نووسینی: فادی عاکوم
وەرگێڕانی: ستار بزێنی
لەم ڕۆژگارە ترسناکانەدا، چ سیاسی چ سەربازی بێت، مرۆڤبوون کارێکی سەختە، لەوەش سەختتر ئەوەیە کە هاووڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی (شەرقی) بیت. لەم سەختیانەش سەختتر ئەوەیە کە لەم نێوەندەدا کورد بیت. پاش ئەوەی گەورەترین خەمی پارێزگارییکردن لە شوناس و زمان و کلتورت دەکەوێتە ئەستۆ، خەمی پاراستنی خاک و بەرد و مرۆڤەکانیشی دێتە سەر و لێت دەبێتە سەربار.
ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، لە کتێب و بەڵگەنامە نهێنییەکاندا تۆمار دەکرێن چونکە شکۆ و شوناسە زەوتکراوەکەی کوردی گەڕاندەوە. مێژووش ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن بە پێچەوانەی ئەو پیلانەی ئەوانی دیکە دەیان گێڕا، دووبارە پێکهاتەکانی سەر خاکی سووریا توانییان باوەش بۆ یەک بگرنەوە.
بۆ ئەوەی کورد بیت، دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیشدرێژ و کراسڕەشەکان دا سینگت بکەیتە قەڵغان. بۆ ئەوەی بەرگری لەو گەلانە بکەیت کە ئەمن و ئاسایش و بوونی خۆیان بە تۆ سپارد، دەبێت لە سەنگەردا بیت. تۆیەکی کوردیش تەنیا متمانەت بە لوولەی تفەنگ و فیشکەکانت دەکرد.
بۆ ئەوەی کورد بیت، دەبێت دەستکەوتەکانت بپارێزیت، ئەو دەستکەوتانەی کە تۆ بێ جیاوازی بەسەر هەموو ئەوانی دیکەدا دابەشت دەکرد و دەتبەخشی.
بۆ ئەوەی کورد بیت، ڕاماڵینی سیخوڕە ترسنۆکەکان لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا دەبێتە ئەرکی سەر شانت.
بۆ ئەوەی کورد بیت، لە هەر شوێنێک بیت، تۆ ناچاری ئاڵای ئازادی هەڵ بکەیت، تۆ ناچاریت دەرگای خوێندنگە بکەیتەوە و بەر لە خۆت بژێوی ژیان بۆ خەڵکەکە مسۆگەر بکەیت و گەرموگوڕی و زەردەخەنە بۆ سەر لێوی منداڵەکان بئافرێنیت.
بۆ ئەوەی کورد بیت، ڕۆژانە لە لایەن ئەو کەسانەی پشتیان لێت کرد و چوونە باوشی سوڵتانە نوێیەکەی عوسمانییەکانەوە ڕەخنە باران دەکرێیت، ئەوانەی خاک و نامووسی خۆیان فرۆشت بۆ ئەوەی ببن بە کۆیلەی سوڵتانە نوێیەکە. وەکوو کوردێک ئەرکی تۆیە خۆیان و عەقڵە زەوتکراوەکانیان ڕزگار بکەیت.
بۆ ئەوەی کورد بیت، نابێت گوێ بە فڕوفیشاڵی ڕەگەزپەرستەکان بدەیت، دەبێت گوێت لە ئاستی درۆ و دەلەسە بێ بنەماکان کەڕ بکەیت. گشتمان باش دەزانین کە ڕەفتارەکانیان بریندارت دەکەن و لەوانەشە تیرۆرت بکات؛ چونکە ئەوان ڕاستییەکە بەرەواژ دەکەنەوە و وێنە جوان و بێگەردەکانیش دەشێوێنن.
بۆ ئەوەی کورد بیت، دەبێت لێبوردە بیت لە ئاستی ئەو کەسانەی تا دوێنێ تفەنگیان پێوە دەنایت و ئەمڕۆ دەست و ئاڵای سپیان بەرز کردووەتەوە چونکە چاک دەزانن تۆ ئازاریان نادەیت. هەرچەندە خۆت چاک دەزانیت و ئێمەش ئەوە دەزانین کە ئەوانە لە هەر دەرفەتێکدا بۆیان بڕەخستێت هەڵەکانیان دووبارە و سێ بارە دەکەنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ببیت بە کورد؛ هەرگیز ڕەوشتت ڕێت پێ نادات یەک تۆزقاڵ ئازاریان پێ بگەیەنیت.
بۆ ئەوەی کورد بیت، تۆ کامێرا و پێنووسەکەت دەگریتە دەست و بەناو کێڵگەی مینەکاندا تێ دەپەڕیت و بەسەر دیواری ماڵەکاندا هەڵدەگژێیت تاوەکوو وێنەی ڕووداوە ڕاستییەکان بگەیەنیتە جیهان، ئەو وێنانەی وەک خۆی و بێ درۆ و دەلەسە دەگوازیتەوە.
بۆ ئەوەی کورد بیت؛ تۆ شەڕکەری…
بۆ ئەوەی کورد بیت؛ تۆ شاسواری…
بۆ ئەوەی کورد بیت؛ تۆ وێنەیەکی بێگەردەی لە مرۆڤ…
چەند جوانە کە تۆ کوردیت؛ خۆزگە منیش وەک تۆ کورد بام…
تێبینی
ئەم بابەتە لە ٢٣ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دا لە ماڵپەڕی خۆییبوون (https://xwebun-news.com/) بڵاوبۆتەوە بەڵام لەبەر گرنگی بابەتەکە و قسەکردنی لەسەر شانازییەکانی نەتەوەی کورد و کوردستان و خزمەتکردنی بە پرۆسەی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازیی کوردستانیی بە چاکمانزانی ئێمەش بڵاوی بکەینەوە. هاوکات وەک پێزانینێک بۆ کار و کردەوەی ئەوانی دیکەی ناکورد لە سەکۆ بەشمان کرد لەگەڵ ئێوە،
فادی عاکوم، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی “لوبنان”ییە و نیشتەجێی “میسر”ـە. فادی لە ١٩٩٤ لە زانکۆی لوبنانی بڕوانامەی ماستەری لە بواری شوێنەوارناسی بەدەست هێناوە. دەست و پەنجەی لەگەڵ ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا نەرم کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و سیاسییە، لەوانە: چیرۆکی “زینە”؛ ڕۆمانی “نەواف”، هەروەها کتێبێک بە ناوی “حیزب اللە و سیخەبازی”.