ئەمەریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان سیاسەتێکی نەگۆڕی هەیە کاتێک کار دەگاتە سەر بەرژەوەندیەکانی حکومەت و گەلی ئەمەریکا، لە نەخشەڕێگای هەر کابینەیەکیشدا بێت سیاسەتی نەگۆڕ هەر بەردەوامی هەیە و بەرژەوەندی ئەمەریکا لەسەروی هەموو بەڵێنەکانەوەدایە. لەبەر ئەوە ئەمەریکا لە چ سەردەمێک و دەسەڵاتێکدا بێت، حوکم بە دەستی دیموکراتەکانەوە بێت یان کۆمارییەکان سیاسەتێک بوونی هەیە کە بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، کە هیچ کاتێک ئەو سیاسەتە گۆڕانکاری پێوە نابینرێت، بە تایبەت ئەگەر درک بەوە بکرێت، هاوپەیمانی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا هەیە.
سیاسەتی ئەمەریکاش لە جیهاندا لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نراوە، بەتایبەت بەرژەوەندی عەیار بیست و چوار بۆ ئەمەریکییەکان، بۆ نموونە ئەگەر دەستوەردانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، ئەبێ ڕەچاوی خوێندنەوەی خودی ئەمەریکا بۆ ڕووداوەکان بکەین چونکە ئەمەریکا ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی دەکات هەرئاوا بەبڕیارێکی سەرکەشی هێز و جبەخانە ناخاتە خزمەتی ئەجندایەکی بێ بەرنامەیەوە، بەڵکو بەر لەوەی دەست بە پێشڕەوی بکات لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی تاوتوێ دەکات و مەعقوڵیەت بە پڕۆسەکەی دەدات.
ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت دەبێ ئەوە بزانین هەموو جموجۆڵەکانی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی لە هەر سوچێکی جیهان بێت فراوانکردن و کردنەوەی بازاڕی ساغکردنەوە و بەدەستهێنانی یەدەک و سەرچاوە وزەبەخشە پیشەسازییەکانە لەبەرژەوەندی خۆیدا. دەکرێت بپرسین سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەگۆڕێت لە کاتێکدا سەرسەخترین سیاسەت دەیانەوێت گۆڕەپانەکەی پێ لێژبکەن و سەروەت و سامانی ئەو ناوچانە هەڵلوشن و دژی سیاسەتی ئەمەریکا بەگەڕی خەن.
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەوا کردەیەک نەک لە سیاسەتی ئەمەریکا بوونی نییە تەنانەت بە خەونیش ڕووداوی وا ناخوڵقێت کە ئەمەریکا ناوچەکە بخاتە سەر سینیەک و پێشکەشی ئێرانی بکات، لەبەر ئەوەی حکومەتی ئێران هەر لەدوای ڕووخانی “شای ئێران”ەوە لە ١٩٧٩ وە دەسەڵاتدارەکانی دروشمی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان کردۆتە ستراتیجی خۆیان و لە کام بستە زەویەکی جیهان هەیە هەوڵیان داوە زیان لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بدەن و لەو نێوەندەشدا کەمتەرخەمیان نەکردووە. لە کاتێکدا گەلانی ئێران بە دەست قەیرانی ئابووریەوە دەناڵێنن کەچی دەسەڵاتدارانی ئێران بودجەیەکی زەبەلاح لە ملیشیا و چەکدارانی ناوچەکە سەرف دەکەن تەنها بۆ دەستوەشاندن لە بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمەریکا.
بۆیە دەبێ بپرسین ئایا ئەمەریکا ئامادەیە بەدەستی خۆی ڕمێکی ژەهراوی لە سنگی خۆی بچەقێنێت و گۆڕەپانەکە بۆ نەیارەکانی چۆڵ بکات؟ ڕاستە لە ئێستادا لە عێراق زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق داوای کشانەوەی پێشوەختە و بێ مەرجی ئەمەریکا دەکەن،بە تایبەت لەسەر داواکاری هێزە نزیکەکانی سەر بە ئێران، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات دۆڕانێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەمەریکا و سەرکەوتنیشە بۆ نەیارەکەی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ڕزگاری عێراق لەسەر دەستی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەوە ئەمەریکا بوو هەموو گەلانی عێراقی لەو دێوەزمەیە ڕزگار کرد بەو گرووپانەی ئێستا دژی مانەوەی هێزی هاوپەیمانانن لە عێراق، گەر ئەمەریکا نەبوایە دەبوایە تا ئێستاش لە ساڵۆنی هۆتێلەکانی وڵاتانەوە نەخشەی دۆڕاو بۆ ڕزگارکردنی عێراق دابڕێژرایە، کەچی ئەمڕۆ دژی سیاسەتی ئەمەریکا نەخشە دادەڕێژن بەخەیاڵی خۆیان وا دەزانن ئەمەریکا باروبەندەڵی دەپێچێتەوە و گۆڕەپانەکە بۆ خەیاڵ پڵاویان چۆڵ دەکات تا نەیارانی ئەمەریکا تەراتێنی تیا بکەن و بەرژەوەندی ووڵاتەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.



