هۆنراوەی فۆلکلۆریی وەکوو کەلەپوری میللی بەشێکە لە کلتوری کۆمەڵگا. کلتور پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ دوو لایەنی سەرەکی، کلتوری مادی و کلتوری مەعنەوی دابەش کراوە. هەر یەکێکیش لەو دوو بوارە بە دەیان ڕەگەز و توخمی جۆراوجۆر دەگرێتەوە، بۆ نموونە، کلتوری مەعنەوی، کەلەپور و ئاین و بیروباوەڕ و ئەفسانە و جیهانبینی و فۆلکلۆر و بەرهەمی ئەدەبی و پەند و قسەی نەستەق و لایەنە ڕوحیەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە. سەدان ساڵە ئەم بابەتە بووەتە جێی بایەخی توێژەرانی زانستە جیاجیاکان. له توێژینه‌وه‌كانی مرۆڤناسیدا زیاتر جه‌خت كراوه‌ته سه‌ر به‌رهه‌می فۆلكلۆری گرووپه مرۆییه سه‌ره‌تاییه‌كان، ئەویش بە مەبەستی دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه هزرییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیان، بنچینەی بیروباوەڕیان. له ناو فۆلكلۆریشدا بابه‌ته‌كان زۆرن، دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە یەک ڕەگەزی فولکلۆری بکەین، بۆ نموونە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە چ هۆنراوەکانیان چ ئاوازەکانیان تاڕادەیەک نازانرێت لە لایەن کێ دانراون و بۆ یەکەمجار کێ ئەم گۆرانیانەی گوتووە.
گۆرانی جگه له‌وه‌ی گوزارشت له خۆشی و ناخۆشییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات به شێوه‌ی هۆنراوه ڕێكخراوه و ئاوازێكی تایبه‌تی هه‌یه. ئه‌مه‌ش وای كردووه ئاسان له‌به‌ربكرێت و ده‌ماوده‌م بۆ نه‌وه‌كانی دیکە ئاسانتر بگوازرێته‌وه و له هه‌موو به‌شه‌كانی دیکەی فۆلكلۆر زیاتر به‌رگه ده‌گرێت و توانای خۆپارێزی هه‌یه و له‌بیر ناچێته‌وه. بۆیه ده‌كرێت له ڕێگای توێژینه‌وه له گۆرانی فۆلكلۆری هه‌ر گرووپێكی مرۆییه‌وه ڕاڤه و شرۆڤه‌ی ژیانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بكه‌ین له قۆناغه جیاجیاكانی مێژووی گه‌شه‌كردنیدا. كه‌رت و به‌ش و توخم و ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی ژیانی ئه‌و قۆناغه لێك بدرێته‌وه و تاڕاده‌یه‌ك وه‌كوو خۆی دروست بكرێته‌وه. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه توێژینەوە لەسەر هۆنراوەی گۆرانی فۆلكلۆری كوردی بکه‌ین، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە شێوەیەکی زانستی وەڵامی چەندین پرسیارمان دەست دەکەوێت. ئایا له ڕابردوودا هزری كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی له‌مه‌ڕ بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به ئافره‌ت و خۆشه‌ویستی و ئازادی تاك و سنووره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی باوك له خێزاندا چۆن بووه؟ داخۆ مه‌ڵبه‌ندی ئابووری و كاڵا و شمه‌كی باش و بازاڕه گرنگه‌كانی كوردستان كوێ بوون؟ یان كارگه و كارخانه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌و قۆناغه له كام شاری كوردستاندا بووه؟ یاخود په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی كوردستانیان له ناوچه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ كوێ لاواز و له‌گه‌ڵ كێ به‌هێز بووه؟ شوێنه پیرۆزه‌كانی كورد كوێ بوون و بۆ نزا‌و پاڕانه‌وه و به‌دیهاتنی حه‌ز و خۆزگه و مورادی دڵداران خەڵک ڕوویان له كوێ كردووە؟ عاشقانی كورد له كێ پاڕاونه‌ته‌وه؟
له به‌سته و مه‌قام و حه‌یران و لاوكی كوردیدا باسی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه كراوه، به هۆنراوه‌ی زۆر جوان و پڕمانا و ڕێك له ڕووی كێش و سه‌رواوه. یان به هۆی لاوك و په‌خشانه حه‌یرانه‌وه وێنه‌ی ئه‌و ژیانه كێشراوه كه كوردستانیان تێیدا ژیاون.
هه‌روه‌ها له میانه‌ی گۆرانی فۆلكلۆری كوردیه‌وه ده‌كرێت ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی زمانی كوردی به زمانی گه‌لانی دراوسێوه بزانین و چۆنییه‌تی وه‌رگرتن و سوودبینینی كوردستانیان له وشه و زاراوه بیانییه‌كان چۆن بووه و وشه ڕه‌سه‌نه‌كانی كورد له‌م بواره‌دا بناسینه‌وه. بۆیه من پێموایه گۆرانی فۆلكلۆری كوردی ته‌نیا په‌یوه‌ندی به ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و وێژه‌وه نییه به‌ڵكو كه‌ره‌سته و سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر به پیته بۆ توێژینه‌وه‌ی مرۆڤناسی چونکە گۆرانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانی کوردستانی‌دا ڕەگەزێکی بنچینەیی بووە.
ئه‌گه‌ر لە ڕابردوودا گۆرانی په‌یوه‌ندی به خۆشی و ناخۆشی ژیانه‌وه هه‌بووبێت، ئه‌وا ئه‌مڕۆ توێژینه‌وه له‌و بابه‌ته بووه به پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی و بنەڕەتی چونكه په‌یوه‌سته به مێژووی نه‌ته‌وه‌یی و ساغكردنه‌وه‌ی به‌شێكی گرنگی مێژووی زمان و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی کوردستانیان .نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو ئاستی گرنگیی پێدانی، واته گرنگیی دان به فۆلكلۆر و پێكهاته‌كانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی هزری كوردی و هۆشیاربوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رده‌خات چونکە ئەمانە وردبوونه‌وه‌ن له بابه‌تی خۆناسین و زیندووكردنه‌وه‌ی لایه‌نه پڕشنگداره‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌م خۆناسینه‌ش یان ئه‌م هه‌وڵدانه بۆ خۆناسین له ناو گه‌لانی جیهاندا بوونی هه‌یه و له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنیاندا ده‌رده‌كه‌وێت. واته ئاوڕدانه‌وه‌مان له فۆلكلۆر و كه‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌یی هێما و ئاماژه‌یه بۆ ئاستێكی پێگه‌یشتنی ئه‌قڵی و هۆشیاری تاکی کوردستانی.
ئه‌گه‌ر هۆنراوه و گۆرانی فۆلكلۆری ئه‌و ڕه‌هه‌نده فراوانه بگرێته‌وه كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا، کەواتە له توانای كورته‌باسێكی وه‌ك ئه‌م نووسینه‌دا نابێت کە شیكردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ بۆ چه‌ندین پارچه هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری كوردی بكات و به نموونه چه‌ندین كێش و ئاوازی جیاواز بخاتەڕوو. بۆیه، له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین چوارینه‌یه‌ك به نموونه بێنینه‌وه و ئاماژه به چوارچێوه‌ی هزری كۆمه‌ڵایه‌تی له میانه‌ی ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و هزری و زمانه‌وانییه‌كانیه‌وه بكه‌ین. واته ئه‌م دێڕانه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چۆن گوزارشتیان له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌گه‌زیی، دایك یان باوكسالاری، كردووه و له ڕووی پیشه و ده‌ستكار و نه‌خشی ئابووری باس له كوێ كراوه و تێبینیمان له‌سه‌ر زمانی ئه‌و قۆناغه و تێكه‌ڵاوی به زمانەکانی دیکە چۆنه. به گشتی ئاستی بیركردنه‌وه‌ی تاكی كورد به‌پێی ناوه‌ڕۆكی چوارینه‌كه چۆن بووه.
ئه‌م هۆنراوانه له سه‌رچاوه و نووسینی سه‌ر بابه‌ته‌كانی فۆلكلۆره‌وه وه‌رنه‌گیراون، به‌ڵكو بە خۆم له شایی و هه‌ڵپه‌ركێی كوردیدا یان له (گه‌ڕه‌لاوژه) ی كۆڕی شه‌وانه‌ی لادێ نشینه‌كاندا بیستووه. ئیدی نازانم ئه‌گه‌ر له سه‌رچاوه‌یه‌كیشدا هه‌بن یان نووسه‌ر و دڵسۆزێكی ئه‌م گه‌له پێشتر ئه‌مانه‌ی كۆ كردبێته‌وه و بڵاو بووبێته‌وه بەڵام من نه‌مبینیوه .
یه‌كێك له‌و هۆنراوه فۆلكلۆریانه‌ی به ئاوازێكی زۆر خۆش گۆرانیبێژانی لادێیی له شاییه‌كاندا ده‌یانگوت کە هه‌رگیز له بیرم ناچێته‌وه بریتی بوو له‌و چوارینه‌یه‌ی خواره‌وه :
هه‌روا ده‌ڕوا به‌ناو “دێ” دا
كه‌وشی “سابڵاخ”ی له “پێ”دا
“سۆلی” زه‌رده و “مه‌حس”ی تێدا
“دایك”ت كوێر بێ تۆی به “كێ”دا
ئه‌گه‌ر هه‌ر دێڕێك له‌و چوارینه‌یه شی بكه‌ینه‌وه ئەوە لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. جگه له لایه‌نه هونه‌ریه‌كه‌ی، له ڕووی کێش و سه‌روا کە له چ ئاستێكی هونه‌ری به‌رزدایه، هۆنه‌ره‌كه‌ی یان شاعیره‌كه‌ی چ توانایه‌كی زمانه‌وانی و هه‌ڵبه‌ست دانانی هه‌بووه، مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت کە لادێییه‌كی نه‌خوێنده‌وار چۆن توانیویه‌تی هه‌ستی په‌نگخواردووی ده‌روونی به‌رامبه‌ر دڵبه‌ره‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه ده‌ربڕێت، بۆیە ناچار وه‌كوو “خه‌جاتۆر ئاپۆڤیان” دەبێت بڵێین له هه‌ر كوردێكدا هه‌ست و به‌هره‌ی شاعیری به‌دی ده‌كرێت. كورد هه‌موویان هه‌ر به زگماك شاعیرن و زمانی كوردی كێش و سه‌روا و ئاوازێكی شیعریی تایبه‌تی هه‌یه.
جگه له‌م لایه‌نه هونه‌رییه به‌رزه، هه‌ر دێڕێكی شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته كردنه چونكه هه‌ر یه‌كێكیان پرسیاری گرنگ ده‌وروژێنن و توێژه‌ری زانستی خۆی ده‌وێت زانستیانه وه‌ڵامیان بداته‌وه. بۆ نموونه، بۆچی ده‌ڵێت “هه‌روا ده‌ڕوا به ناو دێ دا؟ ئه‌وه كچی كێیه ئازاد و سه‌ربه‌سته و هه‌روا بێله‌مپەڕ و به‌ربه‌ستێك به ناو دێ دا ده‌ڕوات؟ ئایا كۆمه‌ڵگای لادێنشینی كوردی بۆ تێكه‌ڵاوی نێر و مێ و گه‌ڕان و سوڕان و ده‌رچوونی ئازادانه‌ی ئافره‌ت به‌ربه‌ستێكی چینایه‌تی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی هەبووه؟ یان ئه‌م ده‌رچوونه تایبه‌ت بووه به چینێكی دیاریكراو کە هه‌ر به ده‌رچوونه‌كه‌یدا بیناسینه‌وه ئه‌م ئافره‌ته له كام چینی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای كوردی بووه؟
له لایه‌كی دیکە‌وه ئه‌گه‌ر هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری كوردی له‌م ئاسته هونه‌رییه به‌رزه‌دا گوزارشت له ئاستێكی دیاریكراوی سه‌ربه‌ستی ئافره‌ت و ده‌رچوونی بكات له لادێ‌دا، ئایا ئه‌م ده‌ربڕینه له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌ی شاعیرانی كورددا ته‌با و گونجاوه و ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه گوزارشتیان له ئازادی ئافره‌ت كردووه و له‌مپه‌ڕێكیان نه‌دیوه له ده‌رچوونیدا؟ یاخود به پێچه‌وانه‌وه هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری باس له ئازادی ده‌كات و شاعیرانیش باس له دیلی و ده‌ست به‌سه‌ری و ده‌رنه‌چوون و هه‌بوونی ده‌ركه‌وان ده‌كه‌ن؟ ئه‌مه بابه‌تێكی دیکەیە، هه‌وڵدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی ئه‌و پرسیارانه ده‌مانباته‌وه ناو شیكردنه‌وه‌ی چینایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی و به‌راوردكردنی هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری و شیعری شاعیرانی كوردی. ئه‌مه‌ش توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گرێت. هێمن موکریانی (١٩٢١-١٩٨٦) شاعیر لە وەسفی کچی ئاغا و خان و چینی ئەرستۆکراتی کوردی‌دا دەڵیت :
دەبوو ژوانگەی لە کن ڕاوکەی کەوان با
نەوەک وا چاو لە دەستی دەرکەوان با
بە ناوەڕۆکی ئەو هۆنراوەیەی هێمن کە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا نوسیویەتی، ئەوە کچی جوتیار و وەرزێر و کاسبکاری کورد بووە بە ئازادی گەڕاوە و بە ناو دێ‌دا ڕۆیشتووە، بە پێچەوانەوە کچی چینی باڵای کورد چاو لە دەستی دەرکەوان بووە بۆ دەرچوون .
هۆنراوە فۆلکلۆریەکە لە دێڕی دووه‌میدا ده‌ڵێت “كه‌وشی سابڵاخی له پێدا”، ئه‌مه ڕیكلامێكی بازرگانی گرنگه، له سه‌رده‌مێكدا ڕۆژنامه و گۆڤار و ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن نه‌بوون بۆ ڕیكلامی بازرگانی و فرۆشتنی كاڵاكان. ڕه‌نگه هۆنراوه و گۆرانی و په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌ق كه له شوێنه گشتیه‌كاندا دەگوترانه‌وه باشترین ڕیكلام بووبێت بۆ به ده‌رخستنی بایه‌خ و گرنگی هه‌ر كاڵایه‌ك. “كه‌وشی سابڵاخی” ده‌بێ جۆرێكی تایبه‌تی پێڵا و بووبێت و خه‌ڵكانێكی دیاریكراو له پێیان كردبێت. ئه‌مه‌ش به‌ره و ئه‌وه‌مان ڕاده‌كێشێت ئه‌و پرسیاره بكه‌ین ئایا ئه‌م جۆره كه‌وشه هه‌ر وه‌كوو مۆدێلێك به “سابلاخی” ناوی ده‌ركردووه؟ ئیتر مه‌رج نییه له كوێ درووستكراوه و ده‌سكاری هه‌ر جێگه‌یه‌كی دیکە بووبێت، یان نه‌خێر، ئه‌م جۆره پێڵاوه له مه‌هاباد دروستكراوه و ناوبانگی باشی هه‌بووه و به كوردستان دا بڵاو بووه‌ته‌وه؟
هاوکات، ده‌كرێت ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌ش، تا ڕاده‌یه‌ك، ده‌ست نیشان بكه‌ین كه ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی تێدا هاتۆتە بەرهەم. بۆ نموونە، ئه‌گه‌ر مێژووی گه‌شه‌كردنی ئابووری و بازرگانی له كوردستان دا بخوێنینه‌وه و به سه‌رتاكانی وه‌رچه‌رخانی چینایه‌تی و په‌یدابوونی پیشه ده‌ستیه‌كاندا شۆڕ بینه‌وه، ئەوا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له چ سه‌رده‌مێكدا كاڵای درووستكراوی شاره كوردییه‌كان، له ناویاندا دروستكردنی پێڵاو، به تایبه‌تی له مه‌هاباد دا، كه‌ی ئه‌و ناوبانگه‌ی هه‌بووه و بازاڕی شاره‌كانی دیکەی كوردستانی پڕ كردووه. دواتر كه‌ی پاشه‌كشه‌ی كردووه له‌به‌رده‌م كاڵای بیانی و له جێگه‌یدا پێڵاوی ئیتاڵی و ئه‌ڵمانی هتد… ناوبانگیان په‌یدا كردووه، هۆكاره‌كانی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ش چی بوون دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.
جگه له‌م ئاماژه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریانه‌ی له میانه‌ی هۆنراوه‌كه‌وه ده‌توانین سه‌رنجیان بده‌ین، له ڕووی زمان و وشه‌ی هاوبه‌شی نێوان زمانی كوردی و زمانانی دیکە، ده‌بینین له دێڕی سێیه‌م و له درێژه‌ی وه‌سف كردنی كه‌وشه‌كه‌دا ده‌ڵێت:
“سۆلی” زه‌رده و “مه‌حس”ی تێدا
سه‌ره‌ڕای ئه‌و خوێنده‌واری و تێكه‌ڵاوی و كرانه‌وه‌یه‌ی له كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا هاتووته كایه‌وه، ڕه‌نگه هێشتا زۆربه‌ی كورد ئه‌مڕۆ نه‌زانن “سۆلی” چییه و له ئاخاوتندا هه‌ر به‌كاری نه‌هێنن، كه‌چی باوباپیرانمان سه‌ره‌ڕای نه‌خوێنده‌واریان، له هۆنراوه و گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێدا به‌كاریان هێناوه.
سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له بواری ڕاگه‌یاندن و ته‌كنۆلۆجی و بازاڕ و ناوی كه‌ره‌سه و ئامێره نوێیه‌كاندا، سه‌دان وشه‌ی زمانی بیانی به‌كاربێنین و سه‌دان وشه‌ی زمانه بیانییه‌كانیش هاتبنه ناو زمانی كوردییه‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و لێڕامانه هه‌بوونی سه‌دان وشه‌ی زمانێكی وه‌كوو ئینگلیزییه له گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا. ئەمە لەکاتێکدایە کە وه‌ك ده‌زانین له ڕووی جوگرافییه‌وه كورد و ئینگلیز هه‌ر یه‌كه له لایه‌كی گۆی زه‌وی ده‌ژین و هه‌زاران كیلۆمه‌تری ڕێگایان له نێواندایه. بۆیه ئه‌مه جۆره ڕاڤه‌كردنێكی دیکە هه‌ڵده‌گرێت تا هۆكاره‌كانی ئه‌م هاوبه‌شیه بزانین. هیوادارم بتوانم له به‌شێكی دیکە ئه‌م نوسینه‌دا بێمەوە سه‌ر ئه‌و باسه .
لێره‌دا وشه‌ی “سۆلی” بۆ جۆره پێڵاوێكی تایبه‌ت وه‌كو نه‌عل یان هه‌ر ژێركه‌وشێك به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ته‌واو نه‌كرابێت، به‌كاردێت. له زمانی ئینگلیزیشدا (sole) هه‌مان مانای هه‌یه و جۆره پێڵاوێكه لای دوواوه‌ی یان سه‌ره‌وه‌ی پاژنه‌ی ته‌واو نه‌كراوه و كراوه‌یه. واپێدەچێت کە كه‌وشی سابڵاخی وه‌كوو سۆلی به پێسته‌یه‌كی خۆشه‌كراوی ڕه‌نگكراوی زه‌رد پێشه‌كه‌ی دروست كرابێت و به “مه‌حس” کە پێسته‌یه‌كی خۆشه‌كراوە، بۆیه نه‌كراوه لای دواوه‌ی گیرابێت، یان وه‌كو نه‌خش و نیگار بۆ پاراستنی له ته‌ڕبوون له‌سه‌ر ژێركه‌وشه‌كه به “مه‌حس” ڕیزێك چنرا بێت.
خۆزگه جگه له‌وه‌ی كورد مۆزه‌خانه‌ی كه‌له‌پوور و جلوبه‌رگ و كه‌ره‌سته و ئامێره‌كانی ده‌بوو، له هه‌ر زانكۆیه‌كیشدا له بەشەکانی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیی ومرۆییه‌كان وه‌كو تاقیگه، مۆزه‌خانه‌یه‌ك ده‌بوو بۆ قوتابیان و خوێندكارانی ئه‌و به‌شانە تاوەکو توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ن .
دێڕی كۆتایی چوارینه‌كه لە ده‌رگای بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گرنگی داوه و ئاماژه به سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت ده‌كات، کە ده‌ڵێت :
“دایك”ت كوێر بێ تۆی به “كێ”دا
ئه‌م دێڕه هۆنراوه‌یه شایانی توێژینه‌وه‌ی زانستی زۆر قووڵه، په‌یوه‌ندی به دایكسالاری و باوكسالاریه‌وه هه‌یه، کە ده‌بێت دایك له به‌شوودانی كچدا ڕۆڵی زۆر گرنگی هه‌بووبێت. وه‌ك له په‌روه‌رده‌كردنیشدا ڕۆڵی هه‌بووه و له په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌قیشدا ئه‌م ڕۆڵه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و چه‌ندین نموونه هه‌یه گوزارشت له كاریگه‌ری دایك ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كچ. وه‌كوو ئه‌و په‌نده گه‌رمیانیه‌ی دەڵێت “دایكه بدوێنه و دوێته بخوازه”، واته كچ هه‌مان شێوه‌ی دایكه و ئه‌گه‌ر له بینینی دایكی‌دا هه‌موو ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیت به دڵ بوو بێ سێ و دوو كچه‌كه‌ی بخوازه و دوودڵ مه‌به له هاوسه‌رگیری. هه‌روه‌ها “گیا له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌ڕوێته‌وه” یان “ئه‌وه‌ی بیخۆی به شیری ته‌ركی ناكه‌ی به پیری”. هه‌موو ئه‌مانه جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی دایك ده‌كه‌ن، بۆیه له هۆنراوه و گۆرانی فۆلكلۆریشدا ناڵێت باوكت كوێر بێ یان براكه‌ت كوێر بێ تۆی به كێ دا، به‌ڵكو دایك خاوه‌ن بڕیاری كۆتایی بووه، یان لانیکەم ڕۆڵی هەبووە. جگه له‌مه‌ش چه‌ندین هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری كوردی دیکە هه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مان ڕۆڵی دایك ده‌كه‌نه‌وه له كۆمه‌ڵگای كوردیدا، بۆ نمونه، “ئەتۆ دایکت ڕازی کە باوکت بۆ من هیچ ناڵی”. واتە ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم بە یەک گەیشتنی ئەو دوو خۆشەویستەدا دایکە، نەک باوک، ئەمەش گوزارشت لە دەسەڵاتی دایک دەکات لە خێزانی کوردی‌دا. لە چەند هۆنراوەیەکی دیکەدا دەگوترێت:
به پشت ماڵیاندا ڕابردم
دایكی یارێ بانگی كردم
ئه‌و كیژۆڵه‌ی خه‌ڵات كردم
یان
له‌گه‌ڵ تۆمه ئه‌ی حه‌یاتم
دایكت تۆی كرد به خه‌ڵاتم
واپێدەچێت دایك ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بووبێت كچه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات نه‌ك باوك، چونكه له‌م هۆنراوه‌یه‌شدا ڕۆڵی باوك ونه، ئه‌م بابه‌ته له زانستی مرۆڤناسیدا جێگایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه و جێی مشت‌ومڕ و ده‌ماقاڵه‌ی نێوان زاناكان بووه و په‌یوه‌ندی به جۆره‌كانی هاوسه‌رگیری و ژن و مێردایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی خێزانیه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه، زانایه‌كی مرۆڤ‌ناس، “مه‌ردۆك”، توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌راوردكردنی ٢٥٠ كۆمه‌ڵگا كردووه له ڕووی جۆری خێزانیه‌وه، کە لە زۆربەیاندا دەسەڵاتی باوک زاڵە و کۆنتڕۆڵی کار و بڕیارەکانی خێزانی کردووە. ئێمه‌ش له كۆمه‌ڵگای كوردیدا كه‌له‌پورێكی فراوانمان له‌م بواره‌دا هه‌یه و پێویستیان به توێژینه‌وه و ساغکردنەوەی سەرچاوەی دەسەڵاتە لە خێزاندا.
ئەم بابەتە سەرەتایەکە هیوادارم هەم خۆم هەم توێژەرانی دیکە زیاتر گرنگی پێبدەن و کاری قووڵ و بەرفراوانتر لەم بوارەدا ئەنجام بدەن.