سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڤالانتاین بێیەکسانیی نێر ومێ تراویلكەی خۆشەویستییە

ڤالنتاین یان ڤەڵەنتاین كە لەلای ئێمە بە “ڤالانتاین” ناسراوە دەکەوێتە ڕێكکەوتی چواردەی ڕەشەمێ‌. بە گشتی نێرینە و مێینەکان و دڵداران و گەنجان لەو ڕۆژەدا كارت و دیاری گوڵی سوور وەك ڕەمزی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە. تا ئێستا لای ئێمە بە شەرمەوە كەمینەیەك لە گەنجان ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە دەبەن. خودی چیرۆکی عاشقانەی ڤالانتاین خوێناوی و مەرگەساتێکی کوشندە بووە بەڵام قسەی ئێمە لەسەر خۆشەویستییە لە کۆمەڵگەی کوردی نەک چیرۆکی ڤالانتاین.

ڤالانتاین ناچارمان دەكات بیر لە “خۆشەویستی” بكەینەوە، بەڵام دوور لە مانا تایبەتی و گشتیگیرییەكەی، بەڵكو ناچارتر دەبین بەوەی بیر لە عیشق و سۆزداری و پەیوەندی نێر و مێ‌ بكەینەوە. پرسیارەكە ئەوەیە، داخۆ بەڕاستی لە ناو ئێمەدا کلتور و نەریتێک هەیە کە بایی ئەوەندە خۆشەویستی و ئەوینداری بەهێز و ڕەگداکوتراو بێت کە بە ماف و هەقێكی خۆی گەیشتبێت؟ ئایا لە باری کۆمەڵایەتییەوە ڕەوایە هەر تاكێك لە ئێمە بایی ئەوەندە ڕێزی لێبگیرێت کە پەیوەندی سۆزداری بە مافی خۆی بزانێت؟ داخۆ تەقس و سرووتی ئاهەنگئامێزی ڕۆژی “ڤالانتاین” لای ئێمە چلۆن جێکەوتە و جێگیر بووە کە یادی دەکرێتەوە؟

داخۆ وەك یادی عاشقێكی شەهید بۆ ئێمە چیرۆکەکەی ماوەتەوە کە سەر بە جوگرافیا و مێژووێکی دیکەیە و ڕۆژئاواییە، نەک ڕۆژهەڵاتیی؟ یان بڕ و بیانووێکە بۆ ئەوەی ئێمەش یادی بکەینەوە بەو نیازەی بیسەلمێنین کە شارستانیی و تازەگەرین؟ داخۆ ڕووكەشانەیە یان ڕەسەنین و بە ڕاستی خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین، نموونەی “کرسمس” کە پتر بیانووە بۆ ئاهەنگسازی، نەک زیندووکردنەوەی مانا ئاشکرا و شارەواکەی “کرسمس” و “ڤالانتاین”. ئایا جۆش و خرۆشێكی ڕاستەقینەیە یانژی حەشامات حەزی بە بەزمێکە کە خۆیان سەرگەرم بکەن وەک دۆخێکی مرۆیی؟

پرسیارەكان بە هیچ جۆرێك بۆ ئەوە نین گومان لەو ڕێورەسمە بكەین كە چەند ساڵێكە وەڕێدەخرێت. بەپێچەوانەوە ڤالانتاین لەتەك كرسمس دا دوو بۆنەن كە چەندە ڕۆژگار بچێتە پێشێ‌ ڕەنگینتر دەبێت. ئەگەری ئەوەش هەیە هێزە مەزهەبگەرا و کۆنەپارێزەکان قەدەغەی بکەن، بەڵام خۆ ئەگەر چەند كەسێكیش گوڵی سوور بە دیاری بگۆڕنەوە؛ شایانی ئەوەیە پێشوازی لێبكرێت. ئەم بۆنەیە بەهانە و بیانووێكە تاوەكو شەنوكەوی ئەو فەزا خنكاوە بكەین كە كەمترین بوارمان بۆ دێڵێتەوە تاوەكو خۆشەویستی تێیدا پیادە بکرێت و جێکەوتە بێت. گەر ئەوەندە سەرمەستین بەوەی خۆشەویست و عاشق بین؛ ئاهەنگی بۆ ساز بكەین، داخۆ چەندە ئەو سەر زەمینە ساز و ئامادەیە لای خۆمان کە پەیوەندی سۆزداری لە دەرەوەی پرسیار و گومان بێت؟

كەس ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات كە هەقیقەتە تاڵەكە ئەوەیە كە بۆ مێینە‌ و نێرینەی ئەم وڵاتە خۆشەویستی و عیشق ئەوەندە زەحمەتە كە لە مەحاڵ نزیك دەبێتەوە. بە هەزاران، ئەگەر نەڵێین بە ملیۆنان، ژن و پیاوی ئێرە لەدایك دەبن و دەژین و دەمرن  بێئەوەی بەختی ئەوەیان هەبێت خۆشەویستی لە دەرگای دڵیان بدات. بەكارهێنانی دەستەواژەی “كەوتوومەتە ناو داوی خۆشەویستی”یەوە ئاماژەیە بەوەی لە نائاگاهی و نەستی ئێمەدا عیشق تەڵە و فاقە و تەپکە و داو و بەندە، کە دەست و دەم و زار و پێمان شەتەک دەکات، نەک ئەزموونێکی ڕەها و مرۆڤدۆستانە. حەسرەت و ئاخ و ئۆف و سووتان و برژانی دڵدارانی نێو گۆرانییەكانی ئێمە بۆ خۆی چیرۆكی ئازارێكی كوشندە دەگێرێتەوە کە بە ترس و شەرم تەنراوە. مەرگ و لێكدابڕانی ئەویندارانی نێو داستانەكانی خۆشەویستی ئێمەیە لە دێرزەمانەوە؛ سەرباری كوشتنی هەزارەها ئافرەت لەسەر “كڕینەوەی شەرەف” تاوەكو ئێستاکێ.

 ئەمانە هەقایەتی ئەو تراژیدیا و جەهەننەمە دەگێرنەوە كە بۆ خۆشەویستی لەجۆشدایە. گەر بۆ هەر چیرۆكێكی ئەڤینداری ئەو دوو كارەكتەرەمان پێویست بێت کە سەر بە دوو ڕەگەزی جیاوازن، خودی نمایشەكە بەبێ‌ ئامادەبوونی هەر یەكێكیان بەڕێوە ناچێت. بەبێ‌ ژینگەیەكی تەندروست بۆ نێر و مێ؛‌ خۆشەویستی بەركەماڵ نابێت. هەردوو كارەكتەرەكە لەناو ئەم كلتورە داخراو و پڕ لە حەرامەدا وا گۆش نەكراون ئازاد و خاوەن ویست و ئیرادە بن.

 بەر لەوەی بچینە ناو بازنەی خۆشەویستیی؛ مەرجە مرۆڤەكان وەك تاكێكی سەربەخۆ پەروەردە كرابن و خاوەنی خۆیان بن، نەك كچ و كوڕی بنەماڵە و تیرە و هۆز و خێڵ بن. وا باوە كە درەختی خۆشەویستی لەژێر ئاسمانی سەربەستیدا سەوز دەبێت و گەڵا و گوڵ دەردەكات، لێرە و هەنووكە، ئەو ڕۆحە سەربەستە نەڕسكاوە. هەر لە بنەڕەتدا وەها بە ترس و شەرمەوە پەروەردە كراوین كە نە مێینە ‌و نە نێرینەمان بە كەڵكی خۆشەویستی نەیەن، ئەو ترس و شەرمە دەنێو شیری دایكانمان تواوەتەوە و ڕژاوەتە ناو خوێنمانەوە، ئێمە لەوە كۆیلەتر و غەمبارتر و كینەبازترین كە بتوانین گەمەی خۆشی خۆشەویستی بەڕێوەبەرین. هەمووی بەلایەك، ئەوەی وایكردووە كە هەر لەسەرەتاوە ئەو گەمەیە بدۆڕێنین؛ پەروەردەكردنی كچان و كوڕانی خۆمانە بەوەی كە لە یەكتری بترسێن و بە چیرۆكی یەكەمین گوناهی “دایكە حەوا” گۆشیان بكەین. گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە لە تەمەنێكی ساوا و هەرزەیی، وامان لێدەكات كە لە هەموو نزیكبوونەوەیەكی ئەو دوو ڕەگەزە بترسین و زەندەقمان بچێت. ئەوەیان یەكەمین هەوڵە بۆ كوشتنی سروشتی ئادەمیزادانەی ئێمە بە ناوی ئاسمانەوە!

نێرینەش فێر دەكرێت كە بە ترس و قێز و بێزەوە یان بەوپەڕی شەهوەتی ئاگرین و هەوەسێکی هارەوە لە مێینە بڕوانن، كە هیچیان ئەو دۆخە لە بار و ڕەخساوە دروست ناكەن وەك دوو مرۆڤی یەكسان و هاوشان و خۆشەویست یەكدی ببینن. ئەوەش ڕۆحی پەیوەندییەكە پڕ دەكات لە گومان و توند و تیژی و تۆرانێكی هەمیشەیی، دڵكرمێ‌ و هەمیشە ئامادە بۆ جەنگ، تووڕە و ڕقئەستوور و خوێناوی تا ڕادەی كوشتن و بڕین و كوتان.

ژنان و کچان بە نەریتێک پەروەردە کراون کە خۆیان بە شكەستەباڵ و بێچارە و کەمبوود بزانن. هەتا گەر ژمارەیەك لە ئێمە هەر بەڕاستی بەخت یاری بێت و خۆشەویستی ببێت بە میوانی، ئەوسا بە سەدان خۆیان بەراورد دەكەن بە براوەكانی گۆڕەپانی عیشق، هەست دەكەن دۆڕاو و بەدبەختن. بێ‌ هۆ نییە کە ڕەوانشاد مامۆستا ئەحمەد هەردی گوتویەتی:

“گەرچی دڵداری لە خاكی ئێمەدا ئەفسانەیە

هەر بەتەنها بۆ كوڕی خاوەن تەلار و عانەیە!”

گرفتی ئەوینداری لەوەدایە كە هیچ كۆرس و وانەیەكی نییە تاوەكو كچان و كوڕان مەشق و ڕاهێنانی لەسەر بكەن، بەڵكو چالاكییەكی مرۆیی نەبڕاوەیە كە لەمیانەی زیندەگی و ئەزموونگەرایی خۆمانەوە پیادەی دەکەین بە بێ ناسینی هونەری خۆشەویستی، كە تێیدا شكست دێنین؛ یان دەسكەگوڵی خۆمان دەبەینەوە.

هەرگیز خۆشەویستی لە خودی ژیان جیا ناكرێتەوە، تاكە گەمەیەكە كە ئەگەر سەدان یاسا و ڕێسای هەبێت، كەچی لە هەمان كاتدا وەك کڕۆک و گەوهەر و ڕۆحی ژیان لە دەرەوەی یاساكان درێژە بە بوونی خۆی دەدات. هەر بۆیە جار هەبووە باشترین یاریكەری گۆڕەپانی خۆشەویستیی، لە هەموومان دۆڕاوتر بووە، سەدان ڕاسپاردە و ڕێنمایی شارەزایان و پسپۆرانی عیشق گەرەنتی ئەوەی نییە گەمەكە ببەینەوە. لە ڕۆژئاوا “پەروەردەی سۆزداری” وانەیەكە بۆ مێینە‌ و نێرەكان بە گوێرەی قۆناغە جیاوازەكان؛ لەتەك “لەشناسی” لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام وەك زانستێك و ئەتەكێت و یاسا و ڕێسای چۆنییەتی مامەڵەكردن لە بەرامبەر یەكدیدا زۆر بە كەڵكە و ژیاندۆستییە، كە ئێمە نیمانە و تێیدا كڵۆڵین. هەر چۆنێک بێت، وانەكان بە تەنیا داد نادەن، چونكە ژینگەی دەوروبەر و بینینی ئەو ژن و پیاوانەی چواردەورمان ئەو هەستەمان دەدەنێ کە هیچ کەموکوڕیمان نییە، کە وا نییە. بە واتا نازانین کە بوون و ئامادەگی هەموو ئێكسسوارەكانی پێویست بە بەركەماڵبوونی خۆشەویستیی مەرجی یەكەمە.

بەكورتی، بۆ ڕەفتاری جوان و ناشیرینی كچان و كوڕانمان لە هەر دۆخ و بوارێكدا بن؛ بوونی”مۆدێل” گرنگە. دنیایەك ڕاسپاردە و ڕێنمایی و وانە و مەشقی سۆزداری و عیشق ناگاتە بوونی “مۆدێل”ێك بۆ عیشق و خۆشەویستی كە لە منداڵییەوە بیبینین و هەستی پێبکەین. بۆ نموونە، دایكان و باوكان و مامۆستا و کادیرانی پەروەردە کە دەکرێت پڕ و سەرشار بن لە خۆشەویستی؛ دەكرێت بۆ ئێمە ببنە نموونەی باڵا و ئایدیال و جوانترین مۆدێل بۆ لاسایی كردنەوە. مرۆڤ بۆ خۆی زیرەكترین گیانلەبەرە بۆ لاسایی كردنەوە.

گەر خۆشەویستی خەسڵەتێكی مرۆیی بێت و وەك هەنووكە سەلمێندراوە كە كۆرپەلەكانیش هەستی پێدەكەن و دەیخوازن، ئەوا هەموومان چاوەڕێی دەكەین و ئومێدی پێدەخوازین. شیعر و گۆرانی و فلیم و داستانی ئەڤینداری سەرمەستمان دەكەن، وەلی زۆربەی جارەكان تارمایی خۆشەویستی سڵاوێكمان لێدەكات و میوانێكی شەرمنە و تیژتێپەڕە وەک خەونێکی کورت و خۆش. لای ئێمە پتر لە تراویلكە (سەراب) دەچێت؛ کە لەنێو بیابانی ژیندا هێما و ئاماژەیەك بۆ ئاسۆی دوور دەكات و فریومان دەدات كە ئەوەندەمان نەماوە بگەینە “ئاوی حەیات” كە كانییەكەی خۆشەویستی-یە، كەچی دەڕۆین و لە وشكاییدا سەوڵ لێدەدەین و نایگەینێ و دەنێو لمی بیابانی سووتاودا دەخنكێین.

زۆربەی چیرۆكەكانی حەز و خۆشەویستیمان پڕە لە حەسرەت و فرمێسك و دڵشكان، بۆیە ڕۆماننووسی ئینگلیزی “دی. ئێچ. لۆرانس” بڕوای وایە كە پەیوەندی مێینە ‌و نێرینە لە جەنگێكی ژێربەژێری دەچێت كە یەكێكیان گەرەكییەتی سەربكەوێت. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو قەهر و دەرد و نەهامەتی و خۆشەویستی دراماتیک، هێشتا ئیرەیی بەوانە دەبەین كە گیرۆدەن و عیشق دەبێتە میوانیان. لێروکانە خۆشەویستی كوشندەیە بەڕادەیەك كە هەموو نزیكبوونەوەیەكی سۆزداری نێوان كچان و كوڕان جێگەی گومان و نیگەرانییە، بگرە ڕق و ترسی زۆرینەی خەڵكی وەئاگادێنێت، چونكە تەنیایی خۆیان وەبیر دێتەوە، بگرە هۆگربوونی كچان و كوڕانی مناڵكاریش دەیانترسێنێت. بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە كۆنەخواز و نەریتپەرستەكان داوای جیاكردنەوەی كچان و كوڕان دەكەن لە قۆناغی سەرەتاییدا، ژمارەیەکی کەم بێت یان زۆر دەنێو موحافیزکارەکان خودی زانكۆ بە “ژوانگە”ی دڵداری وەسف دەکەن،  بێئەوەی بۆ هۆكارەكان بگەڕێنەوە، هەتا ئەگەر واش بێت، ناپرسێت بۆچی؟

بگرە گومان دەخەنە سەر كافیتریاکان، هەتا گەر کچان و کوڕانی سۆزدار پەیڕەوی یاسا و ڕێساكانی کلتور و ئایینیش بكەن. كام خۆشەویستی کە لە وڵاتێكدا هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە بوو بە نەریت کە بۆ جیاکردنەوەی دوو ڕەگەزەکە لە یەکدی؛ پاسی تایبەت بە كچان و تایبەت بە كوڕان تەرخان دەکرا بێئەوەی کەس بپرسێت و بزانێت کێ داڕێژەری ئەم خشتە و نەخشەیە!

*******

گرفتی خۆشەویستی بەتەنیا ڕۆح ناگرێتەوە، چونكە بێ‌ بوونی لەش خۆشەویستی بازنەیەكی تەواو ڕەسم ناكات، بەڵام لەناو كلتوری ئێمەدا “جەستە” هەر لە گوناهی یەكەمی “ئادەم و حەوا” دا پیس کراوە و بەر نەفرەت كەوتووە، بەدەر لەو وێرانبوونەی دووانەی ڕۆح و لەش كە تەواو كراون بە دوژمنی یەکدی، بە كۆتوبەندی زۆر گەمارۆ دراون، بێ‌ ئازادی هەر یەكێكیان ئەوی دیكە ئازاد نابێت.

سیستەمی پەروەردەی ئێمە وەها ترسنۆكە كە هەردووكیان پێكەوە دەكوژێت، بۆیە لە دنیای ئێمەدا زۆر ئەستەمە كەسێكی تەندروست لەباری ڕۆحی و جەستەییەوە بدۆزینەوە، كەم و زۆر هەر هەموومان بوونەوەری “عوسابی” و دەمارگیر و نێرڤۆزەین، ترسنۆك و شەرمن و کینەباز كە هێزی جەنگی خوێناوی زۆرترە لە ڕۆحی میهرەبانی و خۆشەویستی، هەر بۆیە گومان و سانسۆر سەرداری هەر هەموو پەیوەندییەكی سۆزداری ئێمەیە.

كارەساتی گەورە لە عیشقدا لەوەدایە كە ڕەنگە جاروبار بۆ پیاو گەمەكە خۆش و بێ‌ سزا تێپەڕێت، بەڵام بۆ ژنان باجەكەی خوێنی سەر و ڕۆحکێشانە، بۆیە”جەستە” بۆ مێینە‌ هەمان مانای نییە كە لەلای نێرینەكان هەیە. ژنان ناچارن بیر لە دوای چیرۆکی خۆشەویستی بكەنەوە وەك بەرپرسیارەتییەك كە دووچاری دەبن، سزا و باجی گرانی چاوەڕوانكراو بۆ مێینە‌ لە دوای گەمەی خۆشەویستی تەواو مەترسیدارە، كە ئەویش وا دەکات کە هەموو گەمەكە هەڵبوەشێتەوە.

کاتێک پیاو “بكەر” بێت و ژن “بەركار”؛ کاتێک ژن وەك بابەتی لەزەتبەخش تەماشا كرا نەك وەك مرۆڤدۆستی؛ کاتێک وا پەروەردە بکرێین کە هەر هەموو جەستەی ژنان و کچان “عەورەت”ە، ئەوسا هیچ جوانی و هاوسەنگییەك لەنێوان ئەو دوو کەسەدا نامێنێت كە بە نیازن گرەوی خۆشەویستی ببەنەوە.

بە گەڕانەوە بۆ دوا ڕاپۆرتی ڕێكخراوی “وادی” ئەڵمانی، کە لە کوردستان جێگیر بوو، کە ژمارەی ترسناکی بڵاوکردەوە لە پەیوەند بە دیاردەی خەتەنەکردنی ژنان و كچان، بە بیانووی ئەوەی کە ئاڵۆشدار و حەشەری نەبن.

دیارە بە بۆچوونی من بەر لە خەتەنەی فیزیکی، زۆرینەیان خەتەنەی ڕۆحی كراون. کەواتە باس لە كام خۆشەویستی دەكەین؟ خەمەكە لێرەدایە كە ئەوەی ئەوان دەیكەن ئیفلیجكردنی توخمی بەرامبەرمانە وەك مێینە‌ كە نیازمانە خۆشەویستی لەگەڵدا بگۆڕینەوە.

پەشێوی و شێواوییەكی وا كوشندەی دەروونیی چ شوێن و زەمانێك دەدۆزێتەوە تاوەكو ئەو دوو كارەكتەرە بە یەكدی بگەن؟ ئەو دووانە خاوەنی هەمان نامووس نین و هەرگیز هەمان چارەنووس چاوەڕێیان ناكات گەر بەر لە شووكردن و گواستنەوە گەمەی خۆشەویستی تاوەكو كۆتایی ببەن. بە واتا دوو بوونەوەری جیاوازن، ڕەنگە پتر گومان و ترس و ناكۆكی كۆیان بكاتەوە نەك خۆشەویستی. كەواتە كچە زاتی ئەوە ناكات گەمە بە چارەنووسی خۆی بكات كە شەرەفی موڵكی بنەماڵەكەی بێت، بێجگە لەوەی كە دەترسێت كوڕەی شەیدا سووك سەیری بكات گەر هەموو دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵی حەز و ئەڤینی خۆی بۆ خستە سەر پشت، كەواتە خۆتەرخان كردنێكی عاشقانە مەحاڵە و ناچارە درۆ لەتەك سۆز و ڕۆح و لەشی خۆیدا بكات، چونكە ئەوێکی خانمۆڵە كە دۆڕاندی، هیچ كەسێك بەزەیی پێیدا نایەتەوە، هەتا ئەو پیاوەی کە عاشقییەتی ئامادەیە وەك نێرەكەوێك لە شەققەی باڵ بدات و بفڕێت و ماكەوەكەی بۆ ڕاوچییەكان بەجێبێڵێت.

گەمەی خۆشەویستی بەتەنها سۆزداری نییە، بەڵكو عەقڵ و ویستێكی گەورە دەخوازێت، كە لە وەها دۆخ و هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیدا فەرهەنگی خۆشەویستی تێیدا هەژارە و فەراهەمبوونی زەحمەتە. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە كە زۆرن ئەو پیاوانەی كە دوو شتی دژ بە یەكتری لە دڵدار و دەسگیران و ژنەكانی خۆیان دەخوازن. ئەوان خواستیانە كە وەك مێینە هەم فریشتە ئاسا بن و هەم هەوەسفرۆش وەك باری تێكنیكی و هونەری سێکسواڵێتی، كە دیارە خانمان بە حوكمی پەروەردەیەكی وا سوننەتی و کۆنەپارێزانە بۆیان زەحمەت دەبێت تێكەڵێك بن لەو دوو دژە خەسڵەتە، بێجگە لە ڕق و تۆران و جەنگ هیچی دیكە نادوورنەوە.

 ژنان بەوە تاوانبار دەكرێن كە سارد و مردەڵە و بێ‌ زەوقن. ئێمە وەها پەروەردە كراوین كە دایكان و باوكانمان هەرگیز “سێكس” ناكەن، دایکم واتەنی: کوڕم ئەتوو زادەی ڕشانەوەی منی و بەس. کەواتە سۆزیاری ژن و پیاوێک دەبێت بە ئەفسانە و درۆ. یانژی لە ئەوروپا و هەر حەوت کیشوەرەکە بۆ سەدان ساڵ منداڵەکانی خۆیان گۆش کردووە کە حاجی لەقلەق هاوردوونی بۆ ناو خانەوادەکان. دەنێو وەها پەروەردەیەكی پڕ لە قێز و بێز و ترس و شەرمنۆكدا؛ چی لە ژنان داوا دەكرێت؟

 ئێمە دەتوانین تاوەكو قیامەت لەبەرچاوی یەكدی وای بنوێنین كە یەكدیمان خۆشدەوێت، ئەوەیان تاكە نمایشێكە كە وەك ئەكتەری سەر شانۆ بەبێ‌ دەرهێنەر تا دادانەوەی پەردەی کۆتایی تەماشاكەرانی پێ‌ سەرسام بكەین، بەڵام لە پشت پەردەوە چ خوێنخۆرانە شیر و تیغ لە یەكدی دەسوویین و كەسیش پێی نازانێت. ژیانی درۆزنانە و ڕیاكارانە دەستووری نەنووسراوی زۆرینەی خەڵکانی ئێمە و دونیا بووە لە دێر زەمانەوە، لەنێو كایەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕەوشتمەندی.

نێرینە و مێینە‌ تەنها ئەو كاتە دەتوانن پێكەوە سۆزێكی ڕاستەقینە بگۆڕنەوە كە هەر یەكەیان بەویدیكە بڵێت: من بەجیا لە تۆدا هەم، ئێمە گیانێك نین لە دوو جەستەدا، من و تۆ دوو گیان و دوو جەستەی جیاوازین، خاوەن دوو موود و خوو و خدە و خوڵقی جیاوازین، ئێمە بەو جیاوازییانەوە جوانین و یەكدی تەواو دەكەین. وا مەرج و پێویستە كە لەسەر ناكۆكییەكانمان ڕێكبكەوین، وا چاكترە ئەوەندە ئازا بین كە دانی پێدا بنێین هەر یەكەمان بۆ ئەوی دیكەمان بە تەنها مایەی چێژ و خۆشی نەبین، بەڵكو دەشێت مایەی خەم و دۆڕان و مەترسی بین.

بەڵام لەنێو كلتوری ئێمەدا پیاوان لەو خۆجیاكردنەوەی ژنان دەترسن و بە تێكچوونی شیرازەی خێزانی تێدەگەن. هەر ئەو ترسەشە وا دەكات كە هەرچی هێزی مادی و مەعنەوی بێت پیاوان بیخەنە ناو چنگی خۆیانەوە، گەرچی ژنان بەقەد پیاوان ڕەنج دەكێشن. بانگەشەكردنی نێرینە كۆنەخوازەكان بەوەی كە شوێنی شیاو بۆ ژنان كونی ژوورەوەیە. هاوکات ڕاپەراندنی ئەركە پیرۆزەكەی خۆیەتی كە پەروەردەی منداڵانە، بێجگە لە ترس و بێ‌متمانەیی بە خۆیان هیچی دیكە نییە، سەرباری بێ‌متمانەیی بە بەرامبەرەكەی. پیاوان بەوە گرەویان بردۆتەوە كە دەزانن ژنەكان وا پەروەردە كراون كە ماڵدار و خۆبەخش و كەیبانووی چاك و گوێڕایەڵ بن، هەر كە منداڵی بوو ئامادەیە خۆی بكات بە قوربانی، لەوەش دڵنیایە ژنی تەڵاقدراو لای ماڵە باوانی خۆشەویست نییە.

چ هارمۆنیا و هاوسەنگییەکی دەبێت ژیانی سۆزداری ئەو كاتەی داوا لە خانمان دەكرێت ڕێزێكی زۆر لە پیاوەكانیان بگرن، نێرینە بۆ هەمیشە بە دوای فیز و شكۆمەندی و ناوی خۆیدا وێڵە، هەموو نەخێر و گومان و پرسیارێكی مێینە تووڕەی دەكات. واش پەروەردە كراوە كە ئەگەر سۆزیشی هەبێت، وا جوانترە دوور لە چاوانی ئاشنا و بێگانە دەریببڕێت، ناچارە بەوەی ئەوەندە بیشارێتەوە كە ئیتر هێزی خۆشەویستی نەمێنێت. زۆرن ئەو پیاوانەی كە بەخۆیان دەنازن تەنها لەبەر ئەوەی كە نێرن، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی ببنە ستەمکار. چ پیاو و چ ژن گەر خۆسەپێنەر و ڕۆحزل و بەفیز و قەڕوح بوون، ئیدی زەحمەتە ئەو هێزەی ببێت كە خۆشەویستی بکات بە ئامانجی خۆی، خۆشەویستی ڕەگ و ڕیشەی وا لە ناو خاکەڕایی و سادەییدا.

هەموو دنیا بۆ پیاوان واڵایە و کراوەیە؛ كەچی هەر ستەمكار و دڵتەنگن و ئاسان شەڕ بە دار و دیوار دەفرۆشن، ژنان زۆربەی كات لای خۆمان ناچارن لەناو ماڵەكانیان یان لە جیهانێكی زۆر بچكۆلەدا گیر بخۆن و داسەکنێن، كەچی بووە بە مەرجیش کە ژنان لێبوردە و بەخشندە و ڕۆحپەروەر بن. ئەو مەرجە ڕاست نییە؛ چونکە ئەوان بۆ خۆیان هەموو تەمەن و ژیان دەبەخشن. لە هەمان كاتدا ئێمەش لەناو ئەو ژیانەدا ڕاگیر دەكەن، ئەوان هێشتا لاقێكیان وا لەناو سروشتدا، بۆیە بیانەوێت یان نا هەر بە غەریزە و خۆڕسکانە دەبنە كانگای ژین و ژیان و ئاشتەوایی. قوربانیدان ڕۆڵێكی سروشتی خۆیانە؛ جا چ ئازاد بن چ كۆیلە، بە بەراورد لەگەڵ پیاودا كە خۆویستیی پانتاییەكی زۆری لە ڕۆحی دەستەڵاتخوازانەی داگیركردووە، تاوەکو ئاستی نارسیست بوون و خۆپەرستی.

 ژنان مەحكومن بەوەی میهرەبان بن و دوور بن لە خۆپەرستی. لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیاندا، گەر ئامادە نەبن خۆشەویستی وەربگرن یان بیبەخشن، ئەوا هەر هەمووانیان دادگایی دەكرێن كە بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵنەستاونم و ڕۆڵی ژنانەی خۆیان نەبینیوە. ژن بۆی نییە نە باوك و نە برا و نە مێرد و نە منداڵەكانی نائومێد بكات، ڕۆح و لەشی موڵكی هەمووانە بەدەر لە خۆی، وەك ئەوەی مێژوو و سروشت و كلتور پێكەوە ئەم ئەركە بە تەنها بە هی ژن بزانن، گەرەكە ئەم لە پێناو هەموواندا بمرێت؛ بێئەوەی بۆ خۆی ژیا بێت و بژی. ئەوەش ئاسان نییە كە خۆی بارتەقای ئەو قوربانیدانە خۆشەویستی بەرنەكەوێت. ژن وەك ڕووبار وایە و هەردوو كەناری خۆی ئاوەدان دەكاتەوە بێئەوەی لە خۆی بخواتەوە، ئەوەیان كوشندەیە كە ڕۆح و لەشی خۆی فەرامۆش بكات تا قیامەت، كەچی خۆشەویستی بەخشین چارەنووسی ئەو بێت. لەبەرامبەردا لەنێو خێڵی نێرەوزدا دابین نەكردنی كەمترین پێویستییەكانی ڕۆح و جەستەیی پیاو چاوپۆشی لێناكرێت. هەموو یاسا و دەستوورەكانی نووسراو و نەنووسراو داوا لە ژنان دەكەن كە بۆ هەمیشە و تا ماون ئامادە و ساز و چاپووك بن لە وەڵامدانەوەی هەر هەموو حەز و ئارەزووەكانی پیاوان، دەنا بەر نەفرەت دەكەون هەتا گەر دڵسۆز و گوێڕایەڵیش بن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO