ئەتلەسی زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ئەو زەمینە، وێڕای ئەوەی کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە. دیارە سەبارەت بە چەند هۆکارێکی سیاسی، وەک زەوتکردن و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، زمانی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە و تواندنەوە (ئەسیمیلاسیۆن) بۆتەوە. وێڕای قوربانیدان لە ماوەی پتر لە سەدەیەکدا هێشتاش زمانی کوردی نەبۆتە زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی کوردستانی گەورە.
لەسەرەتای سەدەی بیستەم، لە دوای پەیماننامەی لۆزان و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا، زەوتکردن و دابەشکردنی بەشێک لە خاکی نیشتمانەکەمان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو. ئەویش لە ڕێگای گۆڕانکاریی دیموگرافیی و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و سیاسەتی بەتورککردن و بەعەرەبکردن و بەفارسکردن بوو، کە سڕینەوەی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەییمان ئامانجی بنەڕەتییان بوو. ستراتیجی سەرەکی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی دەسەڵاتدار هەر توانەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی نەبوو، بەڵکو سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ڕاگواستن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەی بندەست بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەی سەردەست وەک ئامانجی ستراتیجی ناسیۆنالیزمی خۆیان بوو. تاوەکوو بە سانایی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە خاکی کوردستان بکەن و دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و گاز و ئاودا بگرن.
بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا پەنایان بردە بەر هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانە، کە لە ڕووی بیر و هزری سیاسییەوە بە ئایدۆلۆجیای ناوەندی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیان ئەسیمیلە کرابوون. دواتریش لە ڕێگای هەندێ ڕۆژهەڵاتناسی وەک مینۆرسکی و ئۆسکارمان و مەکێنزی بە توێژینەوە نازانستییەکانیان لەسەر مێژووی نەتەوەی کورد و فەرهەنگ و زمانەکەی، دواتریش دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی ناوچە لە ڕێگای ئایدۆلۆجیای ئایینییەوە، بەتایبەت ئیسلام، بە نکۆڵیکردن لە کوردبوونی گرووپە کوردییە ڕەسەنەکانی وەک زازاکی، هەورامی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ئێزیدی و شەبەک و فەیلی و کاکەییەکانیش بکەن. هەموو ئەمانەبە بیانووی ئەوەی کە ئەم گرووپە کوردییانە زارەکانیان لە کوردی ناوەند/سۆرانی جیاوازە. ئەوان زمانی کوردی بە هەڕەشە دەزانن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان و پێیان وایە دواجار بە دداننان بە ناسنامە و زمانی کوردی وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، بۆیە دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەتلەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەى زمانی کوردی لە برەودایە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی کوردی و زارەکانیان زیندانی بکرێن و لەسێدارە بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتووری نەتەوەییمان. هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئەسیمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکان بکەن لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکێنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لەنێو ڕۆشنبیرانی کورد (وەک: محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و ڕەشید یاسەمی و مەردۆخی سنەیی)، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەم زارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز یان بە کۆمەڵەزمانی کوردی بناسێنن. ئێستاش بەشێک لە ڕووناکبیرانی کورد پێیان وایە قسەکردن لەسەر زارە کوردییەکان جۆرێکە لە تەحقیرکردن و پەراوێزخستنی گرووپەکانی تر. لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لە غیابی زمانی یەکگرتووی کوردی بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی تری کوردستان زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن، نموونەش ڕەوشی زمانی کوردی (زاری کرمانجی لە ڕۆژئاوای کوردستان دا)، کە ساڵانیکە لە دوای جاڕدانی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان دا، چۆتە بواری جێبەجێکردن لە فەرمانگە حکومییەکانی وەک دادگاکان و پەروەردە و فێرکردن و کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا.
دیارە ڕەوشی زمانی کوردی لە بەشەکانی تری کوردستان لە تورکیا و سووریا دا، لەبەر نەناساندنی زمانی کوردی بەفەرمی، بۆیە بەناچاری ڕووناکبیران و نووسەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور، بە زمانی نەتەوەی دەسەڵاتدار خوێندویانە و نووسیویانە، سەرەڕای ئەمە هەر لە ڕێگای زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسییەوە خزمەتێکی زۆریان بە زمان و کەلتوورو فەرهەنگی کوردی کردووە، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان وەک خوراسان و مازەندەران، تەنانەت تاران-ی پایتەختی ئێرانش.
ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست پێی وایە گەلی کورد نەتەوە نییە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان نەتەوەی کورد پارچە پارچە بکەن، وەک کەمینە نەتەوەیەکی بێدەسەڵاتی بهێڵنەوە. ئەم پەتایە هێشتا لە سایەی جیهانگیریی و سۆشیالمیدیادا لای هەندێ لە میدیاکار و ڕۆژنامەنووسەوە برەوی هەیە. هاوکات هەندێ کەس پێیان وایە زمانی کوردی دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان سەری هەڵداوە، چونکە بەر لەو قۆناغە هیچ تێکستێک بە زمانی کوردی نابینرێت، یان وەک بەڵگەیەک لەبەردەستماندا نییە.
لە ڕاستیدا ئەوانەی بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان ڕەگوڕیشەی زمانی کوردییان پاراست، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین بۆ دەقەکانی ئاڤێستای ئایینی زەردەشتییەکان، ئەوا لەسەر ئایینی کوردانی ئێزیدی بوون، یان ئایینی کوردانی یارسان، لە ڕێگای ئایینەکەیانەوە زمانەکەیان پاراست. تا ڕادەیەکی زۆریش بوونی ئایینی یارسان بە زاری گۆران ڕۆڵێکی باشی گێڕاوە لە پاراستنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
کوردی موسڵمان سەبارەت بە موسڵمانبوونی لەناو گەلانی موسڵمانی نەتەوەی سەردەستدا بە ڕێژەیەکی زۆر توانەوە، باشترین نموونەش، دکتۆر تۆسنێ ڕەشید، لە وتووێژێکماندا دەڵێت: مانەوەی زمانی کوردی لە ناو کوردانی ئێزیدی لە ئەرمەنستان و گورجستان بەهۆی ئایینەکەیانەوە بووە، ڕێک پێچەوانەی کوردانی ئازەربایجان کە ژمارەیان چەندانجار زیاتر بوو، بەڵام دواجار ئەسیمیلە بوون و توانەوە. ئێستا ڕێژەی ئاخێوەرانی زمانی کوردی لە ئازەربایجان د ناگاتە ڕێژەی ٢%، ئەمەش سەبارەت بە کاریگەری و هاوبەشی ئایینی بووە لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان.
بەدڵنیاییەوە بوونی چەند مەلا و سۆفییەکی کورد وەکوو بابەتاهیری عوریان و ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و نالی، لە حوجرەو مەدرەسە ئایینییەکاندا ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی زمانی کوردی لە ڕێگای دەقە شیعرییەکانیاندا، بەڵام فەزڵەکە بۆ ئایینی ئیسلام ناگەڕێتەوە، چونکە هەمیشە عەرەبی موسڵمان زمانی کوردی پێ زمانی دێوو درنج و جنۆکە بووە و عەجەمی موسڵمانیش زمانی کوردی بە زمانی دۆزەخ شوبهاندووە.
زمانی کوردی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق دا تا دەگاتە بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ڕەوشێکی نالەباردا بوو، بە زۆر شێواز دژایەتی کراوە و هەوڵی توانەوەی دراوە، بەڵام ئێستا لە دەستووری نوێی عێراق دا بە ڕەسمی دانی پێدانراوە. بەڵام پرسیار لەوەدایە، لەم ڕەوشەی نەبوونی زمانی ستاندارد و ئەلفابێتای ستاندارد و ڕێنووسی ستاندارد، تا چەند پەروەردە و خوێندن بە زار و بنزارە کوردییەکان چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا خزمەت بە زمانی یەکگرتووی کوردی دەکات؟



