بەهێ بارام
ڕۆمان لە زمانی کوردی دا لە وشەی ڕۆمان (roman) ی فەرەنسییەوە وەرگیراوە. لە فەرهەنگی زمانی عەرەبی-فەرەنسی شدا ڕۆمان بە مانای چیرۆک یان حیکایەت دێت. ئەگەرچی ڕیشە مێژووییەکانی بۆ نەریتی سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بەڵام سەرەتای بەکارهێنانی ڕۆمان بەم مانایە لە سەدەی هەژدە و یەکەم بەکارهێنانی لە لایەن “جەیمس بۆزویل”ی فەرەنسییەوە بووە.
لە ڕووی پێناسەوە ڕۆمان بریتییە لە کۆمەڵێک ڕووداو و بەسەرهات کە گوزارشت لە زەین و تێگەیشتنی نووسەر دەکات. زۆر جار بەسەرهاتەکان ڕاستین و تێکەڵ بە خەیاڵ دەکرێن، هەندێک جاریش کۆمەڵە بەسەرهاتێکی خەیاڵییە، یاخود گەیاندنی چەند ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤ و کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەیە کە نووسەر بە شێوەیەکی ورد و درێژ باسی دەکات و بەزمانێکی نووسینی جیاواز پەیامەکەی دەگەیەنێت. ڕۆمان بەشێوەیەکی دوورودرێژ و وردتر لە چیرۆک باس لە ڕووداوەکان دەکات،ئەمەش وای کردووە ڕۆمان جیاواز بێ لە چیرۆک و کورتە بەسەرهات …
لە ڕووی مێژوویییەوە، هەرچەندە ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی دی ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی. یەکەم ڕۆمان کە بەشێوەی پەخشان نووسرا بێت بریتییە لە ڕۆمانی “کەری زێڕین” لە نووسینی نووسەر و فەیلەسووفی ئەمازیغی لۆکیوس ئەپۆلیوس (١٢٥-١٨٠)، لە نیوەی دووەمی سەدەی دووەمی زانینیدا نووسراوە. ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە ڕۆمانی دیکەش پێش ئەو مێژووە نووسراوە بەڵام نەگەیشتووەتە دەست خوێنەران یاخود بە ناتەواوی گەیشتووەتە دەست خوێنەران و چەند بەشێکیان لێ فەوتاوە. بۆیە ڕۆمانی کەری زێڕین بە یەکەم ڕۆمان دادەنرێت کە دەقەکەی هیچی لێ نەفەوتا بێت و گەیشتبێتە دەستمان .
لە بارەی کورد و ڕۆمانەوە، عەرەب شامیلۆڤ (١٨٩٧–١٩٨٧) یەکەمین ڕۆمانی کوردی بە زاراوەی کورمانجی سەرو بە ناوی “شوانی کورمانج” یان “شوانی باکووری” لە ١٩٣٥ لە ئیرەوانی ئەرمینیا بڵاو کردۆتەوە. دواتر لە باشووری کوردستان هەلی باشتر هاتە ئاراوە بۆ نووسینی کوردی بە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان. ئیبراهیم ئەحمەد لە ١٩٥٦ ڕۆمانی “ژانی گەل”ی نووسی، بەڵام بەهۆی ڕەوشی سیاسی و حکومەتە سەرکوتکەرە یەک لە دوای یەکەکانی “عێراق”ەوە، تا دوای بەیانی ١١ ئاداری ١٩٧٠ هەلی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کوردی، بە تایبەت ئەو نووسینانەی گوزارشتیان لە پرسی نەتەوەیی دەکرد بواری بڵاوکردنەوەیان نەبوو. بۆیە ڕۆمانی “ژانی گەل”یش تا ١٩٧٢ بڵاونەکرایەوە. هەرچەندە ئیبراهیم ئەحمەد بەشێک لە ڕۆمانەکەی لە ڕۆژنامەی ڕزگاری لە سلێمانی بڵاو کردەوە و بۆ ڕزگار بوون لە سانسۆر و پێشگیری، پێشکەشی کرد بە شەڕڤانانی جەزائیری کە ئەو کاتە دژی داگیرکەری فەرەنسی دەجەنگان.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە ڕەوشێکی نوێ هاتە ئاراوە بۆ ڕۆمانی کوردی سەرەتا هەڵمەتێکی وەرگێڕان دەستی پێ کرد، ڕۆمانەکانی یەشار کەمال و عەزیز نەسین و مەکسیم گۆرگی و چەندانی دیکە بە زمانی کوردی بڵاوکرانەوە، ئیدی خوێنەری ڕۆمانی کوردی فراوانبوو. بۆیە دەکرێت حەفتاکان و هەشتاکان بە سەرەتای سەرهەڵدان و گەشە کردنی ڕۆمانی کوردی دابنێین کە دواتر لە نەوەدەکان و سەرەتای هەزارەی سێیەم سەدان ڕۆمانی کوردی بڵاوبوونەوە.
ڕۆمان بە بەراورد بە هەموو جۆرەکانی دیکەی نووسین، سوود و بایەخێکی زۆری هەیە، کە گوزارشت لە ئاستێکی بەرزی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و هزری دەکات. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
یەکەم، ڕۆمان گوزارشت لە واقیعی ئەو سەردەمە دەکات کە ڕۆمانەکەی تێدا نووسراوە. نووسەر لەڕێگەی ڕۆمانەوە بە شێوەیەکی دوور و درێژ باس لە لایەنێک یاخود ڕووداوێکی واقیعی کۆمەڵگاکەی دەکات، وەکو شۆڕش و نەخۆشی و برسییەتی یاخود نەبوونی و جیاوازی چینایەتی کە لەو سەردەمەدا تێیدا ژیاوە چۆن بووە. لەم ڕووەوە دەکرێت ڕۆمان وەک سەرچاوەیەکی زانیاری مێژوویی وڵاتان سوودی لێ وەربگیردرێت. بۆ نموونە، ڕۆمانی “حەمەدۆک” کە لە نووسینی “یەشار کەمال”ـە، باس لە ژیانی لادێ دەکات کە لەو سەردەمە ئاغاکان چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکی گوندەکان کردوە و چۆن دەستیان بەسەر زەوی گوندەکاندا گرتوە و کردویانە بە موڵکی خۆیان. هەروەها ڕۆمانی “بەفر” لە نووسینی مینا حەننا کە باس لە شۆڕش دەکات.
دووەم، باسکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەو سەردەمەی کە ڕۆمانەکەی تێدا نووسراوە، ئاشناکردنی خوێنەرە بە کلتور و دابونەریتی ئەو شوێنەی کە نووسەر باسی لێوە دەکات بە شێوازێکی ئەدەبی و ڕوونکردنەوەی ئەو کێشە و گیروگرفتانەی کە لەو سەردەمە ڕوویان داوە. ئەوەی ناوەڕۆکی بەشێکی زۆر لە ڕۆمانی کوردی داگیرکردوە، گێڕانەوەی کێشەگەلی پەنابەرییەتییە؛ ڕەخنە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانە؛ یان عەشق و هەستەکانی مرۆڤ و نیشاندانی فەزای تەمگرتووی ژیانی مرۆڤەکانە. شێرزاد هەینی لە ڕۆمانی “سووتانی بەفر” و ئەنوەر محەممەد لە ڕۆمانی “سەگدۆست” باس لە کێشەگەلی پەنابەران دەکەن. شێرزاد حەسەن لە ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم”، ڕووبەڕووی باوکسالاری دەبێتەوە. شێرزاد بە میتۆدی دەروونشیکاری فرۆیدی تاوتۆی خەسارەکانی ئەم کێشەیە دەکات. فەتاح ئەمیری لە دوو ڕۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا” بەکەڵکوەرگرتن لە زاراوەی ناوچەیی ژیانی خەڵکی لادێ لە کێڵگە و مەزارەکان هەڵسوکەوت و ڕەفتاریان باس دەکات .
سێیەم، لە ڕووی تواناسازی زمانەوانییەوە، خوێندنەوەی ڕۆمان دەبێتە هۆی گەشەسەندنی زمان کە بە شێوەیەکی ئەدەبی و زانستی نووسراوە. خوێندنەوەی ڕۆمان ئاشنات دەکات بە کۆمەڵە وشە و ڕستەی جیاواز و شێوازی دەربڕینی وشەکان کاتێک کە ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە فێر دەبیت کە کەسێکی قسە پاراو بیت. دەتوانرێت ڕۆمان وەک ڕاهێنانێک سەیر بکرێت بۆ قسەکردن و زمان پاراوی و فێربوونی دەربڕینی وشەکان و ڕستەکان .
چوارەم، کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان دەبنە نموونە و پێشەنگ بۆ کەسانی کۆمەڵگا، واتە دەتوانین بڵێین کە ڕۆمان لەڕێگەی نووسین و باسکردنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکان دەتوانرێت کاریگەری لەسەر گەنج و هەرزەکاران دروست بکات و وایان لێ بکات گۆڕانێک لە بیر و هۆش و ڕەفتاریان ڕوو بدات. هەتا زۆر جار خوێنەر ناوی کارەکتەری ڕۆمانی دڵخوازی خۆی لە منداڵەکەی ناوە .
پێنجەم، لە ڕووی سیاسییەوە گوزارشت لە داواکاری کۆمەڵگا دەکات، وەک چەوسانەوەی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە یاخود پێشێلکردنی مافی کەسانی هەژار و جیاوازی کردن لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. دەکرێت نووسەر ڕۆمان بکاتە سەرچاوەیەک بۆ باسکردنی مێژووی کورد و باسکردنی بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگا، نەک باسکردنی کۆمەڵە بەسەرهاتێکی دابڕاو (ئەبستراکت) و دوور لە ڕاستیی کۆمەڵگا .
شەشەم، دەکرێت نووسەر لە ڕێگای ڕۆمانەوە باسی بابەتێکی زانستی بکات کە ڕێگاخۆشکەر و سەرەتایەک بێت بۆ خوێنەر بۆ سەرەتای چوونە ناو بابەتێکی زانستیی، ئەمەش سوودێکی گرنگە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە تازە دەبنە خوێنەر و دەیانەوێت شارەزایی لە بابەتێکی زانستیی پەیدا بکەن. بۆ نموونە، ڕۆمانی “جیهانی سۆفیا” لە نووسینی یوستاین گاردەر، کە بە شێوەی ڕۆمان باسی فەلسەفە و سەرەتای دەرکەوتنی فەلسەفە و کەسایەتییە دیارەکانی فەلسەفە و چۆنیەتی پەیدابوونی فەلسەفە دەخاتە ڕوو. دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانی باسی دەروونی مرۆڤ دەکات بە ئەندازەی دەروونزانێک جەخت لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکاتەوە لەو بارودۆخ و شوێنەی کە کارەکتەرەکان ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.
حەفتەم، ڕۆمان سەرچاوەیەکە بۆ ناسینی کەسایەتییەکی دیاری مێژوو، واتە نووسەر لە ڕێگای ڕۆمانەوە و بە داڕشتنێکی ئەدەبیانە و چێژبەخش باسی کەسایەتییەک دەکات کە کاریزما بووە و سەرکردە و جێپەنجەی دیار بووە لە مێژووی کۆمەڵگاکەیدا، یان بە پێچەوانەوە دەکرێت باسی ستەمکارێکی ناو مێژوو بکات. بۆ نموونە، “ئاهەنگی تەگەکە”، باسی ترۆخیۆی دەکات، تروخیۆ دیکتاتۆرێکی توندی وڵاتی دۆمەنیکان بووە. ئەمە بۆ کەسایەتییە ئایینییەکانیش هەر ڕاستە، بۆ نموونە، ئەدهەم شەرقاوی ژیاننامەی دووەمین خەلیفەی موسڵمانانی لە ڕۆمانی “ئەو دەمەی گەیشتم بە عومەر” باس دەکات .
بە کورتی، ڕۆمان خزمەتێکی گەورە بە کۆمەڵگا دەکات، خۆزگە لە کوردستان ئاهەنگی خەڵاتی ڕۆماننووسان و فیستیڤاڵی خوێندنەوەی ڕۆمان و پێشبڕکێی خوێنەران و ڕۆژێک بۆ ڕۆمان و ئاسانکاری بۆ چاپکردنی ڕۆمان و ناوەندی تویژینەوە لە ڕۆمان دەبوو.


