سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر گرژییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر

سەردار عەزیز

و. زانا کەریم

هەروەک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەڵێت: لە ئێستادا کوردستان نە لەناو عێراق دایە، نە لە دەرەوەی عێراق. ئەم دۆخە تایبەتە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێناسەی فیدراڵیزمەوە هەیە. بەپێی ماددەی یەکەمی دەستوری ٢٠٠٥، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە، بەڵام حکومەتی ناوەندی و کوردستان تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە بۆ سروشتی سیستەمی فیدراڵی. ئەم تێگەیشتنە جیاوازە بەسەر ئەو بوارانەی تریشدا دەچەسپێت کە بواری کاری پێکەوەیین لەنێوان هەردوو حکومەتدا، بەتایبەتی بواری سامانە سروشتییەکان، وەک لە مادەی ١١٢ ی دەستورەکەدا هاتووە.

فیدراڵیزمی عێراق لە ٢٠٠٢ دا و پێش داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، بە ژانێکی زۆرەوە لە دایک بوو. لە کۆنفرانسی لەندەن لە ٢٠٠٢ دا، “خەباتکارە ئیسلامییە شیعەکان” پێداگرییان کرد لەسەر ئەوەی، ئەو بڕگەیە بخەنە ناو دەستورەوە کە ئیسلام “سەرچاوەی قانون دانانە”. بە گوتەی فالح جەبار، کاتێک گفتوگۆی گەرم لەسەر ماددەیەکی دەستور بۆ ناساندن یان نە ناساندنی ئیسلام وەک سەرچاوەی قانون دانان هاتە ئارا، لە بەرانبەر دانپێدانانی تەواو بە “فیدرالیزم”، کە داواکارییەکی جەوهەریی کورد بوو، کورد پشتگیری لە بەئیسلامیکردنی دەستوری داهاتوو کرد، بەرانبەر بە دانپێدانانی تەواوەتی لایەنە شیعییەکان بە فیدراڵیزم.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە جەختکردنەوە لەسەر “حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵیدا” هەڵوێستی خۆی لەسەر پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی. ئەم بۆچوونە ئەوە دەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەک حکومەتێکی هەرێمیی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵیدا کار بکات. ئەم هەڵوێستە دڵنیایی دەداتە کورد کە دەتوانێت لە چوارچێوەی عێراق دا کاریگەر بێت، ئەمەش دژی بە ناوەندییکردنی دەوڵەتی عێراقە. هەروەها ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا هەم نایەوێت کوردەکان لە عێراق دا قووتبدرێن و هەم ناشییەوێت کوردەکان هەوڵی جیابوونەوە لە عێراق بدەن.

ئەم سیاسەتە ئەوە دەگەیەنێت کەوا ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی کوردەوە کاریگەری لەسەر عێراق دروست بکات، چونکە تادێت دەنگی دوژمنایەتیکردنی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا بڵندتر دەبێت. لە ٢٠٢٠ و ڕاستەوخۆ دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە داوای لە حکومەت کرد هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە دەربکات. لێرەوە، ئەمریکا پێویستی بە هاوپەیمان و هاوبەش هەیە لە عێراق دا، لەپێناو دروستکردنی کاریگەری و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

هیچ شتێک وەک ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧  لە هەرێمی کوردستان، نموونەی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بەباشی بەرجەستە ناکات. لە ٢٠٠٣ ەوە ڕیفراندۆم، لانی کەم بە ناو، گەورەترین ئاڵەنگاریی بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق و پەیوەندی ئەمریکا-کورد لە عێراق دا دروست کردووە، بە درێژایی ماوەی پێش ڕیفراندۆم، بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاشکرا ئامۆژگاری کوردەکانیان دەکرد کە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن، بەڵام لایەنی کوردی گوێی بەو ئامۆژگارییانە نەدا.

لە کاتێکدا کوردەکان چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ئەمریکا دەکرد، ئەگەر حکومەتی ناوەندی عێراق هێرشی کردە سەریان بە هانایانەوە بێت، کەچی ئەمریکا نیگەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق بوو. جەیمس جێفری، ڕیفراندۆمەکە بە شکستێکی گەورە ناودەبات، چونکە “ڕیفراندۆم ئارگیومێنتەکەمان [ئاڕگومێنتی ئەمریکا]، ئەو ئاڕگومێنتەی کەوا تەنها ئەمریکا دەتوانێت یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت، پوچەڵ دەکاتەوە”. دوابەدوای ڕیفراندۆم، حکومەتی ئەمریکا وازی لە بەکارهێنانی کورتکراوەی (KRG) بۆ ئاماژەکردن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێنا و دەستی کرد بە بەکارهێنانی کورتکراوەی (KRI) کە کورتکراوەی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئەم کورتکراوەیەی دووهەم (KRI) زیاتر جەختی لەسەر عێراقە، پێچەوانەی کورتکراوەی یەکەم (KRG) کە زیاتر جەختی لەسەر کوردستانە.

بە گوتەی مۆرگان کاپلان، ناکۆکییەکانی دوای ڕیفراندۆم دەریخست کە “توانای ئەمریکا بۆ نێوەندگیری و خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەمیشە بژاردەیەکی سیاسی (political choice) بووە لە واشنتۆن و هەرواش دەمێنێتەوە”. ئامادەگیی فیعلی و ڕەمزییانەی ئەمریکا یارمەتیدەرە بۆ بەرپەرچدانەوەی پەنابردنە بەر توندوتیژی لە نێوان هەردوولادا. ئەمریکا بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک ڕێگەچارەی زاڵ بوون بەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیاندا دادەنێت.

پاڵپشتی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئاسایشییە فیدراڵییەکاندا

بە گوتەی کۆلۆنێل ویلیام دەیڤس، کە ڕاوێژکارێکی بەرگری بەریتانیایی بووە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە ٢٠١٩ دا، لە ٢٠١٦ ەوە پێواژۆیەکی سەراپاگیری چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا دەستیپێکردووە. دەیڤس چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە بەرنامەیەکی چاکسازی بەرگری پێناسە دەکات، کە بنیاتنانی توانای سەربازی و دامەزراوەیی لەخۆدەگرێت، لە بەستێنێکی چاکسازی لە کەرتی ئاسایشیدا (SSR). ئەم بەرنامەیە لە سێ پێکهاتەی سەرەکی پێکدێت: پەرەپێدانی توانای سەربازی؛ بەرنامەڕێژیی دامەزراوەی بەرگری؛ هەروەها چاکسازی لە کەرتی ئاسایشیدا. 

بەرنامەکە بە داواکارییەک لەپێناو هاوکاریکردنی هەوڵەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم دا دەستیپێکرد، کە لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، پێشکەش بە بەریتانیا کرا. دوابەدوای ئەو داواکارییە، بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا لە نزیکەوە و پێکەوە کاریان کرد. دواتریش وڵاتانی دیکە، لەوانە فینلەندا و هۆڵەندا چوونە پاڵیان. ئامانجی چاکسازییەکان ئەوەیە کە هێزێکی بەرپرسیارتر، گونجاوتر، هەروەها بەتواناتر بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دروست بکات.

لە ڕووی دارایی و ڕاهێنان و ئامێرەوە، ئەمریکا زۆرترین بڕی هاوکاری دابینکردووە. واشنتۆن مانگانە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک مووچە دەدات بە “لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە، ئەو لیوایانەی پاسەوانی هەرێم کە یەکیانگرتووەتەوە و پشکنراون و لەژێر فەرمانی حیزبەکاندا نین و لە ژێر چاودێری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دان”. باوەڕوایە کە ئەو یارمەتییە داراییە “بۆ ئەرکی شکستپێهێنانی داعش لە عێراق دا گرنگ بێت”.

ئامانجی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، یەکخستن و مۆدێرنیزەکردنی پێشمەرگەیە. ئەم پێواژۆ درێژخایەنە، سەلماندویەتی کە زیاترە لەوەی زنجیرەیەک هەنگاوی تەکنیکی یان کارگێڕی بێت. پێش هەموو شتێک پێواژۆیەکی سیاسییە. ئومێدی یەکخستن و بێلایەنکردنی پێشمەرگە، لەگەڵ زیادبوونی بارگرژی و دووبەرەکی  نێوان هەردوو حیزبی سەرەکی فەرمانڕەوا، کە خاوەنی گرووپی چەکداری تایبەتن، کاڵ دەبێتەوە.

ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەن بە هاوبەشێکی کاریگەر و سەقامگیر، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە مۆدێرنیزە بکەن. پێشمەرگە ببێت بە سوپایەک بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، سوپایەک کە بتوانێت چەکی مۆدێرن بەکاربهێنێت و لە کاتی قەیرانەکاندا پەیوەندی خێرا لەگەڵ ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکاندا دروست بکات و هەرێمیش فەرماندەییەکی ناوەندی (Central Command) هەبێت. ئەمانە ئامانجە سەرەکییەکانن، هەروەها ئەو ئامانجانەن کە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەنە هاوبەشێکی گرنگ.

بە هۆی گرژیی نێوان حیزبە فەرمانڕەواکانەوە، چاکسازییەکانی ناو هێزە چەکدارەکان “زۆر بە هێواشی” دەڕواتە پێش. دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن گرنگی ئەم گرژییانە کەم بکەنەوە و ئاماژە بەوە دەدەن کەوا، سەرەڕای کێشەکان چاکسازی وەک “کاری لەپێشینە” دەمێنێتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەوە شاراوە نییە کە ناکۆکی نێوان دوو لایەنە کوردییەکە، ئەمریکا بێئومێد دەکات و هەوڵەکانی چاکسازی ڕاستەقینە پەکدەخات.

پاڵپشتی ئەمریکا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەدەر لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمریکا هەوڵی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیدا دەدات. ئەمەش لەگەڵ جەختکردنەوەی سەراپاگیری ئەمریکا لەسەر ئەولەویەتدان بە هاوکارییە ئابوورییەکان، لەنێویشیاندا وزە و گۆڕانی کەشوهەوا، تەبادەێتەوە. کەرتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، وەک کەرتەکانی دیکە لە پاراستنی هاوبەشیی نێوان ئەمریکا-هەرێمی کوردستان دا گرنگن. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمریکا بە پلەی یەکەم سێرەی سەرنجی لەسەر هەولێر،  بنیاتنانەوەی زیندانی چاکسازی و بەشداریکردن لە دروستکردنی ڕێگایەکی سەرەکی کەمەربەند  بەچواردەوری هەولێر دا، هەروەها وێستگەکانی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و پاکژکردنەوەی ئاو گرتووەتەوە. ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانی ئەمریکاش هاوکاریی مۆدێرنکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی کەرتەکانی حوکمڕانی دەکەن.

سەرباری بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە پەرەپێدانی هاوبەشییەکە، ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریکایی نێودەوڵەتی (USAID) و ڕێکخراوی پاڵپشتی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی (NED) و ڕێکخراوەکانی دیکەوە، یارمەتی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی مەدەنیشی لە هەرێمی کوردستان کردووە. بە هۆی ئەو یارمەتییانەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی لە عێراق وەک هێزێکی زیندوو سەری هەڵداوە. “لە کۆی حەوت هەزار ڕێکخراوی ناحکومی لە عێراق دا، نزیکەی سێ هەزاریان خۆیان وەک ڕێکخراوی ناحکومی کوردی دەناسێنن”.

هەرچۆنێک بێت، وەک مێژوو پیشانیداوە، ڕوون نییە کە ئایا کۆمەڵگەی مەدەنی  وەکو پێویست سەربەخۆ و خاوەن عەقڵی دیموکراسییە کە بتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی سیاسی کوردستان لە عێراق. هەروەک لە حاڵەتەکانی دیکەدا دەرکەوتووە، ئەم ڕێکخراوە ناحکومیانەی کە لە دەرەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، سەرنجیان زیاتر لەسەر ڕازیکردنی دابینکەری پارەکەیە (کە لایەنێکی دەرەکییە) بەجۆرێک کە پێکهاتە خۆجێییەکان (Local Constituencies) دەبنە بابەتێکی لاوەکی یان ناپەیوەندیدار.

لەم ساڵانەی دواییدا، کەرتی وزە خاوەن لە پێشینەیی سەرەکی بووە. ئەمریکا بە شێوازی جۆراوجۆر دەستوەردانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دا کردووە لەپێناو دەستەبەرکردنی داهاتی سەقامگیر بۆ هەرێم، لەوانە: پارەتەرخانکردنی ڕاستەوخۆ، کارکردن وەک ناوبژیوانێک لەگەڵ بەغدا، هەروەها فشارخستنە سەر دوو لایەنە سەرەکییە کوردییەکە بۆ یەکهەڵوێستی، هەموو ئەمانە پێویستن بۆ هەبوونی هەر سیاسەتێکی وزەی واتادار. لەبەرئەوەی غازەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەو ناوچانەدایە کە یەکێتیی باڵادەستە تێیدا، هەر هەوڵێک بۆ بەبازاڕکردنی، پێویستی بە یەکڕیزی سیاسی دەبێت. هەرێمی کوردستان ساڵانە ١٠-١٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی داهاتی لە هەناردەکردنی نەوت دەست دەکەوت، تا چەند مانێگێک پێش ئێستا. ئەمەریکا هەوڵی زیاتر پەرەپێدانی کەرتی غاز دەدات، کە ئەگەری هەیە ٢-٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی داهاتی هەبێت لە ساڵێکدا.

ئامانجی ئەم هەوڵانە، دابینکردنی داهاتی گونجاو و  جێگیرە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەبێ داهاتێکی جێگیر، حکومەتی هەرێم بە لاوازی و فشەڵی دەمێنێتەوە، نەبوونی داهاتێکی جێگیر پشتبەستنی حکومەتی هەرێم بە ئەمریکا و پشتبەستنی بە پشکی خۆی لە بوودجەی حکومەتی ناوەندی زیاتر دەکات. قەیرانە ئابوورییەکان ڕێگری لە ئامانجەکانی هاوبەشییەکە دەکەن، چونکە حکومەتی هەرێم ناتوانێت بکەرێکی کاریگەر بێت. ئابووری حکومەتی هەرێم بەهۆی چەندین بەربەستی گەورەی، وەک قۆرخکردنی کەرتە ئابوورییە سەرەکییەکان لەلایەن دەستەبژێری سیاسیی و حیزبە سیاسییەکانەوە، سەرمایەداریی بەرخۆریی (rentier capitalism)، نەبوونی بازاڕی ئازاد، و نەبوونی حوکمی قانوون بۆ دەستەبەرکردنی متمانە، ئاستەنگیی لەبەردەمدا دروست بووە.

کاریگەریی تورکیا و ئێران و سووریا

تورکیا هێزێکی هەرێمییە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، تورکیا بەشێک بووە لە هەموو ڕێککەوتنێکی ئاشتی نێوان هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێم، هەریەکەیان بە داواکاریی خۆیانەوە، بە شێوەیەکی سەرەکیش شەڕکردن لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و لاواز یان بێلایەن هێشتنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمریکا هەمیشە ڕێگەی بە تورکەکان دەدا کە بەشداری لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیدا بکەن و مەرجەکانیان بسەپێنن.

ئەم ڕەوشە تا یەکی ئازاری ٢٠٠٣ بەردەوام بوو، کاتێک پەرلەمانی تورکیا بڕیارێکی دەرکرد و ڕێگەی نەدا سەربازانی ئەمریکایی و بەریتانیایی خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنن بۆ چوونە ناو عێراق. بڕیارەکە بووە هۆی پچڕانێکی کاتییانەی کاریگەرییەکانی تورکیا. ڕەنگە ئەم بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا یەکلاکەرەوەترین ڕووداو بێت، کە بەبێ  ئەوەی ئامانجی بووبێت، بەشداری کردووە لە هاوبەشی نێوان ئەمریکا-حکومەتی هەرێم. بڕیارەکە بەشێوازی جۆراوجۆر کوردی کردە پێویستییەک کە لەماوەی شەڕەکەدا توانای دەستلێبەرداربوونی نەبوو. کاریگەریی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا، پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکای گۆڕی. 

بە گوتەی حوسێن ئەلیک، وەزیری پێشووتری پەروەردە و ڕۆشنبیری لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) دەڵێت بڕیارەکە بەڕوونی کاریگەریی لەسەر هەموو لایەنەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دروستکرد. لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دراوسێی وەرچەرخاوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن بەخت و ڕێکەوت ڕۆڵێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێم دا دەگێڕن. ئەمڕۆ، ئامانجی تورکیا بۆ بوون بە هێزێکی سەربەخۆی هەرێمیی بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر پەیوەندی کورد-ئەمریکا دادەنێت. لە کاتێکدا تورکیا سوودی لە دەرکەوتنی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی حکومەتی هەرێم وەرگرتووە و یارمەتی داوە، کەچی پەیوەندییەکی ناڕوون لەگەڵ هەرێمدا درێژەپێدەدات، پەیوەندییەک کە لە نێوان ڕەتکردنەوە و قبوڵکردندا جۆلانێ دەکات.

ئێران هەمیشە هەم بەشێکی شاراوە بووە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا-کوردستان و هەم بەشێکی ئاشکرا. ئێران و ئەمریکا بکەری هەرێمیی و بان-هەرێمیین، کە توانای ئەنجامدانی چالاکی سەربازی و توانای پێکهێنانی هاوپەیمانی سیاسی-ئاسایشییی هەرێمییان هەیە. هەردوو وڵات لەپێناو هاوسەنگبوونیان لەهەمبەر یەکدی دا، لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆرەوە گلاون. بە هۆکاری جیۆپۆڵەتیکی و مێژوویی و سیاسی لەناو هەرێمی کوردستان لە عێراق دا. لە ئێستادا ئێران لە یەکێتیی نزیکترە وەک لە پارتی. ئێران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و کوردستان دا، دەڕواتە ئەودیو کەناڵە دەوڵەتی و فەرمییەکانیش. مۆدێلێکی تۆڕاسا بۆ پەیوەندیگرتن بەکاردەبات و هیچ گرووپێکی عێراقی ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئێران دا نەبێت. ئەم ستراتیجە ئاڵۆزە وای کردووە، لە عێراق دا ئێران لە ئەمریکاییەکان بەهێزتر بێت.

ئێران دژایەتی پەیوەندی ئەمەریکا-حکومەتی هەرێم دەکات و بە شێوازی جۆراوجۆریش ئەمەی نیشان داوە. کاتێک بارزانی هیوای ئەوەی خواست کە “ڕێککەوتنی ئێران و سعودیە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ئێران لە زمانی ترساندن و هەڕەشە دوور بکەوێتەوە و ڕێگەچارەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە لەخۆبگرێت و بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش کێشەکان چارەسەر بکرێن”، ئەوە ڕێک ئاماژەیە بۆ ئەم ڕاستینەیە. عێراقێکی سەقامگیر و دواجار بەهێز، وەک زلهێزێکی ناوچەیی وا تەماشا دەکرێت کە توانای هاوسەنگکردنی هێزی ئێرانی هەبێت، ڕۆڵێک کە عێراق پێشتر بینیویەتی؛ ئێران بە توندی دژایەتی ئەم ئەگەرە دەکات. ئهم سیاسەته ڕاستەوخۆ پەیوەستە به پەیوەندی ئێران-حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی ئەمریکاوه.

ئەمریکا و کوردەکانی دیکە

بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعش لە سووریا ڕەوشێکی هێنایە ئارا کە ئەمریکا، بەبێ جێدارێکی ڕوون و ئاشکرا، هاوپەیمانییەکی بێ مەبەستانە یاخود هاوپەمانییەکی بەڕێکەوتی (unintentional alliance) لەگەڵ کوردەکانی سووریادا پێکهێنا. ئەمریکا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. کاتێک برێت مەکگۆرک لە جەنیوەری ٢٠١٦، وەک سەرۆکی هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش گەیشتە ئەو وڵاتە، سێرەی سەرنجی خۆی فراوانکرد، تاکو عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاش بگرێتەوە. مەکگۆرک گەشتەکەی خۆی لە میدیای کۆمەڵایەتی و لە چاپەمەنییە ئەمریکایی و نێودەوڵەتییەکاندا دۆکیۆمێنت کردووە. پەیامەکە ڕوون بوو: ئەمریکاییەکان ئێستا لەگەڵ کوردەکان دا پێکەوە کار دەکەن.

ئەم ڕاستینە نوێیە ئەمریکای ناچارکرد، بە تایبەتیش وەزارەتی بەرگری، کە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە کڕۆکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتە (هەسەدە) قبوڵ بکەن و ئاسایی بێت بەلایانەوە. تا ئەم شوێنە، پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی بنەڕەتیی لەسەر بەشداریکردنیان لە شەڕی دژی داعش دا وەستاوە. بەرپرسانی ئەمەریکا بە “مەزڵوم عەبدی”یان گوتووە: “ئەمریکا لێرەیە بۆ شەڕکردن دژی داعش”. ئەگەر تۆ شەڕ لەگەڵ [داعش] نەکەیت، خەڵک دەپرسن بۆچی ئێمە هێشتا لێرەین. سەرەڕای ئەم هاوپەیمانییە لەگەڵ کوردەکانی سوریا، ئەمریکا بەردەوامە لە دژایەتیکردنی پەکەکە لە کوردستانی عێراق و لە شوێنەکانی دیکەش. ئەمریکا لە نزیکەوە هاریکاری لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و تورکیا دەکات، بۆ باشترکردنی ئاسایشی هاوبەشەکانی.

ئەنجامگیرییەکان

پەیوەندی ئەمریکایی-کوردیی لە دووڕێیانێک دایە. بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی دەستەبژێری فەرمانڕەوای کورد دا، تەبا نایەتەوە، ئەمەش خۆی لەو پشتیوانی و هەوڵانەدا دەنوێنێت کە هێشتا ئەنجامی بەدەستەوە نەداوە. بۆیە هیچ پێشڤەچوونێک بەرەو هاوبەشییەکی سەقامگیر و کاریگەر ڕووینەداوە. لە کاتێکدا ئەمریکا بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە، بەدوای هاوبەشێکی بەهێزی ناوخۆییدا دەگەڕێت لە عێراق دا، کەچی دەسەڵاتدارە کوردەکان بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی ئەم خواستەی ئەمریکا هەنگاو دەنێن. ئەمریکا چاکسازی لە پایە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێم و یەکخستنەوە و مۆدێرنیزەکردنی هێزە چەکدارەکانی، لە پێشینەی کارەکانی خۆیدا داناوە. سەرەڕای هەوڵەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا “زۆر خاو و لەسەرخۆیە”، تەنانەت بە پێوەرە فەرمییەکانیش.

هێزی چەکداری دابەشبوو، پشتی پێنابەسترێت؛ چونکە ڕێکخستنی ئەم جۆرە گرووپە لە کاتی قەیراندا، کات و کۆششی دەوێت. سوپایەکی یەکگرتوو، حکومەتی هەرێم بەهێز دەکات، ئەوەی ئەمریکا پێی وایە پێویستە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاکو لە عێراق دا ڕۆڵێک وازی بکات. لە لایەکی دیکەوە هێزی چەکداری دابەشبوو، هەرێمەکە بە دابەشکراوی دەهێڵێتەوە و دەیکاتە ئامانجێکی ئاسان بۆ ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ. ئەم دۆخە ئاڵەنگاری ئامانجی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات. پێگە و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەرێمەکە لەبری ئەوەی گشتگیرتر بێت، لە دەستی چەند تاکەکەس و خێزانێکدا چڕ بووەتەوە.

جەمسەرگیریی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ڕەگ و ڕیشەی لە شەڕی براکوژیدا هەیە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەک هەر کاریگەریی لەسەر پێگەی هێزە چەکدارەکان هەیە بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووری و داهاتی هەرێمەکەش هەیە. داهاتی هەرێمی کوردستان، وەک زۆر شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بە سامانە سروشتییەکان دەبەستێت. غاز بووەتە بوارێکی نوێی پەرەپێدان. هەرچۆنێک بێت، وەک چۆن هەرێم دابەشبووە، سامانە سروشتییەکانیشی، لەوانە غاز، دابەشبووە. زۆربەی غازی سروشتی لەو ناوچانەدایە کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی دایە. یەکێتیی لە ئێستادا هەموو پەرەپێدانێکی لەم بوارەدا ڕاگرتووە، سەرۆکی یەکێتیی گوتی: “دەبێت بەسەر لاشەی مندا غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت”.

بوارەکانی دیکەی گەشەسەندن، وەک بەدامەزراوەییکردن و لامەرکەزیی، لە پاشەکشێدان. هەرێمی کوردستان خەریکە لە لێواری بە نا-دیموکراسیبوون نزیک دەبێتەوە. وادیارە هەردوولا (ئەمریکا و هەرێمی کوردستان) دەستبەرداری هەر هەوڵێکی جددی لەپێناو بەهێزکردنی هاوبەشییەکەدا بووبن؛ بۆیە ئێستا وا دەرەکەوێت، پێداگرییەکە لەپێناو پاراستنی هاوبەشییەکەدا بێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە.

شکستی پەیوەندی ئەمریکا-هەرێمی کوردستان، دوا هەوڵی ئەمریکا لەپێناو نەتەوەسازیی لە ناوچەکەدا دەنوێنێت. ئەمەش کاریگەریی بەرفراوانتری دەبێت و زۆرترینی کاریگەرییەکەشی لەسەر باکووری سووریا دەبێت. هەر بۆشاییەکی دەسەڵات (هێز)، ئارەزووی دەوڵەتە سەرەکییەکانی ناوچەکە بۆ دەستێوەردانی زیاتر دەوروژێنێت. جا ئەم دەستێوەردانە، چ بۆ نفوزێکی زیاتر بێت، یان بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئاسایشییەکان بێت.

گریمان کوردەکان لە سەردەمی سیستەمی تاک جەمسەریدا دەرفەتی نەتەوەسازیی و بەدامەزراوەییکردنیان لە کیسدا، لە بارێکی وادا و بە نەمانی سیستەمی لیبراڵ یان دەرکەوتنی سیستەمێکی فرە-جەمسەر، ڕەنگە پشتگیریی و پشتیوانییەکی کەمتر بدۆزنەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: “دیدگای پەکین، ئێمە لەو بەها گەردوونییانە دوور دەخاتەوە، کە لە ماوەی حەفتا و پێنج ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆری پێشکەوتنەکانی جیهانیان سەرپێ خستووە”.

سەرچاوەکان

  1. Informal conversation with Barham Salih, former Iraqi president, in Sulaymaniyah, March 6, 2023.
  2. Nijdar S. Khalid, 2021. The State of the Institutions of Economic Freedom in the Kurdistan Region of Iraq James Gwartney, Robert Lawson, Joshua Hall, and Ryan Murphy, Economic Freedom of the World: 2021 Annual Report (Fraser Institute), pp. 211–236.
  3. Michael Knights Wladimir van Wilgenburg. 2021. Accidental Allies: The US–Syrian Democratic Forces Partnership Against the Islamic State I.B. Tauris.
  4. Michael Knights, Wladimir van Wilgenburg 2021. Accidental Allies: The US–Syrian Democratic Forces Partnership Against the Islamic State. I.B. Tauris.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO