سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دێوجامەی نیشتیمان و ناسیونالیزمی عەمبارەپۆ

بەشی یەکەم

دەسپێک، چی کۆمان دەکاتەوە؟

بەردەوام چەمکی “نیشتیمان” لەگەڵ دەستەواژە و چەمکی ناسیونالیزم پێکەوە لێکدراون؛ یان لە پای سروشتی کارکردەی ناوەکی و دەرەکی خۆیانەوە؛ بە یەکترییەوە لکاون و یەکانگیرن، نەک بە بانگەشەی ڕووکەشانە و ساختەبازی پەیوەست بەم دوو چەمکە، یان لەژێر جەبر و زەبری دەستەڵاتێکی دیکتاتۆری ڕەها و تۆتالیتار. دیارە بەیەکەوەلکاندنی دەستەواژەی “نیشتیمان” و “ناسیۆنالیزم” جۆرەها پێناسە و دیبەیت و دیالۆگی گەرم و شێلگیرانە بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت کە سیخناخ و پڕە لە ڕاستیی لە لایەک و هەرا و زەنا و بەدحاڵیبوون و چەواشەکاری و کڵاوکڵاوێنە لە لایەکی دیکەوە.

هەر لە سەرەتاوە دەپرسین: ئایا ئەوەندە بەسە کە خاکێکی سنووردارمان هەبێت بە مانا جوگرافییەکەی؛ یان مێژووییەکی هاوبەش کە لە پەنایدا بڵێین خاوەن “نیشتیمان”ین، هاوکات هەر بەو شێوەیە بە خۆشمان بڵێین “ناسیۆنالیست”؟ یانژی هەر لەبەر ئەوەی کە خەڵکانێکی هاوتوخم و هاوزمان و هاومەزهەب و هاوخوێن و هەموو هاو و هاوەکانی دیکەشی لە پاڵ بێت؟ ئاخۆ دەکرێت بەم چەشنە پێناسەی نیشتیمان بکرێت؟ لە کاتێکدا ئەم خەڵک و مەردمگەلەی کە کۆبوونەتەوە لەسەر خاکێک؛ بە تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک خەسڵەت و توخم و ڕەگەزی هاوشێوە بەیەکەوە پەرچی کردووین؛ دەنێو جوگرافیایەکدا وەک “کۆمیونیتی” نیشتەجێ بووبین، کە چوارچێوەیەکی بۆ خۆی داتاشیوە و فۆرمێکی وەرگرتووە، بەڵام بێ گەوهەر و بنەما و ناوەڕۆک و هەم لێکدی ترازاو؟

ڕاستە کە پایەکانی نیشتیمان ئەو ئاوێتەبوون و هاوتابوونە دەخوازێت کە ببن بە بنەما و بناغەی هاوسۆزی نیشتیمانپەروەرانە کە لە دەستپێکەوە ئاماژەمان پێداوە، بەڵام هەرگیز ئەم فاکتەری سەرجەلەیی و هاوخوێنی و هاوزمانی و هاوتوخمییە نابێت وا لە ئێمە بکات سادە و ساویلکە بین و دانی پێدا بنێین و بڵێین ئێمە خاوەن نیشتیمان و خاک و خەڵکی خۆمانین، یان بچینە پای فەرمان و بڕیاری سیاسەتبازی نمایشکەر و ڕیاکار کە بانگەشە بکات کە هەرهەموومان لە نێو هەمان هەیکەل و بۆتە و قەوارە و خاکێکدا کۆ بووینەتەوە و تەواو!

سەرباری ئەوەش، ئەگەر من بە تەنها ئەزموونی خودگەرایی خۆم بکەم بە بابەتی لێدوان سەبارەت بە چەمکی نیشتیمان و و نیشتیمانپەروەری و ناسیۆنالیزم لە باشووری کوردستان؛ ڕەنگە کەم و زۆر دەرەقەت بێم، بەڵام گەر باز بدەم بۆ کوردستانی گەورە )باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور(؛ ئەو کات ئەم دوو هەوڵە جیاوازن و ناگەینە ئاکامێکی خواستراو و تۆکمە و دامەزراو کە من مەبەستمە و نیازمەندم، بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەک کە دروست و ڕەوا بێت لە باری ئەکادیمی و و مێژوویی و فکرییەوە، چونکە قسەکردن لەسەر ئەم بابەت و چەمکانە دەنێو ئەم وتارەی مندا جێگەی نابێتەوە، بەڵكو لێکۆڵینەوە و داتا و ئامار و پشکنینی مەیدانی و پراکتیکی پێویستە. هاوکات گەرەکە تیمێکی گەورەتر لە پسپۆر و ئەکادیمیست و توێژەرمان هەبێت کە شارەزای چالاکی و کایە جیاوازەکان بن بۆ سەرخستنی وەها پرۆژەیەک، کە هەر تیمێک و گرووپێک بەقەد توانستی خۆیان پرسی پرۆژەکە تاوتوێ بکەن.

 ڕەنگە ئەوەیان لە هەنووکەدا ئەستەم بێت کە هەر سێ هەرێمەکەی دیکە وەکوو باشووری کوردستان بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراون و داگیرکراون و بێ قەوارەن؛ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی. ئێمە ئەو سەربەستییەمان نییە کە بە ڕەهایی خەونێکی وا بهێنینە دی، گەرچی لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ستەمدیدەیی بەشداری هەمان ئەزموون دەکەین، بە کەمێک جیاوازییەوە. بەهەرحاڵ، گەرچی باشووری کوردستان ٣٣ ساڵە خاوەنی قەوارەیەک و دامودەزگایەکی سەربەخۆی هەبووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ دووچاری قەیران و تەنگژەباری بووە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە پەیوەستە بە شکستی حوکمڕانی لە عێراق کە لە خراپترین دۆخدایە کە پتر ئەو فەزایە دروست دەکات کە وای بنوێنێت ئەوە خودی کوردگەلە ناهێڵێت “عێراق” سەقامگیر و ئارام بێت لە باری ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی. سەرانی دەسەڵاتدار لە بەغداد ئەم میکانیزمە دەخەنە گەڕ کە دوژمنە هەر سەرسەخت و تێکدەرەکەی بەغدا ئێمەین، کە ناتوانێت وا ئاسان بێتەوە سەر هەلومەرجێکی جێگیر و ئومێدبەخش، کە هۆکار و فاکتەرەکانی ئەو داڕووخانە لای زۆرینەی خوێندەوار و نەخوێندەوار ئاشکرا و ڕوونە!

دیارە لە باری واقیعییەوە خودی باشووری کوردستان لە دۆخێکی تەنگژەبار دایە کە پتر دەستکردی خۆمانە و بۆتە کۆسپ و تەگەرە و هۆکارێک بۆ نەبوونی وەدیهاتنی ئەو خەونی ڕابوون و هەستانەوەیەی کە لە ڕاپەڕینەوە نوقڵانەی بۆ لێدرا و دروشمەکانی زێدە گەشبینانە بوو بۆ ڕزگارکردنی خەڵک و خاک لە دەست داگیرکاریی بۆ چەندین سەدە؛ کە لای ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتیمانیانی خۆمان زانراوە و دەستنیشان کراوە، کە پەیوەستە بە داگیرکردنی هەر هەموو پارچەکانی کوردستانی گەورە، بە خەڵک و خاکەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی و هەرێمیی و بندەستبوونی ئێمە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکان (سوپەر پاوەرەکان) و دراوسێکانەوە، کە زێدە نامرۆڤانە و فاشیست و شۆڤێنیست و تۆتالیتارن.

بەدەر لەمانەش، فاکتەری دووبەرەکی و خۆخۆری ناوخۆیی و ناتەبایی حیزبەکان دەگەڵ یەکدی، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان. هاوکات، دەستەڵاتداران و حیزبەکان لە باری سیاسییەوە ڕۆڵێکی نەرێنی و نێگەتیڤیان پیادە کرد، بەڵگەش بوونی خودی ڕۆحی خێڵگەرایی و پاوانخوازییە، کە پەیوەستن بە پیادەکردنی عەقڵییەتێکی شوانکارەیی (pastoral mentality) کە پەرەی پێدراوە تاوەکوو ئێستاکێ. ئەم تێگەیشتن و دیدگایە لەلایەن دوو بیرمەندی کوردناس پشتڕاست کراونەتەوە، لە پاڵ چەندین لەو عەقڵانەی کە سەرگەرمی “کوردناسی” بوون، چ خەڵکی خۆمان بن و چ سەر بە نەتەوە و وڵاتانی دیکە، کە یەکەمیان، کۆمەڵناس و پرۆفیسۆر “ئیسماعیل بێشکچی”یە (١٩٣٩-) لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە، بە تایبەتی کتێبی “کوردستان؛ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی”، دووەمیان ئانترۆپۆلۆجیست. پرۆفیسۆر “مارتن ڤان برونسن”ی “هۆڵەندی”ە، کە لە ناواخنی کتێبەکەی “ئاغا و شێخ و دەوڵەت” بە تێروتەسەلی هۆکاری ئەو دراما و تراجیدیا و کارەساتباریەی کوردگەل دەخاتەڕوو، هەردوو بیرمەندە جگەرسۆزەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە فاکتەری ناوخۆیی و ڕۆحی پاوانخوازی و عەقڵییەتی خێڵەکی وایکردووە ئێمە دەنێو ئەم دۆخە تەنگژەبارییە گیرۆدە و چەقبەستوو بین لەسەر ئاستی سیاسی کە ڕەنگڕێژی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکریی و فەرهەنگییە!

ئەزموونی نالەباری کوردستانی باشوور

لێرەدا من ناچارم بە تەنها باشووری کوردستان وەربگرم کە تیایدا دەژیم، لە سەر و بەندی سەرهەڵدانی “ڕاپەڕین” کە لە کوردستان دەستی پێکرد و تەشەنەی کرد و کۆی شار و شارۆچکە و گوندەکانی تەنییەوە، کە ئاکامەکەی پاکردنەوەی کوردستان بوو لە دەست و پێوەند و دەستەڵاتدارانی “بەعس” لە عێراق کە بوو بە مایەی خۆشنوودی و سەرفرازبوونی خەڵکی خۆمان، بەڵام ئەوەندەی نەبرد کە دەوڵەتی عێراقی توانی پەلاماری کوردستان بداتەوە، بەڵام مانەوەی ئاسان نەبوو کە هۆکار و فاکتەرەکانی لە لای زۆرینە ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام لەوساوە تاوەکو ئێستاکێ؛ کۆی سیاسەتمەدار و دەستەڵاتداران و هەوادارانی حیزبەکان و دەست و پێوەندەکانی لاف و گەزافی ئەوە لێدەدەن کە کوردستان بەهرەمەندە لە ئازادی و خۆشگوزەرانی. ئەوان بەردەوام بانگەشە دەکەن کە مەرجە کوردستان ببێت بە نموونە و مۆدێلی دەوڵەتداری و ئارامی و ئاشتییەوایی لەسەر ئاستی عێراق، گوایە جەماوەرەکەی سەربەخۆن و ئاڵای ڕزگاری و سەرفرازیمان شەکاوەیە. زمانحاڵی حیزبەکان، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ٣٣ ساڵە خۆمان فەرمانڕەوای خۆمانین. لەوە دەچێت کە خودی ئەم بانگەشەیە ڕێژەیی بێت و جێگەی گومان و پرسیار بێت؛ کە خودی ئەو دەیان حیزبەی کوردستان و هاونیشتیمانیان بیر و بۆچوونی جیاوازیان هەبێت!

ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە بە هەزاران لە مەردمگەل پێچەوانەکەی دەبینن. هاونیشتیمانیانی کوردستان بۆیان هەیە ئەم ئەزموونی حوکمڕانی و جۆری نەخشەی سیاسەتەکەی بخەنە ژێر پرسیار و گومانەوە؛ بە ئەندازەی شکستی و نوشستی، یان سەرکەوتن و خۆبنیادنانی دەوڵەتداری، وەک ئەزموونێکی حوکمڕانی ئومێدبەخشە، یانژی شکستخواردوو، لەسەر دەستی هەر هەموو حیزبەکان و دەستەڵاتدارانی خۆمان، لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستەڵاتداران پتر خەریک و سەرگەرمی بزنس و سەرمایەگوزاری و دوکان و بازاڕن، کە نەک بە تەنها خەڵکی فامیدەی دەستەبژێری ئاکادیمست و نووسەران و خوێندەواران، بەڵکو بەهلوول و خەڵکی بێ سەواد و نەخوێندەواریش بەدەم لاقرتێ و مەزاقەوە ئاماژە بە دۆخی نالەباری کۆی ئەزموونەکە دەکەن، بە گشتی و لەسەر ئاستی دەستەبژێری خوێندەواران و خەڵکی نەخوێندەوار سەرزەنشتی ئەزموونەکە دەکەن!

هاوار و سکاڵای خەڵکی لە دەستەڵاتخوازانی خاوەن پلە و پێگەی جیاواز لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە سەرانی دەوڵەتداری و حیزبەکان؛ دوورن لە خزمەتی خاک و خەڵک و بنیادنانی هەیکەل و پەیکەری نیشتیمان. یەکەمین خەڵاتی هەردوو حیزب: پارتی و یەکێتیی، لە ناوەڕاستی نۆوەتەکان، شەڕی براکوژی )شەڕی ناوخۆ( بووە، کە بوو بە مایەی کۆچ و ڕەوی هەزاران لە هاونیشتیمانیانی کوردستان. ئەوانەی کە ماونەتەوە، بەگشتی، تاوەکوو ئێستاکێ لە باری ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە لە دۆخێکی تەنگژەباری و نشوستی گەورەدا ژیان و زیندەگی بەڕێدەکەن، لە ماوەی ئەو ٣٣ ساڵەدا کۆچ و ڕەوکردن ڕووەو تاراوگە بە تەرزێکی دراماتیک و تراجیدی؛ لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە. خەڵکی ڕەشۆکی و قۆشمەباز وەک تەوس و لاقرتێ و داخداری “شەڕی ناوخۆ”یان ناو نابوو “شەڕی خۆتڕێن”. شەڕێک کە هەزاران کەس بوون بە قوربانیی، کە زۆربەیان لاو بوون و سەر بە چین و توێژی هەژاران و نەدارانی نەتەوەکەمان بوون.

سەرباری ئەوەی کە هەوادارانی بە تەمەنی هەردوو حیزبەکە ڕۆژگارێک پێکەوە لە هەمان سەنگەری بەرگریدا بوون، لەو ڕۆژگارەی لە دژی “ڕژێمی بەعس” و سوپای عێراق دەجەنگان و خوێنیان تێکەڵ دەبوو، کەچی لە ناوەڕاستی نۆوەتەکاندا هەردوو حیزب بوون بە دوژمن و قاندڕ و ڕکابەری یەکدی و سەرچاوەی کوشتارگەیەک کە تاوەکوو هەنووکەش ئاسەوار و کاریگەریی نەرێنی و کارەساتباریی هەر ماوە!

هەر هەموومان ئاگادارین کە خواستی ملیۆنان بوو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کە کۆتایی بێت بەم دۆخە تەنگژەبارییە لەسەر ئاستی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کەچی سەرانی حیزبەکان و دامودەزگاکانی بەڕێوەبەریی بەردەوامبوون لە “شەڕی براکوژی” و ژیان و زیندەگی خەڵکیان شێواند و گرانی و قات و قڕیان کرد بە دیاری و کولەمەرگی بۆ هاووڵاتیانی خۆمان. لە بەرامبەردا، چینێک و توێژێکی خواپێداو خواییانە و شاهانە دەژیان و دەژین. دوای ئەو هەموو ساڵە و ئەو هەموو قاتوقڕییە، کەچی هیچ هەوڵ و تەکانێک نییە و نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە ئاسەوارەکانی “شەڕی ناوخۆ”. کەچی لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا گەندەڵی پتر و چڕتر دەستیپێکرد. لەبەرامبەر ئەوەشدا هیچ پاکسازی و چاکسازیێک نەهاتە کایەوە. لە ڕاستیدا، گەندەڵی بە ئاستێک تەشەنەی کردووە کە بۆتە نەریت و دیاردە. ئەگەرچی بە درێژایی ئەو ٣٣ ساڵەدا بە جۆرەها زمان و شێوە لە باری مەجازی و ڕەمزیی و هەم بە دیوە شارستانییەکەی جەماوەری کوردستان دادگایی دەستەڵاتدارانیان کردووە، نموونەی خۆپیشاندان و بایکۆت و مانگرتن… هتد. کەچی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەر نەگۆڕا؛ چونکە فەرمانڕەواکان دوورتر بوون لەوەی کە گوێیان لە ناڵە و هاواری خەڵکانی بەشمەینەت بێت. سەرانی حیزبە فەرمانڕەواکان بۆ خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە گەندەڵی هەیە، گوایە بەڵێن بوو کە گەندەڵکاران دادگایی بکرێن و سزا بدرێن، کەچی نەماندیت یەکێک لەو گەندەڵکارانە دادگایی بکرێت!

ئیدی.. دوای کارەساتی شەڕی ناوخۆ و براکوژی لە ناوەڕاستی نۆوەتەکاندا، پتر و تووڕەتر ئەم “خودنەفرەتی” و “نیشتیماننەفرەتییە” گەشەی کرد، تەنانەت گومان لە خودی “ڕاپەڕین” بوو بە کەڵکەڵە و خولیای زۆرینەی خەڵکی خۆمان، مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ تەشەنەی زیاتری کرد. ئاکامەکەی کۆچ و ڕەوی هەزاران بوو، کە تا هەنووکەش نەوەستاوە، بگرە سەر لە نوێ لە ٢٠١٤ دا، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی “داعش”ی دەمارگیر و توندڕەو.

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO