نووسینی: هەڤاڵ کوێستانی
ڕانان: نیشتیمان عەبدولقادر
ڕۆژانێک نیشتیمان ھی ھەمووان بووبێت مەحاڵە ئەو نیشتیمانە بێخاوەن بێت یان خەڵکانێکی دڵسۆز نەبن شەڕی خاوەندارێتی و پاراستنی نەکەن، چونکە مرۆڤ بەسروشتی خۆی کائێنێکی ڕاستییپەرستە، ئاراستەی ھەست و بیرکردنەوە و کردارەکانی ڕووەو حەقیقەتە، جا ئەو حەقیقەتە لە مێژوویەکدا ببینرێت کە لە ڕابردوودا گوزەراوە یا لە ئێستادا حزووری ھەبێت و کار و کاردانەوەی لێبکەوێتەوە یاخود سەرچاوەیەک بێت بۆ دیاریکردنی نەخشە و ڕاستەڕێیەک بۆ داھاتوو.
کتێبی “ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان ھی ھەمووان بوو”، نووسینی ھەڤاڵ کوێستانی، ئەو سەرچاوەیەیە کە بەردەوام ھەڵدەقوڵێ و وزەی خۆشەویستی نیشتیمان و ئینتما دەژێنێتەوە؛ تینوێتی ئەو خوێنەرانە دەشکێنێ کە عەوداڵی خۆناسینن لەڕێی مێژووییەکەوە کە بە قەڵەمێکی ئاوریشمی و دەستوپەنجەیەکی دادپەرستی ئاوێتە بە ھەناسەی بێلایەنی و بێناسنامەیی، جگە لە کوردبوون، نووسراوە، کە پێدەچێت لەگەڵ نووسینیدا وشە بە وشەی لەنێوان لێوانێکەوە ترازابێت کە تەنیا ڕاستیی بڵێت و بەس؛ بەزمانێک کە خۆشاوی خەونی ڕەنگاڵەیی پڕچێژ و تامی بکات، وەک شیلەی بەسەر وشەدا ڕژاندبێت، خوێنەر پەرۆشی نیشتیمانێک دەکات کە بەھی خۆیی دەزانێت. بۆیە ئەوەی دەیخوێنێتەوە بەڕەھایی دەخوازێت خۆی بە کتێبەکە بسپێرێت، وەک ئەوەی کتێبەکە ئەو بنووسێتەوە نەک خوێنەرەکە کتێبەکە بخوێنێتەوە.
ئەم کتێبە لەو کتێبە دەگمەنانەیە وا لە خوێنەر دەکات کە دەگاتە دوا لاپەڕە دووبارە ئارەزوو دەکات بگەڕێیتەوە بۆ سەرەتا، ئەمجارە پێ بە پێ و قۆڵ لە قۆڵ و ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ نووسەر ڕێ بکات؛ ھاوسەفەری بێت، وەک بینەر نا بەڵکو وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و خاوەن ھەڵوێست و نیشتیمانپەروەر، وەک شاعیرێکی عاشق بە جوانی و بە خاک و بە مرۆڤدۆستی.
ئەم حەزە چییە لای خوێنەر ئەگەر ڕاستییپەرستی نەبێت؛ ئەگەر داددۆستی نەبێت؛ پەرۆشی بۆ خۆناسین و شوناس و ھەبوونی ناسنامەی کوردبوون نەبێت؛ بەھابەخشین نەبێت بە جوانی و میھرەبانی و خەبات و قوربانیدان لەپێناو شوناس و خاکدا. حەزێک کە ئەگەرچی غەدری ڕۆژگار سیمای تەڵخ کردووە بەڵام ھیچ حەز و ھیوایەک نییە لە وەرزی خۆیدا چەکەرە نەکات و نەژێتەوە و لەبەردەم ئاوێنەی حەقیقەتدا ڕاستییە مێژووییەکان نەکات بە وانە، لەپێناو داھاتوویەکی گەشدا لەبەرخۆیەوە نەیانڵێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوەیە ئەوەی کە تا ئێستا زیاد لە دوو سەد وتار لەسەر ئەو کتێبە نووسراوە و بە ھەزاران دانەی لێ فرۆشراوە جۆرێک لە پیرۆزیی بەم کتێبە بەخشیوە.
پیرۆزیی چییە جگە لەوەی کە پێویستی مرۆڤ بۆ ھەبوونی بەھای بەرز و مەزن نەبێت. ئەو سێ کتێبەی کە ھی ئایینە ئاسمانیییەکانە و پیرۆزییان پێبەخشراوە، ئەو پیرۆزییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە لەوەوە نەبێت کە وەک حەقیقەتی ڕەھا قبوڵ کراون، وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرچاوڕوونی و تێگەیشتن لە ڕاستیی مەسەلەکان وەرگیراون، وەک قوتابخانەیەک بۆ ھەڵوێست وەرگرتن و یەکلابوونەوە لەئاست ھاوکێشەکانی ژیاندا بەکارھێنراون.
بەھای “ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان ھی ھەمووان بوو” پاش یازدە جار چاپکردنەوە و تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر یەکەم چاپیدا ھێشتا خواست لەسەر کڕینی بەردەوامە وەک لە مانگی ١١ ی ٢٠٢٣ ، لە پێنجەم پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دا دەرکەوت کە داواکرا چاپ بکرێتەوە تا بۆ ھەمووان بەردەست بێت، وەک چۆن لە ھەمان پێشانگا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١٦٨٦ دانەی لێ فرۆشراوە، بە یەکێک لە سێ پڕفرۆشترین کتێبەکانی پێشانگاکەش دانراوە.
ھەڤاڵ، عەرەب وتەنی “اسم على مسمى” ناوەکەی خۆی پڕاوپڕ بەرجەستە کردووە. ھەڤاڵی ئەو خوێنەرانەیە کە تینوێتی کوردبوون و مرۆڤبوونیان بە خستنەڕووی مێژوویەکی حەقیقی دەشکێت. بەخوێندنەوەی ئەم کتێبە وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانەیان دەست دەکەوێت کە لە ڕووە تاریکەکەی ئەو ڕۆژانەدا ھەبووە کە ڕۆژانێک بوو نیشتیمان ھی ھەمووان بوو. وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییەشیان دەست دەکەوێت کە ئەوانەی دوێنێ نیشتیمان و ئازادی لەلایان پیرۆزترین و لەسەروو ھەموو شتێکەوە بوو بۆچی ئێستا تەواو بەپێچەوانەوەن، خۆیان لە سەروو ھەموو بەھایەکەوە دەبینن.
ئەو خوێنەرانەی کە لە لە ھەردوو ڕەگەزەکەن و لە بەتەمەنەکان تا دەگاتە گەنج و ھەرزەکارەکانیش، گەرچی زارەکی لە نیشتیمان تۆراون یا ڕەنجاون بەڵام “بێ نیشتیمان” لە ونبوون و بێناسنامەبوون دەترسن. بۆیە ئەم کتێبە وەک قەڵای ئارامی و ئەمانە بۆیان، پێیان دەڵێت ئەو نیشتیمانەی ڕۆژانێک ھی ھەمووان بوو دەبێت ڕۆژانێک بێت ھی ئێوە بێت، ئێوەی خاوەن ماف و ئازادیخواز و ئاشتیخواز و کوردپەروەر.