زۆربەی هەرە زۆری نووسەر و میژوونووسانی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، نووسین لە سۆمەر و میسری کۆن داهاتووە. ئەوانەی زۆر شارەزای میسۆپۆتامیا و شارستانییە مەزنەکانی نین و لە ئاست چەند قووچەکێکی میسر تاساون، پێیان وایە نابێ کەس لە میسرییە کۆنەکان دانا و زاناتر بووبێت. تەمەنی میسری کۆن لەگەڵ پەیامهێن موسادا زۆری نێوان نییە. بۆ مێژووی کۆنی مرۆڤ ئەو تەمەنە مایەی تاسان و دەم بەش بوون نییە. هەڵبەت، پێگە و کاریگەریی شارستانییەتەکەی میسری کۆن جێی گومان نییە و ئەوەی کراوە بەشێکی گەشاوەی مێژووی هەموو مرۆڤایەتیشە، بەڵام نابێت لە نەبوونی ناسەوانی شارستانییەت و داهێنانی دیکە، هەڵبخەڵەتێین. نووسین زۆر پێش میسرییەکان لە میسۆپۆتامیادا هەبووە و بەکارهاتووە.
ئەوەندەی لە هۆی دەرکەوتنی نووسین و تۆماری زانیارییەکان توێژینەوە کراوە، ئەنجامەکانیان هەر دەگاتە ئەوەی بڵێین دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵ و زۆربوونی بەرهەم وای لە مرۆڤ کردووە پێویستیی بە جۆرە ڕێکخستن و زانیارییەک هەبێت تا لە قەبارە و جۆری خواردنی کۆگەکراوی خۆی و بەرهەمی ساڵ ئاگادار بێت. دەرکەوتنی تۆمارێکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانی وەکوو ئەوانەی لە میسۆپۆتامیای باکوور هەبوون، جێی گومان نییە. کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانی میسۆپۆتامیای باکوور (ئێستای خاکی کوردستان) هاوشان و هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی باشووری میسۆپۆتامیا دەرکەوتوون و جیا لەوانەی شارستانییەتی میسۆپۆتامیای باشوور، ڕێکخستن و تۆماری خۆیان هەبووە. تەنانەت پێش دەرکەوتنی حەز و ئارەزووی داگیرکاریی لە میسۆپۆتامیای باشوور، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و پێوەندی هاتووچۆیان لە نێواندا هەبووە.
کۆنترین تۆمار بۆ مرۆڤ مابێتەوە و دۆزرابێتەوە، تۆمارێکی کۆگەی خواردنە لە چینی سێیەمی شوێنەواری تەل مرێبت (تل مریبط) لە بەشی ڕۆژئاوای حەوزی فوراتی ڕۆژئاوای کوردستانە. تۆمارەکە لە شێوەی پوولە قوڕینەیە و تەمەنی بۆ نێوان ٩٣٠٠ تا ٨٦٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەوە نووسین نییە، بەڵام وەکو تۆمارێک مرۆڤ بۆ هەڵگرتنی زانیاریی تا دوایی سوودی لێ وەربگرێتەوە، کردوویەتی. ئەوەی لە مێژوودا بە نووسین ناسراوە لە سۆمەرە و بۆ نزیکەی ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
شوێنەوارناسی فەرەنسایی جاک کاوڤین، سەرۆکی ئەو تیمە بوو لە شوێنەواری تەل مرێبت لە نێوان ١٩٦٤ تا ١٩٧٤ کاریان کردووە. ئەو پێی وایە کۆتاییهاتنی چاخی بەستەڵەک ژیانێکی نوێی بۆ ڕزگاربووانی ئەو چاخە فەراهەم کردووە. دیدی ئەوان بۆ جیهانی دوای چاخی بەستەڵەک لە نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەوەبووە جێگیر بن و کۆمەڵگەی گەورەتر دروست بکەن. بەو شێوەیە، ئایین و هاوباوەڕیی، بیرکردنەوەی داهێنەری چرکاند و ئایین بوو بە کۆکەرەوەی کۆمەڵێک مرۆڤ. بەو جۆرە کۆبوونەوەیەی مرۆڤ دەگوترێت تۆپەڵکەبوون. لەو تۆپەڵکەبوونەدا، دیدی تازە بۆ دەربڕین، لەخۆئاگابوون، پەیکەر داتاشین لە بەرد و قوڕ، خانوو دروستکردن و داتاشینی شێوە و هێماکان لەسەر دیوار پەیدابوون.
تا ئاستێکی باش لە گۆڕانی ژیانی کۆمەڵەڕاوچییەوە بۆ ژیانی نیشتەجێی هەمیشەیی، تێگەیشتووین. ئەو گۆڕانە بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە، لە پێش هەموویانەوە، جێگیربوون لە نیشتەجێیەکاندا لە پێناو زەوی کێڵان و بەرهەمهێنانی خۆراک. جێگیربوونی بەردەوامیش، ژیانی شارستانی لە شارە-وڵاتەکاندا، هێنا ئارا، ئەمەش دەرکەوتنی جیاوازیی چینایەتیی لە ناو کۆمەڵگەکاندا لێکەوتەوە. لەپاڵ ئەمانەش، مانەوەی کاریگەری ئایین لەسەر ئاراستەی پێکهاتە و ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان لەگەڵ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی، هەمووی بەسەریەکەوە ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی دروست کرد.
لە سەدەی بیستەمدا، ڕای شوێنەوارناسان و شارەزایانی کلتوری مرۆڤایەتیی ئەوەبوو کە نووسین لە ئەنجامی ئەو گۆڕانانەی لەسەرەوە باسکران، دەرکەوتووە. ئەو کۆمەڵە کلتورە ماددییە گوزارشت لە پێشکەوتنی کلتوری مرۆڤ دەکات وهێزی پاڵنەری گۆڕانکاریین.
لە دوای ڕەوینەوەی چاخی بەستەڵەک، گرێ مرازا/گرێ ناڤوکێ تاکە شوێنەواری کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ئەو سەردەمە نییە لەسەر خاکی کوردستان بێت. ئەوەتا دەستەخوشکەکانی ئەو گرێ کەچەڵ، کۆتێ بەرچەم، گرێ سەفەر، گرێ تاشلی و گرێ هەمزار، هەموویان ستوونی بەردی گەورەی شێوە پیتی ئینگلیزی تی (T) یان تێدایە. ئەوەی تا ئەمڕۆ گرێ مرازا لە شوێنەوارەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە قەبارەی دۆزراوەکانی ئەوێ لەوانی دیکە زۆر گەورەترە. هەر بۆیە تیشکۆی توێژینەوە زانستییەکانە. ئەوەندەی توێژینەوە لەوێ کراوە، لەوانی دیکە وا بە وردی نەکراوە و سەرنجی توێژەرانی زۆرتر ڕاکێشاوە.
گرێ مرازا لە چەقی باکووری کوردستان دایە، لە ١٩٩٤ دا یەکەم گەڕانی شوێنەوارناسیی لێکراوە. مێژووی چەقاندنی بەردە ستوونەکانی چینی سێیەمی گرێ مرازا بۆ نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. هەموو ئەو شوێنەوارە لەسەر تەپۆلکەیەکی کلسەبەرد یان قسڵەبەرد دروستکراوە. نزیکەی ٢٠٠ بەردی شاخیان بڕیوە، نەخشاندوویانن، ئینجا بە ستوونی لە زەویدا چەقاندوویانن. بەرزترینیان ٦ مەترە و هەیانە تا ٥٠ تەن قورسە. لەو شوێنە ٨٠٠ ساڵ کاریان تێدا کردووە تا ئەو قۆناغە تەواو کراوە. دواتر لە چینی دووەمدا فراوان کراوە و ئەویش ١٨٠٠ ساڵی خایاندووە، ئینجا تەواو کراوە. لە هەزارەی حەوتەم بە تەواوی چۆڵ کراوە و لەو کاتەوە بەجێماوە. دوای ئەو شاکارەی کۆمەڵەڕاوچییەکانی باکووری کوردستان بە ٧ هەزار ساڵ ئینجا یەکەم ئاماژەی شارستانییەت لە سۆمەری میسۆپۆتامیای باشوور دەردەکەوێت. لە چاو ئەو، دروستکردنی قووچەکەکانی میسر پار بووە. هەرنەبێ ٧ هەزار ساڵ دوای گرێ مرازا، یەکەم فیرعەون فەرمانی قووچەک دروستکردنی داوە.
ستوونەکانی نەوالی جۆری هاوشێوەی ئەوانەی گرێ مرازا، نەخشی گیانداران، جومگەدارەکان، دەست و قۆڵی مرۆڤ، باڵندە و مار هەن. شێوەی پیتی هێچی (H) ی ئینگلیزی لە گرێ مرازا، چەند جارێک هەیە. جارێ تێگەیشتنمان بۆ ئەو ستوونانە و ئەو هێما و ئاماژانەی لەسەریان هەن، تەواو نەبووە. هەندێک شێوە و نەخش هەن دوای ٢٠٠٠ ساڵ لە گرێ مرازا، دیسانەوە لە شوێنەواری گرێ چەتاڵ دەردەکەونەوە. ئەو پێکهاتەیەی ناوی لێندراوە دی (D) کۆنترین پەرستگەی مرۆڤایەتیی پێکدەهێنێت. لەوەدەچێت شوێنێکی تایبەتی کۆمەڵەڕاوچییەکانی دوای چاخی بەستەڵەک بووبێت. هەرچەندە دەنکی هەندێک دانەوێڵە لە گرێ مرازا دۆزراوەتەوە و بەڵگەی ناسینی ئەو ڕووەکانە بووە، بەڵام ناویان هەر بە کۆمەڵەڕاوچییەکان دێت، چونکە جارێ شۆڕشی کشتوکاڵ لە هەنگاوە هەرە سەرەتاییەکانی بوو. بەڵگەی چاندن و دروێنە لە گری مرازا نەدۆزراوەتەوە تا بتوانین بە کشتوکاڵساز ناویان ببەین.
بە ڕوانین لە ئاسمان و سەرنجدان لە ئەستێرەکان، بۆ هەموو دانیشتووانی نیوەگۆی باکووری زەوی ئەستێرەی سەر جەمسەری باکوور دیارە و پێی دەڵێن ئەستێرەی جەمسەر. ئەو ئەستێرەیە و ئەوانەی زۆر لەوەوە نزیکن هەموو شەوان دیارن. وەکوو ئەوانەی دیکە و کۆئەستێرەکانی دیکە بەپێی وەرزەکان دەرناکەون و ئاوا نابن چونکە لە ڕوانگەی ئێمەوە لە نیوەگۆی باکوور، هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان لەدەوری ئەو جەمسەرە ئەستێرەیە دەسووڕێنەوە. لە زانستی گەردوونناسییدا ئاشکرایە شوێنی ئەستێرە و کۆئەستێرەکان وەکوو خۆیان نامێنن. بەر لە ١٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ شوێنی ئەستێرەکانی ئاسمان و کۆئەستێرەکان، وەکوو ئەوانەی ڕۆژانی ئێستامان نەبوون. ئەوکاتە کۆئەستێرەی هەرقل شێوەی ڕیزبوونی ئەستێرەکانی ناوەڕاستی کۆئەستێرەی هەرقل لە پیتی هێچی (H) ی ئینگلیزی دەچێت، زۆر لە نزیک ئەستێرەی جەمسەر بووە و هەردەم شەوان دیاربووە.
بگەڕێینەوە بۆ زەوی دەبینین لە شوێنەوارەکانی گرێ مرازا و دەستەخوشکەکانی شێوەی هێچ (H) چەند بارە بووەتەوە. بەهەمان شێوە لە نووسینە هیرۆگلیفییەکانی لوڤیانیش هەن. توێژینەوەیەکی نوێی هێما و ئاماژەکانی ستوونەکانی گرێ مرازا لە لایەن ڕۆبەرت شۆش و کاثریین ئولیسێی کراوە. ئەوان پێیان وایە دووبارەبوونەوەی هێمای هێچ (H) لە کلتوری لوڤیان، دەکرێت هەر مانەوەی ئەوانەی گرێ مرازا بێت، نەوە بۆ نەوە وەکوو ئەفسانە و ئەدەبی زارەکی ماوەتەوە. بە لێکدانەوەی ئەو توێژینەوەیە بێت، هێچ (H) هەردەم لە شەوانی گرێ مرازا دیاربووە. کۆمەڵەڕاوچییەکانی باکووری کوردستانی دوای چاخی بەستەڵەک جەمسەرە ئەستێرە و کۆئەستێرەی هەرقلیان وەکوو چاوی خوا تەماشا کردووە.
ئەوکاتەی لە گرێ مرازا خەریکی داتاشین و بڕینی ئەو بەرد و ستوونانە بوون تا بەردی بناغەی یەکەم پەرستگەی مرۆڤ لە جیهاندا لەسەریەک دابنێن، ڕووداوێکی گەردوونییش هەبووە. توێژینەوە زانستییەکانی چالاکیی خۆر لە لایەن ئێدوارد بارد و تیمەکەی لە ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، دەریدەخات بەر لە ١٤٣٠٠ ساڵ چالاکی خۆر لە چاو ئاستی ئاسایی خۆیدا، چەند بەرابەرێک زیادی کردووە. ئەنجامەکەی بارد پاڵپشتی ئەونجامی هاوشێوەی توێژینەوەکانی پێشووتری دەکرد. ئەو چالاکییە دیاردەی ڕووناکییەکانی جەمسەری ئۆرۆرا (Aurora) یەکجار زۆر توندتر کردووە بە شێوەیەک دەرکەوتوون و گەورەبوون، مرۆڤ پێشتر وێنەی نەدیوە. ئەو نەخش و نیگارانەی لە ١٣٠ شوێنی جیهان مرۆڤی دێرین تۆماری کردوون، ڕەنگدانەوەی ئەو دیاردە گەردوونییەی خۆرە، مرۆڤ لە ئاسمان دیتوویەتی و وەکوو ئاماژەی خوا، لێی ڕوانیوە.
لە توێژینەوەکەی شوش و ئولیسێی ئاماژەی زۆر بۆ ڕووداوێکی گەردوونی هەیە، دەڵێن ئەو هێمایانەی وەکوو دوو کەوانەی داخراو لە دەوری چەند بازنەیەکی هاوچەق یان هێڵێکی ڕاستدان و لە زۆر نەخشی بەردی جیهاندا دەردەکەون، تۆمارکردنی ئەو ڕووداوە گەردوونییەیە. لە گرێ مرازا و شوێنەواری دیکەی باکووردا ئەو هیمایانە هەن. توێژینەوەیەکی دیکەی زانای ڕاوێژکاری وەزارەتی وزەی ئەمەریکا و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا، ئەنتۆنی پێرات، لە ماوەی ٣٠ ساڵدا نەخشی سەربەردی لە ١٣٠ شوێنی جیاجیای جیهان کۆکردەوە. هاوتەریبیی ئەو نەخشانە و دیاردەکەی ڕۆبەرت شوش باسی دەکات، دەسەلمێنێت.
لوڤیان، بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی هیتییەکان بوون، ئەگەر بە کاتدا بۆ نووسینە هیرۆگلیفییەکانی لوڤیان بگەڕێینەوە، لە نێوان ١٣٠٠ بۆ ١٤٠٠ پێش زایین نووسراون. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو دۆزرانەوە و لە ١٩٧٣ بە تەواوی خوێندرانەوە، ئەوا دەبینین ئەو نووسینانە لە کۆنترین نووسراوەکانی مرۆڤ دەژمێردرێن. باوەڕیش وایە بە زمانێکی پرۆتۆهیندۆئەوروپی دوابن. بەڵگە لە نزیکەی ١٠٠ شوێنەواری باکووری کوردستان هەر لە مۆر، هەلکۆڵدراو، قاڵبی قوڕقوشم و تەختە دار بە نووسینی هیرۆگلیفی لوڤیان، لەبەردەستن. لەو باسەدا نابێت بەسەر نووسینەکانی سۆمەردا باز بدەین، لە سۆمەر کۆنترین نووسین دۆزرابێتەوە تا ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین کۆنە و بەو پێیە هەر نەبێ ٢٠٠٠ ساڵ لەوانەی لوڤیان کۆنترن. بەڵام بایەخی لوڤیان بۆ ئێمەی کوردی سەدەی بیست و یەکی بزر و نەفرەت لێکراو لە مێژوودا، لەوەی سۆمەر زۆرترە.
هەڵبەت ئێمە ناتوانین بڵێین ئەوانەی لە مێژوودا بە لوڤیان ناویان هاتووە، کورد بوون یان باپیرەی کوردن. بەڵام نەوە و نەدیدەی ئەوان کوان لە کوێن و بۆ کوێ چوون؟ هەردەبێت لەو ناوە مابن. لەوەیاندا پێویستە زانایانی جینناسیی ئەو شییکارییەمان بخەنە بەردەست تا بزانین نەوەی لوڤیان لەسەر خاکی کوردستان ماون یان نا. ئاخۆ لە شوێنەوارەکانی باکووری کوردستان دووبارەبوونەوەی شێوەی پیتی هێچ (H) بۆ ئەوەندە زۆرە و بۆچی دوای نزیکەی ١٠ هەزار ساڵێش هەر واتا و هێماداریی، دەمێنێتەوە؟ ڕەنگە بتوانین بڵێین بەشێک لە کلتوری زارەکی بووە و نەوە بۆ نەوە ماوەتەوە.
شوێنەوارەکانی کوردستان یەکجار زۆرن، جۆر و پاشماوەکانیشیان یەکجار دەوڵەمەندن. هەر لە چاخی بەردینی ناوەڕاستەوە شوێنەوارمان هەیە تا سەرەتای سەدەی بیست. بابەتی زۆری بەرد و گڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام هیچیان نووسین و هێماداریی بە زمانێکی ناسراو و زانراوی کوردی یان نزیک لە کوردی نییە. بۆیە بە ئاسانی دەگووترێت کورد خاوەن شارستانییەت نەبووە و هیچی دوای خۆی بەجێنەهێشتووە. هەرچی هەیە بۆ ئاشوور و بابل دەگەڕێندرێنەوە. بەڵام پێچەوانەی بۆچوونەکانی سەدەی ڕابردوو، مرۆڤی دێرین نە دڕندە و نە بێ زانست و زانیاریی بووە. چەند هەزار ساڵێک لە خۆی و دەورووبەر و ئاسمانی ڕوانیوە و ڕاماوە. ڕامان و لەخۆوردبوونەوەی پەرستگەکەی گرێ مرازانی بەرهەمهێناوە.
لە بابەتێکی شرۆڤەکارییماندا سەبارەت بە نووسینەوەی مێژووی دێرینی کورد، کە لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی، بڵاوکرایەوە ، بایەخی هەردوو زانستی جینناسیی و شوێنەوارناسییمان بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو و پێشنیازمان کرد مێژوونووسانی کورد پشت بەو دوو زانستە ببەستن تا مێژوویەکی یەکگرتووی کورد بە دەستی خۆمان بۆ خۆمانی بنووسینەوە، بێتە دەست و بەرانبەر ئەو مێژووەی ئەوانی دیکە بۆ ئێمەیان نووسیوەتەوە، دابنێین. بە هەبوونی کەشی نووسین بە زمانی کوردی شیرین، دەتوانین بڵێین، هەموو ئامرازە پتەوەکانی ئەو کارەمان لەبەردەستدان. ئەگەرچی خۆم مێژوونووس نیم و ناتوانم دەست بۆ بابەتێک ببەم لێم بە وڕێنە ببیندرێت، بەڵام ئەگەر بۆچوونی توێژەران دروست بێت، ئەوا دەرکەوتنی سەرەتای نووسین لە سۆمەرەوە، لە میسۆپۆتامیای باشوور، بۆ میسۆپۆتامیای باکوور، لە گرێ مرازای ١٢ هەزار ساڵ کۆنی باکووری کوردستان، دێت.
سەرچاوەکان
١. نووسین لە گۆبەکلی تەپە، ڕۆبەرت شۆش و کاثرین ئولیسێی، ٢٠٢٠
٢. نووسین لە کوێوە هاتووە، شێڵبی براون، ٢٠٢١
٣. زۆربوونی کاربۆنی تیشکدەر لە ١٤٣٠٠ ساڵ پ.ز. لە بەبەردبووی درەختەکاندا وەڵامێکی خێرای سووڕی کاربۆنە لە دوایین چاخی بەستەڵەکدا، ئیدوارد بارد و تیمەکەی، ٢٠٢٣
٤. ئایا ئەوە یەکەم ئاماژەی نووسینە؟ نەخشی سەربەردی ١٢ هەزار ساڵ کۆن لە شارێکی کۆنی تورکیا. دەیی مەیل، ٢١ تەمموز ٢٠١٥
٥. یەکەمین وشەی نووسراوی جیهان لەسەر ستوونی ژمارە ١٨ واتای خوایە. ڕۆبەرت شوش و مانو سەیفزادە ٢٠١٩



