سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زاری ستانداردی کوردیی ناوەندی و کێشەکانی

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، دوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و داگیرکردنی عێراق لە لایەن سوپای ئینگلیزەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق لە ١٩٢١، دواتر لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق-ـەوە؛ ئەمانە چەند ڕووداوێکی ساسیی گرنگ بوون، سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی لە عێراق هێنایە دی، هەروەها بۆ یەکەم جاریش سیستەمێکی نوێی خوێندنی بە زمانی نەتەوەکانی لەگەڵ خۆی هێنا. لە لایەکی دیکەوە، بەرپابوونی ڕاپەرینی شێخ مەحموودی حەفید و دامەزراندنی حکومەتی “جنوبی کوردستان” لە سلێمانی لە نێوان ساڵانی ١٩٢٢–١٩٢٤ و هێنانی یەکەم چاپخانە لە لایەن ئینگلیزەوە لە ١٩٢٠ بۆ شارەکە، دەبن بە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ باشووری کوردستان، لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی لەباریش دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی بنزاری شاری سلێمانی بکرێ بە ئامرازێک بۆ نووسینی ڕۆژنامە و کتێبی پرۆگرامی خوێندن. ئیدی دوای ئەمە، بۆ یەکەمجار ڕێزمانەکەی نووسرایەوە و زاراوەسازی بۆ کرا و پڕۆسەی بەستانداردبوونی دەستی پێ کرد. ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک، زارێکی ستاندارد بەدی هاتووە کە زاری ستانداردی کوردیی ناوەندییە و بە هەڵە پێی دەڵێن سۆرانی، ئەم زارە لە ڕووی بەستانداردبوون و چاپەمەنی و فراوانبوونی ئەرکەکانی و بەکارهێنانی، بەهێزترین زاری کوردییە؛ سەرەڕای ئەم پێشکەوتنەش کە بە دەستی هێناوە، بەڵام لەم دواییەدا، لە پڕۆسەی بەستانداردبوونیدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووەتەوە.

لە پلانی زماندا بۆ بەستانداردکردنی زارێک ئەرکی ئەکادیمیای زمانە وەک ئەندازیاری زمان کار بۆ یەکخستنی ڕێزمانی ئەم زارە بکات، یەک شێوە ڕێزمان بکرێت بە ستاندارد. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەم شێوە ڕێزمانە ستانداردە هەتا ڕادەیەکی باش جێگیر بووبوو، بەڵام لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، لێرە و لەوێ، هەندێک نووسەری کورد گوایە هەوڵ دەدەن زمانێکی یەکگرتووی کوردی لە ڕێزمانی زارەکان پێک بێنن، بە ناشارەزایی هەر نووسەرێک بە مەیلی خۆی کەرەستە و پێکهاتەی ڕێزمانی زارێکی دیکەی کوردی، یان بنزارێکی کوردیی ناوەندی دێنێتە ناو ڕێزمانی ستانداردی کوردیی ناوەندییەوە، کە ئەمەش ئاژاوەی لە ڕێزمانەکە دروست کردووە. خەریکە هەر نووسەرێک بە ڕێزمان و زاراوە، دەبێت بە خاوەنی زمانێکی ستانداردی خۆی. ئەمەش جارێکی دی ئەرکی ئەکادیمیایە بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵات ڕێگە لەم گەڕەلاوژە زمانییە بگرێت. بۆ هەر کتێبک چاپ دەکرێت فلتەری زمانەوانی بۆ دابنێت، هەر کتێبێک لە ڕووی ڕێزمان و ڕێنووسەوە ڕێکوپێک و ستاندارد نەبێت، ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی نەدرێت. ئەگەر سنوورێک بۆ ئەم ئاژاوەیە دانەنرێت بۆی هەیە ئەم زمانە ستانداردەش کە دروست بووە، بەرەو بێسەروبەری بچێت.

شیاوی گوتنە لێرەدا باسی هەندێک لەو هەوڵانە بکرێ کە هەندێک لە نووسەر و دەزگا پەروەردەییەکان هەوڵیان داوە لە نێوان ئەم دوو زارە، کوردیی ناوەندی و باکوور، لەپێناو نزیککردنەوەیان لە یەک ئەم دوو زارە بە ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشە تێکەڵ بە یەک بکرێن و زمانێکی یەکگرتووی کوردی لێ بەرهەم بێت و بکرێت بە زمانی ڕەسمی و سەرانسەری بۆ کورد. ئەم جۆرە هەنگاوانە لە شەستەکانەوە هەوڵی بۆ دراوە، لە دوای نەوەدەکانیش کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندنی پێ دەرچووە و لە قوتابخانەکان پێی خوێندراوە، بەڵام بە عەمەلی، ئەم پڕۆسە زمانسازییە هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە، چونکە وەک دیارە زمان بە شێوەیەکی ڕەمەکی کار دەکات و لەسەرخۆ و بەشێنەیی گۆڕانی بەسەردا دێت، هەر گۆڕانێک لە ڕێزمانی زمانێک ئەوەندە لەسەرخۆ و درێژخایەنە، ڕەنگە لە ماوەی سەدان ساڵ یەک کەرەستەی ڕێزمانی لە زمانێکدا بە سروشتی خۆی گۆڕانی بەسەردا بێت، یان چەند دەنگێک لە زمان بگۆڕێن و بە جۆرێکی دی بێژە بکرێن. هەموو ئاخێوەرانی ئەم زمانە و ژینگەکەی و زمانەکانی دەوروبەری، بەشدارن لە گۆڕان و بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئەم زمانە، بۆیە زمان لە تاقیگەدا دروست ناکرێت، لە وزە و توانای هیچ کەسێک و هیچ دەزگا و حکومەتێکیش نییە بتوانێت دوو ڕێزمان تێکەڵ بکات و زمانێکی نوێی لێ بەرهەم بێنێت. ئەگەر دروستیش بکرێت دەبێت بە زمانێکی دەستکرد، وەک زمانی ئیسپرانتۆ کە زمانێکی دەستکردە، زمانێکی بێ فەرهەنگ و بێ مێژووی ئەدەبیاتە، زمانێک هیچ کۆمەڵگەیەک بە سروشتی قسەی پێ ناکات و تەنیا چەند کتێبێکی پێ چاپ دەکرێت. لەوانەیە کۆمەڵە خەڵکێک کۆرسی ئەم زمانە بخوێنن و فێری بن و قسەی پێ بکەن، بەڵام ئەمە مەحاڵە بکرێ بە زمان بۆ نەتەوەیەک و هەموو فێری ببن و وەک زمانی هاوبەش پێی بنووسن و قسەی پێ بکەن، بۆیە ئەم جۆرە هەوڵانە بۆ سازکردنی زمانێکی یەکگرتووی کوردی، هەرگیز سەرکەوتوو نابن، پێویستە وازی لێ بهێنرێ.

 بۆ نموونە، هەوڵ دەدرێ هەندێک کەرەستەی ڕێزمانی لە کوردیی باکوورەوە بخرێتە ناو ڕێزمانی کوردیی ناوەندی، وەک دۆخی بکەر نادیار: هاتە کوشتن، هاتە دامەزراندن، کە لە کوردیی ناوەندی دەبێت بە کوژرا و دامەزرا. هەندێک نووسەر هەوڵ دەدەن ئەم دۆخە ڕێزمانییە بێننە ناو ڕێزمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی، بەڵام جێگیرکردنی زۆر لەسەرخۆیە، هێشتا ڕێککەوتنێکی سەرانسەری لەسەر نییە، هەموو نووسەرێکیش پێی پابەند نابێت. ئەمە هەرچەندە لە کوردیی ناوەندی لە هەندێک بنزار ئەم دۆخە ڕێزمانییە هەیە و دەکرێ بە ئاسانی ئێمەش بە کاری بێنین، بەڵام هەتا بە تەواوەتی جێگیر دەبێ کاتی زۆر دەوێت. بەهەمانشێوە، جێناوی کەسی سێیەمی تاکی “وی” کە لە کوردیی باکووردا هەیە: دگەل وی، ناڤێ وی، هەندێک نووسەر هەوڵ دەدەن بیهێننە ناو ڕێزمانی کوردیی ناوەندی، ئەمەش تا ئێستا جێگیر نەبووە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم دۆخە ڕێزمانییە لە بنزاری هەولێری و موکریانیی کوردیی ناوەندیدا هەیە، بەڵام جێگیرکردنی ئەم دۆخە ڕێزمانییە لە ڕێزمانی ستانداردی کوردیی ناوەندی کە لەسەر ڕێزمانی بنزاری سلێمانی پەرەی سەندووە، کارێکی ئاسان نییە و هەتا جێگیر دەبێت کاتێکی زۆر دەخایەنێت، ڕەنگە هەرگیز جێگیر نەبێت، چونکە ڕێزمانەکە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا فۆرمی خۆی وەرگرتووە.

تێکەڵکردنی ڕێزمانی دوو زار یان دوو زمان مەحاڵە کاری پێ بکرێ، تەنانەت زمانەکانی وەک پیجن و کریۆلیش کە زمانی تێکەڵن بە ڕێزمان و وشەی دوو زمان، یان چەند زمانێک لە هەندێک وڵاتی ئەفەریقی و ئەمەریکای لاتینی و ئوسترالیا قسەی پێ دەکرێت و بووە بە زمانی ڕەسمیی، وڵاتەکەش، وەک تۆک پیزن کە لە پاپوا نیو گینیا لە باکووری قاڕەی ئوسترالیا قسەی پێ دەکرێ. ئەم زمانانەش لە تاقیگە دروست نەکراون، بەڵکوو لە پرۆسەیەکی دوور و درێژی زەمەنی تێکەڵ بەیەک بوون و بە ڕەمەکی و بە سروشتی بەرهەم هاتوون، هیچ دەزگایەک و ئەکادیمیایەکی زمان ئەم زمانانەی تێکەڵ بە یەک نەکردووە.

لە مێژووی هەموو زمانەکانیش، هەرگیز نەبووە ڕێزمانی دوو زار تێکەڵ بە یەک بکرێن و زمانێکی هاوبەش بۆ نەتەوەی لێ دروست بکرێت. زمانی نەتەوەکانی هەموو دنیا لە زاری زمانێک دەستی پێ کردووە گەشەی کردووە و بووە بە زمان بۆ هەموو نەتەوە. بۆیە زارە کوردییەکان هەرگیز بە ڕێزمان تێکەڵ بە یەک نابن و دەبێ لێ بگەڕێین بە تێپەڕبوونی کات و لەسەرخۆ بە سروشتی خۆیان لە یەک نزیک ببنەوە. گرنگترین هەنگاوێک بۆ ئەم نزیک بوونەوەیە دروستکردنی زاراوەی هاوبەشە، بە تایبەت بۆ زاراوە سیاسی و ئابووری و زانستییەکان، ئەمە هەنگاوێکی عەمەلییە و دەکرێ لەم ڕووەوە کاری بۆ بکرێ. ڕاگەیاندنەکانی هەرێم پێویستە کارێکی وا بکەن کاتێک هەواڵ یان بەرنامە بە دوو زار بڵاو دەکەنەوە، هەوڵ بدەن زاراوەی هاوبەش بەکار بێنن، بۆ نموونە: فڕۆکە بە کوردیی ناوەندی، بە کوردیی باکوور پێی دەڵێن: باڵافڕ، لەم دووە، دەکرێ یەکێکیان وەک زاراوەی هاوبەش لە جێگەی “طیارە” بەکار بێت؛ بە هەمان شێوە بۆ تەندروستی و ساغلەمی، دەکرێ یەکێکیان لە جێگەی “صحة” بەکار بێت، یان بۆ ناوی نەخۆشی وەک شێرپەنجە لە کوردیی ناوەندی و پەنجەشێر لە کوردیی باکوور، دەکرێ یەکێکیان لە جێگەی “سرطان” بەکار بێت. بۆ زاراوەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. دەکرێ لە دانانی کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندنیش بە هەمان ئاراستە هەردوو زار لە یەک نزیک بکرێنەوە.

هەوڵێکی دیکە بۆ نزیکخستنەوەی هەردوو زار لە یەک، تێکەڵکردنیانە بە فەرهەنگۆکی وشەی هەردوو زار؛ ئەمە هەتا ڕادەیەک دەکرێ ئەنجام بدرێ، بەڵام ئەمەش کاتێکی زۆر دەبات هەتا ئەم وشە هاتووە لە زارەکە دەچەسپێ. پێویستە ئەم وشەیە بخرێتە ناو کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندن لە ڕاگەیاندنەکانیش بەکاری بێنن بۆ ئەوەی هەموو خەڵک پێی ئاشنا بن و بەکاری بێنن. نموونەی هەندێک لەم وشانەی کە لە کوردیی باکوورەوە هاتوون لە کوردیی ناوەندی جێگەی خۆیان گرتووە، ئەمانەن: ڕەوش، پرس، خەبات، دۆز، بەها، ئاستەنگ، سەرهەڵدان، بەرخۆدان، بیاڤ، پێڤاژۆ، ڕۆژەڤ، ستران، مرۆڤ، جێوار، دەڤەر، چاخ، دەستپێک، ژێدەر، دیرۆک، ئەڤین، نەیار، هەڤاڵ، دژوار، چەتوون، پاشڤەرۆ، ئاریشە، هزر، هزرڤان، هێژا، دەلال، کەتوار، مژار، کەڤر، شاند، وەشانخانە، شرۆڤە، تژی، ئەفراندن، تەناهی، زێرەڤان، بزاڤ، لێ، گەنگەشە، دەلیڤە، هۆڤی، میناک، ئۆل، خۆزایی. تاد دەکرێ ئەم وشانە زیاتر وەربگیرێن بەتایبەت ئەوانەی کە لە کوردیی ناوەندیدا بەرانبەرەکەی نییە، یان وشەیەکی گونجاوی بۆ نییە. کۆمەڵێک وشەی کوردیی ناوەندییش لە کوردیی باکوور جێگەی خۆیان گرتووە و ئێستا بە ڕێکوپێکی بەکار دێن. ئالوگۆری وشەکان لە نێوان هەردوو زار هەنگاوێکی گرنگی نزیک خستنەوەیانە لە یەک.

ئەگەر سەرنج بدرێ لەم هەوڵە بێسوودانە بۆ دروستکردنی زمانێکی هاوبەش بۆ کورد، جارێکی دی ئەم مەسەلەیە جەخت دەکاتەوە کە هەر لە سەرەتاوە پلانێکی زمان بە میتۆدێكی زانستی بۆ زمانی کوردی لە ئارادا نەبووە، کە ئاگایی تەواوی بە چۆنیەتی کارکردن و پێشکەوتن و گۆڕانی زمان هەبێت؛ ئەم جۆرە هەوڵانە ئەگەر بە پلانیش بووبێت، بەڵام بە پلانێکی زانستی نەبووە، هەر بۆیە هیچ بەرهەمێکی نەبووە و تەنیا کات و وزە بە فێڕۆدان بووە. قوتابیی کوردیش بۆ فێربوونی یەک زمانی کوردی تووشی سەر لێشێوان بووە.

سازکردنی زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو کورد، دەبێ ئەم زمانە هاوبەشە لێ بگەڕێین بەشێوەیەکی سروشتی خۆی دروست بێت، جارێ لە دۆخی ئێستادا کە هەر بەشێکی کوردستان لە ژێر داگیرکاری و چەوساندنەوەی زمانیدایە و دوو ئەلفوبێی جیاوازیش بەکار دێن، ئەم زمانە هاوبەشە، هەرگیز بۆ هەموو کورد پلانێکی گونجاو نییە. جارێ تەنیا بۆ باشوور دەبێ ئەم هەوڵە بدرێ، چونکە دامودەزگای حکومەتی هەیە و پێویستیی بە زمانێکی هاوبەشە. داهاتووش خۆی بڕیار دەدات کە کامە زاری کوردی ئەوەندە باڵادەست دەبێت و توانای ئەوەی هەبێت ڕۆڵی زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو کورد لە سەرانسەری کوردستان دا بگێڕێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO