هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی، بەشێکە لەو تەکان و هەوڵانەی کە هەمیشە بەرهەمدار دەبن. تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هەمیشە لاپەڕەی تاریکن بە نێوچاوانی ئەنجامدەرانید، بۆیە، هێما و مۆنەمێنت و یادگەکان بەشێکی گرنگن لەو هەوڵانەی کە نابێت پشتگوێ بخرێن بۆ بیرنەچوونەوە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان. تاوانەکانی دژ بە خەڵكی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێراق، فرەڕەهەندن، هەم شەرمەزاریی و لاپەڕەیەکی تاریکە لە مێژووی ئەو وڵاتە، هەم پێویستە سنوورێک بۆ ئەو ئەقڵییەت و زهنەتییە دابنێت کە خۆسەپێن و تاوانکارە دژ بە خەڵکی غەیرە-عەرەب و سڕینەوەی هەموو ئەو ئاسەوارانەی کە پێی وایە ئەم وڵاتە بەتەنها هی عەرەبە و دەبێت هەر بە ناسنامەی عەرەبیش بمێنێتەوە، ئەوە چش لەوەی کە پێویستە عەرەبی عێراق لەوە تێبگەن ئیدی نەتەوەی کورد بەشێک نییە لەو وڵاتە، ئەگەر بەئارەزووی خۆی بڕیار نەدات وەکوو بەشێک لەو وڵاتە بمێنێتەوە.
هەر بەو ئاڕاستەیە، پێویستە لە بەغدا مۆنەمێنتێکی شکۆدار، شکۆدارتر و گرنگتر لەو مۆنەمێنتەی قوربانییە جووەکانی ئەوروپا، کە لەخوارەوە باسم کردووە لە بەغدای پێتەختی عێراق دروست بکرێت، ئەگەر بڕیار بێت کورد هاوبەشێکی ڕاستەقینەیە لەو وڵاتە. تاوانەکانی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی عێراق، کە زنجیرەیەکن، بەتایبەتیش بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەگەڵ سەرهەڵدانی حەرەس قەومییەکان بەعس و دەستی پێکرد. هەر زوو یاخەی کوردە-فەیلییەکانییان گرت و هەوڵیاندا لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریان بێنن و لەکۆتاییدا جینۆساید کران. دوایی هەڵمەتی ڕاگواستن و تەقاندنەوە و سیاسەتی سووتماک دژ بە تەواوی ڕەهەندی گوندەواری کوردستان دەستی پێکرد و بەهەزاران گوند و ئاوەدانی تەقێندرانەوە و خەڵکەکەی ڕاگوێزرا بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە کەمتر ترسناکتر نەبوون لەو گێتۆیانەی کە جووەکانییان تێدا کۆکرانەوە. ئینجا جینۆسایدی بارزانییەکان، دواتریش هەڵمەتە بەرفراوانەکەی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەڵمەتی کیمیابارانی دەیان گوند و دۆڵ و شارۆچکەی کوردستان، کە هەڵەبجە سیمبۆڵەکەیەتی.
لەو پێودانگەشەوە، دەبوایە، هەر زوو مۆنەمێنتێک لە بەغدا دروست بکرێت و ببێت بە شاهیدی ئەو تاوانانەی کە بڕیاری جێبەجێکردنەکەیان لەو پێتەختەدا دەرچوون. گەواهیدانێک بێت بۆ هەموو ئەو خەڵکەی هێشتا لەوە تێناگەن کە بەغدا بەکۆڵێک قەرزەوە شەرمەزار و قەرزداری خەڵكی کوردستانە، لەوانەش داوای بوردن و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و ڕزگاربووان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. هەڵبەت ئەوەش حاشا هەڵنەگرە کە سیاسییەکانی کوردستان کەمتەرخەم بوون و لە ئاستی بەرپرسیارییەتی ئەو دۆخە خەمناکە نەبوون کە لاپەڕەیەکی تاریکی مێژووی عێراقی عەرەبییە، بەرامبەر بە کوردستانیان.
لە ئەڵمانیا، لە سەردەمی نازییەکاندا، تاوانی هۆلۆکۆست دژ بە جووەکان ئەنجام درا. دوای وەستانی جەنگ و ناسینی تاوانی هۆلۆکۆست، ئەڵمانەکان لەوە تێگەیشتن کە تاوانێکی گەورەیان ئەنجام داوە، هەر سەرەتا بە دادگای نۆرمبێرگ بۆ دادگاییکردنی سەرکردەی نازییەکان دەستی پێکرد، دوایی داوای بوردن لە جووەکان کرا، ئینجا پڕۆسەی قەرەبوو کردنەوە. دوای ئەوەش یەکێک لە کارە هەر گرنگەکان دروستکردنی مۆنەمێنتێک بوو لە ئەڵمانیا.
یادگەی قوربانییە جووەکانی ئەوروپا، کە بە یادگەی (هۆلۆکۆست) ناسراوە، دەکەوێتە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا، وەک ڕێزلێنانێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ شەش ملیۆن جووی قوربانی هۆلۆکۆست. یادگەکە، لەلایەن تەلارساز پیتەر ئایزنمانەوە دیزاین کراوە و لە ٢٠٠٥ ـەوە بە ڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە و لە ٢٧١١ تەختەی کۆنکرێتی پێکهاتووە، کە بەرزییەکەی جیاوازە و لە سەرانسەری شوێنێکی ٤٠٧ دۆنمدا ڕێکخراوە کە دەکاتە ١٩٠٠٠ مەتر چوارگۆشە. کەشێکی هاوشێوەی هەزار بە هەزاری دروستکردووە کە هانی گەشتیاران دەدات بیر لە قەبارە و کاریگەرییەکانی هۆلۆکۆست بکەنەوە.
چیڕۆکی یادگەکە، دەگەڕێتەوە بۆ مشتومڕێکی دوور و درێژ، داخۆ یادگەیەکی لەو جۆرە لە ئەڵمانیا پێویستە یان نا، کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکرد. ئەویش کاتێک کۆمەڵەیەکی بچووک لە هاووڵاتییانی ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی ڕۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی لیا ڕۆش و مێژووناس ئیبەرهارد جاکل بۆ یەکەمجار دەستیان کرد بە فشار دروستکردن لەسەر دەوڵەتی ئەڵمانیا، بۆ ڕێزگرتن لەو شەش ملیۆن جووەی کە لە هۆلۆکۆست دا بوون بە قوربانی و کوژران. زۆری نەخایاند ڕۆش وەک هێزی بزوێنەری پشت یادگەکە دەرکەوت. لە ١٩٨٩ گرووپێکی دامەزراند بۆ پشتگیریکردنی دروستکردن و کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانی. بۆندێستاگ (پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمان)، بڕیارنامەیەکی لە بەرژەوەندی پڕۆژە پێشنیازکراوەکە پەسەند کرد، کە لە ٢٥ ی حوزەیرانی ١٩٩٩ بۆندستاگ بڕیاریدا ئەو یادگەیە دروست بکرێت، کە لەلایەن پیتەر ئایزنمانەوە دیزاین کراوە. لە ئەنجامدا دامەزراوەیەکی فیدڕاڵی بەناوی “دامەزراوەی مۆنەمێنتی کوژراوانی جووەکان لە ئەوروپا” بڕیاری دا کارەکە ئەنجام بدات.
یادگاکە، لە ڕێگای دیزاینە توند و قووڵ و سەرسامکەرەکەیەوە، وەک هێمایەکی بەهێزی بیرئانین و ماتەمینی و تێڕامانەوە کار دەکات. لەکاتێکدا گەشتیاران بەناو پێچەڵانی تەختە کۆنکرێتییەکاندا دەڕۆن، ڕووبەڕووی هەستکردن بە سەرلێشێواوی و گۆشەگیری دەبنەوە، کە ئاوێنەیەکی ئەزموونەکانی قوربانیانی هۆلۆکۆستە. دیزاینی یادگەکە لە هەوایەکی کراوەدا بانگهێشتی تاکەکان دەکات لەسەر ئاستی کەسی و سۆزداریدا پەیوەندی لەگەڵ شوێنەکەدا بگرن، ئەمەش خۆڕاگری و هاوسۆزی بۆ قوربانییانییەکان بەهێز دەکات.
جگە لەوەش، یادگەی جووە کوژراوەکانی ئەوروپا، وەک شوێنێکی پەروەردە و یادکردنەوە کار دەکات، دەرفەتێکیش بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت دەربارەی مێژووی هۆلۆکۆست و کاریگەرییە قووڵەکانی لەسەر کۆمەڵگەی ئەوروپا بزانن، سەنتەری زانیاری ژێرزەمینیی تەنیشت یەکتر لەڕێگەی پێشانگە و وێنە و گەواهیدانی ڕزگاربووانەوە کۆنتێکستی زیاتر دەخاتە ڕوو، ئەمەش تێگەیشتنی گەشتیاران لەسەر هۆلۆکۆست و گرنگییە بەردەوامەکەی زیاتر قووڵتر دەکاتەوە.
بەکورتی، مۆنەمێنتەکە، یادگەیەکی بەردەوامیی ڕێزلێنانە بۆ ئەو باجە گەورەیەی کە مرۆڤایەتی بەخشی دژ بە ڕق و کینە و خۆپەرستی و هەڵنەکردن لەگەڵ یەکدی. شوێنێکە بۆ تێفکرینی تاکەکان لەسەرتاسەری جیهان، ڕێز لە یادەوەری قوربانییانی هۆلۆکۆست دەگرێت و پابەندبوونی مرۆڤایەتیی دووپات دەکاتەوە کە هەرگیز ئەو دڕندەییە دووبارە نەبێتەوە و لەبیریش نەچێت، لەڕێگای هێما و ئەو پێگە بەهێزەی کە دروست کراوە. بۆیە، ئیلهامبەخشە بۆ گەشتیاران و ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکترین لاپەڕەی مێژوو و هەوڵدان بۆ داهاتوویەکی پڕ لە هەڵکردن و لێتێگەیشتن و ئاشتەوایی.
داخۆ کەس هەیە لە کوردستان ئەو ئەرکە مێژووییە بخاتە کۆڵی خۆی؟
								

