مێژوونووس و دیپلۆماتی ئەرمەنی-بەریتانیایی، ئارشاک سافراستیان لە پەڕتووکی “کورد و کوردستان”دا دەڵێت: “هەڵەیەکی هەرە سەرەکی کە کوردەکان کردوویانە شێوازی ژیانی ئەوانە و ڕەتکردنەوەی ملکەچیی ئەوانە، چونکە لەگەڵ هیچ دەستەڵاتێکی سەرەوەدا کۆک نین، جا دەستەڵاتی داگیرکاری بێت یان دەستەڵاتی یاسایی خاوەن سەروەر، یانیش وڵاتێکی دراوسێ بێت” (Safrastian, 1948, 94). لەگەڵ ئەوەی ملکەچنەبوونی کورد خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیوە، کەچی چۆکی بۆ داگیرکەران دانەداوە و بە کولتووری دێرینی خۆی بەرەنگاریان بووەتەوە.
لەبن چەتری کۆلۆنیالیزمی تورکیای سەدەی ڕابردوودا، گۆرانیبێژانی کورد نەیاندەتوانی بەئاسانی کولتووری خۆیان دەرببڕن، زمانیان زەوت کرابوو و کۆت و بەند بۆ هەر ئاکارێکی کوردی هەبوو. لەو هەلومەرجەدا وەکوو ئەوەی جۆن بوڵۆک باسی کردووە “بۆ یەکێک وەکوو ئایشە شان و محەمەد عارف جەزراوی وەڵامیان ئەوەبوو تورکیا بەجێ بهێڵن، کە تێیدا ئاخاوتن بە زمانی کوردی تاوان لە دژی وڵات بوو، بەرەو بەغداد بەڕێ کەوتن و لەوێ بەردەوامییان بە تۆمارکردنی گۆرانیی کوردی دا. ئەو کوردانەی لەناو تورکیا دا مانەوە، زۆر گۆرانیی تورکێندراوی کوردییان دیت لە پەخشی تەلەفزیۆنی TRT بڵاو دەکرانەوە” (Bullock, 2021, 29). لە ماستەرنامەی سینەم ساریتاش”دا هاتووە: ئەو هونەرمەندانە میراتی کولتووری ناوچەکانیان لەگەڵ خۆیان برد و خۆیان گەیاندە ڕادیۆکانی یەریڤان و بەغدا، لەوێ نەزمێکیان داهێنا لە سنووری ناوچەییدا تێپەڕی.
ئایشە شان کە دواتر دەبێتە “دەنگی کوردستان” بەدزی گوێی بۆ دەنگبێژانی میوانی بابی لە قوژبنێکی ماڵەکەیانەوە لە ئامەد هەڵدەخست. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دەنگبێژی گەورە ببوو. خۆشاردنەوە و گوێگرتن بۆ فێربوون بووە، جۆرێک لە بەرەنگاریی کۆمەڵگە بووە کە مەبەستی بووە، لەبەرئەوەی ئافرەتە، دەنگی کپ بکات. کاتێک مارلین شایفەرس باس لە دەنگبێژە ژنەکانی باکوور دەکات، وەکوو جێگرەوەی مێژووی نووسراوی کورد وێنایان دەکات. ناسەوانییەکەی (ناسنامەکەی) ئەوان لە دەقدا نییە، لە “جەستە، دەنگ و بیرەوەری”دا هەڵگیراوە (Schäfers, 2023). ئەوەی شایفەرس باسی دەکات جۆرە ئەرشیفێکە دەستی خەڵک بەئاسانی دەیگاتێ، بەڵام دەستی کۆلۆنیالیزمی ناگاتێ و دژە کۆلۆنیالیزمە. لەبەرئەوەی لەگەڵ جەستەی تاکەکاندا هەڵگیراوە، لەناو ناچن. تورکیا زنجیری لە زمانی کوردی ئاڵاند، دیواری بەندیخانەی بۆ سیاسی و سەرکردەکانی کورد هەڵچنی، بەڵام نەیتوانی ئایشە شان لە فێربوونی دەنگبێژی ڕاگرێت، نەیتوانی سنوور بۆ دەنگ بکێشێت و دەنگ ڕاگرێت و نەچێتە ئەو قوژبنەی ئایشە شان خۆی تێدا مەڵاس دەدا.
ڕاستە کورد سەربەخۆیی سیاسی نەبووە، بەڵام سەربەخۆیی کولتووری لە دەستی خۆیدا بووە، بەنهێنی و لە شوێنە تایبەتەکاندا پیادەی کردووە. ئەو سەربەخۆییە “پەرەنگ فەرازمەند” لە پەڕتووکەکەی ئەمساڵیدا ناوی ناوە “بەرجەستەکراو و بەجێهێنەرانە” (embodied and performative)، کە پشت بە ناساندن و ددانپێدانانی تۆماری دەوڵەت و دەزگاکان نابەستێت، بەڵکوو پشت بە ڕاستییەکی سادە دەبەستێت، ئەویش گۆرانیگوتنی یەکێکە بۆ یەکێکی دیکە (Farazmand, 2026, pp. 7-25). لە دیدی فەرازمەند دا سەربەخۆیی بۆ کورد لە جەستەی تاکدایە و ئافرەتانیش ئەرشیفی زیندووی کۆمەڵی کوردەوارین.
کاتێک ئایشە شان دەهاتە سەر تەختی شانۆ، یان گۆرانییەکی تۆمار دەکرد، دەنگی ئەو تەنیا ئەزموونی خۆی تێدا نەبوو، دەنگی ئەو یادەوەری کەڵەکەبووی هەموو ئەوانە بوو لە باکووری کوردستان دا بەدزی گوێیان لە گۆرانی کوردی گرتبوو، چونکە کۆبوونەوەیان لە شوێنە تایبەتەکانی تێیاندا گوێیان بۆ گۆرانیی کوردی دەگرت خۆدزینەوە و خۆبێبەریکردن لە سیاسەت نەبوو، بەڵکوو هەر بۆ خۆییان لانکەکەی بوون. تۆمارەکانی سەدەی بیستەم ناوی “ئایشە شان، ئێران خانم، مریەم خان، سوسیکا سمۆ و فاتمە عیسا”یان هەڵگرتووە، بەڵام ئەو ناوانە بەشێکی یەکجار بچووک و کەمی دیاردەیەکی زۆر گەورەتر و واڵاترن. بەشە هەرە گەورەکەی ئەو شاژنانەی گۆرانیی کوردی ئەوانەن بەر لە داهاتنی تۆماری دەنگ و ڕادیۆ هەبوون. ناوەکانی سەدەی بیستەم لە ناکاو دەرنەکەوتوون، بەڵکوو درێژەپێدەری ڕێیەکی دوور و درێژی کولتوورێکە هەزاران ساڵە لە کاردایە. ناوی ئەوانی پێش سەدەی بیستەم نەما و سڕدرانەوە، ئەوە تەکنۆلۆجیایە ناوی بەشێکی بۆ هێشتووینەتەوە.
ژیانی ئایشە شان لە تورکیا نموونەی خەبات و ئازارێکی ڕوونە. خزم و کەس دەستیان لێ شت، تەنانەت کاتێک لەناو خەڵکدا گۆرانی گوتووە، هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. دەنگی ئەو ئێش و ئازاری دەربەدەری و لە سێدارەدانی بابی دەردەخست و بوو بە دیوێکی دیکەی ناسنامەی نەتەوەیەک. پێداگریی ئایشە شان ژنی هێنایەوە سەر تەختی شانۆی گشتی و سەلماندی دەنگی ژن بەرەنگاربوونەوەیەکی بەکۆمەڵی کوردە (Kaplan, 2024; Schäfers, 2019). لەبەرئەوەی ئافرەتی کورد بێدەنگییان قبووڵ نەبووە، نەریتێکیان بەردوام کردەوە هەزاران ساڵە هەیە.
بەرجەستەبوونی کۆیادی نەتەوە و کۆمەڵ لە شێوازی بیستراودا، واتا کۆیادەکان بوونەتە دەنگ و گۆرانی. مەرج نەبوو گۆرانیی ژنانی کورد باسی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکار بکەن، ڕەنگە لە ڕواڵەتدا لەو باسەش دوور بن، بەڵام کاریگەریی بەرەنگارییان تێدا بوو چونکە بۆ خۆیان بەرەنگاربوونەوە بوون بەڵام بەرەنگارییەکە لە دەنگ و گۆرانیدا بوو، لە جەستەی ئافرەتەکاندا بوو. هەر ئەو بەرجەستەبوونە بوو لە پەلامارەکانی سوپای عەرەبی سووریا دا بۆ سەر ڕۆژاڤا، لە شەقامەکاندا دەرکەوتەوە. هاتنە سەرشەقامی دەیان هەزار کەس لە سلێمانی و هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بە هاندانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان نەبوون، جۆش و پەرۆشیی خەڵک بوو و بە گۆرانیی “دیلان”ی “نازێ عەزیزی” ڕێک دەخرایەوە و خۆی دەنواندەوە. لەو دۆخەدا گۆرانیی “دیلان” هەمان ئەرکی دەنگبێژەکانی باکووری سەدەی ڕابردووی بەجێ هێنا، شێوازێکی دەنگی بۆ هەستی خەڵک داهێنا، تا کورد لە چالاکییەکاندا کۆ بکاتەوە. دەبینین “نازێ عەزیزی” لەسەر ڕێچکەی مەرزیە، گوڵستان، ئەسلیکا قادر، ئایشە شان و ئێران خانم و هەزارانی دیکەیە ناویان تۆمار نەکراون و بزرن.
دەنگبێژی تاوان بوو، کەچی ئایشە شان بێ دەنگ نەبوو. لە هەبوونی وشەدا، “وشەی دەمی ئافرەتی کورد” مایەوە، هێزی بەردەوام و نەپچڕاوەی کورد تەنیا لە وشەکانی دەمی ژندا نەبوو، بەڵکوو وانەیەک بوون بۆ هەر کەسێک بیەوێت کردەی بەرەنگاری و پیادەکردنی فێر ببێت: بەوەی ئەو دەنگەی لە شوێنە تایبەتەکاندا گۆرانی دەڵێت و چیرۆک دەگێڕێتەوە یان لایلایەی کۆرپەلەکەی دەکات و بەڕووی دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەکان و باوکسالاریدا ڕادەوەستێتەوە، ئەو دەنگەی مکووڕە دەبێت هەبێت و گوێی بۆ بگیرێت، ئەوەیە ڕۆحی نەتەوە، ئەوە دەنگی نەتەوەیەکە کپ ناکرێت.
گۆرانیی کوردی شوێنە تایبەتەکان و بەنهێنی گوێگرتن لە کاسێتەکانیان لە سەدەی ڕابردوودا، نیشانەی خەباتێکی نەپچڕاوەی کوردە لە باکوور. پاش سەد ساڵ لەو ڕەوتەی کولتووری کوردی تێدا بوو، ئێستا گۆرانیی کوردی هاتووەتە مەیدانە هەرە پان و پۆڕەکانی شار، لەو مەیدانانەی لەسەر ئاهەنگگێڕان بە نەورۆز دەستڕێژیان لە کوردەکان تێدا دەکرا، ئێستا ئاواز و گۆرانیی کوردی تێیاندا دەنگی دەگاتە ئاسمان. ئەگەرچی کورد خەباتی چەکداریی هەبووە، بەڵام لایەنی نەگێڕدراوەی خەباتی کولتووری کورد گەلێک دەوڵەمەندە و جارێ نەهاتووەتە سەر لاپەڕەی پەڕتووکەکانی مێژوو.
سەرچاوەکان
Bullock, J. (2021). Decolonizing the Boundaries: Indigenous Musical Discourse in the History of Kurdish Radio Baghdad. IASPM Journal, 17.
Farazmand, P. (2026). Gender-Power Relations in Traditional and Transborder Kurdish Music. Berlin: Logos Verlag Berlin.
Kaplan, L. (2024). The Effects of Gender Stereotypes in the Performance of the Dengbêj Tradition: The Ayşe ŞAN Example. Mukaddime, 11.
Safrastian, A. (1948). Kurds and Kurdistan. London: The Harvill Press LTD.
Schäfers, M. (2023). Voices That Matter: Kurdish Women at the Limits of Representation in Contemporary Turkey. Chicago: University of Chicago Press.


