سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“ژینا”کان… لە کاروانی خەباتماندا

کەم کۆمەڵگەی ئیسلام ئایین هەیە ئەوەندەی کۆمەڵگەی کوردەواری ژن تێیدا چالاک و بوێر بووبێت. سروشتی ئایینەکە وایە ئافرەتمان کۆت و بەند دەکات. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە نەتەوە هەرە لە پێشەکانین لە ناو ئەوانەی ئیسلامیان بە ئایینی خۆیان وەرگرتووە، ئافرەتمان لە زۆر بواردا نەک جێ پەنجەی هەیە، بەڵکو کارگەریی و ناوبانگیشی هەیە. ئێمەی کورد چەند هەزار ساڵێک بەر لە داتاشینی چەمکی مافی ئافرەتان و ئەوەی دەڵێت ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە، لەگەڵ ئەو ماف و پێگەیەی ئافرەت ئاشنا بووین و ژیاوین. ئەگەرچی هیچ نووسراوێکی دێرینی کوردی یان زمانێکی دیکەمان نییە باس لە ڕۆڵی ئافرەتانمان لە ناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بۆ بکات. بەڵام خۆ هیچ نەتەوەیەکی دیکە لە سەر ڕووی زەوی هەروەکوو ئێمە لەو بارەدا هیچی دێرینی نییە، لەبەرئەوە نییە ئافرەت پێگەی کۆمەڵایەتیی نەبووە، بەڵکو لەبەرئەوەیە هەر بە سروشتی ژیانی سەرەتایی ئەوکاتە ئافرەت و پیاو جگە لە هێزی بازوو، جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە و ئەو چەمکانەی یەکسانیی و ماف لە قۆناغەکانی بەر لە مێژوو نەبوون. ئەو دوو چەمکە و هاوشێوەکانی زۆرتر لەگەڵ شۆڕشی پیێشەسازیی دەرکەوتوون و بوونەتە باسی ناو خەڵک.

لە دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی ١١ هەزار ساڵ کۆنی سەر خاکی کوردستان هیچ جیاوازییەک لە نێوان نێژراوانی پیاو و ئافرەت بەدی نەکراوە. ژمارەی ئافرەتان لەگەڵ پیاوانی نێژراو لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانی “گرێ کەچەڵ” و “کۆتی بەرچەم” لە باکوور جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. هەردوو پەیکەری ئافرەت و پیاو لە ژێر زەوی هەمان شوێنی پیرۆز نێژراون و وەکوو یەک مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. توێژینەوە تازەکانی لەو بوارانەدا کراون جیاکاریی لە نێوان شوێنی ناشتن یان چۆنییەتی دانانیان لەناو گۆڕەکان، بەدی ناکات و یەکسان دیارن. کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە مێژوو بە مێرگ و دارستانەکانی کوردستان-دا گەڕاون و پیاو و ئافرەت لەتەک یەک بوون. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو داتاشراو و پەیکەرەکانی بۆمان بەجێماوە نیشانی دەدەن پێگەی ژن لە ناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، پێگەیەکی بەهێز و ڕەگ داکوتاو بووە. لەبەرئەوەی ئافرەت نەوەی داهاتوو دەخاتەوە و منداڵی دەبێت وەکوو سەرچاوەی ژیان و بەردەوامیی تەماشای کراوە. بۆیە زۆر پەیکەری ئافرەتان دۆزراونەتەوە منداڵبوون و بەپیتیی ئافرەتان بەرجەستە دەکات.

پێگەو ڕۆڵی ئافرەت لە کلتووری نەتەوەییماندا تۆماری پڕ بڕشتی هەیە. لەوەیاندا ناگەڕێینەوە تۆماری نووسیینی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسان، پەنا بۆ نووسراوی دێرینی سۆمەر و ئاشووریش نابەین. لە قووڵایی ناخی نەتەوەی خۆماندا ورد دەبینەوە، لە بەها هەرە بەرزەکانی ناو کلتووری دەوڵەمەند و هەمەجۆرمان، هەڵپەڕکێی کوردەواری وەکوو بەڵگە دەهێنینەوە. هەڵپەڕکێی کوردەواریی دەست لە ناو دەست و شان لە شانی نێوان ئافرەت و پیاو، یەکسانیی ئەو دوو ڕەگەزە سەرەڕای نەفرەتی ئایین نوێ، دووپات دەکاتەوە. لە کلتوورماندا، هەزاران ساڵە لە دێ و دێهاتی هەموو خاکی پانوپۆڕی کوردستان، ئافرەت و پیاوی کورد دەست لە ناو دەستن، لە شین و ئاهەنگگێڕاندا، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییدا لە تەک یەکن. لە هەڵپەڕکێشدا هەر دەبێت پێکەوە بن، لەسەر هەمان ئاواز پێ داکوتن و هەڵبەزنەوە، پێکەوە دەست بەرز بکەن و پێکەوە هەڵمەت بەرن. ئەوە ڕەشبەڵەکی کوردەوارییە ئەو هەموو جوانیی و تەباییەی نێوان ئافرەت و پیاو بەرجەستە دەکات. ئەوە ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکێی کوردەوارییە بەگژ نەریت و لەتکردنی کۆمەڵگەدا چووەتەوە و دەچێتەوە.

ئێمەین خاوەنی چەمکی یەکسانیی ئافرەت و پیاو، ئێمەین لە کلتوورماندا تۆماری مێژووی تێڕوانینمان بۆ ئافرەت تۆمار کردووە. پەکمان بە تۆماری گەڕیدە و مێژوونووسان نییە ببنە بەڵگە. لە تەختی بێستوون و کۆشکی ئاشوور لە موسڵ بەدوای نووسراوی پاشاکاندا ناگەڕێین تا لە خۆمان ورد ببینەوە. ئەوەتا بەڵگە لەهەموو لادێیەکی کوردستان-دا هەیە. زیاتر لە ١٠٠ جۆرە هەڵپەڕکێمان هەیە، ئەوانە نەبن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و داگیرکار دەگێڕدرێن، هەموو ئەوانی دیکە لەگەڵ ئافرەتدا دەگێڕدرێن. چونکە ئافرەت لە تۆڕی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتییماندا هەن. لە کۆمەڵگە دێرینەکانی بەر لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ لە هەڵپەڕکێماندا وەکوو توخمێکی سەرەکی کۆمەڵگە و باوەڕمان، تۆماری هەبوونی ئافرەتمان کردووە. کام نەتەوە ئەوەندەی کورد بەها یەکسانییەکانی لە کلتووریدا هەڵگرتووە؟

لە تۆماری نەتەوەییماندا شەرەفخانی بەدلیسیی کۆنترین نووسراوە من لێی ئاگادار بم، باس لە ڕۆڵی ئافرەتی کورد لە سەدەی شانزەدا، بکات. هەرچەندە ئافرەتی کورد لەو سەردەمەدا خاوەندارییەتی زەوی و موڵکی کردووە، بەڵام لە ژێر حوکمی عوسمانییەکان-دا ئافرەت نەیتوانیوە بە ئاسانی لە بۆنە و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەرکەوێت یان لە بازاڕی شاردا ببیندرێت. بەپێی نووسراوەکەی شەرەفخان، سزای کوشتن بۆ هەر ئافرەتێک هەبووە لە بازاڕدا دەرکەوێت. هەر لەو سەردەمەدا، ئافرەتی کورد هەبووە دوای نەمانی مێردەکەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست تا کوڕەکانی پێگەیشتوون. ئاسیناز بارزان-یش هەر لە سەدەی حەڤدەدا ژیاوە، لە جیهاندا یەکەمین ڕابی جوولەکە بووە و هەندێک توێژەر بە یەکەمین ئافرەتی کوردی دەستڕۆیشتووی لەقەڵەم دەدەن. خانزادی میری سۆرانیش هاوسەردەمیان بووە و تا ٥٠ هەزار سوارچاکی هەبووە. لە سەدەی نۆزدەدا پێش شکستی شۆڕشی بەدرخانییەکان، حەلیمە خانم فەرمانڕەوای ناوچەیەکی فراوانی دەوری هەکاری بووە. مریەم خانی نەهریشمان لە بیر نەچێت کاتێک لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕووسەکان داوایان لێکرد بتوانن بە ناوچەکانی فەرمانڕەوای ئەودا تێپەڕن. لە ڕۆژهەڵاتیش فاتە ڕەش بە گژ داگیرکاریی ڕووسەکان-دا چووەوە. عادیلە خانمی هەڵەبجە-ش لە ناودارە هەرە پرشنگدارەکانی تۆماری نەتەوەییمانە، هەر لە حوکمی دادپەروەرانەی تا دەگاتە ئاسانکردن و خاوکردنەوەی گرژیەکان لەگەڵ ئینگلیز و هۆزەکانی دیکەی ناوچەکەدا.

لە کۆنترین تۆمارەکانی گەڕیدەکانی ئەوروپا ئەوەی پییترۆ دێلا ڤالی ئیتاڵیایە لە ساڵی ١٦١٧ لە کوردستان گەڕاوە و نووسیویەتی “چانون یان خانون سوڵتان لێرە دەژیا؛ ئەو خاوەنی شوێنەکە و زەویەکانی دیکەی نزیکی بوو … لە کاتێکدا هاوسەرەکەی لە ئەرکدا بوو بۆ پاشا و لەوێ نەبوو، مرۆڤ ناتوانێت شێوازی گەرمی پێشوازیمان باس بکات، ژەمەکان سادە بوون، بەڵام لەبەر میهرەبانی و ڕێزی بۆ ئێمە لە جەژنی سەرداناپاڵوس زیاتر قەدریان هەبوو”. جەیمس ڕیچ لە گەشتەکەیدا لە ساڵی ١٨٣٦ باسی ئافرەتی کوردی کردووە، دەڵێت ئازادتر و بێ پەچە لە بازاڕبوون و شان بە شانی پیاوان لە چالاکی کۆمەڵایەتیی بەشدارییان هەبووە و بێ پەچە کاروباری ڕۆژانەیان ئەنجام دەدەن. بێگومان لە وڵاتە ئیسلام ئایینەکاندا نەبووە ئافرەت بێ پەچە و ڕووبەند لە دەرێ بدیترێت.

ترۆپکی هەموو ئەوانە، لەیلا زانای قارەمان و چاونەترسە، سوێند بەخاکی کوردستان دەخوات. لە پێناو خاک و نەتەوەیدا دەبێتە هێمای بەرخودان و خۆنەویستیی. مەبەست بەراورد نییە بەڵام لەگەڵ ماندێلا-دا، هاوبەشی هەمان ئازار و ئەشکەنجەن، هەریەکەیان بە جۆر و شێوەیەک. کورد لەسەر خاکی خۆی چەند هەزار ساڵێکە لە بەرەنگارییدایە، لەو چەند هەزار ساڵەدا لە ناو هەرە دڕندەکان، تووشی هێرشەکانی مەغۆل بووەتەوە، ئەوان لە سەدەکانی ناوەڕاست دەرکەوتن، جارێ بەهاکانی مرۆڤ و ماف و یەکسانیی نەبوون. سەرکەوتوو ئەوەبوو دڕندەتر بێت و زۆرترین مرۆڤ بکوژێ یان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. داعش لە سەدەی بیست و یەک بوو. ڕەشپۆشیی و قوڕپێوانی ئەو دنیای بوو. جارێکی دیکە ئافرەتی کورد بوونە قەڵغانی نەتەوە، تیری دەستی کچۆڵەی نەشمیلی ڕۆژئاوا بوو سەدان قوڕپێوی ئەو دنیای ناردە دۆزەخ. بەکرێگیراوانی هەڵگری هزر و بیری ژەنگاوی ١٤ سەدە کۆن لە ترسی چەکی دەستی ئەو نازدارانەی کوردستان ئەژنۆیان شکابوو. لەوکاتەی خانمانی جیهان سەرقاڵی ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیان دەبوون، ئەوان چەک بەدەست و گیان لەسەر دەست بە گژ شەمشەمەکوێرەکاندا دەچوونەوە. ئەوەیە تۆماری نەتەوەییمان، قژی ئاڵۆزکاوی کچانی کورد لە سەنگەرەکان، بەڵگەمانە.

هەریەکەی لەوانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە ژینای کوردە. چەند سەد هەزارێکی دیکە لە مێژووماندا هەبوون و هەزاران ئەوەندەی دیکە ماون بێنەوە مەیدان.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە کڕۆکدا بۆ کورد داهێنانێکی نوێی سەدەی بیست و یەک نییە، بەڵام لەگەڵ چەپۆکی داپڵۆسینی کوردانی وەکوو ژینا هاتەوە گۆڕێ. ئەگەر سروشتی شەڕانگێزیی ئەو کەسەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە نەبێت، تۆ بڵێی بسکێکی ژینا دەرکەوێت چی گوناحێک لە ناوچەوانی مرۆڤایەتیی بەرانبەر بە خوا بنووسێت. بۆچی پێت وایە ئەتۆ ئەو کەسە هەڵبژێردراوەی خوای، ڕێگریی لەو بسک دەرکەوتنە بکەی؟ ڕژێمی فەرزکردنی بەهەشتی کەسنەویستەی ئەوان کام جیاوازیی لەگەڵ بەهەشتە کەسنەویستەکەی داعش-دا هەیە؟ مەگەر لە ناواخندا یەک نین و بە هەمان پێودانگ مامەڵەمان لەگەڵدا ناکەن. کێیە ئەوەی بە بەهەشتی زۆرەملێی داعشەکانی موسڵ ڕازی بوو. ئەوە خەڵکی موسڵ با دەردی دەستی داعشەکانمان بۆ بگێڕنەوە، چیرۆکەکانیان لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نییە. هەموو خەیاڵی مرۆڤایەتیی دەربەستی ئەو چیرۆکە سەیر و سەمەرانەی کاتی داعش لە موسڵ نایەت.

ئەی کێیە ئەوەی بە بەهەشتی زۆرەملێی پۆلیسی ئەخلاق ڕازیی بوو؟ گرفتێکی ئەخلاقی هەرە فرە ڕەهەندە لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی شیعە مەزهەبدا، پۆلیسی ئەخلاق هەبێت. ئەی دەبێت ٤٥ ساڵە ئەو هەموو دەزگا و ڕاگەیاندن و گوتاری مزگەوتەکان چییان چاندبێت و کام ئەنجامیان درووبێتەوە. کەواتە هەزاران پیاوانی ئایینی سەر بە دەسەڵات لەو بوارەدا داریان لەسەر بەرد دانەناوە. بە ٤٥ ساڵ لە دەسەڵات نەتواندرێت بسکی ژینا بشاردرێتەوە، کەواتە هەوڵەکانی ئەو جۆرە دەسەڵات و وڵات بەڕێوەبردنە لە ژێر سێبەری ئایین و خواپەرستندا مایە پووچە. بسکی ژینا دەبێت بە زەبر و زەنگ بشاردرێتەوە، بە هەڕەشەی کوشتن و بڕین دابپۆشرێتەوە. ئەگەر ئەو هەموو ئامراز و دەزگا جۆراوجۆرانە لە ئەرکێکی هەرە سەرەکیی بۆ ڕێنوێنی کۆمەڵگە شکستی هێنابێت، کەواتە ئەوەندە شیعەیەی بە دواتەوەن لە ترسی زەبر و زەنگتە. مەگەر ئێوە سەرتۆپی کاروانی خواپەرستیی و ڕەهابوونی بیرو باوەڕتان نین، چۆن دەبێت پۆلیستان بکوژ و تاوانکار بێت! کەشیدەکانتان خوێنی ژینا ئەمینی داناپۆشێت. لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکەی بوونە قوربانیی حوکمی ئاگر و ئاسن، پەڵە ڕەشەکەی ناوچەوانتانە.

پۆلیسی ئەخلاقەکەی ئەوان کاتێک “ژینا”یان لە زیندان نا لەسەر بسک و پەرچەمی بوو یان لەبەر کوردبوونی بوو؟ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمێک نییە مرۆڤی کورد لە کۆمەڵگەی کوردی بەرزکردبێتەوە. ئەوە دروشمی ئێمەیە بۆ داگیرکار و سەرکوتکار، دروشمی بەرەنگاربوونەوەمانە بە هاوشێوەکەی داعش، ناڕەزایەتییمانە لە هەمبەر مافە خوراوەکان. درێژەی خەبات و داکۆکیمانە لە مافی ژیان و ئازادییمان لەسەر خاکی خۆمان. ڕێزگرتنمانە لە بەها نەتەوەییەکانی هەزاران ساڵە لە کلتوور و ژیانی ڕۆژانەماندا هەڵمانگرتوون. دووپاتکردنەوەی کوردبوونمانە، کوردبوونمان نەریتی ڕەشپۆشیی و سەرکرزکردن ڕەت دەکاتەوە. نەریتمان ڕەنگی ئاڵ و واڵای سروشتی ژیانمانە، ڕەنگا و ڕەنگ و ئارامبەخشە. کوردبوونمان ژیان بە بەر گیان و ڕۆحی بەپێوە دەکاتەوە. ئەوانەی گیان و ڕۆحیان بەپێوەیە و مردووە با چاو لە ئێمەی کورد بکەن تا وانەکانی ژیان فێربنەوە. شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی سنووربەزێنە، لە دژی تاکە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر و کوردکوژ نییە، سیمای نێونەتەوەیی وەرگرتووە، ناسنامەی هەموو مافخوراوانە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO