لوقمـان حـەوێز
گراهام هانکۆک (Graham Hancock)، کە نووسەر و لێکۆڵەرەوەیەکی بەریتانییە لە بواری شوێنەوارناسی و شارستانییەتیە کۆنەکانی مرۆڤ لەم کتێبەیدا بەناوی “پەنجەمۆری خودایەکان” (Finger Prints of the Gods) لە ڕێگەی خستنەڕووی کۆمەڵێک بەڵگە و لێکۆڵینەوە کە هەندێکیان مەیدانین هەوڵی وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیار دەدات. بۆچی هەموو شارستانیەتیە کۆنەکانی سەر زەوی بەهاوبەشی بڕوایان وابووە کە مردن کۆتایی نییە و دوای مردنیان مرۆڤەکان دەچن بۆ ژیانێکی تر و جیهانێکی نوێ؟ بۆچی چیڕۆکی ڕوودانی لافاوێکی زۆر گەورە و سەرتاسەری کە لە کۆندا ڕوویداوە لەلایەن زۆربەی شارستانییەتەکان و زۆربەی ئایینەکانیش باسی لێوە کراوە لەگەڵ ئەوەی ئەو شارستانیەتانە لەڕووی جوگرافییەوە لەیەکتر دووربوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکتریەوە نەبووە و جیاواری کاتی بوون و مانەوەی نێوانیان هەزارەها ساڵ بووە؟ کۆمەڵێک ژمارە هەن وەکوو 1، 3، 7، 8، 13، 40، 72 گرنگییەکی تایبەتی خۆیان هەبووە لەلایەن زۆربەی هەرە زۆری شارستانییەتەکان و ئایینەکان، هۆکارەکە چییە و ئەو گرنگییە له چی و کوێوە هاتووە؟
گڕاهام هانکۆک لە کتێبەکەیدا بە خستنەڕووی گەلێک لێکدانەوە دەڵێت: ئەو بڕوا هاوبەشانەی کە لە نێو شارستانییەتە کۆنەکان بە هاوبەشی هەموویان لە بنەڕەتدا لە تاکە شارستانییەتێکی کۆن و ونبوو گوازراونەتەوە کە پێش هەموو شارستانیەتەکانی تر لەسەر ڕووی زەوی هەبووە بەر لە پتر لە 12 هەزار ساڵ کە بە پێوەری ئەو کاتە زۆر پێشکەوتوو بووە لە بواری ئەستێرەناسی و ماتماتیک و دەریاوانی. ئەو دەڵێت ئەو بڕوایانە و ئەو چیرۆکە هاوبەشانه و گرنگیدانەکانی تریش لەوانەوە وەرگیراوە و وردە وردە بڵاوبۆتەوە لەنێو تەواوی مرۆڤەکان. هەر بەپێی لێکدانەوەکانی گراهام ئەو شارستانییەتە بەهۆی بەرکەوتنی پارچەکانی کلکدارێک بە هەسارەی زەوی بەر لە نزیکەی 12 هەزار ساڵ لەناوچووە، بەرکەوتنی ئەو کلکدارە کە هەندێک ئاسەواری بەدی دەکرێت لە چینێکی زەوی کاتێک هەڵکۆڵین دەکرێت و بۆتە هۆی گەڕانەوی چەرخی بەستەڵەک بۆ نزیکەی 1100 ساڵ. دوای ئەوە زەوی کتوپڕ گەرم بووە لە هەندێک شوێن تێکڕای پلەکانی گەرما تا ڕادەی 10 پلەی سەدی گەرمتر بووە و ئەوە بۆتە هۆی توانەوەی بەفر و بەستەڵەکەکان لە زۆربەی ناوچەکان بە ئەوروپا و باکووری ئەمەریکاوە کە بۆتە هۆی ڕوودانی لافاوی سەرتاسەری زۆر گەورە لە نزیک هەموو کەنارەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان بۆ پتر لە 120 مەتر لەوەی پێشتر هەبووە. ئەمەش هەرچی شوێنە نزیک زەریاکانە ژێر ئاو کەوتووە و ئەو شارستانییەتەی لەناوبردووە. بەڵام ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەی ڕزگاریان بووە و ئەو شارەزاییانەی هەیانبووە لەگەڵ بڕواکانیان و ڕووداوەکان و چیرۆکەکانیان دەماودەم گواستراوەتەوە و ماونەتەوە لەنێو شارستانییەتەکانی سۆمەریەکان و چینیەکان هیندیەکان و میسریەکان و شارستانیەتەکانی باشووری ئەمەریکا و مێزۆ ئەمەریکا، هەروەها ئەو زانیارییانە لەنێو ئایینەکان و کتێبە پیرۆزەکانی ئەو ئایینانە خراوەتەڕوو کە دواتر سەریان هەڵداوە.
گراهام لە کتێبەکەیدا دۆزینەوەیەک و شوێنەوارێکی مەیدانی بەکاردەهێنێت کە دەکەوێتە باکووری کوردستان و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا وەکوو بەڵگەیەک بۆ بوونی شارستانییەتی تاڕادەیەک پێشکەوتوو پێش هەموو ئەو شارستانییەتانەی کە تا ئێستا ناسراو بوون بۆمان وەکو سۆمەرییەکان بۆ نمونە، ئەو شوێنەوارەش لە باکووری کورستانە، بەناوی تەپەی گۆلبێکلی (Göbekli Tepe). ئەم تەپەیە بە کۆنترین شوێنەواری megalithic دادەنرێت واتە شوێنەوار و ئاسەواری شارستانییەتێکی مرۆڤ کە تا ئێستا لە جیهان دۆزرابێتەوە. گراهام خۆی یەکێک لەو کەسانە بووە کە بەشدار بووە لە دۆزینەوە و هەڵکۆڵینەکانی ئەو شوێنەوارە، تەپەی گۆڵبێکلی گردێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ پێش زایین، واتە پێش 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا، پاش هەڵکۆڵینی ئەو گردە ژمارەیەکی زۆر لە بەردی گەورە دۆزرانەوە کە بە ستوونی دانراون و بەشێوەی بازنەیی ڕیزکراون و ئەو بەردانە شێوەی هەندێک ئاژەڵیان لەسەر داتاشراوە وەکوو مار و ڕێوی و شێوەی هەندێک باڵندەش. گراهام پێی وایە ئەو شارستانییەتە ئەو شوێنەی بۆ مەڕاسیمی ئایینی بەکارهێناوە. دوای ڕوودانی کارەساتیش کە زانیویانە شارستانییەتەکەیان بەرەو لەناوبردن دەبات هەستاون بە داپۆشینی بە گڵ بۆ ئەوەی وەک شوێن پەنجەی ئەوان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر بمێنێتەوە دوای نەمانیان. گراهام دەڵێت ئەو دۆزینەوەیە بەڵگەیەکی ئەوەیە شارستانییەتی تا ڕادەیەک پێشکەوتوو زۆر زووتر هەبووە وەک لەوەی پێشتر دەزانرا و ئەو شوێنەوارەش بەڵگەی ئەوەیە.
گراهام لە ڕووی زانستیشەوە باسی دۆخی هەسارەی زەوی دەکات و باسی قۆناغێکی هەسارەی زەوی دەکات کە لەنێوان 12700 ساڵ پێش ئێستا بووە تاوەکو 11600 ساڵ پێش ئێستا. ئەو قۆناغە کە لەسەر هەسارەی زەوی ڕوویداوە پێی دەگوترێت (Younger Dryas). زانیارییەکان و پشکنینە زانستییەکان پێمان دەڵێن لە سەرەتای ئەو قۆناغ و ئەو کاتە چاخی بەستەڵەک کۆتایی پێ هاتبوو لەسەر زەوی، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی پارچەکانی کلکدارێک زەوی دووبارە پێی نایەوە قۆناغی بەستەڵەک. دوای بەردەوامی چاخی بەستەڵەکیش بۆ دواجار بۆ ماوەی نزیکەی 1100 ساڵ زەوی دووبارە پێی نایەوە قۆناغی گەرمبوون و ئەمەش بووە هۆی توانەوەی شاخە بەفرینییەکان لە نزیک جەمسەرەکان و گرینلاند و کیشوەری باکووری ئەمەریکا. گراهام دەڵێت هەر ئەوەش هۆکاری ئەو لافاوە گەورانە بووە کە ئەو کاتە ڕوویانداوە و هەر ئەوەش بەڵگەی ئەو چیرۆکە مێژووییەی زۆربەی شارستانییەتەکانە کە باسی لافاوێکی سەرتاسەری دەکات کە زۆربەی ناوچەکانی ئەو کاتەی گرتەوە کە مرۆڤی لێ ژیاوە.
لەسەر ئەوەی ئەو بابەتە و ئەو بەڵگانە و ئەو لێکدانەوانەی گراهام هانکۆک کراوەتە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی لە Netflix بەناوی (Ancient Apocalypse). ماوەیەکە هێرشێکی زۆر ڕێکخراو دەکرێتە سەر ئەو نووسەرە لە ئەمەریکا و لە ئەوروپا بەتایبەتی لەلایەن کریستییانەکان، بەپێی قسەی ئەوان سەرهەڵدانی کریستیانییەتی و هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانی تریش پەیوەندی نەبووە بە هیچ یەکێک لە شارستانیەتەکانی پێشووتر، بەڵکوو ئەوە کاری خودا خۆی بووە، ئەو پەیامی خۆی ناردووە بۆ مرۆڤەکان و ئایینەکان بەو شێوەیە سەریان هەڵداوە.
بەڵام لێرە من پرسیارێکی تریش دەخەمەڕوو کە ئەمەیە، ئەگەر ئەو گریمانەیە و لێکدانەوانەی گراهام هانکۆک ڕاستیش بێت ئەی ئەو بڕوایە ئایینیانەی ئەو شارستانیەتە کۆنە لە کوێوە هاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێم: دکتۆر ڕەزا ئەسڵان کە نووسەر و لێکۆڵەرەوەیەکی ئایینەکانە لە ئەمەریکا و بە بنەچە ئێرانییە لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بەناوی خوا: مێژووی مرۆڤ (God: a Human History) بە وردکردنەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی زانستی دەڵێت: سەرهەڵدانی هزری ئایینی و بڕوا ئایینیەکان لە مرۆڤی هۆمۆسێیپیان زۆر زۆر کۆنترە لە دەرکەوتنی هەموو شارستانییەتەکان و ئایینەکان و دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە نزیکەی 150 هەزار ساڵ پێش ئێستا. ئەو بە خستنەڕووی کۆمەڵێک بەڵگەی زانستی دەڵێت سەرهەڵدانی ئەو هزرە بەشێک بووە لە پڕۆسەی گەشەی، ئێڤۆڵیوشنی، مرۆڤ و خزمەتی کردووە بە مانەوەی مرۆڤ، بۆیە لەڕێگەی بژاردەی سروشتی وەکوو سیفەتەکانی تر ماوەتەوە.