بەشی شەشەم
لێرەدا من چەند نووسەرێک دەکەم بە نموونە کە سەر بە جوگرافیای جیاوازن کە پێشەنگی چەشنێک لە خواستی خودگەرایی و و خۆسەری و ڕۆحی ڕەخنەگرانەی بۆ خۆی و نەوەی دوای خۆی دەویست، یەکەمیان ڕۆمانووس “جێمس جۆیس”ی ئێرلەندییە (١٨٨٢-١٩٤١)، کە بڕوای وایە هیچ بیرمەند و نووسەر و هونەرمەندێک ناتوانێت داهێنەر و خەللاق بێت؛ ئەگەر خاوەنی گومان و پرسیار و ڕەخنە نەبێت بەرامبەر بە دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەزهەبگەرایی و فکری و فەرهەنگییەکان. بە واتا گومان و پرسیار لە نووسەر و بەهرەمەندانی فکر و فەلسەفە و ئەدەبیات بستێنینەوە، بە مایەپووچی کۆتایی دێت. هاوکات مەرجە کۆی کۆت و بەند و نیر و زنجیرەکانی سەر پەڕەی ڕۆح و دڵ و مێشک و دەست و پێیەکانی خۆی بشکێنێت و ڕەها و ئازادیان بکات. پێشمەرجیش ئەوەیە کە ئاوەز و عەقڵێکی بزێو و نەسرەوت و ڕەخنەگرانەی هەبێت کە سیستەمی پەروەردەی تازەباو و مۆدێرن لێی بەرپرسە. مەرجیشە ماڵ و مەکتەب و دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و تیۆلۆجی لەژێر چاودێری کەسانی مرۆڤدۆست و مۆڕالست و شارەزا بێت لەوەی چلۆن نەوەیەکی جیاواز بخولقێنین کە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە و زیندووی بۆ کۆی ئەو میرات و کلتورەی باوک و باپیران هەبێت و هەم هی دایک و داپیران بێت، کە دەکرێت بڕێکی کەم بێت یان زۆر بە کەڵکی ئەم سەردەم و چاخە تازە و نووە بێت، خۆ ئەگەر بەشێکی زۆری ئەو میرات و کلتورە عەمبارەپۆ و مرۆڤکوژ بێت، مەرجە مشت و ماڵ بکرێن و زیوان و دڕک و داروجان لە گەنم و جۆ جیا بکرێنەوە!
دیارە ئەو چەند فابریقەیەی ئاماژەم پێداون؛ کە کارگەی هێز و گوتاری زاڵی خۆیان هەیە لە بواری پەروەردەکردنی مەردمگەل بەو ئایدیۆلۆجیایەی کە لەلای خۆیان ڕەوا و پیرۆزە، هەم بە مانا سەرزەمینییەکەی و هەم ئاسمانییەکەی، بە هەردوو دیوی میللیگەرایی و ئەکادیمی و بە سیاسەتکراوەکەی کە لە هەمووی ترسناک و کوشندەترە، کە کۆی گوتار و فەلسەفەی ڕابەر و ڕێنوێنیکەرانی دابەش دەبن بەسەر سەدان لق و پۆپی جیاواز و سەدان قوتابخانەی جیاواز و ناکۆک بە یەکدی؛ تا ئەندازەی سڕینەوە و تەکفیرکردنی یەکدی دەڕوات، لە ئاکامدا سەر دەکێشێت بۆ کوشتارگا و خوێنباران، کە مێژووی کۆن و نوێ شایەدی بۆ دەدەن، کە دەبن بە کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم داهێنان و عەقڵێکی نەسرەوت و بزێوە و گومانکار؛ دەنێو ناوەڕۆک و ناواخنی کۆی میراتی سەنگینی ئەدەبیاتی جێمس جۆیس، گومانکردن و پرسیاری ڕوو لە خێزان و کڵێسا و سیاسەت خولیای هەمیشەیی بوو، کە بە ناوی “ناسیونالیزم”ـەوە دەکرێت بەو بەردەبازەی کە بیپەڕێنێتەوە بۆ خۆزاڵکردن و داگیرکردنی “نیشتیمان” بە خەڵک و خاکەوە، کە خودی “ئێرلەند” بۆ چەندین سەدە قوربانی دەستی ئەم تەنگژەبارییە سیاسییە بوون کە تا هەنووکەش جێگیر نەبووە، بەڵام وەک هەمیشە “مەهاتما غاندی” واتەنی؛ دوو ماسی دەنێو دەریا بە شەڕ بێن ، نەخشە و پلانی ئینگلیزە!
ئەم ڕوانینەی ڕۆماننووسی ئێرلەندی، جێمس جۆیس، تێما و کڕۆک و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیەتی بەنێوی “هونەرمەندێک لە تافی لاویدا”، کە لە جیهانبینییەکی قووڵەوە ڕەگی داکوتاوە. بە هەق ئەم سێ خواست و مەرجەی جەیمس جۆیس منی بێدار کردەوە وەک فەریکە نووسەرێک کە هێشتا کوڕەلاوێک بووم، ئیدی بوو بە سەرمەشق و ئەندێشەی من کە پەیڕەوی لێبکەم.
چەواشەکاری کەسانی حیزبزەدە، دەنێو هەموو چین و توێژەکان، وای کرد من هێدمەگرتی بم؛ چونکە ئەو هەموو هۆکارانەی کۆچ و ڕەوی گەنجانیان نەبینی، یان نەیانویست بیبینن کە مەرگەسات و کارەساتباری نایەوە. لەجیاتی ئەوەی خەمێک لەو کارەساتە بخۆن، منیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەوە من بووم بەم گوتار و ڕوانینە و پەیامانە وام کردووە کوڕان و کچانی کوردستان پشت لە نیشتیمان بکەن و ڕوو لە هەندەران و تاراوگە بکەن. خۆیان چاک دەزانن ئەو گوناهبارکردنە، نەک من، بەڵکو هەر نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی پاکزاد، دەزانێت کە هاندانی من بۆ ڕەوکردن و کۆچی گەنجان درۆ و هەڵبەستنێکی شاخدارە!
دێینەوە لای محەمەد ماغوت. ئەو شآنۆگەرییەکی نووسی لەژێر ناوی “من خیانەت لە نیشتیمانەکەم دەکەم” کە بە ڕۆح و ناوەڕۆکێکی ڕەخنەگرانە نووسرا بوو و پیرۆزیی لە چەمکی نیشتیمان دادەماڵێت. نووسینەکە کرا بە کوردی و وەک شانۆگەری زۆرترین بینەر و هاوسۆزی هەبوون، گەرچی دەستکاریش کرابوو، بە واتا کۆی شانۆگەرییەکە وەکو خۆی نەخرایە سەر زمانی کوردی..
لەوەش زیاتر، محەمەد ماغوت تۆختری دەکاتەوە و دەڵێت “ئەمن ڕووتم و سەرمامە، ئەو ئاڵایە دابگرن تا خۆمی پێ داپۆشم”. هەر دەبێت واش بێت بە دیوە ڕەمزی و مەجازییەکەی، ئەگینا “ئاڵا” کەس لە سەرما ناپارێزێت، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور کە ماوەیەکی کەم نەبێت ئەگینا ئاڵاکان هەموویان لەژێر جەبری هەتاوی هاوین و ڕەشبا و بارانی زستان دادەڕزێن و هەلاهەلا دەبن و تیلم بە تیلم دەبن کەچی بەناو “ناسیونالیستەکان” نایگۆڕن بە دانەیەکی تازە و پاکتر تا کەسانێکی خەمخۆر و لایدە بێداریان نەکەنەوە!
سێیەمین کەسایەتی، بە هەمان پێودانگ؛ چیرۆکنووس و نیگارکێش و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری ئینگلیزی “دی. ئێچ. لۆرانس” بوو، کە لەوە تووڕە بوو کە نیشتیمانەکەی لە لایەن پیاوە خڵەفاو و شێتەکان و پیرێژنە نەخۆشەکان بەڕێوە دەچێت، دیارە مەبەستی زنجیرەی شاژنەکان بووە بە درێژایی دەوڵەتداری بەریتانیا. هەڵبەتە ‘دی.ئێچ. لۆرانس’ ئازاترین ڕەخنەگری سیستەمی پیاوسالاریی (پاتریاکی) نێو کۆمەڵگای ئینگلیز و ئەوروپایی بوو، کە نموونەی وەک ئەم نووسەرە بە دەیان هەن لە ئەوروپا، بەڵام ئەم پێشەنگیان بووە. هاوکات ئەدەبیاتی لۆرانس سیخناخە بە گرفت و هەم جوانی پەیوندی سۆزداری و “ئێرۆتێکا” بە ئیمتیازەوە. هەر ئەویش بوو کە دە بارەی دەکردەوە، “ئاخ لە دەست تۆ “ئینگلتەرە” چەندە ڕقم لێتە، دیارە مەبەستی “ئینگلستان” بووە، کەچی هیچ کەس و لایەنێک دادگایی نەکرد بە ناوی خیانەتکار و “نیشتیمان ـ نەفرەتزەدەیی”.
چوارەمین کەس کە کاریگەریی لەسەر من هەبوو بێت، شانۆنووسی ناوداری ئەمریکایی “ئارتەر میلەر”ـە (١٩١٥-٢٠٠٥). ئەو بڕوای وابوو کە “تاکە جێگایەک لە ئەمریکا کە بە پاكی مابێتەوە ‘شێتخانە’یە و بەس”!
من هیچ بیرمەند و ئەندێشەمەند و نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوف و مەزهەبزەدەیەک و سیاسەتمەدار و قەڵەمبەدەستێکی ڕەسەن و مرۆڤدۆست ناناسم کە لە وڵات و نەتەوەکەی قایل و ڕەزامەند بووبێت و شاباشی بۆ کردبێت، لەسەر هەموو ئاستەکان، سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبگەرایی و کلتوریی و کەلەپووریی و فکریی و ماددی؛ چونکە ناسیونالیستە نیشتیمانفرۆش و گەندەڵخوازەکان؛ چاویان گەورەترین هەڵە و پەڵە و نەنگی و کەتن و درۆ و بەدکاری لە نیشتیمانەکەیاندا نابینن و ناتوانن جوانی لە ناشیرینی جیا بکەنەوە.
فەیلەسووفی ئەڵمانی، فرێدریک نیتچە (١٨٤٤-١٩٠٠) گوتویەتی “دنیا هەر لە خۆڕایی خراپ نییە، بەڵکو خراپی ئەوەیە کە زۆرن ئەوانەی کە دەزانن چاکەکاری و جوانی و باشبوون چییە، دەشزانن خراپی و ناشیرینی و نامرۆیی چییە، بەڵام هەرگیز ئامادە نین قسان بکەن و هەقیقەتە تاڵەکە بدرکێنن.
“جێمس جۆیس، دی. ئێچ. لۆرانس، میلان کۆندێرا، سۆڵجنستین، تەسلیمە نەسرین، نەوال سەعداوی، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، حاجی قادری کۆیی، پیرەمێرد، نالی، سەهرەوەردی و خەڵکانی قەڵەمبەدەست و سەدان داهێنەرانی نێو کایەی زانستە مرۆیی و زانستە سروشتییەکان خاک و نیشتیمانی خۆیان بەجێهێشتووە وەک کاردانەوە بۆ واقیعێکی تاڵ و کوشەندە کە دەستەڵاتدارە ستەمکارەکان سەپاندوویانە. ئەوانە هەستیان بە نامۆیی و غەریبی کردووە لە نیشتیمان و وڵاتی خۆیان و جێگایان پێ لەق کراوە. ئەوانە بە دەست خەڵکییەوە هەراسان و بێزار نەبوون، بەڵکو پتر دەستەڵاتداران و فەرمانڕەواکان و مەزهەبزەدە توندڕەوەکان و ناحاڵییەکان ژیانیان لێ تاڵ کردبوون، بۆیە سەری خۆیان هەڵگرتوو و زێدی دایک و داپیر و باوک و باپیرانیانی خۆیان بەجێهێشت.
دوو چامەی گومانکاری دوو داهێنەر
ئەمن دەتانگێرمەوە بۆ دوو چامە و قەسیدە ناوازەکانی دوو داهێنەر کە یەکێکیان “بەختیار عەلی”ییە کە لە بیستەکانی تەمەنی خۆیدا قەسیدەی “نیشتیمان”ی نووسی، کە دواتر ببووە بنێشتە خۆشە و وێرد و سەرمەشقی سەر زمانی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان، بە مێینە و نێرینەوە، چ بە نووسین چ بە تۆماری دەنگیی. بە ڕوانینی من چامەکە گوزارشتە لە گومانکردن و تۆران لە خودی “نیشتیمان”، نیشتیمان وەک خۆڵ و هەوا و ئاو و سروشتەکە نا کە هێلانەی هەمووان بووە، بەڵکو چامەکەی “بەختیارعەلی” ئاماژە بە نیشتیمانێک دەکات کە سەرانی کوردزمان قۆرغیان کردووە، نەک دوژمنەکانمان. هەڵبەتە ئەو باس لە نیشتیمانێک دەکات کە دەنێو چین و توێژ و ڕەگەز و تەمەنی جیاواز؛ خەڵکانێک هەبن کە هەست بە نامۆیی و غوربەت بکەن، ئەم چامەیە بە هەق بوو بە زمانحاڵ و وتەبێژی هەزاران دەنێو توێژی گەنجان، بە ژمارەیەکی کەمێک کەمتریش، تەمەندارەکان. چامەکە بۆتە قیبلەنومای گەنجەکان بۆ تۆران و زیزبوون لە خودی نیشتیمان، ئاخر خۆ “نیشتیمان” خاک و خۆڵ و ڕووبار و دارستان و شاخ و داخ و بیابان نییە بە تەنها، کە دیارە خودی قەسیدەکە/چامەکە دادگاییکردنێکی شاعیرانە و ڕاستگۆیانەیە بوو کە من شایەتی دەدەم کە ئەو گەنجانە پتر هۆگری ئەم چامە ناوازەیە بوون کە لە نێو “نیشتیمان”دا تەنانەت چا و قاوە و فەلافلیش بە قەرز دەخۆن. دیسانەوە بە ئەزموونی خۆم، ئەوانەشم دیوە کە بەدەم شەرابی “شیراز”ـەوە گوێی لێدەگرن، ئەوانەی حاڵیان کەمێک باشترە لەوانەی کە چا و قاوە بە قەرز بخۆن. نۆشیان بێت هەردووکیان!
دووەمین چامە لە نووسینی ڕەوانشاد “شێرکۆ بێکەس” بوو کە لە کۆتایی تەمەن و دوا هەناسەکانی شاعیرانەی خۆیدا چامەی “من کچێک نیشتیمانمە”ی نووسی. لەوێدا شێرکۆ بێکەس ڕایدەگەێنێت کە ئەو ئیدی لەو “نیشتیمان”ـەی کە داگیرکراوی دەستی دەستەڵاتدارانی خۆمانە کە خێر و بێرەکەی بۆ خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت و نەدارا نییە، نیشتیمانێک کە لە بری ئاودانکردنەوە، سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی حەپەلووش دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە شێرکۆ بێکەس بە درێژایی تەمەنی خۆی بە شیعر و شانامە ئەم خاک و خۆڵەی دەلاواندەوە. دیارە شێرکۆ بێکەس لەو نیشتیمانە دەبێزرێت و یەق دەکاتەوە کە لە سایەی سەری سیاسەتبازە تێرنەخۆرەکان بووە بە لەوەڕگا و پاوانێک کە سەوزایی تێدا نەماوە کەچی بووەتە گەنجینەیەک کە هەر هەموو خۆخۆرە ناقۆڵاکان لەسەری بەشەڕ دێن، بە جۆرێک کە تیایدا خەڵک و خاک پێکەوە ئەتک دەکرێن. نیشتیمانێک کە هەنووکە بووە بە سووتماک و کوشتارگا؛ یان مانگایەک کە تا دوا تنۆکی دۆشراوە و دڵۆپی شیری خوێناوی لەجیاتی شیر لە گوانەکانیدا دەتکێن!
ئەم دوو شاعیرە: شێرکۆ بێکەس و بەختیارعەلی، سەر بە دوو نەوەی جیاواز بوون، بەڵام هەمان خولیا و خەم و نائومێدیان بەرجەستە کردووە بەرامبەر بە خودی نیشتیمان! ئەم دوو چامەیە زادەی ئەوپەڕی خەمخۆری و خۆشەویستی بووە، کە بۆ نیشتیمان نووسراوە نەک دژی. کە وەک ئەو چامەیە سەنگینە کە “نالی” و “سالم” تیایدا یەکتری دەلاوێننەوە، کە خودی نالی هەمان غوربەت و نامۆیی دەیهاڕێت کە ئەم دوو شاعیرەی سەردمێکی تازە دەدوێنن کە چەندین سەدەی کەوتۆتە نێوانیان، بەڵام هەمان دەردەدڵ و دەردەکورد و دراما و تراجیدیایە، بە زمان و ناوەڕۆک و هەناسەیەکی هاوچەرخانە و ئەمەکدارانە، نەک دوژمنکارانە، حاشا.
من وای دەبینم ئەم دوو شاکارە گوزارشتە لە هەست و نەستی زێدە برینداری هەزاران لە خەڵکی ئێمە، کە من دەیزانم کەسانی سەرکز و گرگن و گزگل پێی ناحەزن، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، کە مەحاڵە بوێرن بیخوێننەوە یان گوێیی لێبگرن، چونکە دەترسێن و دەزانن کە ئەم دوو چامەیە ئاوێنەیەکە خۆیانی تێدا دەبیننەوە و بە ڕووت و قووتی و عەورەتیان دەردەکەوێت. ئەگەر خۆیان شکۆمەند بن یان نەبن، مەرجە بە بینینی وێنەی خۆیان تەریق ببنەوە و نەوێرن سەرێک بەسەر “نیشتیمان” دا شۆڕ بکەنەوە کە بۆتە تەرمی لەگۆڕنەنراو و فەرامۆشکراو و خاکەسار!
لە یادم ناچێت کە لە سەروبەند و سەرەتای ڕاپەڕین بوو، ڕۆژنامەنووسێکی “کەنەدا”یی لە دەزگا و پەخشی میدیایی “هیراڵد تربیون” ئیشی دەکرد، هاتبووە باشووری کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا نووسی و ڕایگەیاند کە لەوە ناچێت شۆڕشڤانانی ئەم گەلە خاک و خەڵکی خۆیان لە بندەستی دکتاتۆر و ستەمگەری ڕزگار کردبێت، بەڵکو پتر لەوە دەچێت کەسانێکی تەماعکار هاتبن کە تا زووە خێر و بێری وڵاتەکەیان تاڵان و فەرهوود بکەن!
ماویەتی



