سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مێژووناس و مێژوونووسانمان لە چی نیگەرانن؟

وەکوو هەموو زانستێکی دیکە، مێژوو زانستە. توێژینەوە و لێکۆڵینەوە  لە مێژوو هەر وەک زانستەکانی دیکە، یاسا و ڕێسای خۆی و ڕێڕەوی ڕاست و دروستی خۆی هەیە. لادان لەو ڕێڕەو و ڕێسایانە لە توێژینەوەی زانستییدا، ئینجا چی سەبارەت بە مێژوو بێت یان هەر زانستێکی دیکە، ئەو جۆرە توێژینەوەیە پەک دەخات و بەهای زانستی نابێت. ئەو کاتە خاوەنەکەی بە لادەر و دەرچوو لە ڕێکارەکانی توێژینەوەی زانستیی دادەندرێت و لە نێوەندی ئەکادیمیی ئەو زانستەدا، جێی نابێتەوە.

ئەو جۆرە ڕێکار و ڕێسایانە پێویستن و هەموو زانست و ناسەوانی مرۆڤ پشتی پێ بەستووە. بێ ئەوان، زانستیش وەکوو زۆر لە بوارەکانی دیکە دەبێتە جێی وڕێنەکەران و بیروباوەڕی تێکەڵ دەبێت. جوانیی و خۆشیی هەبوونی زانست بۆ مرۆڤ لەوەدایە ڕاستییەکان وەکوو خۆیان دەردەخات، گوێ ناداتە ئەوەی کام ڕاستیی بەدڵی کێیە و کام نا، لەگەڵ کام بیروڕا هەڵدەکات و دژی کامیانە. زانست یەک مەبەستی هەیە، نیشاندانی ڕاستییەکانە وەکوو خۆیان و بەڵگەکانیش دەخاتە بەردەست.

زۆربەمان چیرۆکی گەردوونناسی ئیتالی، گالیلیۆ گالیلی، دەزانین. ئەو لە سەرەتای سەدەی حەڤدەمدا گوتی زەوی چەقی گەردوون نییە، بەڵکو بەدەوری ڕۆژ-دا دەسووڕێتەوە. تەمەنی ئایینی مەسیح ئە وکاتە ١٦٠٠ ساڵ بوو، ناسەوانی یۆنانییەکانیشی لەگەڵ بوو. پاپا لە ڕۆما و هەموو کڵێساکانی ئەو سەردەمە یەک بیروباوەریان هەبوو دەیگوت خوا زەوی، ڕۆژ و هەموو ئەستێرەکانی دروست کردووە و هەموویان بەدەوری زەویدا دەسووڕێنەوە. قسەکردن بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی سەروو ١٧ سەدە باو بوو، خۆکوشتن بوو. هەر ئەوەیش ڕووبەرووی گالیلیۆ بووەوە. پێش ئەویش نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس گوتبووی زەوی چەقیی گەردوون نییە، ئەویش ڕووبەڕوویی هێرشی کۆنەپەرستان بووەوە. توندترینیان ئەوەی قەشە تۆلۆسانی بوو.

لە ١٨٦٩ نەخۆشیی کۆلێرا لە لەندەن بڵاوبووەوە، سەروو ١٤ هەزار کەسی کوشت. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی بوو کە لەندەن بگرێتەوە. باوەڕی خەڵک لەوکاتەدا ئەوەبوو هەوای پیس لە شتی ڕزیو و شییبووەوە بڵاودەبێتەوە، نەخۆشیی کۆلێرا لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە. ئەو جۆرە باوەڕە باوە لە سەدەی چوارەمی پێش زایینەوە هەبوو، زانا و فەیلەسوفی یۆنانی، ئەپۆکرات/ئەبقرات (Hippocrates)، یەکەمجار باسی کردووە. بیروباوەڕێک بۆ سەروو ١٤٠٠ ساڵ باو بێت، دەبێتە بەشێک لە ڕاستیی زانستیی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. هەر بیر و بۆچوونێکی نوێ، دەتخاتە بەرانبەر ئاپۆڕای خەڵک و دامودەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت و ئایین. بۆیە خوێندن لە ئاوازێکی جیا لەوەی هەموو خەڵک، نامۆت دەکات و دەتخاتە پەراوێز. لەو ڕووداوەی کۆلێرا بڵاوبوونەوەیەی لەندەن، پزیشکێک بە ناوی جۆن سنۆو، ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی باوەڕی ١٤٠٠ ساڵە باوی خەڵکی کەوتە سەرشان. تێیدا سەرکەوتوو بوو، نەک لەبەرئەوەی ڕاستیی زانستیی لەبەردەست بوو چونکە وردبینەکەی لە تاقیگە نەیتوانیی ئەو بەکتریایەی سەرچاوەی کۆلێرایە ببینێت، بەڵکو لەبەرئەوەی زانیاری دروستی کۆکردبووەوە، وەک ئامار پشتی پێبەست و توانی بەر لە بڵاوبوونەوەی زۆرتری کۆلێرا، بگرێت.

ئەو دوو نموونەیەی سەرەوە ڕووداوی مێژوویین و مرۆڤایەتیی زۆرجار وەکوو بەڵگە بۆ هێزی بیروباوەڕی باوی خەڵک و دامودەزگاکان دەیانهینێتەوە یاد. دوو ڕووداون زانستی باوی ئەو سەردەمەیان هەڵاوگێڕ کرد. منیش ئەو دوو نموونەیە بۆ  ڕووداوەکانی ئێستای کوردستان دەهێنمەوە.

توێژەری مێژوو سۆران حەمە ڕەش، دوو پەڕتووکی هەیە باس لە مێژووی کورد دەکات و پێی وایە سۆمەرییەکان کوردی دەشت بوون و خەڵکەکەی دیکەی دانیشتووی زاگرۆس، کوردی شاخ بوون. نموونەی زۆری لێکچوونی وشەکانی نێوان کوردی و چەند زمانێکی دێرینی ناوچەکەی، ڕیزکردووە. هەڵبەت ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەوە نییە ئەو دوو پەڕتووکەی ئەو هەڵسەنگێنم، چونکە هێندە لەو بەبەتانەدا دەوڵەمەند و پڕ زانست نیم ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرم. شارەزاییم لە چاو هەموو ئەکادیمییەکانی مێژوو، زۆر کەمە. لە لایەکی دیکە، سۆران حەمەڕەش، وەکوو گالیلیۆ و جۆن سنۆو دەبینم. ئەو بە پێچەوانەی ئاراستەی ئاو، هەر نەبێ ئەکادیمییەکانی باشووری کوردستان، مەلە دەکات. پێچەوانەی بیروباوەڕە باوەکانی سەروو ١٠٠ ساڵ بڵاو، دەدوێت. هەڵبەت هەموو کۆمەڵگەی زانستی مێژوو لە کوردستان دژی دەوەستنەوە. ئەو پەرچەکردارە چاوەڕوانکراوە.

بەڵێ، مێژوومان بە هەناسەی نەتەوەپەرستیی و ڕەگەزپەرستیی نانووسرێتەوە. خۆ ئەگەر کارێکی لەوجۆرە لە ئارادا بێت، دەبینە مێژوونووسە تورکەکان، کە هەموو هەوڵێکیان داوە مێژوویەکی پڕ شکۆ بۆ خۆیان و عوسمانییەکان بنووسنەوە. تا دەگاتە هەناردەی دراما تەلەفزیۆنییەکان کە تێیاندا سوڵتانەکان پڕ سۆز، نەرم و نیان، مێشک کراوە و پڕ زانست و بەئاگا لە دەورووبەر و کۆمەڵگەکەیان نیشان دەدرێن. چیرۆکە ڕەش و دڕەندەکانی کوشتنی براو برازاکان، خەساندنی پیاوانی حەرەم، بە درامای تەلەفزیۆن سپی دەکەنەوە. ئەویان مێژوو نییە، بەڵکو چەواشەی مێژووییە. یان فیلم و دراماکانی عەرەب چۆن ڕووداوەکانی سەردەمانی بڵاوبوونەوەی ئیسلام دەگێڕنەوە، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەوەی تورکەکاندا نییە.

شیاوترین ڕەخنە لە مێژوونووسانمان بگیرێت ئەوەیە بۆچی دەبێ ئەوەی لە هەوڵ و کاری داگیرکاریی پاشاکانی ناوچەکە نووسراوەتەوە وەکوو بەڵگەی زانستیی و ڕەها وەربگیرێن؟ کام پاشا هەر لەوانەی میسۆپۆتامیا، پاشاکانی فارسی دوای مادەکان، خەلیفەکانی عەرەب تا دەگاتە سوڵتانی عوسمانییەکان باسیان لە تاکە یەک شکستی خۆیان کردووە؟ کێیە ئەو مێژوونووسە ڕاست و ڕەوانەی ئەوکاتە ڕووداوەکانی وەکوو خۆی تۆمارکردووە؟ کام مێژوونووس لەبەر نووسینی ڕاستییەکی زانستیی یان ڕووداوی ڕۆژ وەکوو گالیلیۆ و جۆن سنۆو ڕووبەرووی ویستی دەسەڵات و باوەڕی باو بووەوە؟ کەس. بۆچی مێژوونووسی ئەو کاتە وەکوو زانای هەمان سەردەم هەڕەشەی لەسەر نەبووە؟ چونکە مێژوونووس نەبوون. فەرمانبەری دیوانی پاشا بوون، ویستی پاشای سەرکەوتوو چی بووە، ئەوەی بۆ نووسیوینەوە. ئێمەی کورد دوای دوو هەزار ساڵ، نووسینی لەو جۆرە بەبەڵگەی مێژوویی و زانستیی دەزانین تا شاخ و باڵ لە پاشاکانی فارس و تاڵانچییەکانیی جەنگاوەرانی بەناو ئیسلام، بڕوێنین.

مێژووی نووسراو بەو جۆرە بەڵگانەی ئەو جۆرە مێژوونووسانە نووسراوەتەوە. هەروەک چۆن سیستەمی گەردوونیی پێش کۆپەرنیکۆس و گالیلیۆ و مۆدێلی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی پێش جۆن سنۆو، لە یۆنانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، شازدە سەدە وا باوبوو. ئەو باوەڕە باوانە شکێندران و بیروباوەڕی نوێ هاتنە پێش. مێژوو، بە خوێندنەوەی نووسراوی پاشا و دەسەڵاتدارە سەرکەوتووەکان نانووسرێت. ئەگەر ئەو کارە بۆ نەتەوەی دیکە بەرهەمی هەبووبێ بەڵام بۆ کورد نەشیاوە و وەک داری زڕەتوو، زڕە. هەموو ئەوانەی دەورووبەری کوردیش، خۆیان داگیرکەری خاکمان بوون، چۆن باسی ئێمە دەکەن و بۆ دەبێ چاوەڕوانی ئەوان بین ناوی جەنگاوەرە لێهاتوو و ئازاکانمان، بێنن. کورد لە مێژوودا بەشێک نییە. مێژووی هەڵبەستراوی تێکەڵ بە ڕووداوە ڕاستەقینەکان، نووسراوەتەوە.

مێژووناس و مێژوونووسانی لە قاڵبدراوی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوومان ئەگەرچی هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و پسپۆڕی بوارەکەیان بوون، بەڵام لە کاروان بەجێماون. هەوڵی ئەوانەی ئەوکاتە بۆ مێژووی کورد کاریان کردووە جێی خۆی بۆ ئەوکاتە گرتبوو و زۆر ڕاستیی شاراوەیان هێنایە سەر کاغەز، بەڵام ئەوانیش بۆ ئێستامان و بۆ نووسینەوەی مێژوومان، کۆن بوون. بوون بە بیروباوەڕی باوی بەسەرچوو. بەڵگەمان بۆ ئەو ئاماژەیە ئەوەیە هەموویان بە بیردۆزی ڕەچەڵەکی ئارییبوونی کورد، سەرمەست ببوون و هەیانە تا ئێستا هەر مەستە. ئاگای لە مەحموودی بێ زەواد لە ڕووی پێشکەوتنی زانستەکانی جینناسیی و شوێنەوارناسیی نییە. خۆی و کورد بە گەلێکی ئاری دەناسێنێت و هەر ئەو بانگەشەیە دەکاتەوە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو باو بوون.

پێشتریش ڕەخنەمان لەو جۆرە پابەندبوونە کوێرانەیەی ئەو جۆرە بۆچوونانە هەبووە. ئەگەر گومان لەو سەرچاوانە هەبێت، کەواتە جێی متمانەی نووسینەوەی مێژووی کورد نابن. خۆ لە هەموو مێژووی پێشکەوتنی زانستەکاندا، سەرەتا هەر گومان بووە و ڕێچکە کۆنەکانی شکاندووە. ڕزگاربوون لە داگیرکاریی هزر و هۆش ئاسان نییە و یەکەم هەنگاو ئەوەیە درک بەو داگیرکارییە بکەین. ئەو درککردنەمان، یەکەم هەنگاوی داماڵینی بیروباوەڕی داگیرکارەکانمانە. ئەوە ئێستایە کورد وەکوو نەتەوە و گەل (نەوەک وەکوو دەستەبژێرێکی خوێندەواری کەم لێرە و لەوێی کوردستان) هەست بە داگیرکاریی و کاریگەرییەکانیی دەکات. ئەوەندەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو لەو پرسەدا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، لە هەموو مێژووی کورد-دا ئەوەندە بەرهەمە نەبووە. وەک چۆن ئێمە تورکی شاخ نەبووین و نین، بە هەمان شێوە ئاریایی نەبووین و نین، بەڵام داگیرکراوی ئاریاییەکانین. داگیرکراوی عەرەبی دوورگەی عەرەبیین. ئاکارەکان ژیانی ناو سروشتی ڕەنگاوڕەنگی خۆمان بە ڕەشپۆشیی و باڵاپۆشیی، بەوپەڕی شانازییەوە گۆڕیوە. ئەوە داگیرکردنی هزر و هۆش کردوویەتی و بەردەوامیشە.

سەرچاوەکانی سەدەی ڕابردوو، پشت ئەستوور بە لێکچوونی زمان و هاوبەشیی خەسڵەت و ئاکارەکانی زمانی کوردیی لەگەڵ زمانەکانی دیکەی خێزانی هیندۆ-ئێرانی و هیندۆ-ئەوروپی، گەلی کوردیان بە ئاریایی ناساند. زمان ئامرازێکی دروستی یەکلاکردنەوە و دەستنیشانکردنی ڕەچەڵەک نییە. نابێت بۆ ساغکردنەوەی مێژووی کورد، زمان بەگەڕ بخرێت زانستی نوێ سەلماندوویەتی زمان بۆ ئەو کارە پەککەوتە و بێ کەڵکە. ئەو ڕەوشە کۆنە، بۆ زانستەکانی ئێستەی گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە، وەلا نراوە. کاتێک ئاریاییەکان نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین لەو زەویەی ئێستا بە ئێران دەناسرێ، دەرکەوتوون، باب و باپیرەی ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن، لە زاگرۆس بۆ چەند هەزار ساڵێک کشتوکاڵ و ئاژەڵدراییان دەکرد. لەو بۆچوونەماندا، توێژینەوەی زانای نەمسایی هەنەر بیشلەر لەژێر ناونیشانی “ڕەچەڵەکی کورد، شوباتی ٢٠١٢” و توێژینەوەی دلاوەرخان بە ناونیشانی “هیندۆ-ئەوروپاییکردنی ئێران و کوردستان، پێکهاتەی جینەکانی هیندۆ-ئێرانییە داگیرکەرەکان ، ٢٠٢١”، سەرچاوەمانن.

هەرچەندی زانستی جینناسیی توێژینەوەی زۆرتر دەکات، ئەوەندە کورد لە ئاریاییەکان جیا دەکاتەوە، ئەوەیان وەکوو بەڵگەی مێژوویی بەدڵی پاشا نووسراوی سەرەتای مێژوو، نییە. زانستە و یەک ئەنجام و لێکدانەوەی هەیە. ناتوانم بڵێم کورد بوون، بەڵام هەر باپیرەگەورەی ئێمە بوون لە گوندی زاوی چەمی شانەدەر لەسەر زێی گەورە و گەنج دارە لە دامێنی ڕۆژهەڵاتی چیاکانی زاگرۆس ئاژەڵیان ماڵییکردبوو و لە گرێ مرازا/مرازان لە باکووری کوردستان ٧٠٠٠ ساڵ پێش فیرعەونەکان، بەردی بناغەی یەکەمین پەرستگەی شارستانییەتی مرۆڤیان دانابوو. ئەگەر باپیرە گەورەی خەڵکی ناوچەکە نەبوون، ئەی نەوە و نەتیجە و نەدیدەیان چییان لێهات و بۆ کوێ چوون؟

ڕەنگە نیگەرانییەکانی مێژووناسان و مێژوونووسانی باشووری کوردستان لەجێی خۆیان بن. بەڵام هەوڵ و کۆششی ئەوان و هەموو ئەوانەی پێش ئەوانیش ئێمەیان نەگەیاندە کەنارێکی ئارامی مێژوومان. ئێمەی کورد  لە مێژوودا ون بووین. بۆچی تا ئێستا هەر دەتانەوێ لە هەمان سەرچاوەکانی دیوانی پاشاکاندا مێژووی کورد بدۆزنەوە؟ ئەو سەرچاوانە جێی متمانەی نووسینەوە و گێڕانەوەی مێژوویەکی دروستی بێ کلک و گوێی کورد نین. ئەگەر خۆتان نەگونجێنن و خۆتان بە زانستەکانی سەردەم دەوڵەمەند نەکەن، لە کاروان بەجێدەمێنن. پێت وایە ئەگەر مێژوونووسێکی فارس بڵێت فارسی ئێستا نەوەی فارسی کۆنە، دەبێ داوای لێبکەین بە فارسی کۆن بدوێ دەنا بۆچوونەکەی دروست نییە! ئەی ئەگەر ئینگلیزێک نەزانێت واتای ڕستەکانی شکسپیر چییە چونکە زمانەکە گۆڕاوە، کەواتە ئەویشیان ئینگلییز نییە و نەوەی خەڵکەکەی سەردەمی ڤیکتۆریان نییە؟ ئەوە چۆن شرۆڤەیەکی زانستییە؟

پەڕتووکە نوێیەکەی د. زرار سدیق ئەمساڵ لە دهۆک دەرچووە بە ناوی “هەردوو کتێبی، (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد و کورد کێیە) لە تەرازووی ڕەخنەی ئەکادیمیدا”، شرۆڤەیەکی تێر و تەسەلی ئەو دوو پەڕتووکەی کردووە. پەنجەی لەسەر زۆر لە کەموکورتیی و نادروستیی زانیاریی و بۆچوونەکانی ئەو دوو پەڕتووکە هەیە. لە ڕووی ئەکادیمییەوە پڕە لە سەرچاوەی مێژوویی باش و سەنگین و هەمووشیانی داناوە، بەراوردەکانی لەو دوو پەڕتووکەدا هاتوون شرۆڤە کردووە و زانستییانە ڕاستی لە چەوت جیا کردووەتەوە. بۆ ئێمەی خوێنەر و ئارەزوومەندانی مێژووی دێرینی خۆمان زۆر پڕسوودە. ئەوەی دەمەوێ لێرەدا بیڵێم ئەوەیە، پێویستە دکتۆر زرار-یش خۆی لەو جۆرە کۆت و بەندەی لەسەرەوە سەبارەت بە سەرچاوەکانی مێژوو باسکراوە، ڕزگاربکات. خۆ ڕزگارکردن لە داگیرکاریی هزر بۆ ئەکادیمییە بەتواناکانمان پرسێکی هەنووکەیی و پڕ بایەخە. سوودی زۆرتری بۆ نووسینەوەی مێژووی ڕاست و دروستمان دەبێت، ئەگەر هەوڵی نادروست و هەڵە هەیە با ئەوان بۆمان چاک بکەنەوە، بەڵام دوای خۆڕزگارکردن لە گوتاری داگیرکاریی ئەکادیمیی ٥٠ ساڵی ڕابردوو.

دەگەڕێمەوە و دەڵێم بۆ دۆزینەوە و نووسینەوەی مێژووی کورد، دەبێ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی ئەوەی تا ئێستا هەبووە، هەنگاو بنێین. مێژووی کورد تەنیا بەپێی یەک یان چەند سەرچاوەیەکی پاشا سەرکەوتووەکان شرۆڤە ناکرێت. مێژووی کورد بابەتێکە تایبەتە بە خۆمان و دەبێت خۆمان قۆڵی لێ هەڵکەین. بیست سەدەیە چاومان نووقاوە. بۆئەوەی چاو لە مێژووی خۆمان هەڵبێنینەوە، ئێمە دەبێت پشت بە زانستی شوێنەوارناسیی و جینناسیی ببەستین و دیوەکەی دیکەی ڕووداوەکانی لە مێژوودا تۆمارکراون، بخوێنینەوە. بۆ گەیشتن بەو مەبەستە، دەبێت کورد دەست لەوە هەڵگرێت پشت بەو زانیارییە باو و کۆنانە ببەستێت لە سەرەتای نووسینەوە تا ئێستا بۆ مێژوونووسینەوە، بەکارهاتوون.

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO