کەس نازانێت ئێران و تورکیا چەندە لە هەوڵی لەناوبردنی دەوروبەری خۆیانن بۆ فراوان کردنی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان لە وڵاتانی دیکە، جا ئەحوالنەزانی واش هەیە هەر وەکو بەبەغا هەر دەڵێتەوە و دەڵێتەوە: تورکیا تەنیا دژی پە(کە)(کە)یە، دژی کورد نییە”. ئێرانیش هەموو هەوڵەکانی خۆی زۆر لەمێژە خستووەتەگەڕ بۆ بەرجەستەکردنی ئەوەی پێیدەڵێن “هیلالی شیعی”. کوردستان وەکو ناوچەی جوگرافی لە پیلانی ئەو دوو دەوڵەتە بەدەر نییە.
کوردستانی گەورە بەدرێژایی مێژوو و لە چەند سەدەی کۆتایی بەدیاریکراوی چەقی ململانێکان بووە و دەشبێت. هۆکاری سەرەکی دوو خاڵە، نەفت و زەویە بەپیتەکەیەتی کە بەدەیان کانزای دیکەی تێدایە و هێشتا لێیان بێ ئاگاین. بەڵام ئەوان کە سیخوڕەکانیان وەک گەڕیدە دەهەناردە عێراق و کوردستان ئەم دوو خاڵە خاڵی جەوهەریی هاتن و گەڕانیان بووە. لە کتێبەکانیان گوایە ئەم دوو خاڵە باسی سەرەکیی هاتنی ئەوان نەبووە.
لە دوای شەڕی داعش، ڕێک دوای گشتپرسییەکەی کوردستان کە بەشەرمە شەرمە بەشێک دەیانگوت بۆ دەوڵەتە بەشێکی دیکە دەیانگوت نا هەر بۆ پێشنیازی میللەتە تاوەکو بزانین دەوڵەتتان دەوێت یان نا؟ کۆرە دوو چاوی ساغت دەوێت؟ ڕێک ئەوکات، هەردوو دەوڵەتی زلهێزی هەرێمیی و جیران، ئێران و تورکیا، کەوتنە داڕشتنی پلان و بەرنامەی کورتخایەن و دوورمەودا. ئەوان خۆیان دەزانن چی دەکەن، بەڵام کورد هێشتا لە مشتومڕی ئەوەن لە کۆتایی مانگی سێ کەی مووچەی مانگی دوو دێت!
تورکیا بەئاشکرا کار و خزمەتگوزاری لە هەردوو شاری کوردی موسڵ و کەرکووک دەکات، هەر لە ڕاکێشانی هێڵی ئاسن و ملیۆنێک دار چاندن تا دەگاتە نۆژەنکردنەوەی قەیسەری کۆن. ئێرانیش تەواوی دەستەڵاتی حکومەتی عێراقی بەدەستەوەیە و لەوێوە ڕڕۆژبەڕۆژ خەریکی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە.
دیوێکی دیکەی پڕۆژەی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتە، کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت، زۆرکردنی ڕێژەی عەرەبە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو لە چەند ساڵێکی دیکە لیست و ئەندامی پەرلەمان و پۆستی حوکمیان هەبێت، هاوتای غەیرە کوردەکانی دیکەی هەرێم، جا ئەوکات ڕێک سیناریۆی فەلەستین و ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت، ئەو کاتیش دەستەڵاتدارانی ئێستای هەرێم خۆیان لێ دەدزنەوە.
ئەوەی لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە بەردەڕەش بە خۆم و کامیرەکەمەوە بەرەو سەر گردی قەبران بەڕێکەوتم، لەسەر ڕێگا چیم بینی؟ ئەوەی کەس بیری بۆی ناچێت بینیم و وێنەم گرت، کە لەلای ماڵی ساڵح ڕەشگەری شۆڕبوومەوە لەوێوە ئاوەدانی تەواو دەبێت و لە دوورەوە بینیم دوو گرووپ خەریکی نوێژی بەکۆمەڵن. ئەوەی یەکەم ڕێک لەو شوێنەی لە کۆندا کانیی زەلامان بوو، نزیکەی ٢٠ زەلامێک خەریکی نوێژ بوون، بابم یەکێک لەوانە بوو ئەوانە ئاراستەی نوێژیان ڕێک پێچەوانەی قیبلە بوو، واتە پشتیان لە قیبلە کردبوو، ئەوانە کۆمەڵێک جەندرمەی تورک دەوریان دابوون. هەر زوو زانیم ئەوانە بەزۆر بەو شێوەیە نوێژەیان پێ دەکەن. منیش بەدزیەوە کامیرەکەم دەرهێنا و هەندێک وێنەم لێ گرتن، بابم لەسەر نوێژ ئاوڕێکی لە من دایەوە، وەکو لێی تێگەیشتم جەندرمە بەزۆر ڕووی نوێژەکەیانی کردووتە تورکیا!چەند هەنگاوێک ڕۆیشتم بینیم گرووپێکی گەورەتر خەریکی نوێژن، ڕێک لەمۆغەلی گاڕانی بەردەڕەش، کە جاران بەیانیان گاوان لەوێ چێڵەکانی کۆ دەکردەوە و بەرەو کەند دەیبردن. ئەم گرووپە نوێژی بەکۆمەڵیان گەورەتر و بە چەند پاسدارێکی ئێرانی چەک لەدەست دەوردرابوون، ڕووی نوێژخوێنانیش لە ڕۆژئاوا و پشت لە ڕۆژهەڵات بوو. پێش ئەوەی لێیان نزیک ببمەوە هەر بە دزیەوە هەندێک وێنەم لەوانیش گرت و ویستم خێرا بەرەو سەر گردی قەبران بڕۆم، پاسدارێک گوتی “ایست آغا کجا میری؟” واتا، ڕاوەستە بەڕێز، بۆ کوێ دەچی؟ من ئەو سووکە فارسیەی دەزانم، گوتم “میرم قبرستان مادرم انجا هست، برا یەک فاتیحە میرم و الان برمیگردم”، واتا، دەچمە قەبرستان دایکم لەوێیە فاتیحایەک دەخوێنم و دەگەڕێمەوە.
ڕێگەی پێدام منیش خێرا بەسەر گردی قەبران کەوتم پێش ئەوەی بچمە سەر قەبری دایکم لە شوێنێکی بەرز گەڕام، وەک هەموو جاران، بۆ ئەوەی گرتەیەکی پانۆڕامایی گشتی ئەو دوو کۆمەڵە نوێژخوێنانە بگرم. ژوورێک لەسەر قەبری سەید عەلی هەیە، چوومە سەر ژوورەکە و لە پەنای دارێکی هەندێک وێنەی هەردوو کۆمەڵی نوێژ خوێنانم گرت، لەوێ شتێکی دیکەم بینی کە لە خوارەوە نەمبینی بوو، ئەویش ئەوە بوو بینیم شوێنی ئەو دوو کۆمەڵە نوێژخوێنە کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەفتە، هەمووی بۆڕی لوولەی دووکەڵە!
سەرم سوڕما و بیرم کردەوە دەبێ ئەوە چی بێت؟ ئەوەی لێی تێگەیشتم، بن گردی کۆمەڵی یەکەمی نوێژخوێنان کە جەندرمەی تورکی لێ بوو هەر بەڕاستی پێش چەند ساڵێکە ئاشکرا کرا کە بە چەند مەترێکی کەم نەوتی لێ دەردەچێت. سەبارەت بە نوێژخوێندنی کۆمەڵی دووەم، کە بە پاسداران دەورە درابوون، ئاراستەی ڕۆژئاوایان کردبووە قیبلە خوێندنەوەی من بۆ ئەمەش ئەوە بوو کە ئێران حوکمی تەواوەتی عێراق دەکات و هەرێمیش دەبێ عێراق بکاتە قیبلەنمای خۆی.
لەسەر ژوورەکەی سەر قەبری سەید عەلی خۆم فڕێ دایە خوارەوە و لەخەو ڕاچڵەکیم ئەوکات بۆم دەرکەوت ئەوە خەون بووە.
بەڵام چ جۆر خەونێک، هەمووشی نەبێت، بەشێکی ڕاستە.



