وا بڕیارە لەم نزیکانە سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێ بە هەرێمی کوردستان-یشەوە. لەوەتەی سەرژمێریی لە عێراق کرابێ گەلی کورد لە جێگای ئەوەی سودمەند بێت لە سەرژمێرییەکان زەرەرمەندی یەکەم بووە. پێ دەچێ سەرژمێریی ئەمجارەش زیانەکانی لە هەژمار نەیەن بۆ کورد بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، چونکە ئەم سەرژمێرییە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێ تەعریب لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم گەیشتۆتە ترۆپک بە تایبەتی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە سەردەمی پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی کەرکووک، ڕاکان جبوری، کە بە بەرنامە و بە شێوەیەکی چڕوپڕ پڕۆسەی تەعریبی تیا ئەنجام داوە. هاوکات، ژمارەی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئەم ناوچانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کەم بوونەوە دەچن، لە ئەنجامی زەبروزەنگ و جیاکاریی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی دژی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکان. لەبەر ئەوە خەڵکێکی زۆر لە کورد بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ دەکرێن.
ئەم سەرژمێریەش دەبێتە هۆکارێکی مەترسیدار بۆ گۆڕینی باری دیموگرافی ناوچە جێناکۆکەکان، دەشبێتە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ کەرکووک و سەرجەم ئەو ناوچانەی بە مادەی 140 سپێردراوە. جگە لەوەش لەم هەڵبژاردنەدا ئاماژە بە نەتەوە و مەزهەب ناکرێت، ئەمەش جۆرێک نیگەرانی کەڵەکەی ئاڵۆزییەکانی بەر لە خۆی کردووە بە گشتی.
سەرژمێریی ئەم جارەی عێراق کە بڕیارە لە ٢٠-١١-٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت بەو میکانیزمە کورد زۆر لە ڕابردوو زیاتر زەرەرمەند دەبێت، چونکە تەعریبی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان گەیشتۆتە لوتکە، خەڵکێکی زۆری دانیشتوانی کەرکووک بە هۆی پاڵەپەستۆی دەسەڵاتدارانی ناوەند و بە هۆی کار و وەزیفەوە کەرکووکیان بەجێهێشتووە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئەگەر لەم سەرژمێرییەدا بەشداری نەکەن وەک کەرکووکی و لە شاری کەرکووک مانای وایە بۆ هەتا هەتایە کەرکووک لە دەست دەدەین و بە کەرکووکی ئەژمار ناکرێن. لەپاڵ دەرچوونی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، عەرەب بە لێشاو و بەبەرنامە ڕوو لە سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەکەن.
لە ڕاستیدا، ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەمایەک بۆ مانەوەی عەرەب لە ناوچە دابڕاوەکان و بوون بە زۆرینە و کەمینە بوونی کورد، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت لەم کاتەدا ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد قورسای خۆیان بخەنە گەڕ کە سەرژمێریی دوابخرێ لەم کاتەدا یان کە کرا کورد بە کۆمەڵێک مەرجەوە بچێتە پرۆسەکەوە کە زیانی لێ نەکات. بۆ نموونە، هەوڵ بدرێت سنوورێک بۆ تەعریب دابنرێ و کار بە کارتی نیشتیمانی بکرێت هەرچەندە بۆ ئەوەش درەنگە، چونکە عەرەبە هاوردەکان زۆربەیان باری کەسێتیشیان گواستۆتەوە کەرکووک بەتایبەتی لەکاتی ڕاکان جبوری کە هەڵمەتێکی فراوانی تەعریبی دەست پێ کردبوو.
لە هەمووشی گرنگتر ئەگەر سەرژمێرییەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەڕێوە بچێت، دەبێت هەوڵ بدرێت کەرکووکییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان-ەوە لە ڕۆژی سەرژمێرییدا بگەڕێنەوە کەرکووک و وەک و کەرکووکی و کورد و کوردستانی بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکەن. دەبێ دەسەڵاتدارانی سیاسی لە کوردستان هۆشداری و زانیاری پێویستیان بۆ ڕوون بکەنەوە و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە چڕی باس لە گرنگیی بەشداری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکرێت و گرنگی سەرژمێرییەکەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە، تاوەکوو بە بەرفراوانی خەڵك لە ڕۆژی سەرژمێریی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.هەوڵ بدەن ئەوەی دوژمن بە دەیان ساڵ بۆی نەکرا بە هۆی کەمتەرخەمی خۆیانەوە بۆ داگیرکەران و نەیاران و دوژمنان نەیەتە دی.