دلین سۆران
زۆرێک لە وڵاتان هەردەم هەوڵیانداوە کە کۆمەڵگە بناسێنن بە مافەکانی ژن و جێبەجێی بکەن بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگەدا زۆر کەس هەن مافی ژن هەبێت یاخود نەبێت هەر بە چاوێکی دیکەوە لە ژن دەڕوانن و بیرکردنەوەیان لە ژن وەکوو ڕۆبۆتێکە کە تەنها خزمەتی پیاو بکات بێ هیچ پشوودانێک و هەموو فەرمانێکی ئەو بەجێ بگەیەنێت.
لە کۆمەڵگەی خۆماندا هێشتا ژنمان هەیە کە وەکوو سەردەمانی پێشتر هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت و هەر لە ناو ماڵەکەی خۆیدا یان لە ناو چوار دیواری ژووری ماڵی باوکیدا دیل کراوە و زیندانی کراوە. ژن هەیە مافی ئەوەی نییە بە ئارەزووی خۆی بجووڵێتەوە، قسە بکات، بچێتە دەرەوە، تەنانەت هەندێک پیاو لە لای شانازیە کە لێدانی ژنەکەی یان کچەکەی بووەتە پیشەیەکی ڕۆژانەی. هەندێک جار نەک لێدان و دیلکردن بەڵکو کار دەگاتە ئەو ڕادەیەی پیاو ژنەکە دەکوژێت یان ژن ئەوەندە ناخۆشی و تەنگوچەڵەمی بینیوە مێردەکەی یان خۆی دەکوژێت. ڕۆژانە کاتێک هەواڵەکان دەبیستین بێگومان خاڵی نییە لە ڕووداوی کوشتن و مەرگ کە لە نێوان ژن و مێرد یان خوشک و برا ڕوودەدات، کە لە کێشەیەکی بچووکەوە سەریهەڵداوە و گەورە دەبێت و چەندین ڕووداوی لێ دەکەوێتەوە.
خۆکوشتنی ژنان و کچانی هەرزەکار دەتوانم بڵێم زۆرینەی هۆکار لە ژێر کاریگەری هەڕەشەوەیە، وەک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڕەسم یان بڵاوکردنەوەی نامەکانی، کە قسەی لەگەڵدا کراوە یاخود هەڕەشەیان لێ دەکرێت بەوەی ژنەکە بکوژن، هێشتا لەسەروو ئەمانەشەوە بە چەندین ژن ئاشنام کە لەگەڵ مافەکانی خۆیاندا نین و بڕوایەکیان پێیان نییە کە ئەمەش وا دەکات بیروڕای ئەم ژنە لە کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر تاوەکو بەم شێوەیە بەشێکی ژنان و پیاوانیش بەو جۆرە بیر بکەنەوە.
ئەو دامودەزگایانەی کە هەوڵدەدەن مافی ژن بە کۆمەڵگا بناسێنن دەبێت هەوڵ بدەن و کاری زیاتر بکەن کێشەی ژنان بە گشتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، زیاتر لەلایەن بیروباوەڕ و دابونەریتی کۆمەڵگە و خێزانەوە یاسا و ڕێسای بۆ دادەنرێت. بەڵام نە ئەندامانی کۆمەڵگە نە خێزان هەموو بەیەکەوە لەسەر یەک بیروباوەڕ نین، بەشێکی بەلایەوە ئاساییە ژن بە تەنها بچێتە دەرەوە، لە هەمان کاتدا بەشەکەی دیکەی ڕێگرە و بە ئازادییەکی بێئابڕوویانەی دەزانن. بۆ نموونە بەشێکی بڕیاری لەچک کردنی بۆ ژنەکە یان کچەکەی ، بەجێهێشتووە و هیچ کێشەیەکیان نییە کە ئایا لەچک دەکات یاخود نا، بەڵام کەسانێکی دیکە هەن کە ڕێگرن و لەچک کردن وەک یاسایەکی چەسپیوو تەماشا دەکەن، وەک ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت کە مێینە دەبێت لە تەمەنێکی بچووکەوە تا گەورە بوون لەچک بکەن.
گەر لەم چەند ساڵانەی دوایی بڕوانین ژن دەبینین هەقی ئەوەیان دراوەتێ کە کار بکەن لە دامودەزگاکان یاخود کارێکی سەربەخۆیان هەبێت، بەڵام هێشتا بەشێکی باشمان لە ژن هەیە کە ئەو هەقەی لێ سەندراوەتەوە لە لایەن باوک و برا یان مێردەکەیان. زەقترین ڕێگر لە کارکردنی ژن لە دەرەوە و شوێنە گشتییەکان لە هەندێک وڵاتدا حکومەتەکانن. یەکێک لە نموونەکان وڵاتی ئەفغانستانە کە لە ۱۹۹٦دا چەند بڕیارێکی توندی دژ بە ژنان دا، لەوانە، ژنان دەبێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە وە ئەگەر چوونە دەرەوە ئەوە دەبێت مەحرەمێکیان لەگەڵدا بێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک دەموچاویان دیار بێت؛ لە دەرەوە تەنیا ئەگەر پرسیاریان لێکرا مافی قسەکردنیان هەبێت؛ نابێت لەبەردەم خەڵکدا پێبکەنن؛ کچان نابێت بچنە قوتابخانە و ئیشکردن بۆ ژنان قەدەغەیە. ئەمانە چەند نموونەیەکی کەمن لە بڕیارەکان کە دەسەپێنران بەسەر ژنانی ئەفغانستان. گومان لەوەشدا نییە کە نەک وڵاتان بەڵکو هەندێک خێزان بێ ئەوەی کۆمەڵگە کێشەیەکی ئەوتۆی هەبێت بەسەر کچەکەیاندا بڕیاری لەم شێوانەیان دەسەپاند.
ئەو کەسانەی کە دەڵێن جیاوازی لە نێوان پیاو و ژن دا ناکرێت و ژن بە هەمان شێوەی پیاو ئازادە، با لە منداڵەکانی خۆیان بپرسن ئەوکات بۆیان دەردەکەوێت کە جیاکاریی لە نێوان کچەکان و براکانیان دەکرێت. ئایا ئەو دایک و باوکانە ئاگادارن لەوەی کچەکانیان خۆزگەیان بەوە خواستووە کە لە ڕەگەزی “مێ” نەبوونایە و “نێر” بوونایە؟ واتە کوڕ بوونایە وەکوو ئەوان ڕەفتاریان لەگەڵدا کرابایە. ئەم قسەیە لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کچانەوە دەبیسترێت کە بەهۆی یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگە یان بیرکردنەوەی دایک و باوکیان هیچ مەسافەیەک بۆ ئەم کچە یاخود ژنە ناهێڵێتەوە کە بتوانێت بیروڕای خۆی دەربڕێت و ئازادانە ڕەفتار بکات.
زۆر جار ژن تۆمەتبار دەکرێت لە کاتێکدا کە خەتاکە هی پیاوە و ئەو ڕۆڵی خراپی تێدا بینیوە، بۆ نموونە کاتێک ژن و پیاوێک جیادەبنەوە خەڵکی بە ژنەکە دەڵێن بۆ ماڵداری نابێت و خزمەتی ماڵ و منداڵی پێناکرێ یان وەجاخ کوێرە و چەندین شتی لەوە قێزەوەنتر دەخرێتە پاڵی. بەڵام بۆ پیاو هەموو شتێک ئاساییە و دیسان هەموو قسەکان ملی ژنەکە دەگرێتەوە تەنانەت بۆ یەک خولەک بیرناکەنەوە کە ئایا پیاوەکە خەتای هەیە یان نییەتی؟ ئەی پیاوەکە چی کردووە کە ژنە بەرگەی نەگرتووە لەگەڵیدا بژی و جیابوونەتەوە؟ ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە دابونەریت و هەندێک یاسا و ڕێسای نادروست هەن مێشکی ئێمەیان پڕکردووە و وایان لێکردووین کە لە دیوەکەی تری نەڕوانین. هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی توشبوون و سەرهەڵدانی کێشە کە هەندێک حاڵەتی کوشتنی ژنی لێدەکەوێتەوە.
هەندێک خێزان هەیە کە ناهێڵن کچەکەیان هاوڕێیەتی کچێکی دیکە بکات یان لەوانەیە تەنها لەو ماوەیەی لە قوتابخانەیە بهێڵن هاوڕێیەتی بکات و تێکەڵی کەسانی دیکە ببێت. ئەمەش وادەکات کچان کەسایەتی داخراو و کەمدوو و شەرمنی لێ دروست بێت، یاخود وا لە کچان بکات بە دزیەوە بچنە دەرەوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانی دیکە. شاردنەوەی ئەم شتانە لەلایەن کچانەوە بەگشتی هۆکارەکەی دایک و باوکە، کاتێکیش کچەکەیان هەڵەیەک دەکات کە مەبەستی نەبووە یاخود بە شێوەیەکی باش بیری نەکردۆتەوە لەم کارەی لەگەڵ هاوڕێکانی یان کەسانی دیکە دەیکات لەوانەیە تووشی کێشەی بکات.
لەم ژینگە ناتەندروستە، کچانی هەرزەکار، کوڕانیش، هەندێکجار دوای ئەوەی تێکەڵی یەکدی دەبن لەوانەیە پەیوەندی خۆشەویستی لێ بکەوێتەوە کە جارجار هاوسەرگیری لێ دەکەوێتەوە، هاوسەرگیریش لەو تەمەنەدا زۆر بە کەمی سەرکەوتووە.
هەندێک پەیوەندی خۆشەویستی یاخود هاوڕێیەتی نێوان کوڕ و کچ تەنها بۆ خۆشی و کات بەسەربردنی کوڕانە، کچان ئەو جۆرە پەیوەندییانە بە نهێنی دەهێڵنەوە، بێگومان پەیوەندی نهێنی کچ لەگەڵ کوڕ بە هاوڕێیەتی بێت یان خۆشەویستی، زوو بێت یا درەنگ ئاشکرا دەبێت، لە کاتی ئاشکرا بوونیش یەکەمین کەس دایک سەر دەخاتە سەر کچەکەی پاشان ئەندامانی دیکەی خێزان و دەڵێن بۆچی ئێمەت ئاگادار نەکردۆتەوە یاخود قسەت لەگەڵ ئێمەدا نەکردووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە دایک و باوک و ئەندامەکانی دیکەی خێزانی کچەکە نەیانهێشتووە بە تەواوی کچەکەیان لە دنیا تێبگات و بەندیان کردووە لە ژوورەکەی خۆی و بۆ بچووکترین هەڵە ئەشکەنجەیان داوە و قسەی جۆراوجۆریان پێ گوتووە، ئیدی دەبێت چاوەڕوانی ڕووداو و کێشەی لەو شێوەیەش بکرێت.
لە هەمان کاتدا ئەم ڕووداوانە هەمووی کار لە هەست و بیری کچ دەکات و هەندێک خێزان هەیە چیتر بە چاوێکی خۆشەویستی سەیری کچەکەیان ناکەن و بە کەسێکی بێ ئابڕوو لە قەڵەمی دەدەن. هەر لەبەر ئەمەش هەندێک لە کچان نەک لەبەر خۆشەویستی کوڕەکە و پەیوەندیەکەی و نەمانی هاوڕێیەتی لەگەڵ کوڕەکە بەڵکو لەبەر ئەو ڕەفتارەی کە خێزانەکەی لەگەڵیدا دەکات ڕێگەی هەڵە دەگرنە بەر. یەکێکیش لەو ڕێگە هەڵانە خۆکوژیە.
هەندێک خێزانیش هەن، هیچ گرنگیەک نادەن بە کچەکەیان کە چی دەکات و چی ناکات؟ چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟ ئایا وانەکانی دەخوێنێت یان نایخوێنێت؟ تەنانەت بە هەمان شێوە بۆ کوڕ کە خێزانەکەی لێی بێئاگان لەو شتانەی کە ئەنجامی دەدات، بێئاگان لەوەی لەگەڵ کێیە.
بە بڕوای من دایک و باوک پێویستە کوڕەکەیان فێر بکەن کە چۆن ڕێز لە ژنان و لە کچان بگرێت، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی، چونکە گرنگترین کردار لە پەیوەندی نێوان کوڕ و کچ ڕێزگرتنە، لە ڕووی هاوڕێیەتییەوە بێت، یان پەیوەندی خۆشەویستی کاتیی، یان هاوسەرگیریی. بە هەمان شێوە بۆ کچیش، بەڵام کە خێزان بۆ کوڕ و بۆ کچ کە پەروەردەیان زۆر توند بوو یان زۆر شل بوو وە گرنگی بە هیچ نەدەن، ئەوە کەمتەرخەمییە لە پەروەردەکردنی منداڵدا، چونکە پەروەردە دەبێت بە جۆرێک بێت کە منداڵەکەت کچ یان کوڕ بێت ئەگەر هەڵەیان کرد دەبێتر ترسی ئەوەیان نەبێت کە بە دایک یان باوکیان بڵێن. کچان و کوڕان نابێت ترسیان هەبێت کە باسی ژیانی تایبەتی خۆیان بکەن؛ لەگەڵ کێ هەڵسوکەوت یا هاوڕێیەتی دەکەن. بەکورتی کچان و کوڕان دەبێت دایک و باوکیان وەک هاوڕێ بن و نهێنییەکانی خۆیان لایان بدرکێنن، ئەمەش لەوانەیە ببێت هۆکاری سەرەکی دوور کەوتنەوە لە هەڵە و تاوان و کارەسات.



