ئەوەی کە گومانی تێدا نییە، ئیسلام ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان-ە لە هەر چوار پارچەکەی. لەهەمان کاتیشدا، ئیسلام وەکوو ئایین، ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە شۆڕشەکانی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان. ئایا ئیسلام ڕێگربووە لەوەی کورد وەکوو ئایینپەروەر، شانبەشانی هەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکەی کوردستان دژی زوڵم و داگیرکاری بوەستێتەوە، سادەترین وەڵام، نەخێرە. هەرچەندە داگیرکەر هەمیشە هەوڵی داوە سوود لە ئیسلام وەربگرێت بۆ خاپاندن و لەخشتەبردنی کۆمەڵێک خەڵکی نەخوێندەوار و نەفام، هەندێکجار خوێندەوار و ڕووناکبیریش.
ئایا لەماوەی ئەو هەزار ساڵەی ڕابردوودا ئیسلامی ئایین توانیویەتی جێگای خۆی لەناو خەڵکی کوردستان بکاتەوە و شان بەشانی ئایین و ئایینزاکانی دیکە، بژیت؟ بەدڵنیایی ئەگەر کەموکوڕیش هەبووبێت، ئەوە موسوڵمانان و خەڵکی غەیرە موسوڵمانیش تاڕادەیەک توانیویانە بەئاشتی بەیەکەوە هەڵبکەن و بژین.
کەواتە، تاکی کورد لەو ماوەیەدا کێشەی دوور و نزیکی لەگەڵ ئیسلامی ئاییندا نەک هەر نەبووە، بەڵکو توانیویەتی بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ ئاییندا هەڵبکات، بە پارێزگاریکردن لە جۆرێک لە ئازادی دینداری یان بێدینی، یا جیاوازی دینی، جگە لەوەی کە ئیسلامیی ئایین ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئەی کێشەکە ئەمڕۆ لەکوێ دایە؟
کێشەکە لە ئیسلامێکی دیکە دایە، لە فۆرمێک لە ئیسلام، کە پێی دەڵێن ئیسلامی سیاسیی و بەدواشیدا وەهابیزم (سەلەفییەت). ئیسلامی سیاسی لێرەدا لەبەردەم بەرپرسیارییەتێکی گەورەدایە. ئەگەر ڕۆڵی خۆی لەو بوارەدا نەبینێت، ئاشتی کۆمەڵایەتیی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە. ئێمە ئەزموونی ئیسلامی سیاسیمان بینی لە ئەفغانستان، لە ئێران لە سودان و لە لیبیا و لە تورکیا و لەزۆر شوێنی دیکە. ئیسلامی سیاسی لەماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، نەیتوانیوە یەک نموونەی زیندووی جوان پێشکەش بە کۆمەڵگەی موسوڵمانان بکات. بێجگە لەو دابەشکارییە توندوتیژەی کە ڕۆژانە لەبەرچاومانە و دەیبینین. وەهابیزم (سەلەفییەت) یش لە سعودییە، وەکوو بەڵایەک وابوو، نەیتوانی هیچ شانازییەک بۆ ئەو وڵاتە دروست بکات و ئێستا لە هەوڵێکی جددی دان لە دوورکەوتنەوە لەو فۆرمەی ئیسلام و وەلانانی بەیەکجاریی، کەچی تازە بەتازە ئەو مۆدێلە لە سەلەفییەت گەیشتۆتە کوردستان و خەریکە شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستانی تێک دەدەن.
تا سەردەمی کۆمۆنیزم؛ مارکسیزم/لینینیزم بوو، بەتایبەتی لە باشوور، بۆ ماوەیەکی درێژ توانایەکی زۆر بۆ ئایدیۆلۆجیایەک ڕۆیشت، ئەگەر ئەو هەموو توانایە لە ئامانجێکی دروستدا سەرف بکرابایە، بەدڵنیایی دۆخی کورد و تەنانەت لەوانەبوو دۆخی عێراقیش ئاراستەیەکی دیکەی ببێت. ئەوە هیچ لەوەی کە ڕۆژئاوا هەمیشە بە چاوی نیگەرانی و گومانەوە دەیانڕوانییە حیزبە کوردییە-مارکسی-لینینییەکان. لەو هەشتا ساڵەدا مارکسیزم/لینینیزم زەبرێکی کوشندەی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد داوە.
ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزمیش بەهەردوو باڵە چەکدار و بێ چەکەکەیەوە، هەمان ڕۆڵ دووبارە دەکاتەوە وەکوو دیوی دووەمی کۆمۆنیزم؛ مارکسیزم/لینینیزم، ئەوە چش کە لەپێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی کار ناکات، وەک ئەوەی داوە موێکییان بۆ داگیرکردنی عەفرین نەجوڵا و پێیان وایە جیاوازە، بەڵام بۆ غەززە هاواریان لێ هەستا، نەک بەهۆی ئەو کارەساتە مرۆییەی غەززە، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕوانگە ئایدیۆلۆجییەی کە هەڵیانگرتووە، نەک لەبەر ئەوەی کە ئیسلامی ئایین تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک ناپارێزێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە ئەقڵ و گوتاری ئیسلامیزم گوتارێکی دەرەکی، نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردی و بە خواستی خەڵکی کوردستان بە موسوڵمان و غەیرە موسوڵمانەوە.
ئیسلامیزم لەسەر بنەمای “وەلاء و بەراء”، دامەزراوە، ئەم دامەزرانە بەو جۆرەی کە ناویان ناوە عەقیدە، پەیوەندی بە ئیمان یان باوەڕەوە نییە. عەقیدە لە “گرێ” (عوقدەوە) یان لە “گرێبەست” (عەقدەوە) هاتووە. تەفسیر و ڕوانگەی کۆمەڵێک خەڵکە بۆ هەندێک دەقی ئایینی، کە پێشتر بەو توندڕۆییە قسەیان لێ نەکراوە. لەماوەی ئەو سی ساڵەی ڕابردوودا ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دواتریش وەهابیزم، توانی ئەو دابەشکاری و نانەوەی دوژمنداری لەناو خودی خێزانیشدا دروست بکات. ئیسلامییەکان توانیویانە ئەو عەقیدەیە بە کۆمەڵایەتی بکەن، توانیشیان دایبەزێننە ناو هەموو کووچە و کۆڵانێک. ئاکامەکەشی دروستکردنی ئەو لەشکرە زۆرەی جوێندەر و تەکفیرچییەیە کە بەربوونەتە گیانی هەر کەسێک دوور و نزیک ڕایەکی سەربەخۆ دەرببڕێت، کە ڕەهەندێکی “داعشیی” ڕووتە لەناو زۆربەی کووچە و کۆڵان و شارەکانی باشووری کوردستان دا ڕەگی داکوتاوە.
ئەوە ڕوونە کە کۆمەڵێک زانای گەورەی موسوڵمان لەو سەد ساڵەی دواییدا لەناو کورد دا هەڵکەوتوون، لەوانەش مەلا سەعیدی کوردی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مستەفا زەڵمی، ئەحمەدی موفتیزادە و مەلا عوسمانی هەڵەبجە، هتد، بە ئاقاری ئەو هەموو تەکفیرکردن و دابەشکردنەدا نەڕۆیشتوون. تەفسیر و ڕاڤەکردنەکانیشییان بەتەواوەتی پەیوەندی بە ئیسلامی ئایینەوە هەیە و دوورە لەو ئیسلامە سیاسییەی کە بۆتە بەشێک لە کێشە نەک چارەسەر.
لەسەر بنەمای ئەو عەقیدە داهێندراوە (بیدعەیە)، کە پەیوەندی بە ئیسلامی ئایینەوە نییە و دیاردەیەکی نامۆ و سیاسیی ڕووتە، کۆمەڵگەی کوردی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورە لە وێرانکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتیش کە هەردوو حیزبی دەسەڵات، کۆمەڵگەیان بەتەواوەتی ڕادەستی ئیسلامی سیاسیی، بەتایبەتی سەلەفیزم، کردووە. لەولایەشەوە ئیسلامی ئایین (بە مەلا و مزگەوتەکانییەوە)، کەوتونەتە بەرگری لە خۆ و لەژێر هەژموونی ئیسلامیزم دا لەپاشەکشەیەکی ئاشکرادا دەژین.
بەرهەمێکی ئیسلامیزم، دروستکردنی لەشکرێکە لەوانەی کە بچووکترین ڕای جیاواز قبوڵ ناکەن، جۆرێک لە ترس و تۆقاندنییان دروست کردووە، کەسێک ڕایەکی جیاواز دەرببڕێت، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەر “سوکایەتی” و “لەمرۆڤخستن” و “بە ئەویدیکردن” و “هەڕەشەی لەناو بردن”، کە ئەو چەمکانە هەموویان کردەی بەر لە ئامادەکارین بۆ تاوانی جینۆساید. خۆ ئەگەر ئەو حەشاماتە لەجوێندەر و تەکفیرچی، دەستەڵاتییان ببێت بە دڵنیایی قەسابخانەیەک ساز دەکەن، دەبێت خۆزگە بە چەکدارانی دەولەی ئیسلامی (داعش) بخوازرێت.
دەزانم ئەو نووسینە ئیسلامییەکان توڕە دەکات، دەشزانم زۆرێک خەڵك لەناو ئیسلامییەکان هەن لەگەڵ ئەو تەکفیرکردن و سوکایەتیکردنەدا نین کە ڕۆژانە بەرامبەر ڕاوبۆچوونی جیاواز دەکرێت، بەڵام بەگشتی لەو ڕووەوە بێهەڵوێستن و هیچ گرووپێک ڕۆژێک بەیاننامەیەکییان دەرنەکرد و بڵێن “ئێمە دژ بەو مۆدێلەین لە جوێندان و سوکایەتیکردن بە خەڵک و ڕای جیاواز”. بێدەنگیش هەمیشە نیشانەی ڕەزامەندییە.