سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مێگەلگەرایی یان تاکڕەوی سەربەخۆیی؟

بەشی یازدەم

لە دۆخێکی وا نالەباردا ئێمە نەمانتوانیوە وا بکەین هاونیشتیمانی خاوەنی ئەو ڕۆحە تاکڕەو و تاکەکەسییە (ئیندڤیچواڵە) بێت کە بتوانێت وەک هاووڵاتی خاوەن مافە مەدەنی و ئینسانییەکانی خۆی بێت. ئێمە دەنێو ماڵ و خاوخێزان و کلاسی قوتابخانە زۆر و زەبەندەکانی سیاسەت و مەزهەبگەرایی بە هەموو چەشن و تەرزێک بەبێ پلان و نەخشە ڕۆڵی پەروەردەکار و ئوستاد و مامۆستای لێزان خۆمان دەنوێنین. بەڵام کام لەم دامەزراوانە توانیوویانە منداڵێکی نوێ و سەرکەش و ئارام و شاد بخولقێنن، کە دیدگا و ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی هەبێت؟ کامەیان توانیویانە مرۆڤێک بخوڵقێنن کە هەڵگری ئایدیا و بەها و خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤپەروەری بن. هەڵبەت بە ڕەهایی نا، بەڵام ئەوەی لە لای ئێمە دەگوزەرێت بە ناوی پەروەردەوە؛ مەحاڵە بتوانین ببین بە شارۆمەند و هاووڵاتی تاکڕەو و خودگەرا بە مانا پۆزەتیڤ و ئەرێنییەکەی!

مەرجە نەخشە و پلان هەبێت کە بتوانین کەسانێک پەروەردە بکەین کە وەک سەربەخۆ و تاکڕەو و تاکەکەسیی (ئیندیڤیچواڵ) خاوەنی “بەڵێ” و “نەخێر”ی خۆیان بن و شکۆمەندانە خۆیان ببینن. بەر لەوەی باس لە کۆمەڵگایەکی یەکانگیر و تۆکمە و دامەزراو بکەین؛ مەرجە لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ هەر تاکێک وا پەروەردە کرابێت کە هەست بکات هاووڵاتییە و کۆی مافەکانی پارێزراوە، هاوکات بشزانێت کە ئەرکەکانی سەر شانی چین و بەرپرسیارییەتی بەرامبەر خاک و نیشتیمان و خەڵکی چییە؛ هاوکاتیش بزانێت هەق و مافە مەدەنییەکانی چین وەک شارۆمەند، ئەوسا دەتوانین بڵێین هەر یەکەمان هاووڵاتی و هاونیشتیمانی سەرکەشین. نەبوونی پەروەردەیەکی وەها تازەباو و هاوچەرخانە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک بە مێگەلگەرایی و حەشاماتی داماڵراو لە فکر و ئەندێشە و عەقلانییەت کۆتایی دێت. کەسانی نێو کۆمەڵگەش وەک مەڕ و بزنیان لێدێت کە ناتوانن جیاوازی لە نێوان قەسابخانە و مێرگێکی سەوز و لەوەڕگایەکی بە بژوێن بکەن، واش نەبێت، ناتوانین جیاوازی لە نێوان شوانێکی میهرەبان لە بەرامبەر قەسابێکی بێ پەروا و شادومان بەوەی کە بەر لە سەربڕینی یەکە بە یەکەمان؛ ساز و ئامادە بین کە چەقۆ خوێناوییەکەی قەسابەکە بلێسینەوە و ببین بە قوربانی!

بە درێژایی مێژوو و دەنێو جوگرافیا جیاوازەکاندا مێگەلگەرایی هەر هەبووە، مێژوو پێمان دەڵێت کە هەوڵی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ بۆ هەمیشە هەوڵ و ویستی ئەو کەسانە بووە کە خۆیان بە دەستەڵاتدار و کۆیلەدار و زەواڵ زانیوە، کەچی بۆ هەمیشە خەونی ئازادی و سەربەخۆیی بە درێژایی مێژوو بەربەست و کۆسپە و تەگەرەی لە بەردەمدا بووە لە لایەن دکتاتۆر و چەوسێنەرەکان. ئێمەش بەدەر نین لەو دۆخەی کە مەردمگەل لەسەر ئەم ئەستێرەیە تیایدا ژیاوە، کوردگەل یەکێکە لەو نەتەوانەی کە هەزاران ساڵە تلاوەی دەستی مێژووی کۆیلەدارییە بەدەست سوپەر پاوەرەکان و وڵاتانی دراوسێ کە شەڕانگێز و شۆڤێنیست و فاشیستن؛ چونکە کۆمەڵگەی بڕوادار و زلهێز، جا سەر بە هەر ئایدیۆلۆجیاێکی سەرزەوی بن یان ئاسمانی؛ کە هەمیشە خۆیان پیرۆز دەکەن، بە بوونی کەسانی تاکڕەو و سەربەخۆ سەغڵەت و دەمارگیر و خوێناوی دەبن؛ بە تایبەتیش گەر سەرگەرمی مەشقی سەرفرازی و سەربەستی بووبن، بەوەش دەناسرێنەوە کە هاووڵاتییەکانی خاوەن ماف و بڕیاردەر بن، بە دیوە پۆزەتیڤ و شارستانییەکەی.

هاوکات کۆمیونتی و کۆمەڵگەیەک بێت کە ئاوەز و ڕوانگە و عەقڵێکی ڕەخنەگرانەی هەبێت بۆ هەر هەموو ڕووداوەکان و لەسەر هەر هەموو ئاست و ڕەهەندەکان. ئەم چەشنە لە جڤات و کۆمیونیتی بەوەش تاقی دەکرێنەوە کە هاووڵاتییان خاوەن دەنگ و هەڵبژاردەی خۆیان بن و پشک و مافی بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری و دامودەزگاکاندا هەبێت، چ ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بێت. ئەویش بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری نێو کایەکانی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکری و فەرهەنگی و مەزهەبگەرایی، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بڕواهێن بە ڕۆحی تاکڕەوی و سەربەخۆیی، هیچ جۆرە دەمارگیرییەک و ستەم و هەڵاوێردنێک لەسەر بنەمای توخم و ڕەگەز و مەزهەب و ئایدیۆلۆجی و چینایەتی و جێندەری و ڕەنگ ناکرێت.

لە دەمێک ساڵەوە، چ لە شاخ و چ لە شار بووبن، حیزبەکان بەردەوام لاف و گەزافی شۆڕشگێڕیی لێدەدەن. پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ ئێمە وەک کردەیەکی سیاسەتکاری لە پێناو سەرخستنی ڕۆحی مەزنی نەتەوە و نەتەوەگەری و ناسیۆنالیزمێکی ڕاستەقینە، ئاخۆ توانیومانە لۆبییەکی تۆکمە و دامەزراومان هەبێت لەسەر ئاستی هەر حەوت کیشوەرەکە، کە بە ملیۆنان کوردگەل دەنێو وڵاتانی دیکە دەژین. بە ڕاست ئێمە، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، بنەما و کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە چلۆن ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە دروست بکەین کە بەردەوامبوونی هەبێت لەسەر ئاستی فکرێکی ڕۆشن کە پەرە بە خۆمان بدەین، چونکە لە هەنووکەدا گومان لە زۆرینەی شۆڕشەکانی نەتەوە زیندووەکانیش دەکرێت، بگرە جێگەی پرسیار و گومانن!

 “كارل ماركس”ی فەیلەسووف و کۆمەڵناس لە ساڵانی کۆتایی تەمەنی خۆیدا؛ دەنگی هەڵبڕی و گوتی: ئیدی من مارکسی نیم کە زێدە پەندئامێز بووە، هەر خودی مارکس گومان لە شۆرشی فەرەنسا دەکات، ئەگەرچی دروشمەکانی ببوون بە زیکر و وێردی سەر زمانی ملیۆنان دڵگەرم بە شۆڕشەکەی. شۆڕشی فەرەنسا وەک ڕووداوێكی مەزنی ڕۆژگاری خۆی لای مارکس وەک نمایشێكی دراماتیکی تێكەڵ بە كۆمیدیا و تراجیدیا دەبیندرا، هاوكات وەک نمایش و و شانۆگەری و پانتۆمایمێكی پڕ لە مەتەڵ وەسفی دەکرد. هەڵبەت، خودی ئەو گومانەی مارکس هەق و ڕاستییەکی تێدابوو. یان ئەفسانە و گرفتەکانی شۆڕشی ڕۆشنبیرانەی “ماو تسی تۆنگ” لە وڵاتی چین دا.

کەواتە لێرەدا دەکرێت بڵێین، دیارە ژمارەیەکی زۆرتر لە بیرمەندەکانی دنیا، هاوبیر و هاوسۆزی مارکس بوون و هەمان پرسیار و گومانیان لە کۆی شۆڕشەکان هەبووە، سەرباری گومانکردن لە خودی “شۆڕشی ئۆکتۆبەر” لە ڕووسیا، کە بە کارەساتباری کۆتایی هات. ئەگەر ئەو شۆڕشە “گەورانە” ئاوا بووبن، ئەگەر فەیلەسوفەکان ئەو شۆڕشە ئومێدبەخشانەی سەر ئەم ئەستێرەیەیان ئاواهی و بەم چەشنە خستبێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، بۆ دەبێت ئێمە “شۆڕش”ی کوردگەل و عەرەب و فارس و تورک نەخەینە ژێر تیشک و وردبوونەوە و توێکاری و ئاناتۆمی کۆی دراما و بزاف و ماجەراکانی؟

لە میانەی قسەکردنێک سەبارەت بە “شۆرش”، “ژاک بریڤەر”، شاعیرێکی فەرەنسایی و ناسراو بەو ڕۆحە سەیر و سەمەرەی، کە دیوێکی پەندئامێز و ڕەخنەگرانە و کۆمیدی و قۆشمەبازانەی هەبووە، لە ناوئاخنی شیعرێکی تەنزئامێز دەنووسێت کە شازدە جار لەسەر یەکدی ناوی پاشاکانی فەرەنسا یاداشت دەکات کە “لویس” ناو بوون: لویسی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەفتەم، هەشتەم، نۆیەم، دەیەم،. یازدەم، دوازدەم، سێزدەم، چواردەم، پازدەم و شازدەم.. وای.. وای لەو هەموو “لویس”انەی کە ناتوانن پێکەوە تا شازدە بژمێرن، کە بە ڕاستی و کورد واتەنی: لە بنی هەمبانەکەی داوە!

بە هەق دەبوو لە “رۆما”ش شاعیرێکی وای هەبووایە کە بە چەشنی ئەم شاعیرە فەرەنسییە بەدەم گاڵتە و مەزاق و لاقرتێوە بە شیعرێکی وا قۆشمەباز و بەزمگێڕانە قەیسەرەکانی “رۆما”یان ڕسوا بکردایە کە نوقمی کارەساتباری بوون!

یانژی، ڕۆماننووسی ناوداری ئەڵمانی “گونتەر گراس” لە بە ناوبانگترین گۆڤار “دێر شپیگل”دا دەنووسێت و دەڵێت کە ئەم ئەوەندە تووڕە و داخدارە لە ڕاوێژکار و سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا بە ناوی “شرۆیدەر” کە دەخوازێت تفێکی لێبکات، بەڵام خودی ڕۆمانووسەکە دەژنەوێت کە پێی حەیفە ئەم سووکایەتییە بە شرۆیدەر بکات، نایکات، چونکە بڕێک لە تفەکەی خەسار دەبێت!

دەنێو ڕۆژگارێکی دێریندا خۆشەویستی “وڵات” و “وار” لای ڕۆمانییەکان لە هەموو شتێكی دیكە زاڵتر بوو. بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار و لەگەڵ سەركەوتن و كۆكردنەوەی سامانی زۆر، ڕۆمانییەكانیش گەندەڵیان تێكەوت، كە ئەوانیش كەوتنە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی چەند فۆرمێكی ستەمگەری لە فەرمانڕەوایی كە پێشتر بۆ خۆیان ڕقیان لەو سیستەمی ستەمگەرییە دەبۆوە. لە سەدەی بیست و بیست و یەکدا، وا دەردەکەوێت کە ئەم دۆخە نالەبارەی ڕۆمانییەکان زۆرینەی وڵاتانی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ی گرتبێتەوە. هەرچی جوانی و ڕەوشتبەرزی و ئازادی هەیە پێكەوە داڕمان. بیرمان نەچێت کە زۆربەی قەیسەرەکان و دەستەڵاتدارانی “ڕۆما ” لە باری دەروونییەوە شێت و وێت بوون و بە دۆخێکی زۆر دراماتیکی و تراجیک و نالەبار کۆتاییان هات، کە بوون بە نموونە و بابەتی سەیر و سەمەرەی فلیمی سینەمایی و شانۆگەری و ڕۆمان و بابەتی هونەر بە مانا نەرێنی و فانتازییەکەی!

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO