سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەیوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان: کۆشش لەپێناو هاوبەشیدا

سەردار عەزیز

و. زانا کەریم

بەشی یەکەم  

لەگەڵ ئەوەشدا کە دیپلۆماسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە و جێی متمانە نییە و ملکەچە بۆ چەقبوستوویی حیزبی، کەچی کوردەکانی عێراق بەردەوام بایەخێکی بەرچاویان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێدەدرێت. ئەمریکا سەرقاڵی بنیادنانی کونسوڵخانەیەکە لە هەولێر بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکایە لە جیهاندا. زۆر کەس ئەم هەنگاوە وەک پابەندبوونێکی ڕوون و ڕاشکاوی ئەمریکا لەپێناو دابینکردنی ئاسایش بۆ کوردەکان دەبینن. وێڕای ئەمەش، پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیییەکی ڕیزپەڕ و نائاساییە لە نێوان زلهێزێک و بکەرێکی نادەوڵەتیدا. پەیوەندییەکە نوقمی ئاڵۆزیی و هەڵە تێگەیشتن و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانە. بۆچوونی جیاواز و ناکۆک بەیەک لەبارەی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکاوە لە ئارادان، هەندێک ڕەشبینانە و لە میانی داڕشتنەوەی گوتەزاکەی بێنجامین فرانکلینەوە کە دەڵێت “هیچ شتێک لەم جیهانەدا شوێنی دڵنیایی نییە، مردن و باج و ناپاکی ئەمریکا نەبێت لە کورد” لە پەیوەندییەکە دەڕوانن و چێوەبەندی دەکەن. هەندێک گەشبینترن، پەیوەندییەکە وەک گواستنەوەیەک لە پەیوەندییەکی دیفاکتۆوە بۆ پەیوەندییەکی دامەزراوەیی یان بەدامەزراوەییکراو وەسف دەکەن، بەتایبەتیش لە دوای ٢٠٠٥ ـەوە تا ئێستا. 

ئەم دوو بۆچوونە، بەرەنجامی بەرژەوەندی چڕی بەرە نەیارەکانن لە پەیوەندییەکەدا. زیادەڕۆییەکی بەرچاو لە بۆچوونی هەردوو بەرەکەدا هەیە، چونکە ڕاستییەکە دەکەوێتە شوێنێک کە تا ڕادەیەک ناوەڕاستی هەردوو بۆچوونەکەیە. لە ٢٠٠٥ ـەوە، پەیوەندییەکە دەتوانرێت وەک هەوڵێکی سەرنەکەوتوو لەپێناو هاوبەشیدا هەژمار بکرێت. وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، کەچی پەیوەندی ئەمریکا- کوردستان نەبووەتە هاوبەشییەکی سەقامگیر و دامەزراوەیی.

داواکاری ئەمریکا بۆ چاکسازی، لەگەڵ بەرژەوەندی تایبەتی دەسەڵاتدارە خۆجێییەکانی هەرێمی کوردستان دا بەریەک دەکەوێت. ئەم پەڕەباسە ئەوە ئاشکرا دەکات کەوا دەسەڵاتدارانی کورد نەیانتوانی لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکەدا چاکسازی لە خۆیاندا بکەن. لەگەڵ گۆڕانی پەیکەری هێزی جیهانی و دەرکەوتنی پرسی تر لە ئاسۆوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە ڕەنگە ئەمەی دووەمیان، واتە دەرکەوتنی پرسی نوێ بۆ ئەمریکا، کەشێک بڕەخسێنێت هاندەر نەبێت بۆ درێژەدان بە هاوبەشییەکە، یان هاوبەشییەکە بگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی تایبەت (ad hoc)، کاتیی، کورتخایەن. پاشهاتەکانی نوشوست یان کۆتاییهاتنی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی کوردستانی عێراق دا قەتیس نامێنێتەوە.

بۆچی پەیوەندییەکە گرنگە؟

 پەیوەندی ئەمریکا-کوردستان گرنگە لەبەر چەند هۆکارێک، لەنێویاندا:

  • لەبەر ئەوەی پەیوەندی ئەمریکا-کوردستان هەمیشە لەگەڵ پرسە ناوچەییەکان و تاڕادەیەکی کەمتریش لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەکاندا تێهەڵکێش بووە، سروشتی پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێزی هەرێمیی دەبێت. کوردستانی عێراق تاکە جێگایە لە عێراق دا کە ئەمریکا بتوانێت ئازادانە تێیدا هەڵسوڕێت. ئەم سەقامگیرییە حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووەتە دەروازەی سەرەکیش بۆ ناوچە کوردییەکان، لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا (ڕۆژاڤای کوردستان). بەم پێیە، وەرچەرخان لە پەیوەندیی ئەمریکا-حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر عێراق، پەیوەندی ئەمریکا-سوریا، و ئامادەگیی ئەمریکا لە شام (Levant) دا دەبێت.ئەگەر کوردستان وەک سەقامگیرترین ناوچەی عێراق دابنرێت، کە زۆرێک لە عێراقییەکان تێیدا نیشتەجێن و لە پشووەکاندا سەردانی دەکەن، ئەوا هەر گۆڕانکارییەکی سەرەکیی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا-کوردستان دا کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر عێراق و شکستخواردووتری دەکات.
  • پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئایندەی سیستەمی سیاسی عێراق دادەنێت. پرسی چاکسازی دەستوریی لە عێراق دا، ناوە ناوە دەکەوێتە ڕۆژەڤەوە و لە ئێستاشدا باس لە نزیکبوونەوەی وادەی هەموارکردنی دەستوور دەکرێت. سروشتی پەیوەندی ئەمریکا-کوردستان کاریگەری لەسەر سروشتی چاکسازی دەستوریی و سیستەمی سیاسی عێراق دادەنێت، لەنێو ئەوانەشدا پرسی فیدراڵیزم، حکومەتی  پەرلەمانی، لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕۆڵی ئایین.

 بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی فشاری ناوخۆیی و هەرێمییەوە لاواز دەبێت. ئەمەش ئیشتیهای هێزە هەرێمییەکان بۆ فراوانکردنی ئامادەگیی خۆیان و پارچە پارچەکردنی زیاتری هەرێمەکە دەکاتەوە، هەروەها سەردەکێشێت بۆ سەرەولێژبوونەوەی ئازادی سیاسی، بەها دیموکراسییەکان،  بنەماکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی عێراق دا. ئەوەی ئەمریکا لە کوردستان پەیوەست بە بواری سەربازی و ئابووری و حوکمڕانی و بووارەکانی دی هەوڵی ئەنجامدانی دەدات، بە نەتەوەسازی دادەنرێت.  بە گوتەی نوح فێڵدمان،(١) ئامانج لێی دروستکردنی نەتەوەیەکە، کەوا بتوانێت و بیەوێت هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات لە بەڕێوەبردن و هاوسەنگکردنی ماتە قەیرانەکان (potential crises)ی ناوچەکەدا. ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ئەم پێواژۆیە دەبێتەوە، هەروەها ئەگەری شکستهێنانی پێواژۆکە، بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە پێواژۆی  نەتەوەسازیدەهێنێت، کە ئەمریکا لە دوای جەنگی ساردەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەڕێی خستووە. هەروەها ئەمە شکستی دیموکراسی لیبڕاڵیش لە ناوچەکەدا دەنوێنێت.لە ڕووی هاوکاری ئاسایشیی و بنیاتنانی سەربازییەوە (بکەرە دەرەکییەکان یاخود لایەنە دەرەکییەکان ڕاهێنان بە هێزە ئاسایشییەکان دەکەن و تەیاریان دەکەن لە خاکی وڵاتێکی دیکەدا)، چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا مۆدێلێکە لە چوارچێوەی دیاردەیەکی گەورەتردا، کە هەوڵدەدات نەزمێک (ڕێکییەک)ی ئاشنا و مانایەکی لۆجیکی دروست بکات و بەهۆیەوە بتوانرێت سیاسەتەکان جێبەجێ بکرێت، پەیوەندییەکان پێکبهێنرێت و جیۆپۆلەتیکی گەورەتر گەڵاڵە بکرێت.(٢) بنبەستی ئەمە، کاریگەریی لەسەر پارادایمی “بنیاتنانی سەربازیی” ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.

 پێش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە

پەیوەندی   ئەمریکایی-کوردی لە چوارچێوەی عێراق و لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتری ناوچەییدا ڕوودەدات، بۆیە ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی عێراق هەمیشە پێویستن بۆ پەیوەندییەکە. پەیوەندی   ئەمریکایی-عێراقی دوای کودەتاکەی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ تێکچوو. واشنتۆن “ترسا پێشهاتی خراپتر ڕووبدات، ئەویش  کۆتاییپێهێنانی تەواوەتی نفوزی ڕۆژئاوا بوو لە  خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا”. ئەم ڕاستیینە نوێیە پاشخانی پەیوەندیی    ئەمەیکایی-کوردیی شێوەبەند کرد. کۆبوونەوەیەک کە لە ڕێککەوتی ٢٣ ی تەمموزی ١٩٧٣ و لە واشنتۆنی پایتەخت ئەنجامدرا، یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی   ئەمریکایی-کوردیی لە سەردەمی جەنگی سارد دا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کیسینجەر دەڵێت: “دەمانەوێت کورد هەر بەشی ئەوەندە هێزی هەبێت، کە ببێتە برینێکی کراوە لە عێراق دا”. ئەم پەیوەندییە تاکو ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ بەردەوام بوو. ڕێککەوتننامەی جەزائیر بووە ساتێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسی کوردی دا. ڕێککەوتننامەکە جوڵانەوەی کوردی کۆتاییپێهێنا، جیهانبینی دەستەبژێری کوردی شێوەبەندکرد و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بە چەند بەشێکەوە. هەروەها ئەم قۆناغە سەرەتای سەرکردایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە لایەن مەسعود بارزانییەوە. بروس ڕیدل، توێژەر لە پەیمانگای بروکینگز، کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەگەڵ کوردەکان کاری کردووە، دەڵێت: “ئەزموونی ١٩٧٥مەسعود بارزانی تووشی تراومایەکی گەورە کردبوو”. لە دوای کارەساتی ١٩٧٥ ـەوە جارێکی دیکە بارزانی متمانەی بە ئەمریکاییەکان نەکردەوە.

 شەڕی کەنداو و پاشهاتەکانی شەڕەکە، کاریگەری لەسەر پەیوەندی   ئەمریکایی-کوردیی هەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێگەی بە هەوڵی فریاگوزاری مرۆیی بۆ کوردەکانی عێراق دا. پاشان ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی حەوانەوە هاتە ئارا. سەرباری پاراستنی ئاسمانی، ئەمریکا بەردەوام نێوەندگیری لە شەڕی براکوژی کوردیشدا دەکرد، تاکو بوو بە نێوەندگیری ڕێککەوتنی واشنتۆن لە ١٩٩٨، ئەمە تا داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ دا بەردەوام بوو. ئەم ڕابردووە پڕ لە ڕووداوە، تاکو ئەمڕۆ بە چەندین شێوازی جیاواز، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکە هەبووە.

هاوپەیمانێتی دوای ٢٠٠٣

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیشتوونەتە ئەو بەرەنجامەی کە ئەو ئاڵەنگارییانەی بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە (وەک تیرۆریزم، شکستخواردنی دەوڵەتەکان) پێناچێت بەم زووانە چارەسەر بکرێن. شەڕ لە ئۆکرانیا و هەڵکشانی چین، دنەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەدات تاکو هەوڵەکانیان لەپێناو بەڕێوەبردنی پرسەکانی  خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی هاوپەیمانە هەرێمیی و خۆجێییەکانیانەوە، زیاتر چڕ بکەنەوە. سیاسەتمەدارانی کورد ئاگایان لە گۆڕانکاریی ئەولەویەتەکانی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ چین و ئۆکرانیا هەیە، بەڵام دەڵێن: “ئەوە بەو واتایە نایەت کە ئەمریکا شتەکان بە بێبایەخ وەردەگرێت” لە عێراق و  خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. تەواوی ناوچەکە لە کورتخایەندا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە و لە قەیران بەدوور نابێت. کوردەکانی عێراقیش ئاگایان لەم ڕاستییە هەیە و وەک نیشانەی پێویستی ئەمریکا پێیان، تەنانەت ئەگەر دژایەتی چاکسازییەکانیش بکەن، دەیخوێننەوە.

لە کاتی قەیرانەکاندا، هەبوونی هاوبەشێکی خۆجێیی لەسەر زەوی بۆ پەیوەندیکردن و هەماهەنگی، کاریگەرترین ڕێگایە بەلای ئەمریکاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان، ئەمە واقیعی مامەڵەکردنە لەگەڵ کوردەکان. سەرباری ئەم هۆکارانە، دژایەتی ناوخۆیی لە ئەمریکا بەرانبەر بە شەڕ، ئارەزووی دوورکەوتنەوە لە بوونی سەرباز لەسەر زەوی،(٣) بارگرانکردنی زیاد لە پێویستی ئەمریکا و لە هەمووش گرنگتر، دەرکەوتنی هێزی دیکە و سەرهەڵدانی قەیرانی دیکە، هەموویان بەشدارن لە دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی   ئەمریکا-کوردستانی عێراق.

هەروەها ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوبەشییەک لەگەڵ کوردانی عێراق پێکبهێنێت، ئەویش بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانی مرۆیی و تێچووی دارایی، لە هەمانکاتدا، پاراستنی پەیوەندییەکانی و ئامادەگی خۆشی لە ناوچەکەدا، وەک چۆن لە ئێستادا لە ڕێگەی “هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش”ەوە ئەنجام دەدرێت. بونیادنانی هاوبەشیی یەکێکە لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی هەرێمایەتی ئەمریکا. ستیڤ بیتنەر ، لە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەڵێت: ئەمریکا “پابەندە” بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لەپێناو پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هاوبەشییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا. بە وتەی بیتنەر،   رەوشی سەربازییانەی ئەمریکا پەرەدەگرێت بۆ ئەوەی سێرە لەسەر بەرگردی (الردع)، بەهێزکردنی توانای هاوبەشەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و دەستەبەرکردنی بازرگانی ئازاد بگرێت.هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق هاریکارییەکی بێوێنەیە لە نێوان زلهێزێک و بکەرێکی خواردەوڵەتدا (sub-state actor). ئەم هاوبەشییە بەهۆی مێژوو هەروەها ئاستی بەشداریکردن و ئاستی هاریکاریی هاوبەشییەکەوە جێگەی سەرنجە. پەیوەندی  ئەمریکا-هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەمبەر ئەم پاشخانەدا خەریکە شێوە دەگرێت. هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە (ئامانجی هاوبەشایەتیی)، پێویستە چەندین پێکهاتە و دامەزراوە پەرەپێبدات و چاکسازیی بەرچاو لە حوکمڕانیدا جێبەجێ بکات. چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا، لامەرکەزی بەبێ لێکترازان، هەروەها فراوانکردنی کەرتی وزە دوور لە چاودێری و دەسەڵاتی ناوەند، ئەو کەرتە سەرەکیانەن کە نوێنەرایەتی سوپا و ئابووری (غاز) و حکومەت دەکەن.ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو چاکسازیانە ئەنجام نەدات، ئەوە دەبێتە بارگرانییەک بۆ ئەمەریکا، چونکە ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی هەرێم کاریگەری لەسەر دراوسێکان و ناوچەکەش هەبێت. هاوبەشیی هەم لایەنی نەرمی هەیە و هەم لایەنی ڕەق. ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاریی و بەشێوەیەکی ئینتیقائی مامەڵە لەگەڵ لایەنە بەهاییەکانی هاوبەشییەکە (لایەنی نەرمی پەیوەندییەکە) دا دەکەن. ئەمەش لە کۆتاییدا، وەک بیلال وەهاب،(٤) ناتان ڤاگنەر و هاوڕێکانیان لە پەیمانگای واشنتۆن گوزارشتی لێدەکەن، زیان بە هەموو توخمەکانی دیکەی هاوبەشییەکە دەگەیەنێت.

بەرپرسانی ئەمریکایی، بە مەبەستی پاراستنی ئەم هاوبەشییە و فشارکردن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوبەشییەکە لەگەڵ چەندین ئاڵەنگاریدا ڕووبەڕووە. ئەمریکا پێیوایە ئەم ئاڵەنگارییانە توانای هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ گێڕانی ڕۆڵی هاوبەشێتیی لاواز دەکات. ئاڵەنگارییەکان خۆیان لە یەکنەبوونی ناوماڵی کورد، پێگەی قانوونی هێزە چەکدارەکان، سروشتی پەیوەندی لەگەڵ ناوەند (بەغدا) و سیاسەتە ئابوورییەکاندا، دەبیننەوە. ئەم پرسانە لە خوارەوە بە دوورودرێژیی باس دەکرێن.

  پێویستبوون بە چاکسازی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا

لە ١٩٩٢ەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک دوولایەن، بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان مۆنۆپۆڵکردووە. ئەمەش هەمیشە هاوپەیمانییەکی ئاڵۆز بووە، بیرۆکەی بنەڕەتی ئەوە بووە کە هەردوولا پەیوەندییەکانیان لە ڕێگەی حوکمڕانی هاوبەشەوە، لە   دۆخێکی دوای شەڕی ناوخۆدا جێگیر بکەن و بە دامەزراوەیی بکەن. پاشماوەی برینەکانی شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی نێوان جەلالیی، کە ئاماژە بوو بۆ لایەنگرانی جەلال تاڵەبانی و مەلایی، کە ئاماژە بوو بۆ لایەنگرانی مەلا مستەفا بارزانی، بوو بە دوو درزی گەورە و بە دیموکراسیکردنیش هێندەی دی دەمی درزەکانی فراوانتر کرد.بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان، بە چاودێری ئەمریکا، گفتوگۆکانی ئاشتی لەنێوان یەکێتیی و پارتی دا بەردەوام بوو، بۆ ئەوەی فشاریان لێ بکات سەرنجیان زیاتر لەسەر حوکمڕانی بێت، نەک جیاوازییە حزبییەکان. ناکۆکی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتیی، ڕەگێکی قووڵی لە شەڕی براکوژی کورد دا هەیە،(٥) شەڕێک کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکرد و لە ساڵانی نەوەدەکانیشدا بەردەوام بوو. ئەم شەڕە، بە پێچەوانەی شەڕە ناوخۆییەکانی دیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بە مۆدێرنیزەکردنەوە نەبوو، بەڵکو شەڕی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان و شەڕی نوێنەرایەتی بوو.بەهۆی چەند گۆڕانکارییەکەوە لەناوخۆی هەر دوو حیزبەکەدا، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی گەورەتر بووە. دیارترینی ئەو گۆڕانکارییانە چوونەدواوە، یاخود نەمانی سەرکردە کۆنەکان (مردنی جەلال تاڵەبانی) و جێگرتنەوەیانە لەلایەن سەرکردە لاواز و بێ ئەزموونەکانەوە؛ هەروەها وەرچەرخانێکی بەرچاو لە پەیکەری هەردوو حیزبەکەدا ڕوویداوە و لە حیزبی مەکتەب سیاسییەوە گۆڕاون بۆ حیزبی بنەماڵەیی. نەوەی نوێی سەرکردەکانی هەردوو حزب، شێلگیرانە کار بۆ سەلماندنی خۆیان دەکەن، لەڕێگەی ئینکارکردنی یەکدیەوە. دابەشبوونی ناوماڵی کورد، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکان هەیە. کوردانی دابەشبوو کەمتر کاریگەرن لە ناوچەکەدا؛ ئەوان وزەی ئەمریکا لەو ناوچانەدا بە خەرج دەدەن کە لە چەقی ئەرکەکانی ئەمریکادا نییە. لە سەرووی هەمووشیەوە، دابەشبوونەکە بوار بۆ هێزە دەرەکییەکانی، وەک ئێران و تورکیا و ئەجێنداکانیان دەڕەخسێنێت. بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لەو دابەشبوونە، دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا خۆیان لە گەشتکردن بۆ سلێمانی، کە قەڵای یەکێتییە، دەبوێرن و لە جیاتی ئەوە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی، بە مەبەستی کۆبوونەوە، بانگ دەکەن بۆ هەولێر. کاتێک برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ   خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەردانی ناوچەکەی کرد، لە هەولێر لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی کۆبووەوە. لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ـەوە، یەکێتیی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، بە هۆکاری شەخسی یان بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە، هیچ چانسێک نییە بۆ گەڕانەوەی یەکێتیی بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت، پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر. گرنگی پرسە کەسییەکان و پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن، بەیەکەوە شەتەک دراون. یەکێتیی بەردەوامە لە بایکۆت بۆ ئەوەی نیشانی دەنگدەرانی خۆی بدات کە لە بەرامبەر فشارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دا خۆڕاگرانە وەستاوە – کارێک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە شەڕی براکوژی کوردیدا هەیە.ئەمریکا سەرەڕای هەوڵەکانی، شکستی خواردووە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەرەکیانەدا کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەدیاریکراویش پرسی بەدامەزراوەییکردن و پرسی بە کلتوربوونی شەڕی ناوخۆ. هەوڵەکانی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنیش تەنها ئەم دامەزراوانەی بەهێزتر کردەوە، چونکە پاراستنی کلتوری شەڕی ناوخۆ بووە بە شتێکی بنەڕەتی بۆ دابەشبوونی سیاسی و سازدانی کۆمەڵایەتی. لەگەڵ هاتنی پارە (داهات)ی سامانە سروشتییەکانیشدا، کلتوری شەڕی ناوخۆ  بەردەوام بوو، چونکە حیزبەکان پێویستیان بەوە بوو کە دامودەزگاکانی حکومەت بە لاوازی بمێننەوە، بۆ ئەوەی سوود لە پارەی نەوت وەربگرن. ئەمە باو و ئاساییە: وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت هاندەرێکی کەمتریان هەیە بۆ بنیاتنانی تواناکانی دەوڵەت – ئەوەی لە سیاسەتدا بە نەخۆشی هۆڵەندی ناسراوە. ئەم دابەشبوونە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بوارە چارەنووسسازەکانی دی، وەک چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی ئابووریش هەیە.ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە، لە کۆتاییدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کەوا دوو حیزبەکە ناتوانن بەسەر عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆ، حیکایەتەکان (Narrative)، بەرژەوەندییەکان و وەدوایخۆخستنی دەنگدەران دا زاڵ بن.

سەرچاوەکان

  1. Feldman, Noah. 2004. What We Owe Iraq: War and the Ethics of Nation Building. Princeton University Press.
  2. Simone Tholens & Abdullah Al-Jabassini (2023): (Re)ordering the Mediterranean: The Evolution of Security Assistance as an International Practice, Mediterranean Politics, DOI: 10.1080/13629395.2023.2183658
  3. Kreig, Andereas. 2016. Externalizing the Burden of War: The Obama Doctrine and US Foreign Policy in the Middle East. International Affairs 92:1 (2016).
  4. Phone Interview with Bilal Wahab, KRG Watcher at the Washington Institute January 2023.
  5. Beston Husen Arif and Tunku Mohar Mokhtar 2022. The Kurdish Civil War (1994–1998) and its Consequences for the Governing System in the Kurdistan Region of Iraq Asian Affairs. Vol. 53, Issue. 3.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO