتیجییان لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێمەدا بووە. پاش ئامادەبوونی داگیرکەران و جێگە و پێگە و زەمینە مادییەکانیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ زلهێزان و تێپەڕاندنی قەیران و تەنگەژەکانیان، ئەوەشی کە دەرفەتەکەی لەبار بردبێت، هۆکارە ناوخۆییەکانی خۆمان بووە. بۆیە باشترە کورد لە ئێستادا بێدرەنگ ناکۆکیی لەسەر شتی بچووکی حیزبیی و چییەتیی و کێیەتیی حوکمڕانییی دواڕۆژ وەلا بنێت و لە پێناوی ئامانجە گەورەکەدا کە دەسکەوتی نەتەوەیی و ڕزگاریی نیشتیمانییە یەک بگرێت.
باشترە لەبری بەریەککەوتنی فکریی و قۆرخکاریی مەیدانیی و ناوچەیی، یەکڕیزیی و پێکەوەیی و هاوبەشیی پێڕەو بکەن. لەمەدا بەڕێوەبەرانی قەندیل و ڕۆژاڤای نیشتیمان دەبێ کراوە بن تا ڕێگەش کراوەتر بێت بۆ هاوکاریی و بەپیرەوەچوونی هێزەکانی دیکەی کوردستان. قەت دروست و سوودمەند نابێت تۆ بتوانی و بتەوێ بەسەر هەموو جیاوازیی و هەڵە و تاوانێکی داگیرکەراندا لەگەڵیان دانوستان بکەیت و ڕێکبکەوی بەڵام لەگەڵ هێز و لایەنی هاوزمان و هاونیشتیمانت ئامادە نەبێت یان نەرمییەکی ئەوتۆیی نەنوێنیت.
باشترە کورد بە گوتارێکی نەتەوەیی و ڕوانینێکی کوردستانیی لە مەیدانەکەدا ئامادە بێت و هۆش و زەینی پانتایی گشتیی و ڕووبەری کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆی ئامادە بکات، نەک لە ڕوانینێکی حیزبیی بەرتەسک و بە گوتاری نەکردەی دیموکراتیزەکردنی ناوەند و پێکەوەژیان، نەک بە وەهمی برایەتیی و مێژووی هاوبەش.
دەبێ بەپێی ئەم ڕاستییە بجووڵێینەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا، ئەگەر ڕواڵەتەکانی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک و ناسەنتراڵیش پەرچ بدرێتەوە هێشتا ناکرێ گەرەنتی مافی نەتەوەیی کورد بێت، چۆن ئەو دەوڵەتانە هەر جۆرە دەستەبەربوونێکی مافی نەتەوەیی کورد لە زیانی خۆیاندا و بە هەڕەشە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆیان دەزانن. ئەمە بەردەوام ڕوانینی هەر دەسەڵاتێکی کۆلۆنیالیی و مامەڵەیەتی لەگەڵ کۆلۆنیکراو دا. کەوابوو پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کێ دوای ئەسەد دێتە سەر حوکم، بەڵکوو ئەمەیە کە کورد چی بکات بۆ ئەوەی کە تۆکمەتر و بەهێزتر لە مەیدانەکەدا ئامادە بێت؟ چی بکات بۆ جێگیربوون و بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی داهاتوو؟ چی بکات تا ناچار بە سازش لەگەڵ داگیرکەر و تیرۆریستان نەبێت و دیسانەوە لەگەڵ ئەوان لە چوارچێوەیەکی سیاسی نەترێنجرێ؟
دەبێ ئەم ڕاستییە لەبیر نەکەین و بەمپێیە ڕەوت بکەین کە چوارچێوەی سووریی و تورکیی و ئێرانیی (فارسیی-تورکیی) لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی کوردـدا بە جۆرێکن کە ئەگەر بە هۆی هەلومەرجێکی نەخوازراوەوە گۆڕانکارییەک بەسەریاندا بسەپێت و ناچار بن نەک هەر بەڵێن، بەڵکوو دانیش بە بەشێک لە مافەکانی کوردـدا بنێن، ئەوا لە کاتی خۆیدا لەگەڵ جێگیربوونیان لە ناوەنددا و بە گۆڕانی هەلومەرج ، دێنەوە وێزەی کورد و هەرچی بەدەستی هێناوە هەڵی دەوەشێننەوە. ئێمە تا لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئەواندا بین، ئەوان تا دەوڵەتیان بە دەستەوە بێت و دەوڵەتداریی بکەن، ئیمتیازی دەوڵەت و دەوڵەتداریی لە پڕۆژەی گەورە و سیاسەتی گشتییەوە تا پێوەندیی دەرەکی و مامەڵەی ناوچەیی و ناونەتەوەیی لە قۆرخی ئەواندا دەبێت. ئەوان بە بەردەوامیی، جا هێدی هێدی بێت یان یەکڕا و لەناکاو (بەپێی هەلومەرج و توانا)، ئەم ئیمتیازانە بەکار دەهێنن بۆ لێستاندنەوەی ماف و خاک لە نەتەوەی کورد. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، پاش جەنگی جیهانیی یەکەم کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان دیاریی کرا و بڕیار بوو پاش ساڵێک لە ژێر چاودێری کۆمەڵەی گەلان و پاش ڕیفراندۆمێک دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیەندرێت، تا دەگات بە گەرەنتییە ناونەتەوەیی و هەروەها یاساییەکانی دواتری عێراق و تورکیا لە کاتی دروستبوونیاندا بۆ مافی کوردان، بەیاننامەی ئازار لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق و بەڵێنەکانی ئێران لە کۆتاییەکانی ئەو دەیەدا، ماددەی ١٤٠، هتد، لە نموونەی ئەو بڕگانەی مێژوو و ئێستای ئێمەن کە ئەو ڕاستییەی سەرەوە دەسەلمێنێت.
بەوپێیەی کە ئەم دەوڵەتانە لە کۆتاییدا لە ئەنجامی خواستی داگیرکەرانەی تورک و عەرەب و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نەتەوە داگیرکەران و براوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم دروست بوون و تێیاندا مافی کورد ڕەچاو نەکرا و کوردیان لە بنەڕەتیترین و پێویستترین ماف و دامەزراوە بۆ گەشە و پەرەی خۆی بێبەریی کرد؛ بە تایبەت لە ڕۆژاڤای نیشتیمان، لە ئێستادا دەبێ خۆمان لەو ڕاستییە لانەدەین کە سووریای ئێستا و سووریای دواڕۆژیش ناتوانێ لەو چوارچێوەیە ڕیزپەڕ بێت. بەپێی پاشخانی مێژوویی ئەو دەوڵەتە و پێویستییەکانی مانەوەی، بەپێی تێڕوانینی پانتایی گشتیی سووریا و ڕەیسیزمی دژەکوردی عەرەبیی و مەیلە کولتووریی و ئایینییەکەیان بۆ داگیرکاریی، بێگومان دەسەڵاتی دواڕۆژیش لە سووریا دەچێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و هەر جۆرە ناسنامەخوازیی و مافێکی نەتەوەیی و گەشەکردنی کوردیی لە زیانی خۆیدا دەبینێت و ئەوەشی لەو پێناوەدا هاتبێتە بوون تێکوپێکی دەدات.
باشترە لە بری هەڵگرتنی گوتاری دژەدەوڵەت و دژە نەتەوەخوازیی لە ڕۆژاڤای کوردستان و لەسەر ئەم بنەمایە بنیاتنانەوەی سووریا، کە لە درێژخایەندا زیانی قورسی بۆ نەتەوەی کورد و خاوەندارێتیی و مافی بەسەر خاک و نیشتمانەکەی خۆیەوە دەبێت، پەرە بە گوتارێکی سەروەریخواز و نەتەوەخواز بدرێتەوە کە ستراتیجی نەتەوەیی و سنووری نیشتیمانیی بە ڕوونی دەرببڕێت و کاری بۆ بکات. لە حاڵەتێکی وەهادا، بە لانی کەمیەوە لە ڕۆژاڤاـدا لە ئەگەری هاتنەئارای بارودۆخ و هەلومەرجێکی وەکوو ٢٠٠٣ی باشووری کوردستان، دەرفەتی گەورە (بە هۆکارێکی وێکچوو یان جیاواز لەوەی باشوور) نافەوتێندرێت.
مادام لە ڕۆژاڤاـدا، مەبەستی گرتنی دیمەشق و ناوچەی عەرەبیی دەرەوەی کوردستان و لەوێوە حوکمکردن لە ئارادا نییە، دەکرێ لانی کەمی لەو شوێنانە ببینە گوشار. مادام ئەوان لە خاکی کوردستاندا توندوتیژیی دەنوێنن، مافی کوردـیشە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، لە خاکی دوژمندا گورزی خۆی بوەشێنێت.
باشترە بە تێگەیشتن و ئەزموونێکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەییە، ئیتر لەو چوارچێوە کۆلۆنیالیی و ناسروشتییانەدا فریو نەدرێین و لە سۆنگەی ئەوانەوە نەڕوانینە هێزە جیهانییەکان. دەبێ لەو بوارەی کە بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ زلهێزاندا دێتە پێشێ، کەڵک وەربگرین و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانماندا ڕێ بکەین و بەمجۆرە بوار نەدەین بە دوژمنانمان کە هێزە جیهانییەکانمان لێ بتارێننەوە. وەها ڕێی تێ دەچێ، مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت و لە مامەڵەشدا ماف و دەسکەوت بچەسپێنین، دەنا بێگومان دیسان وەک کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار و پارچەپارچە و سەرکردایەتییەکی ناڕوون و لاواز و پەرتەوازە و سیاسیگەلێکی خۆخۆر مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت کە هێندەی مەیل و ئامادەییمان بۆ مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەر هەیە هێندە بۆ “سەربەخۆیی” نیمانە. لەم حاڵەتەدا دیسان هاوپەیمانان و هێزە جیهانییەکان دانوستان و ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر پێ باشتر دەبێت و دیسانەوە ڕێککەوتنێکی جیهانیی و ناوچەیی لە دژ یان بە زیانی ئێمە دەکرێت و پرسیشمان پێ ناکرێت.
خاڵێکی سەربار و پێویست
هەرچەند کورد لە ئێستادا لەوانەیە توانای جووڵەکردنی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووسیاوە نەبێت، بەڵام بێگومان دەتوانێ خاوەنداریی ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆی بکات و لەم ئاراستەیەدا بەرنامەی سیاسی کورتخایەن و درێژخایەنی خۆی هەبێت. لەم پێوەندییەدا و تایبەت بە دۆخی ئێستای کوردانی ڕۆژاڤا، ڕەنگە کورد نەتوانێت خۆی لە پاشەکشە لە هێندێک ناوچە بپارێزێت، بەڵام بێگومان دەتوانێ بە پێداگرییەکی نیشتیمانیی و ستراتیجیانەوە ئەم پاشەکشانە بە (کاتیی) پێناسە بکات نەک بە ڕادەستکردن و دەستلێشۆردن. لە بەری ڕۆژئاوای فورات، ئەو بەشەی کە نیشتیمانی کوردە و لە ئێستادا داگیرکراوە، لە بەرنامە و ستراتیجی کوردـدا دەبێ وەک بەشێکی جیانەکراوەی کوردستان پێناسە بکرێن. پاشەکشەی کورد و تەعریبی ئەو ناوچانە، ناکرێ بە ناکوردستانیبوونی ئەو ناوچانە کۆتایی بێت.
بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای فورات کە نشینگەی ڕەسەن و خاکی کوردانە، لە دواڕۆژدا بۆ کورد ئاسانتر دەبێت لەو ناوچانەی کە کوردیی نین یان بەتەواوی عەرەبنشینن لە پانتایی ئەو سەدا چلی خاکەی سووریا کە تا ئێستا بە دەست کوردەوەیە و ئەوەشی کە دواڕۆژ لەبری ئەو ناوچانە بیدرێتێ. ئەم ئەگەرە زۆر دوورە کە ناوچەی دیکە بە کورد بدرێت و عەرەبیش قبووڵی بکات کە کورد یان تەنانەت بە هاوبەشیی لەگەڵ کورد حوکم بکرێن. بەگشتیی کوردستانی ئەو دیو فورات بۆ گۆڕینەوە و دەستلێشۆرن ناشێ و لە کۆتاییدا کورد نابێ بهێڵێ ئەمەی بەسەردا بسەپێت.



