عوسمان ساوجی
عەقڵی دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە سەرچاوەکەی هێزی خێڵ و خۆسەپێنی تاکەکەسی و ئایین و نەریتی باوی کۆمەڵایەتییە زیاتر پشت ئەستورە بە هێزی ڕەق (hard power). ئەوەش هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی فەرمانڕەواکانی ئەم ناوچەیە هەرچی توانای کەسیی و سیاسی و ئابووری و مرۆییان هەیە بیخەنە بەرژەوەندی زیاتر و هەمەچەشنە کردنی ئەم جۆرەی هێزەیە. ئەوەش وای کردووە لەلایەک کایەکانی دی ژیان فەرامۆش بکرێن. لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگە خەسڵەتێکی سەربازی بەسەریدا زاڵبێت بەوەش بوارە جیاوازەکانی دیکەی ژیان دەست بکەن بە پاشەکشە و هەندێکجار پووکانەوە و لەناوچوونیش.
بەرئەنجامی ئەم بیرکردنەوە و هەوڵەی فەرمانڕەواکان هەمیشە ناوچەکە لەبەردەم ئاگری شەڕێکی چاوەڕوانکراودا هێشتوەتەوە، بەوەش هیچ کاتێک دەرفەتێک بۆ ئاسایش و ئارامییەکی هەمیشەیی لە ئارادا نەبووە. لێرەوە بارێکی نائارامی سیاسی و ئابووری و دەروونی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی گەلانی ناوچەکە لەجیاتی پێکەوەژیان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و کولتووری هەوڵی سەپاندنی هەژموون و داگیرکردن و سڕینەوەی یەکتری بدەن. بەوەش لەجێگەی برایەتی و هاوسێیەتی باش بێمتمانەیی و دوژمنایەتی و ناکۆکی و لێکدابڕان ببنە خەسڵەتی دیاری ژیانی ناوچەکە.
کورد لەم نێوەندەدا کەوتە بەر پاڵەپەستۆیەکی قورسی فەرمانڕەوایان و نەتەوەکانی ناوچەکە و هەریەکەیان لای خۆیەوە هەوڵی قوتدانی زۆرترین بەشی خاک و خەڵکی کوردستانی داوە، بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی خۆیان و هەندێک هۆکاری تری کۆمەڵگەی کوردی.
ئەوەی گرنگە باوەڕی فەرمانڕەوایانی ناوچەکە بە هێزی ڕەق هیچ کاتێک لەسەر زەوی نەبوو بە حەقیقەتێکی ڕەها، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە هەنگاو بە هەنگاو پێچەوانەکەی گەشەی کرد و لەجێی ئەو هێزە هێزی ئیرادە، مانەوە و خۆڕاگری، بەردەوامی سەرکەوتن بەسەر هێزی ڕەقدا بەدەست دەهێنێت و کوردیش لەم نێوەندەدا بووە بەخاوەنی کاریگەرترین هێزی نەرم.
ئەگەرچی زۆر دواکەوتووە بەڵام هێشتاش درەنگ نەبووە بۆئەوەی فەرمانڕەواکانی ئەم ناوچەیە بەگشتی لەوە تێبگەن کە هێزی نەرم کاریگەرییەکی زیاتری هەیە لە درێژمەودادا بەراورد بەهێزی ڕەق و خۆسەپێنی کە چەکێکی تاکتیکی و کورت مەودایە.
دەبێت و پێویستە ئەوان لەوە تێبگەن کە چیتر هێزی چەک و خۆسەپێنیان ناتوانێت ببێتە هۆی سڕینەوەی نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی،بەڵکوو لەجیاتی ئەوە دەکرێت ئەگەری هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەکە ڕووبدات. گوشار و فشاری سەر کورد لە جیاتی دەستکەوتی سیاسی و ئارامی و ئاسایش بۆ وڵاتەکانیان، نائارامی و شڵەژانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە کۆتایی وەک ئەنجامێکی حاشاهەڵنەگر باشترە جارێکی تر فەرمانڕەوایانی ئەم دەوڵەتانە لانیکەم بیر لەو هەموو توانا و وزەیە بکەنەوە کە لەدژی کورد بە هەدەریانداوە، ئەوەش بکەنە پاساوێک بۆ بەخۆداچوونەوە و گۆڕینی هەڵوێستیان بەرامبەر کورد، بەوەش دووجار سوودمەند دەبن یەکەمیان ئەو وزەیەی بۆ شەڕی کورد بەکاریانهێناوە بۆ بوژانەوەی وڵاتەکانیان خەرجی دەکەن، هاوکات هێزی کوردیش وەک پێکهاتەیەکی کاریگەری وڵاتەکانیان بۆ هەمان مەبەست بە سوود دەبێت.


