زۆر جار هه‌ست ده‌كرێت شه‌به‌نگ و بیر وڕا و هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كى توند ده‌رباره‌ى مه‌سه‌له‌یه‌كى دیاریكراو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كه‌ن و به‌رـەو ڕووى یه‌كتر ده‌بنـەوه. به‌جۆرێك چاو‌دێر هه‌ست بـەوه ده‌كات جه‌مسه‌رگیریى جۆراوجۆر دروست بوون و هه‌ر یه‌كه له سه‌نگه‌ره فیكرى و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى و ناوچه‌ییه‌كه‌ى خۆیدا په‌ناگیرى كردووـەو هێڵى ڕاست و چه‌پ به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانیدا ده‌هێنێت!
ئه‌مه له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت و بۆچی وایه؟ ئەمە چیمان پێ ده‌ڵێت و ده‌بێت چۆن تێیبگه‌ین و هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌رى چى بێت؟ سه‌ره‌تا گرنگه ئاماژه بەوه بكه‌ین، كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشه‌كییه‌دا، لایه‌نگرى كۆمه‌ڵگه‌ى یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك ده‌نگ و چۆڵ له هه‌ر ململانێ و ناكۆكییه‌ك نین چونكه كۆمه‌ڵگه‌ى لـەو جۆره هه‌ر له بنه‌ڕه‌تـەوه بوونى نییه. خۆ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش به‌ڕواڵه‌ت بـەو جۆره ده‌ربكـەوێت، ئەوە ده‌بێت دڵنیابین لەوەی کە به‌زۆر واى لێكراوه و له‌ژێر چه‌كمه‌ى ڕه‌شى زۆرداریدا ده‌ناڵێنێت. جیاوازى و ملمڵنێكانى ناوى سه‌ركوت و چه‌پێنراون، به‌زۆر وه‌ك یه‌كى لێكراوه‌ی به سه‌ربازگه كراوه. واته له كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و سروشتیى خراوه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ده‌ستكردى ناواقیعى لـێ دروستكراوه، كه هه‌ر هێنده‌ى ده‌سه‌ڵاته سه‌ركوتكه‌ره به‌زۆر والێكردووه‌كه‌ن و ڕۆژى به‌رەو ئاوابوون چوو، چنگى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رەو خاوبوونـەوەو ڵوازى ڕۆیشت، نه‌ك هه‌ر سروشته جیاواز و ملمڵنێكه‌ى ناوى نیشانده‌داتەوه، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى توندوتیژیش گوزارشت لەو واقیعه ده‌داتەوه و زۆرێ له جیاوازییه‌كانیش بوون به ناكۆكى و ملمڵنێ. كۆمه‌ڵگه‌كانى هاوشێوه‌ى عێراق و یوغوسلاڤیاى پێشوو نموونه‌ى زه‌قن له‌سه‌ر ئەوه‌ى ئاماژه‌مان پێكرد.
ئه‌م ئاماژه‌یەمان بۆ ئەوه بوو، كه تێگه‌یشتنمان له كۆمه‌ڵگە وه‌ك ئەوه‌ى هه‌یه، یاخود پێشه‌كییه لۆجیكییه‌كان ده‌رباره‌ى تێگه‌یشتن له حه‌قیقه‌ته‌كه‌ى گرنگن بۆ دیاریكردنى جۆرى دیدگا و مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ ده‌رهاویشته‌كانى ناوى، لەوانه‌ش “جیاوازى” و “ململانێ”.
له‌م كاته‌دا له ئاسۆى خه‌یاڵ دێینه خوارەوه بۆ پێده‌شته‌كانى حه‌قیقه‌تى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت پێكهاته‌ى عه‌قڵى و ده‌روونى و سۆزدارى و ژیانى به‌كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌جه‌معى، وه‌ك به‌دیهاتوویه‌كى مه‌ده‌نى كۆمه‌ڵ په‌یوه‌ست و كلتورخوڵقێنه‌ر و ژیا‌و له چوارچێوه‌ى ئه‌خلاق و كۆمه‌ڵگە و له سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی و قانونییدا.
لێرەوه كۆمه‌ڵگه‌ى باش ئەو كۆمه‌ڵگه‌یه نییه جیاوازى و ململانێى تێدا نییه و نابینرێت، چونكه ئەوە وه‌ك گوتمان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى داخراو و به‌زۆر والێكراو و شێوێنراوه. كۆمه‌ڵگه‌ى ساخڵه‌م، كۆمه‌ڵگه‌یەکی كراوه‌یه، كۆمه‌ڵگه‌ى كراوه‌ش ئەو كۆمه‌ڵگه‌یه “جیاوازى” تیایدا دانیپێدانراوە و وەک ماف سەپێنراوە. مرۆڤه‌كان له سۆنگه‌ى جیاوازى له ئاین، نه‌تەوه، مه‌زهه‌ب، فیكر، ڕه‌گه‌ز و ئاراسته‌ى سیاسی و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و شێوازى ژیان و پاشخانى کلتورى، مافى خۆیانه جیاواز بن، ئازادانە له چوارچێوه‌ى گرێبه‌ستێكى كۆمه‌ڵایه‌تى سیاسی كه ده‌ستوور به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات، بژین. ئازادانه گوزارشت لەو جیاوازیانە و ناسنامه‌ى جیاوازى خۆیان بده‌نەوه. واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بێت، فره‌یى تێدا فه‌راهه‌م كرابێت، پێكەوه ژیانى ئاشتییانه به‌گوێره‌ى گرێبه‌ستێكى ئازادانە لەنێوان پێكهاته جیاوازه‌كان و هاووڵاتییان ناوه‌ڕۆك و ماناى په‌یدا كردبێت و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى خه‌مڵاندبێت.
ئەوه‌ى كۆمه‌ڵگه به‌م شێوه‌یە ده‌هێڵێتەوه، دیموكراسیه، به حوكمى ئەوه‌ى دیموكراسى ڕێگه لەوه ده‌گرێت سیاسه‌ت جیاوازییه‌كان بكوژێت و سه‌ركوتیان بكات، یاخود دەوڵه‌ت بكات به موڵكى پێكهاتە و تەوژمێكى كۆمه‌ڵایه‌تى دیاریكراوى ناو كۆمه‌ڵگە و لەوه‌ى بخات ناوه‌ندێكى بێلایه‌ن بێت بۆ له‌خۆگرتنى تەوژم و پێكهاته جیاوازه‌كان و هاووڵاتییان به گشتى، به جیاوازى ناسنامه‌ى نەتەوەی، نه‌ژادى، ڕه‌گه‌زى، ئایدیۆلۆجى، سیاسى، ئاینى یان پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیانەوه.
به‌م جۆره بۆمان ده‌رده‌كەوێت جیاوازى فه‌زیله‌ته، ڕێساى بوونه، ویستى خواى گەوره‌ى له پشتەوه‌یه: ” ومن آياته خلق السماوات والأرض واختلاف ألسنتكم وألوانكم…” (الروم، ٢٢). چونكه كۆتایى جیاوازى، له دیده یه‌كتاپه‌رستیه ڕووته‌كه‌شەوه، واته كۆتایى حیكمه‌تى خودا له به‌دیهێنانى مرۆڤ و لێپرسراوكردنى له هه‌ڵبژاردنى بیروباوه‌ڕ و شێوه‌ی ژیانى و وێناكردنى دنیا وه‌ك هۆڵێكى گەوره‌ى تاقیكردنەوه‌ى ژیانێكى ئه‌خلاقى باوه‌ڕمه‌ندانه.
“جیاوازى” له‌سه‌ر ئاستى گه‌ل و نه‌تەوە و زمان و نه‌ژاد و ڕه‌نگ و کلتوره‌كان، له قورئان دا به‌شێكه له ڕاستییه‌كانى بوون و ڕاستەوخۆ بەویستى به‌دیهێنه‌ر له ژیان و گه‌ردوون دا به‌ستراوه‌تەوه. ئەوه‌ش بۆمان ده‌رده‌خات “جیاوازى” مایه‌ى جوانى، گۆڕان، دەوڵه‌مه‌ندى، نوێبوونەوه‌ى ژیان له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌كانى مرۆڤایه‌تیدا نه‌ك هه‌ڕه‌شە و وێرانكارى و دوژمنایه‌تى. به‌پێچەوانەوه سه‌ركوتكردنى جیاوازیه‌كان “ڕه‌زیله‌ت”ێكى ئه‌خلاقى و فیكرى و دینى و فه‌لسه‌فییه. خراپه‌یه به‌رامبه‌ر بە خوا و مرۆڤ و كۆمه‌ڵگە و دادپه‌روه‌رى و مرۆڤایه‌تى به گشتى چونكه هه‌موو سه‌ركوتكردنێكى جیاوازى دژایه‌تى توخمێكى گرنگى به‌مرۆڤمانەوه‌ى مرۆڤ و ده‌ره‌تانى ژیانێكى مرۆڤانه‌یه. به حوكمى په‌یوه‌ستى بیرۆكه‌ى جیاوازى به ئازادى و دووه‌میش به ئه‌خلاقەوه بەو جۆره‌ى “ئیمانۆئیل كانت” له تیۆریه‌كه‌ى خۆیدا ده‌رباره‌ى ئه‌خلاق تیۆریزه‌ى كردووه ئیسلام و ئاینه‌كانیش لانیكه‌م له كۆمه‌ڵێ ڕووەوه پشتیوانى لێده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر “جیاوازى” و “ئازادى”یش دووانه‌یه‌كى له یه‌كتر جیانه‌كراوه بن و هه‌ردووكیشیان پێشمه‌رجى داننان به فره‌ییدا بن، ئەویش ئاماژه بێ به خه‌مڵینى كۆمه‌ڵگه‌ى “سیاسی” و “مه‌ده‌نى” به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆیانەوه، ئەوا ئەو كاته ڕه‌گه‌كانى كێشه‌ى ناكۆكى و جه‌مسه‌رگیرییه‌كانمان له كۆمه‌ڵگه‌دا زۆرتر بۆ ده‌رده‌كەوێت.
به حوكمى ئەوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كراوه، كه (جیاوازى) و(فره‌یى) تیایدا ماف و چوارچێوه‌ى پێكەوه‌ژیانى ئاشتیانەو له‌گه‌ڵ یه‌كدى هه‌ڵكردنه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ڕێكخراوى قانونمه‌نده، ئه‌خلاقیش ڕۆڵى خۆى له داڕشتنى په‌یوه‌ندییه‌كاندا ده‌گێڕێت، دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان، دامه‌زراون و توانا و كارایى و بێڵیه‌نى خۆیان نیشانداوه، ڕۆڵى بنه‌ڕه‌تى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی له‌ڕێى دامه‌زراوه‌كان و یاساوه، به‌ڕێوه‌بردنێكى عه‌قڵانێتى جیاوازییه‌كانه، ڕێزگرتنه له پانتایى گشتى و ئەو ڕاپرسیه ڕۆژانەو گفتوگۆیه‌ى تیایدا ده‌گوزه‌رێت و جیاوازیه‌كان ئازادانه له چوارچێوه‌ى چه‌سپاوه‌كان و نه‌زمى گشتیدا، گوزارشت له خۆیان ده‌ده‌نەوه.
ده‌سه‌ڵاتى سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى بە دەوڵه‌تیشەوە، هەوڵده‌ده‌ن جیاوازییه‌كان، سه‌رنه‌كێشێ بۆ ناكۆكى و ململانێ و جه‌مسه‌رگیرى و سه‌ره‌نجام پێكدادان و خوێنڕێژى و جه‌نگى ناوخۆ و هه‌ڵدێرانى كۆمه‌ڵایه‌تى، شتانێك كه كۆمه‌ڵگه ناڕێكخراو و نیمچه هه‌ڵوه‌شاوه و زه‌بربه‌ركەوتووه‌كان، به ده‌ستیانەوه ده‌ناڵێنن و هه‌ندێ جاریش چاره‌سه‌ره‌كان ڕه‌هه‌ندى نوێ بۆ كێشە و قه‌یرانه پێشووه‌كان زیاد ده‌كه‌ن!
به‌شى له كێشه‌كانى وڵاتى ئێمە و هه‌ندێ لە وڵاتانى تر‌ى ناوچه‌كه‌ش لێرەوه ده‌ست پێده‌كه‌ن. واته جیاوازییه‌كان سه‌ریان كێشاوه بۆ ناكۆكى و جه‌مسه‌رگیرى و پێكدادان و هەوڵى یه‌كتر سڕینەوە و خۆبه‌سه‌نته‌ركردن و ئەوى دى نه‌بینین، یاخود بینینى به بچووكى و وه‌ك ڕه‌مزى خراپە و بێباكى و نه‌فره‌ت!
له‌م چوارچێوه‌یەدا، ناسنامە و دیده جیاوازه‌كان له‌جیاتى ئەوه‌ى ڕۆڵێكى یه‌كتر تەواوكه‌رى دیاله‌كتیكى ئه‌رێنى ببینن، واته له‌ڕێى گفتوگۆ و كارلێكى به‌ردەوام و ڕه‌خنه‌گرتن له یه‌كترەوه دۆخ و چاره‌سه‌ر و تێگه‌یشتنى نوێ بخه‌نه‌ڕوو، یه‌كترتەواوكه‌ن و كۆمه‌ڵ به‌رەو پێگه‌یشتوویه‌كى ماددى و ڕووحى زۆرتر به‌رن، یه‌كتر ده‌بڕن، گرژى ده‌خوڵقێنن و گیانى به‌دگومانى و بێمتمانه‌یى به یه‌كدى به‌هێز ده‌كه‌ن. هه‌ندێ جاریش دانپیانان به یه‌كترى ده‌كشێنەوه. لێرەوه، ژیان له‌گه‌ڵ یه‌كدی، ده‌بێته بژارده‌یه‌كى ناچارى نه‌ك ڕه‌نگدانەوه‌ى گرێبه‌ستێكى ئازادى پێشووتر و تێگه‌یشتن له بایه‌خى پێكەوه‌ژیانى ئاشتییانە دوورکەوتنەوە له توندوتیژى و پێكدادان و لێڵكردنى ئاسمانى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌جه‌مسه‌ركردنى جیاوازیه‌كان.
هه‌موو ئەوه‌ش تێگه‌یشتن له جەوهه‌ر و ئاماژە و ڕه‌نگدانەوه‌كانى “جیاوازى” و دواى ئەویش “ئازادى” وه‌ك پێویستییه‌كى گوزارشت له خۆدانەوه‌ى له پشته. واتە، وه‌ڵامى ئەو پرسیاره‌ى ده‌ڵێت: ئێمه بۆ ناكۆكى و یه‌كدى دڕدۆنگ و دژ به یه‌كین؟ ئەوه‌یه چونكه لەواتا و پابه‌ندییه فیكرى و ئه‌خلاقییه‌كان به بیرۆكە و فه‌زیله‌تى “جیاوازى” تێنه‌گه‌یشتووین. هێشتا ناوه‌ڕۆكمان ڕوون نییه، یاخود دڵمان ڕوونە و نامانەوێت حه‌ز و ئاوات و مه‌یدانخوازى و ململانێكان بخه‌ینه چوارچێوه‌ى ئەوەوە و پێوه‌ى پابه‌ند بین. واته، به‌رژەوه‌ندى خۆمان و گرووپ و تەوژم و پێكهاتە و هه‌ندێ جار تاكه‌كه‌سى خۆمان لەوه‌دا نابینینەوه چونکە “جیاوازى” تۆ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى “جیاوازى”ى ئەوى دی‌دا كۆتایی دێت و ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بكەوینه گفتوگۆوه. پێشتریش له‌سه‌ر ڕێسا و چوارچێوه گشتى و چه‌سپاوه‌كان ڕێكەوتین و دانت بەوه‌دا نابێت كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى خاوه‌ن به‌رژەوه‌ندى جۆراوجۆر و جیاوازدا ده‌ژین، ده‌رگا كراوه نییه چۆن دڵ و به‌رژەوه‌ندییه‌كانت ده‌یخوازێت، عەوداڵى دواى حه‌ز و ئاوات و به‌رژەوه‌ندیه‌كانى خۆت بیت. كۆمه‌ڵگه خاوه‌ن ڕێساگه‌لى تایبه‌ت به‌خۆى و قانونمه‌نده، ڕایه‌كى گشتى و كلتورێكى جیاخواز به مانا فه‌لسه‌فى و ئه‌خلاقییه‌كه‌ى هه‌یە و له‌گه‌ڵ پێشێلكردنى “جیاوازى” ئەوانى دى واته “ئازادى” ئەوانى دى، دێته ده‌نگ و قسه‌ى خۆى هه‌یه.
ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگەوه سه‌یرى باشوورى كوردستان بكه‌ین؛ گه‌ر بێ سه‌رلێكردنەوه چه‌مكى كۆمه‌ڵگه به‌كار بێنین، ده‌بێت له سۆنگه‌ى سه‌ركوت و جه‌زره‌به چه‌شێكى مێژوویی دوورودرێژ له‌ژێر ده‌ستى زۆردار و سه‌ركوتكه‌ر و داگیركه‌ره‌كاندا، هه‌روه‌ها سه‌ركوتكردنى “جیاوازبوون” و نكوڵیلێكردنى وه‌ك ماف، له هه‌ردوو ئاستى نه‌تەوه‌یى و دیموكراسى، هه‌روه‌ها له‌ژێر كاریگه‌ریى مێژوویه‌كى دوورودرێژ و ئاڵۆز له ڕاپه‌ڕین و به‌رهه‌ڵستى چه‌كدارى و هه‌موو ئەو فیكر و هه‌ناسە و پێوه‌رانه هاوشانییه‌تى، چه‌مكى “جیاوازى” وه‌ك فه‌زیله‌ت و ماف دووچارى پوكانەوه‌یه‌كى زۆر بووه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ناشبێت حوكمى توند بده‌ین و پێمان وابێت كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه سه‌ره‌ڕاى ئاسته‌نگه نێوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان، هیچ گه‌شه‌یه‌كى فیكرى و ڕۆحى نه‌كردووە و له هیچ ئاستێكدا له مافى “جیاوازبوون” تێناگات و پیاده‌ى ناكات و كوردستان له هه‌ر گفتوگۆیه‌ك به‌تاڵه. نه‌خێر، چونكه سه‌ره‌ڕاى ئازار و هاواره‌كان و به‌ریه‌ككەوتن و ته‌كفیركردنه دینى و مۆدێرنه‌كان، هه‌ست به بوونى پانتاییه‌كى گشتیش ده‌كرێت، كه جیاوازى تیایدا شه‌ڕى مانەوە و هه‌ندێ جار سه‌ربه‌رزكردنەوه‌ى خۆشى ده‌كات.
به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى گشتى، هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه لەو كۆمه‌ڵگه‌یانه له‌قه‌ڵه‌م نادرێت كه “جیاوازیمه‌دارن . واته مافى جیاوازبوون ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كى قوڵى هه‌یە و داموده‌زگاى به‌هێزیش پشتیوانى لـێ ده‌كه‌ن.
كێشه‌ى قووڵى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ش له‌م ڕووەوه، كێشه‌ى سیاسه‌ته، ئه‌گه‌ر ووردتر و قووڵتریش قسه بكه‌ین، كێشه‌ى نه‌بوونى سیاسه‌ته بەواتا مه‌ده‌نییه‌كه‌ى یاخود لاوازی ئەوه. به حوكمى ئەوه‌ى “سیاسه‌ت” به مانا مه‌ده‌نییه‌كه‌ى، گرێدراوى مامه‌ڵه‌كردنى پانتاییه‌كى گشتى كراوە و بێ ترس بۆ گفتوگۆى جیاوازه‌كانه.
شكستى سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا، كه له لاوازى ئەو دامه‌زراوانه‌دا ڕه‌نگ ده‌داتەوه، له‌ڕێى ئەوانەوه خۆى نمایش ده‌كات و پیاده ده‌كرێت، بۆته هۆى ئەوه‌ى ناكۆكییه‌كان نه‌بنەوه به “جیاوازى”، به تایبه‌تیش له ئاسته سیاسیه‌كه‌یدا.
هەر چۆنێک بێت، كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى باشوور له سۆنگه‌ى نه‌بوونى دەوڵه‌ت؛ نه‌بوونى ده‌ستوور (كه یه‌كسانه به ناڕێكخراوبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی و دیارنه‌بوونى چه‌سپاوه پابه‌ندكه‌ره‌كانەوه)؛ هەروەها لە بوون و تەشەنەی گه‌نده‌ڵى سیاسی و نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى ناوه‌ندى به‌هێز و مه‌رجداربوونى دیموكراسى و نه‌بوونى ده‌رفه‌تى ئاڵوگۆڕى ئاشتیانه، لەگەڵ نه‌بوونى سازشێكى مێژوویی بۆ كۆتاییپێنانى ناكۆكییه مێژووییه‌كانى نێوان دوو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى هه‌رێم، یەکێتیی و پارتی، ئەوا له‌ناو بازنه‌یه‌كى نیمچه داخراوى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌خولێتەوه. به‌جۆرێك واده‌رده‌كەوێت كه ناكۆكى و په‌رتەوازه‌یى و دووبه‌ره‌كى و ململانێ، بنه‌ڕه‌ت بن و پێچەوانه‌كه‌یان ڕیزپه‌ڕ و نامۆ!
كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى له‌م جۆره‌ش ناتوانێ دامه‌زراوه‌ى به‌هێز و كارا و نیشتمانى سه‌رو حیزبى و ناوچه‌یى دابمه‌زرێنێت، بۆ ئەوه‌ى له‌كاتى ناكۆكیدا ڕۆڵى ناوبژیوانى و چاره‌سه‌رخواز بگێڕن و ڕێبگرن لەوه‌ى جیاوازى سه‌ر بۆ ناكۆكى بكێشێت.
كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه لەو سۆنگەوه، خاوه‌ن ڕه‌مزى هاوبه‌ش نه‌ماوه، داموده‌زگاكان له‌كاتى بوونى ناكۆكى و به‌رەوڕووبوونەوه‌ى به‌رژەوه‌ندییه‌كان و لێكدانەوه جیاوازه‌كان بۆ ده‌قه‌كانى یاسا و شێوازى پیاده‌كردنیان و لەوانه‌ش ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان وه‌ك بێلایه‌ن و موڵكى هه‌مووان نایه‌نه پێش چاو. به حوكمى ئەو فره ده‌سه‌ڵاتى و سێبه‌رى زۆن و درێژه كێشانى ناكۆكیه مێژووییه‌كه‌ى هه‌مانه، ناتوانێت، به ئاسانى به‌سه‌ر كێشه‌ى یه‌كتر ڕه‌تكردنەوەو ناكۆكى و نه‌فره‌تى سیاسی زاڵ بێت. به‌شێكى گرنگى هۆكاره‌كانى ناكۆكى له كوردستان، ڕه‌گوڕیشه‌كه‌ى هه‌روه‌ك گوتمان له سیاسه‌ت و هاوپێچى ئەویش له ئابوورى و جۆرى دابه‌شكردنى ده‌ستكەوته‌كاندایه.
ئه‌م دۆخه‌ش واى كردووه، متمانه به داموده‌زگاكان كه‌م ببێتەوه، وێنایان له‌گه‌ڵ حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و زۆنه حیزبیه‌كاندا تێكه‌ڵ ببێت، چه‌مكى هاووڵاتییبوون ئازادانە و یه‌كسانانە نه‌خه‌مڵێت، خه‌ڵك ئەو هه‌سته‌یان بۆ دروست نابێت تاوەکوو له‌ڕێى ئینتیماى هه‌موومان وه‌ك هاووڵاتى بۆ كوردستان وه‌ك نیشتمان و ژیان له‌سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دا، هه‌مان ماف و ئه‌ركمان نەبێت و ده‌رفه‌تى وه‌ك یه‌كمان بۆ سوود وه‌رگرتن له به‌هرە و تواناكانمان له پێشدا نەبێت. له‌ڕوویه‌كى ترەوه تاوەکوو جیاوازییه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگه سه‌ر نه‌كێشێ بۆ ناكۆكى.
هۆكارێكى گەوره‌ى لاوازى سه‌روه‌ریى یاسا لە هەرێمدا، بوونى گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى و ناكارایی دامه‌زراوه نیشتیمانییه‌كان و له‌ڕێ لادانى ژیانى حیزبی، ئه‌م ناكۆكیه‌یه. بۆیە ده‌بێت لە کۆمەڵگەدا سه‌روه‌رى یاسا سەپێنراو بێت و ڕێكخراو بێت. هاوکات، ده‌ستوور و دامه‌زراوه‌ى نیشتیمانى به‌هێزى هه‌بێت، چه‌سپاو و چوارچێوه‌ى نیشتیمانى و ده‌ستووریى هه‌بێت، كه بۆ هیچ هێز و كه‌س و تەوژمێك نه‌بێت تێیانپه‌ڕێنێت، ئه‌گه‌ر كارێكى واى كرد، دووچارى لێپێچینەوه‌ى یاسایى ببێت و باجى كاره‌كه‌ى بدات.
له كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ى باشوور تاكو ئێستاش به ئاستى جیاواز له‌م دۆخه بێبه‌شه، چه‌سپاوه‌كانمان دیار نین و بەو ئه‌ندازه‌ى بۆیشیان هه‌یه، ملكه‌چن بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى هێز و به‌رژەوه‌ندییه حیزبى و گرووپى و ناوچه‌ییه‌كان! لێره‌شەوه ده‌شێت له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆك بین، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مان و نه‌مانى قەواره‌ى هه‌رێمى كوردستانیش، له دۆخێكى له‌م جۆره‌شدا، نائومێدى له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ته‌شه‌نه ده‌كات، بڕوا و متمانه به به‌شدارى سیاسی و دامه‌زراوه‌كان و نوخبه‌ى حوكمڕان، وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گێڕانەوه‌ی مافه‌كان و ناوبژیوانییه‌كى دادپه‌روه‌رانه كه‌م ده‌بێتەوه.
نائومێدیش كاتێ تێكه‌ڵ به بێمتمانه‌یى و هه‌ستكردن به ناعه‌داله‌تى و دەوڵه‌مه‌ند بوونى ناڕەوا و حه‌یف و مه‌یل ده‌بێت، زمانى زبر و بێباكى و بێسه‌روبه‌رى ده‌ربڕین و هه‌ڵوێستگرتنى لـێ ده‌كەوێتەوه.
لە دۆخێکی وادا، پۆپۆلیزم زه‌مینه‌ى گه‌شه‌كردنى بۆ خۆش ده‌بێت، متمانه به دیموكراسى و میكانیزمه‌كانى وه‌ك شێواز و ده‌سته‌به‌ریه‌ك بۆ پارێزگاریكردن له “جیاوازى” و كێبڕكێ و سه‌رنه‌كێشانیان بۆ ڕقه‌به‌رایه‌تى و ململانێ و ناكۆكى دێته خوارەوه. له فه‌زاى مه‌جازیدا به شێوازێكى تر و دوور له چاودێرى و به‌ها ته‌قلیدییه‌كانى دیموكراسى هەوڵى به‌شداریكردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌درێت.
جیاوازى و سنوردانان بۆ ناكۆكییه‌كان
چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ناكۆكى، به تایبه‌تیش ناكۆكییه سیاسییه‌كان، له به‌دامه‌زراوه‌یكردن و ڕاستگۆبوون و تا ئەوسه‌ر ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ فه‌زیله‌تى “جیاوازی” دان. بەو واتایه‌ى ده‌بێت هەوڵ بده‌ین، ناكۆكى و جه‌مسه‌رگیرییه‌كانى ئێستا، بگێڕینەوه بۆ دۆخى سروشتى خۆیان كه دۆخى جیاوازبوون و ئیداره‌دانێكى عه‌قڵانى جیاوازییه‌كان و جیاوازه‌كانه.
جیاوازیش كاتێ واتاى خۆى په‌یدا ده‌كات هه‌موومان وه‌ك هاووڵاتى، ئازاد بین، یه‌كسان بین، كۆمه‌ڵگه‌ى سیاسی به‌رمه‌بناى گرێبه‌ستێكى ئازادى نێوانمان دامه‌زرا بێت، سه‌رمایه‌ى ماددى و ڕه‌مزى به شێوه‌یه‌كى دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بكرێت، له كاتى ناكۆكیدا ده‌زگاكان و به‌تایبه‌تیش دادگا سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن بن و یاسا بۆ هه‌مووان سه‌روه‌ر بێت و ڕێسایه‌كى گشتى بێت، كه ئەویش بێلایه‌نى داموده‌زگا گشتییه‌كان ده‌خوازێت. وه‌ك هێز و گرووپى سیاسیش، ده‌رفه‌تى كارى سیاسی و ئازادى هه‌ڵسوڕان و به‌شدارى له هه‌مووشى گرنگتر ئاڵوگۆڕى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌مى هه‌موواندا وه‌ك یه‌ك كراوه بن. كه ئەوه‌ش به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى ده‌سه‌ڵات و بێلایه‌نى چه‌ك و تواناكانى ده‌سه‌ڵاتى گشتى ده‌خوازێت.
له‌م چوارچێوه‌دا چه‌سپاوه‌كان، كه ده‌ستوور به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات، ڕۆشن ده‌بن، فره ده‌سه‌ڵاتى و زۆنى حیزبى و چه‌كى ده‌رەوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگە و به‌سیاسییكردنى دادگا و زۆن كۆتایی دێت. دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى ئیراده‌ى سیاسی له پشتەوه ده‌بێت، دامه‌زراوه‌كان و كارایى و شایسته‌گیان ده‌بێت. جیاوازه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌گه‌ر ناكۆكیشیان بۆ په‌یدابوو به حوكمى ده‌زگا ناوبژیكاره‌كان و یاسا ڕ‌ازى ده‌بن و به‌شێوه‌یه‌كى ئوسوڵى و ئاشتیانه یه‌كلایى ده‌كه‌نەوه. له هه‌لومه‌رجێكى لەو جۆره‌شدا، زمانى ئەوى دى ناڕازى و توڕه‌ش نه‌رم ده‌بێتەوه، پۆپۆلیزم تواناى سازدان و چەواشه‌كردنى كه‌م ده‌بێتەوه. فیكر بەهای بۆ دەگەڕێتەوە و پەسەند دەبێت. زانكۆ ڕۆڵى له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا گەوره‌تر ده‌بێت، ئومێد بۆ زۆرینه ده‌گه‌ڕێتەوە و به سینه‌یه‌كى فراوانتر و گیانێكى لێبووردوانه‌ى نیشتیمانى و ئاینى و فیكرییەوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كدى و جیاوازییه‌كانى نێوانیان ده‌كه‌ن.
ئیدی جیاوازبوون نابێته سه‌رچاوه‌ى بێبه‌شى و بێمافى و په‌راوێز خستن و نه‌فره‌ت و ڕق، به‌ڵكو وه‌ك ماف و فه‌زیله‌ت سه‌یرى ده‌كرێت و ڕێزى لێده‌گیرێت. فۆرمه‌كانى یه‌كگرتوویش كه ده‌بێت هه‌بێت ده‌نا “جیاوازى” مانایه‌كى بۆ نامێنێتەوه، ده‌بن به به‌رجه‌سته‌كردنى جیاوازه لێپرسراوه بڕوا به‌خۆبووه خاوه‌ن كه‌رامه‌ته‌كان. ئەوانه‌ى ڕێگه ناده‌ن هیچ داگیركه‌ر و زۆردارێك ئازادى و ئیراده و كه‌رامه‌ت و سه‌ربڵندییان لـێ زەوت بكات.