لەگەڵ بەرەو پێش چوونی تەكنەلۆجیای سەردەم و دنیای جیهانگیریی، وردە وردە مانا و واتای چەمك و زاراوەكان گۆڕانیان بەسەر دادیت. هەروەها، زۆر جار بەهۆی بەرژەوەندیخوازی مانای هەندێ چەمك دەستكاری دەكرێن و واتای جیاوازیان پێ دەدرێت، دەرهاویشتە و کاریگەرییەكانیشی دەگۆڕدرێن.
یەكێك لەو چەمكانەی زۆر گرنگە بگەڕێندرێتەوە سەر بنەما بەهێزەکانی خۆی و دووبارە پێناسە بکرێتەوە چەمکی نیشتیمانە. پێناسە بکرێت بە گەڕانەوەی بۆ قورئان، كەلامی خودا، لەوێوە واتاكەی شی بكرێتەوە.
چەمكی نیشتیمان دەكرێت بەچەند قۆناغێكی جیاواز تێپەڕ بیت بەڵام لە كۆتاییدا هەر هەمان مانای نیشتیمان دەبەخشێت كە ئەو شوێنەیە مرۆڤ تێیدا لەدایك دەبێت و لێی دەژیێت.
لە قورئاندا وشەی (وطن)، نیشتیمان، یەکجار بەكارهاتووە، كە مانای چەمكی نیشتیمان لەخۆ دەگریت، کاتێک خودا دەفەرمووێت “ڵقَدْ نَصَرَكُمُ الڵّهُ فِی مَواطنَ كَثیرَة” (التوبە، 25). مەبەستی ئەو شوێنانەیە كە نیشتیمانی پێغەمبەر بووە لە دەوروبەری مەككە.
بەڵام وشەی “دیار” یان “بلد” زۆر بەكارهاتووە و پانتاییەكی زۆر فراوانی گرتووە، بەتایبەتیش لەكاتی باسكردنی ئازار و ئەشكەنجەی پێغەمبەران و دەركردنیان لە وڵاتی خۆیان، وەك دەفەرمووێت “إِنَّمَا يَنْهَىٰكُمُ ٱللَّهُ عَنِ ٱلَّذِينَ قَٰتَلُوكُمْ فِى ٱلدِّينِ وَأَخْرَجُوكُم مِّن دِيَٰرِكُمْ وَظَٰهَرُواْ عَلَىٰٓ إِخْرَاجِكُمْ أَن تَوَلَّوْهُمْ (الممتحنة، ٩).
ئەمەش نیشانەی گرنكی نیشتیمانە، دیارە دەركردن لە نیشتیمانی خۆت بەشێكە لە ئازار، بۆیە زانایان دەفەرموون تەنانەت باڵندە و گیانلەبەرانیش سۆز و خۆشەویستیان بۆ نیشتیمانیان هەیە ئەمە فیترەتی پاك نیشان دەدات.
داگیركردن و دەركردن و خیانەتكردن و بێڕێزی كردن لەگەڵ نیشتیمان بەرامبەر بە هاووڵاتییەكی نیشتیمانپەروەر ئازار و ئەشكەنجەو ناخۆشی و دەرد و ژانە، بۆیە كەسانیك كە دوور دەكەونەوە لە نیشتیمان غوربەت و غەریبی دەیانگرێت. هەر چەند دوور بن لە نیشتیمانی خۆیان سۆز و ئاه و ناڵین بۆ نیشتیمان زیاتر دەیانگرێت و بۆ نیشتیمان ئازار دەكێشن لەگەڵ سەربەستی و ئازادی نیشتیمان ئازادن.
كەواتە نیشتیمان پیرۆزە و دەبێت خۆشت بوێت و بیپارێزیت و گەندەڵی تێدا نەكەی و نەیفرۆشی، ئەگەرنا توشی تاوان دەبیت.



