سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

میلیشیا و خێڵ

سیستەمە سیاسییەکان، چەند لە مۆدێرنەتەوە نزیک بینەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی دوور دەکەوینەوە، چەندیش لە مۆدێرنەتە دوور بکەونەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی و خێڵگەرایی نزیک دەبینەوە. ئەرکی سەرەکی دەوڵەت، یان هەر یەکەیەکی سیاسی، مۆنۆپۆلکردنی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتە. لە سایەی سیستمەێکی سیاسیی مۆدێرندا. لەوێشدا، هاووڵاتییان ئەرک و مافەکانی خۆیان بە وردودرشتەوە دەزانن و دەوڵەتیش لە بەرامبەردا بە وردەکارییەوە ئەرکییەتی بە شێوەیەکی یەکسان پارێزگاری لە هەموو هاووڵاتییان بکات.

ئەوەی لەم ڕۆژانە گوڵەخانە ڕوودەدات، بۆی هەیە هەموو چرکەساتێك لە هەموو ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕوو بدات. تا ئەو ڕۆژەی هەرێمی کوردستان نەبێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو و ڕێکخراو یەک سەرکردە و یەک بڕیار و خاوەنی دەزگایەکی پیشەیی ئاسایش و پۆلیس، ئەوا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و سەروەریی یاسا هەرگیز بەدەست نایەت.

هۆکارەکەی پشت ڕووداوەکەی گوڵەخانە، هەمان ئەو هۆکارەیە کە لە کۆتایی ١٩٩٣ دا شەڕی نێوان بزووتنەوە و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕوویدا. هەمان ئەو هۆکارەیە کە دواتر زۆری نەبرد شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دروست بوو، کە تا ئەمڕۆ کورد لە باشوور لەناو کاردانەوەکانی ئەو شەڕەدا دەژین. هەمان ئەو هۆکارانەن کە شەڕەکانی دواتر و تیرۆرکردنەکان و تەسفییە ناوخۆییەکانی حیزبەکان بە بەردەوامی ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن. شەڕی گوڵەخانەش زنجیرەیەکە لەو زنجیرانە، شەڕی ناوخۆ، بەشێکە لە قۆناغی سەرەتاییبوونی ئەقڵ، بەمانای ئەوەی هێشتا گرووپە مرۆییەکانی ناو ئەو هەرێمە، نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و خاوەن سەروەریی یاسا. هەر بەو مانایەش، ئەوەی ڕووی داوە و ڕوو دەدات تانەیە لەوەی کە نەتەوەیەک بەمانا سیاسییەکەی لەو هەرێمەدا بوونی هەبێت.

ئێوە بەرێ خۆ بدەنێ، هەموو ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی میلیشیان لە دۆخێکی نائارام و ناسەقامگیردا دەژین. حیزبێک کە زیاتر ڕەهەندی خێڵی هەبێت، مانای چییە لە کۆتایی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەك، خاوەنی چەک و جبەخانە و هێزی چەکدار بێت، بەخۆیشی بڵێت سۆسیال دیموکرات؟ ئەو قسەیە بۆ هەموو حیزبەکانی دیکەش ڕاستە، ناوی زل و دەرگەی وێران و ناوەڕۆک بەتاڵ. ئەمە نموونەیەکی بچووککراوەی ئەو ئەقڵ و مێنتالیتییەیە کە تا ئەمڕۆ لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دا کار دەکات. هەڵبەت کارم بە عێراقەوە نییە، ئەگینا دۆخی عێراق زۆر وێرانتر و دواکەوتووترە، بەڵام جیاوازییەکە تەنها لە پلە دایە نەک لە جۆر.

لە کورتترین پێناسەدا، میلیشیا “هێزێکی ڕێکخراوی چەکدارە لە دەرەوەی یاسادا”. لە باشترین دۆخدا، هێزێکە حکومەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتخواز لەپێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەت لەپاڵ سوپادا دروستیان دەکات، وەک ئەوەی لە عێراق بە زنجیرە بینیومانە، هەر لە حەرەس قەومییەوە بگرە، بە جەیشی شەعبی تێپەڕ بێت، تا دەگاتە حەشدی شەعبی/شیعی.

هیچ دەوڵەتێکی مۆدێرن و خاوەن دامەزراوەی نیشتیمانی، خاوەنی میلیشیا نین. دۆناڵد تڕەمپ، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، ویستی لەڕێی هەوادارانییەوە، وەکو گرووپێکی میلیشیایی دەست بەسەر کۆشکی سپی دا بگرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و خێڵ، بەڵام هەر زوو دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت لێی هاتنە دەست و کۆتاییان پێ هێنا. تا ئەوڕۆش، بەلامەوە سەیرە، کە یاسا ڕێگا بە کەسێکی وەها دەدات ببێتەوە بە پاڵێوراو بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەوڵەتێکی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکان.

سەرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بیانەوێت نەتەوەی کورد لەو سەرگەردانییە بێتە دەرەوە و ببێتە ئەکتەرێکی کارا لە ڕووداوە مەدەنییەکانی مێژوودا، دەبێت لەو دۆخە میلیشیایی و دەستەڵات حیزبییە و پاشاگەردانییە بێنە دەرەوە. حکومەتێکی نیشتیمانی دامەزرێنن کە یاسا سەروەر و دادگا سەربەخۆ و میدیا ئازاد بکات، لەپاڵ ئەمانەشدا، مۆنۆپۆلی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات بکات. ئەوسا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەوڵ بدات وەکو سەنگاپور، لە ڕووی ئابووریی و پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە ببێتە نموونەی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەرێمی کوردستان بە شەڕ ناتوانێت سەقامگیری بۆ هاووڵاتییانی بەدی بهێنێت، چونکە لەلایەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، هەرێمێکە گەمارۆدراوە بە داگیرکەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەغدا، لەڕێی شەرعییەت و یاسا و سوپا و دەیان هەزار چەکداری میلیشیایییەوە، ئەگەر بیەوێت هەمیشە دەتوانێت بەهێزی سەربازی گرەو لە هەولێر بباتەوە، ئەگەر لە دوورمەوداش بێت، بەڵام ئەگەر هەرێم بیەوێت، لەڕێی بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە و ئابوورییەکی نیشتیمانی و بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریی گرەوەکە بباتەوە ئەوە ئەگەری هەیە کە گرەو لە بەغدا و تاران و ئەنقەرەش بباتەوە. کەواتە، پشتبەستن بە هێزی ئەقڵ و ئابووری، دەیان قات گرنگترە لە پشتبەستن بە ئەقڵ و لۆجیکی خێڵ و هێز.

بەڵام بەر لەو هەنگاوانەی سەرەوە، پێویستە حیزبەکان خۆیان بگۆڕن بۆ حیزبی مۆدێرن، لەپێش هەموو شتێکیشەوە داماڵینی تەواوی حیزبەکان لە چەک و هێز و ڕادەستکردنیان، واتە مۆنۆپۆلکردنییان، بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دەرکردنی یاسایەک بۆ حیزبە سیاسییەکان، یەکێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە ئەوە بێت کە حیزب بۆی نەبێت، بە هیچ شێوەیەک، پەیوەندییە دەرەکییەکان ببەستێت، حکومەتی هەرێم مۆنۆپۆلی تەواوی ئەو پەیوەندییانە بکات. بەکورتی چەک و پەیوەندییە دەرەکییەکان لە حیزبە سیاسییەکان قەدەغە بکرێن. ئەوکات، تەنها ئەوکات دەتوانین بڵێین خاوەنی دەستەڵاتێکی نیشتیمانین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO