ئازاد عەلی ساڵح
گرنگ نییە دەوڵەتێک، هەرێمێک یان وڵاتێک ژێرخانە ئابوورییەکەی چەندێک بەهێزە و چی هەیە لە سەرمایە مادییەکانی وەک سەرچاوە دەگمەنەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی لە نموونەی: سەرچاوە نەوتی و گازییەکان؛ سەرچاوە دەگمەنەکانی زێڕ و ئەڵماس و کانزا بەنرخەکان؛ سەرچاوە ئاوی و کشتوکاڵی و سروشتی و گەشتوگوزارییەکان؛ چەندێک دەوڵەمەندە و چی هەیە لە سەرچاوە دارایییەکان و ماڵ و موڵکی گوازراوە و نەگوازراوە؛ یان چەندێک بیتکۆین و زێڕ و پارە و دراوی نەختینەی لەناو دۆڵابی بانکەکاندا کۆگا کردووە؟
بەدڵنیایییەوە ئەو سەرچاوانەی من لە سەرەوە ئاماژەم پێ داون هەر هەموویان زۆر بنەڕەتی و پێویستن بۆ پەرەپێدان و بۆ باشتر خزمەتکردنی خەڵک و بۆ گەشەپێدانی ژیانی تاک و بۆ ژیانسازی و نیشتمانسازی و بۆ پێشکەوتن و بۆ پاراستنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بۆ مانەوە بە بەهێزی و بۆ خۆپارێزی و بەرگری لەخۆکردن لە بەرامبەر نەیاراندا. بەڵام لە بەرامبەردا، ئەگەر وڵاتێک و دەوڵەتێک و حکومەتێک هەژار و لاواز و خەم سارد بێت لە بواری گەشەپێدانی هێز و توانست و ئینتیمای “سەرچاوە مرۆیییەکانی” ناو سنووری قەڵەمڕەوییەکەی؛ کێشەی گەورەی هەبێت لە پەرەپێدانی فەلسەفە و بنەما سەرەکییەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێنانی ئەو سەرچاوە مرۆییانە؛ هاوکات، کێشەی قووڵی هەبێت لە دروستکردنی ئەقڵی گەورە و پەرەپێدانی هۆشیاری و هۆشمەندی و زیرەکی و کارامەیی و ئینتیما و دەستپاکی و دڵسۆزی مرۆڤەکان؛ یان کێشەی گەورەی هەبێت لە دابینکردنی سەرچاوەکانی زانین و زانیاری و زانست و ئەکادیمیا؛ کەمتەرخەمیش بێت لە دروستکردن و کۆمەککردنی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەند و دامودەزگاکانی بواری توێژینەوەی ئەکادیمی و ستراتیجی و زانستی و فەلسەفی و ڕۆحی و کلتوری و سیاسی و گەردوونناسی و ئەستێرەناسی و مێژوویییە هەمەجۆرەکان؛ ئەوە بەدڵنیایییەوە ئەو وڵات و هەرێم و دەوڵەتە ڕۆژێک دادێت دادەتەپێت و مایەپووچ دەبێت. ئەوەی هەیەتی لە سەرچاوە مادییەکان لە دەستی دەدات و دەکەوێتە سەر ساجی عەلی چونکە سەرخان یان هێزی سەرچاوە مرۆییەکان لەو ئاستەدا نەبوون تا بتوانن ژێرخان یان سەرچاوە و سەرمایە مادییەکانی وڵاتەکە بپارێزن و لە بەرامبەر پەلامار و مەترسییە ناوەکی و دەرەکییەکاندا بە تۆکمەیی بوەستنەوە.
هەر وەک چۆن لەشکرێک و سوپایەک، ڕێکخراوێک، تیمێکی وەرزشی، کارگەیەک، کۆمپانیایەک یان هەر دامودەزگایەکی بیزنس و کارسازی بەرنامە هەمەجۆرەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێنان و تواناسازی و زانستی بەڕێوەبردن و هونەری ڕێبەرایەتیکردن بۆ ئەندام و کارمەندەکانی پێشکەش دەکات و وەبەرهێنان لە تواناسازیی سەرچاوە مرۆیییەکانی خۆیدا دەکات تا ئەوان باشتر و پیشەیییانەتر فێر ببن و بزانن چی دەکەن و چۆن دەیکەن. هاوکات تاوەکو توانست و هێز و وزەی دەروونی و ئەقڵی و سۆزی و ڕۆحی و جەستەیییەکانی کارمەندەکانیان گەشە پێ بدەن، ئەویش بەو مەبەستەی ئامانجە گشتگیر و ستراتیجییەکانی خۆیان لە کاتی خۆیدا بەدەست بهێنن و هەمیشەش بە سەرکەوتوویی و پێشەنگیی و بە بەهێزی بمێننەوە. ئەوە هەر حکومەتێک یان هەر دەوڵەتێک بە هەمان شێوە دەبێت لە ڕووی مادی و دارایییەوە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان و بژێوی خەڵک دابین بکات و دواتریش وەبەرهێنانی باش لە “سەرچاوە مرۆیییەکانی” خۆیدا بکات.
هاوکات لە بواری دروستکردنی مرۆڤی ئاقڵ و دانا و زانا و بە ئاگا و هۆشمەند و بیرمەند و بوێر و ئازاد و داهێنەر و کارا و دڵسۆز و بەپەرۆش کەمتەرخەمی نەکات و بڕێکی باش لە سەرمایە و سەرچاوە مادییەکانی بخاتە خزمەتی گەشەپێدانی ژیان و هێزی سەرچاوە مرۆیییەکانی نیشتەجێبوویی ناو ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی کە حکومەتە حوکمی دەکات!