سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

من و نیشتیمان

بەشی هەشتەم

لە ناوئاخنی ئەم وتارەدا شەن و کەوی ناوەڕۆکی ڕوانینی خۆم دەکەم سەبارەت بە نیشتیمان کە کراوەیە بۆ دیالۆگ و دیبەیتێکی سەربەست و ڕاستگۆیانە. من وەک نووسەرێک و خاوەن ئەزموونێکی نیو سەدە و پتریش لە بواری پەروەردەدا، هاوڕێ و سەرگەرمم دەنێو کایەی ئەدەبیاتدا. لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، وەک هاونیشتیمانییەک دەگەڵ خەڵکی کوردستانی باشووردا دەژیم، لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشدار بووم تا هەنووکە و لەمەودواش هەر بەشدارم. من کادیری ناو دوو کایە بووم کە کۆی هەوڵ و ئەندێشەمەندی و تواناکانم بۆ خۆم و خەڵکانی خۆمان بووە، بە زمانی کوردی بووە، هەموو کەس ماف و هەقی ئەوەی هەیە کە بە چاوی ڕەخنە و پرسیارەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دیکە بکات، بەڵام دادگایی نابەجێ و بێ بەڵگە و ئارگیومێنت ڕەوای هەق نییە، بە تایبەتی گەر وەک ئایدیۆلۆجیستێکی دەمارگیر و زاڵ کەسانێکی دیکە بخاتە نێو قەفەسی تۆمەتباری. هەر یەکێک لە ئێمە خاوەنی ڕوانین و ئایدیا و بەهایەکە کە هەڵیبژاردووە. ئەوان، چ قەڵەمبەدەست بن یان نەخوێندەوار، زارەکی بێت یان تۆمار و نووسراو؛ بۆیان هەیە خاوەنی ڕەخنە و گومان و پرسیاری خۆیان بن سەبارەت بە هەر ڕووداوێک و گۆبەندێک و دیاردەیەک و هەر شتێک کە پەیوەست بە ژیانی مەردمگەلی خۆمان بێت؛ لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکری و فەرهەنگی، کە دەنێو وڵاتدا بەرپا دەبێت، ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنین کە ئەوەیان ڕاست و دروسترە لە بری تەکفیر و تەخوین و تەجریح و سەنگەسارکردن و سزا و ناو و ناتۆرە بەخشینەوە. ئاوەها عەقڵانی و شارستانی و شکۆمەندانەیە کە دیالۆگ و دیبەیت و ڕۆحی لیبراڵ و دیمۆکراسی زاڵ بێت!

من بۆیە لە بەشی حەوتەم ئاماژەم بە ڕۆژنامەنووسە “کەنەدا”ییەکە داوە؛ چونکە ئەو ئەگەرچی هاونیشتیمانییەکی بیانییە بەڵام وەک ڕۆژنامەنووس بێدار بووە بە خەمە گشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی باشوور کە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە ناو شارەکاندا، هەر هەموومان ئاگادار بووین کە خەڵکانی خۆمان کەوتنە تاڵانچی و فەرهوود کە چەکدار و بێچەکی تێدەکەوت، لە ئاستی کەسانی پێگەدار و بەرپرسی ناداریش تێوە گلابوون، کە دیار نەبوو سەر بە چ چین و توێژێکن. کۆی ئەم فڕکان فڕکانە دیوێکی تۆڵەکردنەوە لە “ڕژێمی بەعس” و دیوێکی دیکەی زادەی برسییەتی بوو کە بە هەردوو دیودا هەم کۆمیدی بوو و هەم تراجیدی وەک نەبوونی مۆڕاڵ، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا کەسانی ناودار کەوتنە ئاودیوکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەرەستەکانی دامودەزگا و دامەزراوەی بەجێماو لە میراتی بەعس کە فەرهوود کرا. کۆی کەرەستەکان ڕووەو ئێران بارەکەی دەخست، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا کە ئەو زاتانەی کە خۆیان بە شۆڕشگێر دەزانی، مادامەکێ خاوەنی نەخشەی بەرپابوونی ڕاپەڕینی گرتبووە ئەستۆ، مەرجە کۆی خێروبێر و دامودەزگایەک کە قوتابخانە بووبێت یان خەستەخانە و شارەوانی و نفووس، هەر هەمووی هی خەڵک بووە و نەک هی بەعس، بەڵام …!

هەموو خوێندنەوەکانی بیرمەندانی خاوەن گوتار و ڕەسەن سەبارەت بە سیاسەت و دەوڵەتداری و چەمکەکانی ناسیونالیزم و باقی چەمکەکانی دیکە، بە گشتی، بڕوایان بەوە نییە کە بە تەنها جوگرافیا و مێژووییەکی هاوبەش ببێت بە دوو ستوون و پایەی تۆکمە بۆ دروستکردنی نیشتیمان و نەتەوە و دەوڵەتداری و ڕۆحی ناسیونالیزمێکی ڕاستەقینە و ڕەسەن کە هەمووان لەسەر خوانی خۆشەویستی و نیشتیمانپەروەری و گیانفیدایی کۆ بکاتەوە. خۆ بەستنەوە بەو کۆت و بەند و پێناسەی دەسەڵاتداران هیچمان پێ ناڵێت بێجگە لە مایەپووچی کە ڕژێمێکی ستەمگەر دێنێتە بەرهەم. ناکرێت لە بەرامبەر پاداشتی بەرخودان و شۆرشگێڕی، سەرانی حیزب و دەسەڵاتداران خواییانە و شاهانە بژین، کەچی چین و توێژە هەرە زۆرینەکەش بە کولەمەرگی و ڕەنجی بێ سەمەر و بەرهەم بن؛ ژیان و زیندەگی بەڕێ بکەن. خۆسەپاندنی حیزبگەلێک کە خەڵک و خاکی خۆیان بکەن بە ئامراز و کانگای خۆدەوڵەمەندکردن، یان لە باشترین دۆخدا سامان و گەنجینەکەی هەرزانفرۆش بکەن، یانژی ڕێگا بدەن دەستی چەپەڵ و خوێناوی داگیرکەران و وڵاتانی زلهێز و دراوسێ دەنێو هەناو و ڕۆحی هاونیشتیمانیان و خەڵکی ئێمە وەربدات، هەموو ئەوانە ڕووبدات، ناکرێت ئێمەش خامۆش بین و بە دیاردەیەکی ئاسایی بزانین.

هاوکات ناکرێت خۆیان وەک دەستەڵاتخواز بینەرگەلێکی بێباک بن بەرامبەر دوژمنانی خاک و خەڵکی ئێمە؛ ناکرێت خۆمان بە ناسیۆنالیستی عەیار بیست و چوار بزانین و کەسیش زات نەکات زار هەڵبێنێت. ئەگەر کەسێکیش هاوار بکات لە سەد لاوە مەچەکی بابدرێت، تا ئەندازەی شکانی باسک و ئانیشک و قۆڵ. ناکرێت لە پەنای شەرعییەتی شۆرشگێریی شاخ خراپترین نموونەی فەرمانڕەوایی و حیزبی و سیاسەتکردنیان بەسەر خەڵکدا سەپاندبێت، کە تەواو پێچەوانەی خەونی کوردگەل بووە بە درێژایی ساڵانی بەر لە ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین!

دوو جیهانی جیاواز  

ئێمە لە دۆخێکدا دەژین کە ڕێک وەک هەر هەموو گیاندارەکانی دیکەی ناو سروشت تەنها هەوڵی مانەوە دەدەین و بەس، بە واتا هێشتا لە قۆناغی گوتار و دیسکۆرسی “مانەوە”دا دەژین. خودی دروشمی “یان کوردستان، یان نەمان” بۆ خۆی ئامادەگییە بۆ گیانفیدایی، بەڵام بە چ مەرجێک؟ هاوکات دروشمێکە بۆ خەونی مانەوەی هەموومان کە ئاسان نییە، تەنگژەباری لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی وای کردووە کە چینی ناوەند و هەژارانی ژێر پلەی سفر تا بێت زیاتر ببن بە قوربانی، کە بەردەوام بوون بە پێخوست و ئامراز و سووتوو. لە بەرامبەردا چین و توێژی دەستەڵاتداران و کەسانی دەربار و دەست و پێوەندەکانیان سەرگەرمی سەرمایەگوزارین کە لەوە دەچێت تاوەکو دەورانێکی دوورمەودا خوان و سفرە و عەیش و نۆشیان لە کەمی نەدات، کە کۆی گرفت و کێشەکان نادیدە دەگرن و نایەکسانی و بێدادی بووە بە بەشێکی ئۆرگانێکی ژیانی زۆرینە، سەرمەست و بێئاگا لە کۆی ژیانی دراماتیکی و تراجیدیای زۆرینەی خەڵک.

هەموومان دەزانین کە سەرانی حیزبەکان و دەستەڵاتدارانی پێگەدار و خاوەن پۆستە باڵاکان دنیایەکی جیاوازیان هەیە کە هیچ شتێکیان لە خەڵکانی عەوام و ڕەشۆکی و سادە و بەدبەخت ناچێت. ئەوانی لۆرت و باڕۆن و خواپێداو لە بەرامبەر خەڵکی خرقەپۆش و کەمدەرامەت؛ لە دوو جیهانی جیاوازدا دەژین، کە مەحاڵە هەمان جوگرافیا و مێژوو کۆیان بکاتەوە، لە پێڵاوەکانیانەوە تا کۆشک و تەلار و ماشین و قوتابخانە و زانکۆی جگەرگۆشەکانیان، تا دەگات بە سەیرانگا و گەشت و خەستەخانە و یانە و گۆڕستانەکانیان. ئەم دوو  گرووپە هیچیان لە یەکتری ناچێت و تەواو لێکدی جیاوازن و ئاسمان و ڕێسمانیان بەینە!

هەرگیز ناکرێت نادیدەی ئەم قۆناغە بگرین، کە نەوەی نوێ هاتۆتە نێو دنیا و گەردوونێک، کە لە ڕێگەی ئامرازەکانی تەکنۆلۆجیای پەیوەندیداری ئاسان و کۆمیونیکاسیۆنی خێرا کە جیهانی لێکردووین بە گوندێکی بچکۆلە، ئیدی مەحاڵە نەوەی نوێ هەمان ڕوانین و پێناسەیان هەبێت بۆ نیشتیمان و ناسیونالیزم و کوردایەتی و سیاسەت و نیشتیمانپەروەری و مەزهەبگەرایی و خێزان و کۆی دامودەزگا و سیستمی پەروەردە. کەواتە سەیر نییە نەوەی نوێ خۆی دەنێو ئەو تابلۆ و وێنە و چەمک و پێناسەی نیشتیمان نەدۆزێتەوە کە سەر بە میراتی باوک و باپیرانە، چونکە ئەو میراتە پتر دەنێو دنیای بندەستی پیاوسالارییەکی دەمارگیر و نێرڤۆزە و عوسابی و نارسیت گەشەی کردووە!

ئاخر فانتازیای نەوەی نوێ جیاوازە لەگەڵ ئەو ڕەسم و وێنە ڕەش و سپییەکەی نیشتیمان/وار کە بە چوارچێوەکەیەوە کۆن و تەڵخ و هەلاهەلا بووە. خودی کۆچ و ڕەوکردنی نەوەی نوێ بۆ جوگرافیایەکی دیکەی ئەودیوی زەریاکان؛ زادەی دەرچوون و ڕزگاربوونە لەو ئۆردگا تەلەبەندکراوەی کە زیندانێکی ڕۆحشکێن و تاقەتپڕوکێن و مەرگەساتە، کە ناوتان ناوە وار و زێدی باوک و باپیران. ئەوەش بۆ من سەیر و سەمەرەیە کە من تا هەنووکە لە ئەدەبیاتی خۆماندا؛ نەمبیستووە بڵین وار و زێدی دایک و داپیران، چونکە دەنێو کلتوری سمێڵسالاری کۆی موڵك و ماڵ و خاکەکەش قۆچانی ڕەش و تاپۆکەی هی باوانە، نەک دایان!

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO